
رادیۆی ده‌نگ
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له نوێترین راپۆرتى دا باس له پرسی خزمه‌تگوزارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان ده‌كات له فه‌رمانگه‌كانى گه‌رمیان.
كلیك له‌م فایله‌ى خواره‌وه بكه بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌كه به‌شێوازی PDF
رادیۆی ده‌نگ له چوراچێوه‌ى پرۆژه‌یه‌كیدا بۆ بره‌ودان به رۆژنامه‌وانی مافه‌كانى مرۆڤ و ژنان و چاودێریی كردنى حكومه‌ت به پاڵپشتی سنده‌قی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، مانگانه له رێگه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێى گه‌رمیانه‌وه، راپۆرتێكى قوڵ و بنكۆڵكاریی بڵاوده‌كاته‌وه.
له‌مچوارچێوه‌یه‌شدا راپۆرتى ئه‌م مانگه‌ى ته‌رخانكردوه به خزمه‌تگوزارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان له فه‌رمانگه‌كانى گه‌رمیان، تیایدا باسی له دیارترین ئه‌و كێشه و كه‌موكورتییانه كردوه كه هاوڵاتى له‌كاتى سه‌ردانیكردنى فه‌رمانگه حكومییه‌كان دا، روبه‌ڕوى ده‌بێته‌وه.
له‌خواره‌وه راپۆرته‌كه به تێكست ده‌خوێننه‌وه:
راپۆرتێك له‌باره‌ى خزمه‌تگوزارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان له فه‌رمانگه‌كانى گه‌رمیان
پێشه‌كى:
یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ى كه پێویسته له فه‌رمانگه حكومیه‌كان پێشكه‌ش به هاوڵاتیان بكرێت خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانه، له‌نمونه‌ى: هۆڵى پێشوازى و دانانى فێنكه‌ره‌وه و گه‌رمكه‌ره‌وه و به‌ڕادى ئاو و ته‌رخانكردنى شوێنى وه‌ستانى ئۆتۆمبێل و كۆمه‌ڵێك خزمه‌تگوزارى دیكه‌یه.
به‌ڵام به‌پێى به‌دواداچونى یه‌كه‌ى چاودێرى حكه‌مه‌تى خۆجێى گه‌رمیان ئه‌م خزمه‌تگوزارییان وه‌ك پێویست نین یان هه‌ر نین.
له‌م راپۆرته‌دا ورد و درشى ئه‌و بابه‌ته و هۆكاره‌كانى خراوه‌ته به‌ر باس.
به‌شى یه‌كه‌م: کێشەی خزمەتگوزارییەکان
1. كۆنى بینا هۆكارى نه‌بونى خزمه‌تگوزارى
كۆنى به‌شێك له بیناكانى گه‌رمیان یه‌كێكه له هۆكاره‌كان كه نه‌توانراوه وه‌ك پێویست خزمه‌تگوزارى پێشكه‌ش به هاوڵاتیان بكرێت تێیدا، هه‌ندێك له هاوڵاتیانیش ئه‌وه ره‌تده‌كه‌نه‌وه و ده‌ڵێن خودى به‌رپرسان هه‌نگاوى جدیان بۆ ئه‌و بابه‌ته نه‌ناوه.
مه‌جید محه‌مه‌د، دانیشتوى قه‌زاى كه‌لار وتى: راسته كۆنى بینا گرفته بۆ خودى فه‌رمانگه‌كه و هاوڵاتیانیش، به‌ڵام ئه‌مه رێگرنیه له‌وه‌ى كه هۆكارێك بێت بۆ پێشكه‌شنه‌كردنى خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان به هاوڵاتیان.
وتیشى: به‌شێكى زۆرى فه‌رمانگه‌كانى گه‌رمیان نوێن و خراپ نین.
"بیناى فه‌رمانگه‌كانى ناحیه‌ى رزگاریى زۆر كۆنن و شیاو نیه به‌تایبه‌ت شاره‌وانى كه ئه‌و بینایه بۆ ئه‌وان گونجاو نیه، ئه‌مه‌ش وایكردوه شوێنى خۆیان نه‌بێته‌وه چ جا شوێن بۆ هاوڵاتى ته‌رخان بكه‌ن و تێیدا بمێننه‌وه". سۆران حسێن، دانیشتوى ناحیه‌ى رزگارى ده‌ڵێت.
هاوشێوه‌ى سۆران، سه‌یوان مه‌حمود، دانیشتوى ناحییه‌ى باوه‌نور پێى وایه: به‌شێكى فه‌رمانگه‌كان له ڕ‌وى بیناوه كۆنن و گونجاونین، ئه‌مه‌ش ته‌نانه‌ت ئاسوده‌یى نه به كارمه‌ندان ده‌دات نه به هاوڵاتیانیش كه له‌وێ ده‌مێننه‌وه.
كاروخ عومه‌ر، چالاكوان له قه‌زاى كه‌لار ده‌ڵێت: بۆماوه‌ى نزیكه‌ى 20 ساڵه ئیداره‌ى گه‌رمیان هه‌یه تاوه‌كو ئێستا به‌شێكى فه‌رمانگه‌كانى له بیناى ماڵانن و كرێچین، بۆیه كه سه‌یرى حكومڕانى ده‌كه‌ى له گه‌رمیان وا هه‌ست ده‌كه‌ى حكومه‌تێكى كاتیه و كۆمه‌ڵێك فه‌رمانگه كراوه‌ته‌وه.
ده‌شڵێت: بیناى فه‌رمانگه‌ى وامان هه‌یه 4 فه‌رمانگه‌ى تێدا كۆبوه‌ته‌وه ئه‌م فه‌رمانگانه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌یه‌كه‌وه نیه و ته‌واو كه‌رى یه‌ك بونایه باشتر ده‌بو، ئه‌مه‌یه گرفته سه‌ره‌كیه‌كه.
له به‌رامبه‌ردا، ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى قه‌زاى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات: بیناى شاره‌وانى نوێیه و كێشه‌ى نیه، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى 3 فه‌رمانگه‌ى دیكه له نێو بیناى ئێمه جێگیر كراوه، ئه‌مه وایكردوه دۆخى ئێمه خراپ بێت له روى شوێنه‌وه.
جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه: ئه‌گه‌ر ئه‌و بینایه هى شاره‌وانى بوایه به ته‌نها ئه‌وكات شتێكى كه ئه‌بو و ده‌ست كراوه‌تر ئه‌بوین بۆ پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى به هاوڵاتیان.
"بیناى شاره‌وانى هى ساڵى شه‌سته‌كانه و زۆر كۆنه، ئه‌گه‌رچى نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه له رابردودا، به‌ڵام وه‌كپێویست نیه، ئه‌مه‌ش وایكردوه نه‌توانین كۆمه‌ڵێك خزمه‌تگوزارى پێشكه‌ش به هاوڵاتیان بكه‌ین و مه‌وداى كه‌مه". كاوه عه‌بدولكه‌ریم، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى باوه‌نور به وه‌كاله‌ت واى وت.
جه‌مال ساڵح، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى رزگاریى ده‌ڵێت: كۆنى بیناكه‌مان یه‌كێكه له كێشه‌كانى ئێمه كه كاتێك دروست كراوه ره‌چاوى هه‌ندێك شت نه‌كراوه كه بتوانیت كۆمه‌ڵێك خزمه‌تگوزارى پێشكه‌ش به هاوڵاتیان بكه‌ین.
ده‌شڵێت: راڕه‌وى بیناكه و ژوره‌كانى به‌جۆرێكه كه ناتوانین به‌ڕادى ئاو و كۆمه‌ڵێك شت دابنێین، سه‌ربارى ئه‌وه‌ش 2 فه‌رمانگه‌ى تر له هه‌مان بینا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ن ئه‌مه‌ش بارگرانیه بۆ ئێمه.
به هه‌مانشێوه، حه‌مید ره‌شید، به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ئاوى قه‌زاى كفرى ده‌ڵێت: بیناى تایبه‌ت به خۆمان نیه، به‌ڵكو له بینایه‌كى ماڵانداین، ئه‌مه وایكردوه كه كێشه‌ى شوێنى مانه‌وه‌مان هه‌بێت بۆ خۆمان چ جا بۆ خه‌ڵك كه شوێنى دانیشتن و فێنكه‌ره‌وه‌یان بۆ ته‌رخان بكرێت.
"بیناى ئێمه كۆنه و هى خۆشمان نیه و گونجاو نیه بۆ فه‌رمانگه‌یه‌كى خزمه‌تگوزارى، چونكه ناتوانین وه‌ك پێویست گرنگى به‌و شتانه بده‌ین كه پێویسته بۆ رۆژانه‌ى هاوڵاتیان". ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى رزگارى باس له‌وه ده‌كات.
وتیشى: سه‌ربارى ئه‌وه‌ش راڕه‌وێكى بچوكمان هه‌یه و نزیكه‌ى 20 كورسیمان تێدا داناوه، هاوڵاتیان تا ته‌واوبونى كاره‌كانیان ده‌توانن بمێننه‌وه هه‌ر هاوڵاتیه‌كیش ئه‌وپه‌ڕى كاتژمێرێك ده‌مێنێته‌وه.
د. حارس محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار، دانبه‌وه‌دا ده‌نێت نه‌خۆشخانه‌كه‌یان به كه‌ڵكى به‌كارهێنان نه‌ماوه. وتى: بیناى نه‌خۆشخانه‌مان له هه‌مو رویه‌كه‌وه به‌كه‌ڵكى به‌كارهێنان نه‌ماوه و ده‌رفه‌تى هیچى نیه بۆى بكه‌ین.
عه‌دنان عه‌لى، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى باوه‌نور وتى: بیناى فه‌رمانگه‌كه‌مان كۆنه و مێژوى دروستكردنى ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵى هه‌شتاكان كه ئه‌و كات دروستكرا به‌مه‌به‌ستى فه‌رمانگه دروست نه‌كراوه، به‌ڵكو شوێنى میوانخانه‌ى به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌كه بوه، بۆیه ئه‌مه رێگه نادات كۆمه‌ڵێك خزمه‌تگوزارى پێشكه‌ش بكرێت.
ده‌شڵێت: له ئێستادا ده‌رخسته‌مان ئاماده‌كردوه له‌سه‌ر بودجه‌ى په‌ره‌پێدانى پارێزگاكان بینایه‌كى نوێ و مۆدێرن بۆ ناحیه دروست بكرێت و ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى پلاندانانیشى بۆ وه‌رگیراوه، بۆیه ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانین بۆ ئه‌وه‌ى بیخه‌ینه ته‌نده‌رینه‌وه و ده‌ست به دروستكردنى بكرێت.
2. خزمه‌تگوزارى هۆڵى پێشوازى و دانیشتن
سه‌یرێكى فه‌رمانگه‌كانى گه‌رمیان بكه‌ین خزمه‌تگوزارى شوێنى دانیشتن و دانانى كورسى تایبه بۆ هاوڵاتیان كه‌مترین گرنگى پێدراوه له نێو راڕه‌وه‌كاندا، ئه‌وه‌شى هه‌یه له په‌نجه‌كانى ده‌ست تێناپه‌ڕێت، هاوڵاتیانیش پشتڕاستى ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه به چه‌ندنین كاتیژمێر به‌پێوه‌بون تاوه‌كو مامه‌ڵه‌كانیان ته‌واو بوه.
چۆمان محه‌مه‌د، دانیشتوى قه‌زاى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات: به‌شێك له فه‌رمانگه‌كانى گه‌رمیان گرفتى نه‌بونى شوێنى پێشوازیی و چاوه‌ڕوانیه كه وه‌كپێویست نیه، هاوڵاتیانیش كاتێكى زۆر له شوێنێكى بچوك و ته‌سكدا له چاوه‌ڕوانى ئه‌مێننه‌وه.
وتیشى: سه‌ربارى ئه‌وه‌ش ئه‌و كورسیانه‌ى كه ته‌رخان كراون و دانراون له هه‌ندێك فه‌رمانگه كه‌مه و وه‌ك پێویست نیه ئه‌مه یه‌كێكه له گرفته گه‌وره‌كان، كه سه‌ردانى هه‌ندێك فه‌رمانگه‌م كردوه ماوه‌یه‌كى زۆر به‌پێوه وه‌ستاوم له‌به‌ر نه‌بونى كورسى.
مه‌جید محه‌مه‌د، دانیشتوى قه‌زاى كه‌لار هه‌مان راى هه‌یه و وتى: له نێو فه‌رمانگه‌كان شوێنى دانیشتنى هاوڵاتیان كه تا مامه‌ڵه‌كانیان ته‌واو ده‌بێت به‌پێى پێویست نیه، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك دام و ده‌زگاكان هه‌ر بونى نیه.
"له نێو فه‌رمانگه‌كانى ناحیه‌ى باوه‌نور تاراده‌یه‌ك شوێنى دانیشتنى هاوڵاتیان هه‌یه و ره‌چاو كراوه ته‌نها هه‌ندێك فه‌رمانگه نه‌بێت گرفتى هه‌یه یه‌كێك له‌وانه فه‌رمانگه‌ى بارى شارستانى ناحیه‌كه‌یه كه كه‌مه به‌راورد به‌و رێژه‌ى هاوڵاتیانه‌ى سه‌ردان ده‌كه‌ن". سه‌یوان مه‌حمود، دانیشتوى ناحییه‌ى باوه‌نور وتى.
سۆران حسێن، دانیشتوى ناحیه‌ى رزگاریى ده‌ڵێت: پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى شوێنى دانیشتن له فه‌رمانگه‌كانى ناحیه‌ى رزگارى ره‌چاو نه‌كراوه بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتیه‌ك سه‌ردان بكات و بتوانێت دابنیشێت و چاوه‌ڕێ بكات، بۆیه ده‌بێت به پێوه بوه‌ستێ.
وتیشى: ته‌نها له ژورى به‌ڕێوبه‌ره‌كان و نوسینه‌گه‌كانیان چه‌ند كورسیه‌ك هه‌یه و بتوانیت دابنیشى چاوه‌ڕێ بكه‌ى، كه پێویسته له راڕه‌وه‌كان دابنرێت و كارى له‌سه‌ر بكه‌ن.
به هه‌مان شێوه، بورهان حه‌سه‌ن، دانیشتوى قه‌زاى كه‌لار هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: یه‌كێك له‌و فه‌رمانگانه‌ى كه زۆر سه‌ردانى ده‌كه‌م بانكه له كاتى وه‌رگرتنى موچه شوێنى دانیشتن وه‌كپێویست نیه و كورسى لێیه به‌س كه‌مه، بۆیه جار وا هه‌یه به 2 كاتژمێر به‌پێوه‌ین.
وتیشى: بۆیه پێویسته ئه‌و توێژانه‌ى كه له بانك موچه وه‌رده‌گرن دابه‌ش بكرێت هه‌ر رۆژه و چینێك بێت نه‌ك هه‌وى به‌یه‌كه‌وه.
به پێچه‌وانه‌وه، عوسمان قه‌تارچى، دانیشتوى قه‌زاى كفرى ده‌ڵێت: ئه‌و فه‌رمانگانه‌ى كه‌زۆرترین هاوڵاتى سه‌ردانى ده‌كات و رۆژانه پێویستین به‌پێى سه‌ردانه‌كانم خراپ نین له روى شوێنى دانیشتن و ته‌رخانكردنى كورسى بۆ هاوڵاتیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانم بڵێم زۆر باشن ناشتوانم بڵێم زۆر خراپن، ناوه‌ندن.
له به‌رامبه‌ردا، ئاریا ئه‌نوه‌ر، به‌ڕێوبه‌رى بانكى گه‌رمیان وتى: رۆژى دابه‌شكردنى موچه لۆدێكى زۆرمان له‌سه‌ره خه‌ڵكێكى زۆر سه‌ردانمان ده‌كه‌ن، به جۆرێك هه‌ر مانگێك نزیكه‌ى 14 هه‌زار موچه خۆر سه‌ردانمان ده‌كه‌ن وه‌ك كه‌سوكارى شه‌هید و ئه‌نفالكراوان و خانه‌نشینى مه‌ده‌نى و سه‌ربازى.
وتیشى: ئێمه 2 هۆڵى گه‌وره و ژێر زه‌مینێكمان هه‌یه له‌گه‌ڵ بیناى یانه‌ى ئه‌ندازیاران له كاتى دابه‌شكردنى موچه ته‌رخانى ده‌كه‌ین هه‌ر جێگه‌یه‌ك هه‌بێت كورسى لێ داده‌نێین ته‌نانه‌ت بۆ هه‌ر موچه‌یه‌كه به بڕى 400 هه‌زار دینار كورسى به كرێ ده‌هێنین، به جۆرێك ژێر زه‌مینه‌كه‌مان 250 كورسى تێدایه.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: هه‌میشه له كۆبونه‌وه‌كانمان و به وه‌زاره‌تیشمان وتوه ئه‌م توێژانه به جیا دابنرێن بۆ ئه‌وه‌ى لۆدمان له‌سه‌ر دروست نه‌بێت، به‌ڵام به‌هۆى دواكه‌وتنى موچه‌وه ناچارن به‌وشێوه‌یه بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ وه‌زاره‌ته‌كان كێشه‌مان نیه، چونكه له لیژنه دێن و پاره‌ى خۆیان ده‌به‌ن و هه‌ر خۆیان دابه‌شى ده‌كه‌ن.
هاوكات، د. حارس محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات: نه‌خۆشخانه‌ى گشتى له ساڵى 1977ـه‌وه دروست كراوه، به‌شى راوێژكارییه‌كه‌ى هۆڵێكى بچوكه و نزیكه‌ى 12 پزیشكى تێدایه رۆژانه و هاوڵاتیه‌كى زۆر سه‌ردان ده‌كه‌ن، بۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه گونجاو نیه بۆ چاوه‌ڕوانى نه‌خۆش و رێژه‌یه‌كى كورسى تێدا دانراوه به‌ڵام وه‌ك پێویست نیه.
وتیشى: بڕیاره بینایه‌كى نوێى راوێژكارى بكرێته‌وه و ئیداره‌ى گه‌رمیان سه‌رپه‌رشتى ده‌كات، هه‌ر پزیشكه و شوێنى تایبه‌ت به خۆى ده‌بێت و هۆڵى چاوه‌ڕوانى گونجاوى ده‌بێت بۆ هاوڵاتیان.
ده‌شڵێت: به‌شه‌كانى تریشمان كێشه‌ى شوێنى دانیشتنى هه‌یه به‌تایبه‌ت به‌شى تاقیگه‌مان كه له وه‌زرى گه‌رما و باران هاوڵاتیان له ده‌ره‌وه ده‌وه‌ستان، به‌ڵام ئێستا هۆڵێكمان بۆ كردوه له %80ـى نه‌خۆش له‌و هۆڵه چاوه‌ڕوانى وه‌رگرتنه‌وه‌ى پشكنینه‌كانین ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ش له رێگه‌ى خێرخوازه‌وه كراوه.
"بیناى شاره‌وانى كۆنه و مه‌وداى فراوان نیه بۆ شۆێنى دانیشتنى هاوڵاتیان ئه‌گه‌ر 8 مه‌ترێك هۆڵه‌كه‌ى بێت و ده‌رگاى هه‌مو ژوره‌كان له‌سه‌ر ئه‌و هۆڵه‌یه". كاوه عه‌بدولكه‌ریم، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى باوه‌نور به وه‌كاله‌ت وتى.
وتیشى: ئه‌مه‌ش وایكردوه وه‌ك پێویست كورسى دانیشتن نه‌بێت، ئه‌گه‌رچى گرنگیمان پێداوه و كورسیمان داناوه.
به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات: وه‌ك شوێنى دانیشتن كورسیمان داناوه له راڕه‌وه‌كه‌دا بۆ هاوڵاتیان، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى رۆژانه نزیكه‌ى 150 هاوڵاتى سه‌ردانمان ده‌كات وایكردوه به‌ش نه‌كات و بیناكه هه‌ر ئه‌وه هه‌ڵ ئه‌گرێت.
وتیشى: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شا ئه‌و بینایه هى شاره‌وانى كه‌لاره به‌ڵام 3 فه‌رمانگه‌ى تر له نێو ئه‌م بینایه جێگیر كراون، ئه‌مه وایكردوه كێشه‌ى شوێنمان هه‌بێت.
3. خزمه‌تگوزاریى فێنكه‌ره‌وه و گه‌رمكه‌ره‌وه
له گه‌رماى تاقه‌تپروكێنى گه‌رمیان یه‌كێك له پێویستیه‌كان فێنكه‌ره‌وه‌یه‌وه، به‌ڵام به‌پێى وته‌ى هاوڵاتیان ئه‌م خزمه‌تگوزارییه وه‌كپێویست له فه‌رمانگه‌كان گرنگى پێنه‌دراوه، به‌ڕێوبه‌رى به‌شێك له فه‌رمانگه‌كانیش رونكردنه‌وه ده‌ده‌ن.
چۆمان محه‌مه‌د، دانیشتوى قه‌زاى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات: نه‌بونى سیسته‌مى فێنكه‌ره‌وه له گه‌رماى تاقه‌تپڕوكێنى وه‌ك گه‌رمیان گرنگى ئه‌وتۆى پێنه‌دراوه، كه وه‌ك هاوڵاتیه‌ك سه‌ردانى هه‌ر یه‌كه له دادگاى به‌رایی كه‌لار و نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لارم كردوه بینیومه.
"خزمه‌تگوزارى فێنكه‌ره‌وه و گه‌رمكه‌ره‌وه یه‌كێكه له كێشه گه‌وره‌كانى فه‌رمانگه‌كان كه زۆر خراپه و هاوڵاتیه‌كیش ئه‌گه‌ر شوێنه‌كه‌ى فێنك بێت یان گه‌رم بێت ده‌توانێت بوه‌ستێ و چاوه‌ڕێ بكات". سۆران حسێن، دانیشتوى ناحیه‌ى رزگارى وا ده‌ڵێت.
وتیشى: یه‌كێك له هۆكاره‌كانى كۆنى و خراپى بیناكانه، یه‌كێكى تر له هۆكاره‌كان خودى ئیداره‌ى فه‌رمانگه‌كانه كه نه‌یانتوانیوه چاره‌سه‌رى بابه‌تێكى له‌وشێوه‌یه بكه‌ن و كارى له‌سه‌ر بكه‌ن.
به هه‌مان شێوه، بورهان حه‌سه‌ن، دانیشتوى قه‌زاى كه‌لار هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: به‌شێوه‌یه‌كى گشتى له فه‌رمانگه‌كان گرنگى به فێنكه‌ره‌وه نه‌دراوه وه‌ك پێویست، ئه‌وه‌ى هه‌یه ژورى فه‌رمانبه‌ره‌كانه، ئه‌گه‌رنا راڕه‌وه‌كان و ئه‌و شوێنانه‌ى هاوڵاتیان لێى ده‌وه‌ستن فێنكه‌ره‌وه‌ى تێیدا نیه.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: بۆ نمونه له بانكى كه‌لار ئه‌و هه‌مو خه‌ڵكه‌ى تێدایه له كاتى وه‌رگرتنى موچه ئه‌و هۆڵه گه‌وره‌یه ته‌نها 2 سپلیتى تێدایه ئه‌مه‌ش هه‌ر هه‌ست به فێنكبونه‌وه ناكه‌ى.
هاوكات، سه‌یوان مه‌حمود، دانیشتوى ناحییه‌ى باوه‌نور وتى: له نێو راڕه‌وى فه‌رمانگه‌كانى ناحیه‌كه فێنكه‌ره‌وه نیه، به‌ڵام له ژورى فه‌رمانبه‌ران هه‌یه، تا راده‌یه‌ك باشه و خراپ نیه به به‌راوردى ئه‌و ژماره هاوڵاتیانه‌ى كه رۆژانه سه‌ردان ده‌كه‌ن بۆ رایكردنى مامه‌ڵه‌كانیان و لۆدى زۆر له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كان نیه.
به پێچه‌وانه‌وه، عوسمان قه‌تارچى، دانیشتوى قه‌زاى كفرى ده‌ڵێت: خزمه‌تگوزارى فێنكه‌ره‌وه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كانى كفرى قسه بكه‌م باشن خراپ نین تا راده‌یه‌ك.
هاوكات، ئاریا ئه‌نوه‌ر، به‌ڕێوبه‌رى بانكى گه‌رمیان وتى: فێنكه‌ره‌وه‌مان هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى خه‌ڵك زۆره و دونیاش گه‌رمه ئه‌مه كێشه‌ى بۆ دروست كردوین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌وا هه‌ڵكێشمان داناوه له نێو هۆڵه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام هه‌واگۆڕكێ هه‌بێت.
هاوكات، د. حارس محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات: له نێو هۆڵه‌كانى چاوه‌ڕوانى نه‌خۆش له به‌شه‌كانمان و به‌تایبه‌ت راوێژكارى به‌یانیان فێنكه‌ره‌وه‌ى موبه‌ریده‌مان بۆ داناوه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش وه‌كپێویست نیه، چونكه رۆژانه رێژه‌یه‌كى زۆرى هاوڵاتى سه‌ردانى نه‌خۆشخانه ده‌كات.
"له نێو بیناى شاره‌وانى ئه‌وه‌ى بۆ هاوڵاتیان بێت ته‌نها یه‌ك فێنكه‌ره‌وه‌ى موبه‌ریده‌مان هه‌یه و دامان ناوه له راڕه‌وه‌كه‌دا". كاوه عه‌بدولكه‌ریم، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى باوه‌نور به وه‌كاله‌ت واى وت.
ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى رزگارى باس له‌وه ده‌كات: ئه‌و شوێنانه‌ى كه ته‌رخان كراون بۆ هاوڵاتیان، فێنكه‌ره‌وه‌یان تێدا نیه، به‌ڵام ده‌رگاى هه‌مو ژوره‌كان له‌سه‌ر ئه‌و راڕه‌وه‌یه كه كورسیمان تێدا داناوه و فێكى دێت بۆ ئه‌وێش.
4. نه‌بوونى ئاوی خواردنه‌وه
له نێو فه‌رمانگه‌كانى گه‌رمیان به‌پێى وته‌ى هاوڵاتیان سه‌ره‌تاییترین خزمه‌تگوزارى كه گرنگى پێنه‌دراوه دابینكردنى ئاوى خواردنه‌وه‌یه، به‌شێك له هاوڵاتیان ده‌ڵێن ئه‌و خزمه‌تگوزارییه ته‌نها له ژورى به‌ڕێوبه‌ره‌كان به‌رده‌سته.
مه‌جید محه‌مه‌د، دانیشتوى قه‌زاى كه‌لار وتى: له هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك ئاوى خواردنه‌وه و چا و قاوه ته‌نها له ژورى به‌ڕێوبه‌ره‌كان بونى هه‌یه و ده‌بینرێت و بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه سه‌ردانى به‌ڕێوبه‌ر ده‌كه‌ن ده‌هێنرێت، ئه‌گه‌رنا هاوڵاتى ئاسایى كه سه‌ردانى ژورێكى فه‌رمانگه‌كه ده‌كات ته‌نانه‌ت ئاویش به كه‌مى ده‌بینرێت.
هه‌ندێك له هاوڵاتیان پێیانوایه دانانى به‌ڕادێك و دانانى دو كارتۆن ئاو تێیدا هێنده كارێكى گران نیه كه نه‌كرێت، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ئه‌مه له هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك به‌دى ناكرێت له گه‌رمیان.
سۆران حسێن، دانیشتوى ناحیه‌ى رزگارى ده‌ڵێت: له هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك ئه‌وه‌م به‌رچاو نه‌كه‌وتوه كه به‌ڕادێك دابنرێت و 2 كارتۆن ئاوى تێ بكرێت و له راڕه‌وه‌كان دابنرێت و هاوڵاتى بتوانێت سودى لێ ببینێ كه ئه‌مه سه‌ره‌تاییترین خزمه‌تگوزارییه پێشكه‌ش به هاوڵاتیان بكرێت.
له هه‌مان كاتدا، عوسمان قه‌تارچى، دانیشتوى قه‌زاى كفرى ده‌ڵێت: له نێو فه‌رمانگه‌كان شتێك نیه به‌ناوى دانانى به‌ڕاد و ته‌رخانكردنى ئاو و خواردنه‌وه‌كان بۆ هاوڵاتیان، ئه‌وه‌ى هه‌یه له سه‌ردانه تایبه‌ته‌كان و ژورى به‌ڕێوبه‌ركان ئه‌و خزمه‌تگوزارییه هه‌یه.
وتیشى: كه دونیا گه‌رمه و هاوڵاتیه‌ك سه‌ردانى فه‌رمانگه‌یه‌ك بكات بۆ رایكردنى ماه‌ڵه‌یه‌كى ئاو نیه بۆى دابنرێت و بیخواته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا، ئاریا ئه‌نوه‌ر، به‌ڕێوبه‌رى بانكى گه‌رمیان وتى: بۆ هه‌ر موچه‌یه‌ك كه دابه‌شى ده‌كه‌ین به‌ڕادى تایبه‌تمان هه‌یه و حه‌وزیشمان هه‌یه كه سه‌هۆڵاو و ئاوى تێدا داده‌نێن، به‌جۆرێك بۆ هه‌ر موچه‌یه‌ك بڕى 100 هه‌زار دینار به‌س به ئاو ده‌ده‌ین 25 هه‌زار به‌س به سه‌هۆڵ ده‌ده‌ین، كه موچه ته‌واو بو ئه‌و لۆده‌مان له‌سه‌ر نامێنێت و كاره‌كان ئاسایی ده‌بنه‌وه.
"به‌ڕادمان نیه ئاوى تێدا دانرابێت بۆ هاوڵاتیان، به‌ڵام پلانى ئه‌وه‌مان هه‌یه كارى له‌سه‌ر بكه‌ین و داى بنێین". كاوه عه‌بدولكه‌ریم، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى باوه‌نور به وه‌كاله‌ت وتى.
له نێو فه‌رمانگه‌كانى گه‌رمیان خزمه‌تگوزارى خواردنه‌وه‌كانى چا و قاوه و ئاو زۆربه‌ى كات له ژورى به‌ڕێوبه‌رانى فه‌رمانگه پێشكه‌ش به هاوڵاتیان ده‌كرێت، به‌ڕێوبه‌رێكیش جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه.
جه‌مال ساڵح، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى رزگارى ده‌ڵێت: خزمه‌تگوزارى به‌ڕادى ئاومان نیه كه له راره‌ِوه‌كه‌مان دانرابێت بۆ هاوڵاتى، ئه‌وه‌ى هه‌یه له به‌شى خۆم و ژوره‌كان هه‌یه.
"ساڵانى پێشتر خزمه‌تگوزارى ئاو خواردنه‌وه هه‌بوه، به‌ڵام له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دواى به‌هۆى قه‌یرانى دارایی و نه‌بونى بودجه نه‌مان توانیوه ئه‌وه پێشكه‌ش به هاوڵاتیان بكرێت". شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان ئاماژه به‌وه ده‌كات.
ده‌شڵێت: به‌ڵام ژورى فه‌رمانبه‌ران و نوسینگه‌ى خۆشم بۆیان دابینكراوه هه‌ر هاوڵاتیه‌كیش سه‌ردان بكات خزمه‌ت ده‌كرێت له‌و لایه‌نه‌وه.
به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى رزگارى باس له‌وه ده‌كات: سه‌لاجه‌مان داناوه و ئاوى سار به‌رده‌وام هه‌یه بۆ هاوڵاتیان له نێو فه‌رمانگه.
5. نه‌بونى سیسته‌مى یه‌ك په‌نجه‌ره له فه‌رمانگه‌كان
"كه سه‌ردانى دایره‌یه‌ك ئه‌كه‌ى هێنده ژور به ژورت پێده‌كه‌ن بێزارت ده‌كه‌ن له‌وه‌ى كه جارێكى تر سه‌ردانى فه‌رمانگه‌كان بكه‌یته‌وه، بۆیه پێویسته هه‌موى له ژورێك كۆبكرێته‌وه". ئازاد محه‌مه‌د، دانیشتوى قه‌زاى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات.
سۆران حسێن، هاوڵاتى له ناحیه‌ى رزگارى وتى: سیسته‌مى یه‌ك په‌نجه‌ره له زۆرینه‌ى فه‌رمانگه‌كانى گه‌رمیان نیه، به‌ڵكو بۆ هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌ك ده‌بێت ژور به ژور بكه‌ى ئه‌مه‌ش كاتى هاوڵاتى ده‌بات.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: له كاتێكدا پێویسته ئه‌و ژورانه‌ى په‌یوه‌ندیان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه له ژورێك یان له هۆڵێكى گه‌وره‌ى وه‌ك به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پاسپۆرت كۆبكرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى كات بۆ هاوڵاتى بگه‌ڕێته‌وه و بۆ مامه‌ڵه‌یه‌ك چه‌ند جارێك سه‌ردانى فه‌رمانگه نه‌كاته‌وه.
چالاكوانانیش كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه پێویسته سیسته‌مى یه‌ك په‌نجه‌ره یاخود ئه‌لكترۆنى جێبه‌جێ بكرێت، چونكه كار ئاسانییه بۆ هاوڵاتیان.
كاروخ عومه‌ر، چالاكوان له كه‌لار هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: سیسته‌مى یه‌ك په‌نجه‌ره جێبه‌جێ نه‌كراوه له فه‌رمانگه‌كان، ژور به ژور ئه‌سوڕێیته‌وه بۆ مامه‌ڵه‌یه‌ك و هه‌ر بیریشى لێنه‌كراوه‌ته‌وه، له كاتێكدا پێویسته سیسته‌مێكى نوێى ئه‌لكترۆنى جێبه‌جێ بكرێت و بكرێت به كۆد هه ر هاوڵاتیه‌ك كۆدى تایبه‌ت به خۆى هه‌بێت و هه‌مو زانیارییه‌كى له‌سه‌ر بێت.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: ئه‌مه كار ئاسانیه بۆ هاوڵاتیان و كه‌مترین كاتى لێده‌ڕوات.
له به‌رامبه‌ردا، جه‌مال ساڵح، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى رزگارى له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: به‌هۆى كۆنى بیناكه‌مان و نه‌بونى هۆڵێكى گه‌وره‌ى گونجاو، نه‌مانتوانیوه ژوره‌كان كۆبكه‌ینه‌وه و بیكه‌ن به سیسته‌مى یه‌ك په‌نجه‌ره، ئه‌وه‌ى هه‌یه ژور ژوره و له ده‌سه‌ڵاتى ئێمه‌دا نیه.
وتیشى: نه‌مانتوانیوه بیكه‌ین به ئه‌لیكترۆنیش ته‌نها له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت نه‌بێت هه‌ندێك حاڵه‌تى زه‌رور ئاڵوگۆڕده‌كه‌ین ئه‌گه‌رنا به‌شێوه‌كى گشتى نه‌كراوه.
6. نه‌بونى خزمه‌تگوزارى پاركینگى ئۆتۆمبێل
به‌شێك له هاوڵاتیان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه یه‌كێك له‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ى له فه‌رمانگه‌كان گرنگى پێنه‌دراوه پاركینگ و شوێنى وه‌ستانى ئۆتۆمبێله، ئه‌گه‌رچى به‌شێكى بیناى فه‌رمانگه‌كان نوێ و سه‌رده‌میانه‌ن، له باره‌ى هۆكارى گرنگى نه‌دان به‌م خزمه‌تگوزارییه به‌ڕێوبه‌رانى به‌شێك له فه‌رمانگه‌كان رونكردنه‌وه ده‌ده‌ن.
مه‌جید محه‌مه‌د، دانیشتوى قه‌زاى كه‌لار وتى: شوێنى وه‌ستانى ئۆتۆمبێلى هاوڵاتیان له داموده‌زگاكان گرنگى پێنه‌دراوه، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر سه‌ردانى قایمقامیه‌تى قه‌زاى كه‌لار بكرێت ده‌بێت ئۆتۆمبێله‌كه‌ت له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه رابگریت كه زۆرجار ده‌بێته‌هۆى ئاسته‌نگى بۆ هاتوچۆش.
هاوكات، بورهان حه‌سه‌ن، دانیشتوى قه‌زاى كه‌لار هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: ئه‌وه‌ى هه‌یه له ته‌نیشتى بیناى فه‌رمانگه‌كان زه‌وى به‌تاڵ هه‌یه و ده‌وه‌ستن یان له‌سه‌ر شه‌قام ده‌وه‌ستین به ناچارى.
به‌شێكى هاوڵاتیان نیگه‌رانن له‌وه‌ى كه سه‌ردانى هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ك ده‌كه‌ن شوێنى وه‌ستانى ئۆتۆمبێله‌كانیان نیه، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ناچار له شوێنێكى دور له فه‌رمانگه‌كه ئۆتۆمبێله‌كانیان رابگرن.
سۆران حسێن، دانیشتوى ناحیه‌ى رزگارى ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر سه‌ردانى فه‌رمانگه‌یه‌ك بكه‌ى یان ئه‌وه‌یه ئۆتۆمبێله‌كه‌ت زۆر دور رائه‌گرى یان ئه‌بێت له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه رایبگرى، له كاتێكدا یه‌كێكه له بابه‌ته پێویسته‌كان كه گرنگه گرنگى پێبدرێت.
"خزمه‌تگوزارى سیسته‌مى پاركینگى ئۆتۆمبێل وه‌ك سیسته‌م ره‌چاو نه‌كراوه و دانرابێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شوێنى راگرتنى ئۆتۆمبێل به‌تایبه‌ت له ناحیه‌ى باوه‌نور گرفتێك نیه". سه‌یوان مه‌حمود، دانیشتوى ناحییه‌ى باوه‌نور وتى.
عوسمان قه‌تارچى، دانیشتوى قه‌زاى كفرى ده‌ڵێت: شوێنى وه‌ستانى ئۆتۆمبێلى هاوڵاتیان له‌لاى فرمانگه حكومیه‌كان شتێك نیه به‌و ناوه‌ى كه بیرى لێكرابێته‌وه و دانرابێت، كه ئه‌مه یه‌كێكه له كێشه گه‌وره‌كان و كارى له‌سه‌ر نه‌كراوه.
شێروان مه‌حمود، چالاكوان له ناحییه‌ى رزگاریی، ده‌ڵێت: له هه‌ندێك فه‌رمانگه ره‌چاو كرا‌و ه له نمونه‌ى دادگاى رزگارى، به‌ڵام له فه‌رمانگه‌كانى دیكه وه‌ك پێویست كارى له‌سه‌ر نه‌كراوه ئه‌گه‌رچى شوێن هه‌یه به‌ڵام خۆڵه، بۆیه له كاتى باراناو ئه‌بێت به قوڕاو.
له به‌رامبه‌ردا، ئاریا ئه‌نوه‌ر، به‌ڕێوبه‌رى بانكى گه‌رمیان وتى: به‌هۆى ئه‌وه‌ى بیناكه‌مان له‌سه‌ر رێگاى سه‌ره‌كیه و مه‌وداى كه‌مه، شوێنى وه‌ستانى ئۆتۆمبێلمان كه‌مه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌پێى نوسراوێكى وه‌زاره‌تى ناوخۆ كه هه‌مان نابێت هیچ ئۆتۆمبێلێك له‌به‌رده‌م بانكدا بوه‌ستێت ته‌نانه‌ت هى سه‌ربازیش.
ده‌شڵێت: ئه‌ركى ئێمه خزمه‌تكردنى هاوڵاتیانه له‌نێو بیناى بانك بابه‌تى پاركینگى ئۆتۆمبێل له ده‌ره‌وه‌ى فه‌رمانگه ئیشى ئێمه نیه.
به‌هه‌مانشێوه، د. حارس محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات: به‌س نه‌خۆشخانه‌مان به پزیشكه‌كانه‌وه 295 كارمه‌ندمان هه‌یه جگه له سه‌نته‌ره‌كان كه كۆمه‌ڵێك سه‌نته‌رمان هه‌یه، شوێنى وه‌ستانى ئۆتۆمبێلى كارمه‌نده‌كانمان چاره‌سه‌ر كردوه، به‌ڵام بۆ هاوڵاتیان له ده‌ره‌وه گه‌راجێگى گه‌وره‌مان هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ش شوێنى وه‌ستانى ئۆتۆمبێل هه‌یه.
ده‌شڵێت: به‌ڵام وه‌ك سیسته‌مى پاركینگ نیمانه و پێویسته ره‌چاو بكرێت و پاره‌یه‌كى ره‌مزیش وه‌ربگیرێت، به‌شێوه‌یه‌كى گشتى پێویسته ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ى ئێمه بڕوخێنرێت و دروست بكرێته‌وه سیسته‌مى پاركینگی تێدا جێبه‌جێ بكرێت.
به‌پێى وته‌ى جه‌مال ساڵح، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى رزگارى كه هه‌مان گرفتیان هه‌یه، به‌ڵام هه‌نگاوى ئیجابیان بۆ ئه‌و بابه‌ته ناوه و ده‌ڵێت: به‌هۆى ئه‌وه‌ى 3 فه‌رمانگه‌ین له بینایه‌كدا فه‌رمانبه‌رمان زۆره و هه‌موشى ئۆتۆمبێلى پێیه، به‌هۆى ئه‌وه‌ى مه‌وداى شوێنى وه‌ستان بچوكه و هاوڵاتیانیش به‌رده‌وام دێنه ئه‌وێ، داوامان كردوه له شاره‌وانى ناحیه‌كه زه‌ویه‌كمان هه‌یه به‌رامبه‌ر بیناى خۆمان بۆمان چاك بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بكرێت به گه‌راج و هاوڵاتیانیش سودى لێ ببینن.
هاوكات، حازم كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كاره‌باى گه‌رمیان وتى: بۆ سیسته‌مى پاركینگى ئۆتۆمبێل شاره‌وانى ده‌رخسته‌یه‌كى بۆ ئاماده‌كردنى كه به‌رده‌م بیناى فه‌رمانگه‌كه‌مان شه‌قامێكى دو سایده و سیسته‌مى پاركینگیشى تێدا جێگه كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌كراوه.
وتیشى: ئه‌و پرۆژه‌یه پێویستى به نزیكه‌ى 160 ملیۆن دینار هه‌یه وه‌زاره‌تى دارایی ره‌زامه‌ندى نه‌دا به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه، بۆیه ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانین.
7. خزمه‌تگوزارى باخچه و سه‌وزایی
هاوڵاتیان جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه له نێو فه‌رمانگه حكومیه‌كان گرنگى به باخچه و سه‌وزایى و شوێنى دانیشتن نه‌دراوه.
مه‌جید محه‌مه‌د، دانیشتوى قه‌زاى كه‌لار وتى: ره‌نگه له هه‌ندێك به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باخچه هه‌بێت و سه‌وزایش هه‌بێت، به‌ڵام به‌جۆرێك نیه خرابێته خزمه‌تى هاوڵاتیانه‌وه، بۆیه به‌شێوه‌یه‌كى گشتى وه‌كپێویست نیه.
"بابه‌تى سه‌وزاى و دروستكردنى باخچه‌یه‌ك و دانانى شوێنى دانیشتن تێیدا بۆ هاوڵاتیان له هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك له گه‌رمیان گرنگى پێنه‌دراوه و له قۆناغێكدایه ده‌توانین بڵێن سفره". سۆران حسێن، دانیشتوى ناحیه‌ى رزگارى وا ده‌ڵێت.
سه‌یوان مه‌حمود، دانیشتوى ناحییه‌ى باوه‌نور وتى: له هیچ یه‌كێكى فه‌رمانگه‌كانى ناحیه‌ى باوه‌نور باخچه‌یه‌ك نیه كه رێژه‌ى سه‌وزاى هه‌بێت و هاوڵاتیان بتوانن سودى لێببین، ئه‌گه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌كیش باخچه‌یه‌كى بچوكى هه‌بێت ئه‌وه شوێنى دانیشتن وه‌ك كورسى تێدا نیه هاوڵاتیه‌ك ئه‌گه‌ر له چاوه‌ڕوانى كاره‌كه‌ى بمێنێته‌وه بتوانێت سودى لێ ببینێ.
له به‌رامبه‌ردا، كاوه عه‌بدولكه‌ریم، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى باوه‌نور به وه‌كاله‌ت وتى: باخچه‌مان نیه بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتى بتوانێت سودى لێببینى له نێو بیناكه‌ماندا، به‌ڵام پلانى ئه‌وه‌مان هه‌یه سه‌وزایى دروست بكه‌ین و كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى رزگارى باس له‌وه ده‌كات: به هه‌ر دو ده‌ستى بیناى فه‌رمانگه‌كه‌مان باخچه‌مان هه‌یه و له سێبه‌رى داره‌كانیش كورسیمان داناوه، به‌ڵام بۆ هاوین هاوڵاتى له‌وێ دانانیشێت، بۆ وه‌رزه‌كانى تر سودى لێ ده‌بینن.
نه‌بونى بیناى تایبه‌ت به فه‌رمانگه‌كان له گه‌رمیان وایكردوه نه‌توانرێت وه‌كپێویست گرنگى به باخچه بدرێت بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتیان له كاتى چاوه‌ڕوانى كاره‌كانیاندا پشوى تێدا وه‌ربگرن.
حه‌مید ره‌شید، به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ئاوى قه‌زاى كفرى ده‌ڵێت: باخچه‌مان نیه بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك سودى لێ ببینێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بیناكه‌مان بیناى ماڵانه.
هاوكات، ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى قه‌زاى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات: وه‌ك بیناكه كه دروست كراوه شوێنى باخچه و سه‌وزاى بۆ ته‌رخان كراوه و گرنگیشى پێدراوه، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى باخچه‌كه كه‌وتوته ئه‌و به‌شه‌ى كه شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیانى تێدا جێگیره، وایكردوه سودى نه‌بێت بۆ ئێمه.
ده‌شڵێت: ئه‌و به‌شه‌ى كه كه‌وتوه‌ته لاى ئێمه‌وه شوێنى وه‌ستانى ئۆتۆمبێله، بۆیه ئه‌گه‌ر كۆى بیناكه هه‌ر هى شاره‌وانى بوایه‌وه ئه‌وه شتێكى تر ئه‌بو.
"باخه‌وانێكمان هه‌یه كارى كارگوزارى فه‌رمانگه‌كه‌ش ده‌كات، ئه‌مه‌ش وایكردوه وه‌كپێویست خزمه‌تى باخچه‌كه‌مان نه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئه‌وه وایكردوه كورسى دانیشتنى تێدا دانه‌نرێت". حازم كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كاره‌باى گه‌رمیان وتى.
ده‌شڵێت: باخه‌وانێكمان پێویسته تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ى باخچه‌كه‌مان بباته قۆناغێكى تره‌وه.
به پێچه‌وانه‌وه، شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان ئاماژه به‌وه ده‌كات: وه‌ك به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باخچه‌یه‌كى زۆر گه‌وره و جوانمان هه‌یه و له هه‌ندێك شوێنیش كورسى تایبه‌ت دانراوه ئه‌گه‌ر هاوڵاتیه‌ك بیه‌وێت له‌وێ چاوه‌ڕێ بكات تاوه‌كو كاره‌كانى بۆ ته‌واو ده‌كرێت.
8. خزمه‌تگوزارى چاپه‌مه‌نى
له نێو فه‌رمانگه‌كانى گه‌رمیان چه‌ندین ئامێرى چاپه‌مه‌نى بونى هه‌یه، هاوڵاتیان جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه نه‌خراوه‌ته خزمه‌تى هاوڵاتیانه‌وه كه ناچارن بۆ كۆپیه‌كى مامه‌ڵه‌كانیان ده‌ڕۆنه ده‌ره‌وه‌ى فه‌رمانگه‌كه ئه‌مه‌ش كاتى زۆرى لێبردون، حكومه‌تیش ده‌ڵێت: ئامێرى تایبه‌ت مه‌ندمان نیه بۆ كۆپیكردنى هه‌ندێك مامه‌ڵه.
مه‌جید محه‌مه‌د، دانیشتوى قه‌زاى كه‌لار وتى: ئامێرى چاپكردنى مامه‌ڵه له نێو فه‌رمانگه‌كان هه‌یه، به‌ڵام بۆ كاروبارى خودى فه‌رمانگه‌كه نه‌ك هاوڵاتیان، بۆیه به‌شێویه‌كى گشتى هیچ بونى نیه و سودى نه‌بوه بۆ هاوڵاتیان.
ده‌شڵێت: زۆرجار ئه‌م نه‌بونى چاپه‌مه‌نیه به ده‌رفه‌ت ده‌زانرێت كه له ده‌ره‌وه‌ى داموده‌زگاكان به كرێ بدرێته خه‌ڵكى و ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كرێى چاپكردنه‌كه له‌سه‌ر هاوڵاتیان دوقات ببێته‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى قه‌رباڵه‌غى و سه‌ره‌گرتن و چاوه‌ڕوانیه‌كى زۆر بۆ كۆپیكردنى مامه‌ڵه‌كه‌یه‌ك به نمونه‌ش به‌ڕێوبه‌رایه‌تى باج و ده‌رامه‌ت.
به هه‌مانشێوه‌ى مه‌جید، سۆران حسێن، دانیشتوى ناحیه‌ى رزگارى ده‌ڵێت: ئامێره‌كانى چاپكردن له نێو فه‌رمانگه‌كان هێنده بۆ كارى فه‌رمانگه‌كه‌یه نه‌خراوه‌ته خزمه‌تى هاوڵاتیانه‌وه، هاوڵاتیه‌ك ئه‌گه‌ر پێویستى به كۆپیكردنى مامه‌ڵه‌كه‌ى بێت ئه‌وه ناچاره بڕواته ده‌ره‌وه‌ى فه‌رمانگه‌كه‌ى بیكات و بگه‌ڕێته‌وه ئه‌مه‌ش كاتى لێده‌بات.
ده‌شڵێت: هه‌ندێكجار كابینه‌یه‌ك یان شوێنێك دراوه به كرێ له‌لایه‌ن فه‌رمانه‌گانه‌وه كه له ده‌ره‌وه هه‌یه ئه‌مه‌ش نرخه‌كه‌ى به‌رزه و بارگرانیه بۆ هاوڵاتیان، له كاتێكدا ده‌توانن له ناو خودى فه‌رمانگه‌كان ئه‌و كاره بۆ هاوڵاتیان بكرێت.
"له هیچ یه‌كێك له فه‌رمانگه‌كانى ناحیه چاپه‌مه‌نى بۆ كۆپیكرنى مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان نیه، به‌ڵكو ته‌نها بۆ فه‌رمانگه‌كه و نوسراوه‌كانى خۆیانه". سه‌یوان مه‌حمود، دانیشتوى ناحییه‌ى باوه‌نور له‌وباره‌یه‌وه وتى.
عوسمان قه‌تارچى، دانیشتوى قه‌زاى كفرى ده‌ڵێت: چه‌ندین جار سه‌ردانى فه‌رمانگه‌كانم كردوه بۆ كۆپى كردنێكى مامه‌ڵه‌كه‌م مه‌ودایه‌كى دورى بڕیوه و هاتومه‌ته ده‌ره‌وه كۆپیم كردوه ئه‌مه‌ش كاتێكى زۆرت لێ ئه‌بات و كێشه‌یه بۆ هاوڵاتیان.
ده‌شڵێت: له كاتێكدا چه‌ندین ئامێرى چاپه‌مه‌نى هه‌یه له نێو فه‌رمانگه‌كان نه‌خراوه‌ته خزمه‌تى خه‌ڵكه‌وه هه‌ر بۆ فه‌رمانگه‌كه خۆیه‌تى، كه ده‌كرێت كارى له‌سه‌ر بكرێت و جێگه‌ى بكرێته‌وه.
"چاپكردنى مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتى ئێمه هیچ كه‌سێكمان جواب نه‌كردوه و نه‌مان ناردوه‌ته ده‌ره‌وه ئه‌گه‌ر پێویستى به‌وه‌بێت بۆیان ده‌كرێت كه‌سمان نه‌ناردوه‌ته ده‌ره‌وه". كاوه عه‌بدولكه‌ریم، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى باوه‌نور به وه‌كاله‌ت واى وت.
ئه‌و ئامێرانه‌ى كه له فه‌رمانگه‌كانى گه‌رمیان هه‌ن بۆ كۆپیكردنى نوسراو مامه‌ڵه‌كان ره‌نگاوره‌نگ نین ئه‌مه‌ش وایكردوه هاوڵاتیان ناچاربن بڕۆنه ده‌ره‌وه‌ى فه‌رمانگه‌كان كه كۆپى ناسنامه‌یه‌ك بكه‌ن.
جه‌مال ساڵح، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى رزگارى ده‌ڵێت: ئێمه ئامێرى چاپكردنى ره‌نگاوڕه‌نگمان نیه كه هاوڵاتیه‌ك پێویستى به كۆپیكردنى ناسنامه‌كه‌ى هه‌بێت بۆى بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى داواكارى و نوسراوه هه‌موى له‌لای خۆمان ده‌یكه‌ین بۆ هاوڵاتیان.
به‌پێچه‌وانه‌ى فه‌رمانگه‌كانى تر‌ى گه‌رمیان، له فه‌رمانگه‌ى ئاوى قه‌زاى كفری مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان كۆپى ناكرێت، حه‌مید ره‌شید، به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ئاوى قه‌زاى كفرى له‌وباریه‌وه ده‌ڵێت: له ماوه‌كانى رابردو مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیمان كۆپى ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا نایكه‌ین، چونكه تۆمه‌تى ئه‌وه‌مان بۆ به‌سترا كه بڕى 5 هه‌زار دینار بۆ ئه‌و كۆپیكردنه وه‌رده‌گیرێت له كاتێكدا ئه‌و پاره‌یه بۆ ته‌ئمیناتى فه‌رمانگه‌كه بو كه په‌یوه‌ست بو به رێكارى به‌شداریكردن له ئاوى ماڵان بو.
9. سه‌ره‌گرتن، نه‌بونى ئالیه‌تى نوێ و پاڵپاڵێن
هاوڵاتیان باس له‌وه ده‌كه‌ن فه‌رمانگه‌كانى گه‌رمیان سیسته‌مى ناوتۆماركردن و سه‌ره‌گرتنیان نیه، ئه‌مه‌ش وایكردوه كاتى زۆرى هاوڵاتیان به‌فیڕۆبچێت له جێبه‌جێكردنى مامه‌ڵه‌كانیادا، حكومه‌تیش رونكردنه‌وه ده‌دات.
ئازاد محه‌مه‌د، دانیشتوى قه‌زاى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات: فه‌رمانگه‌كانى كه‌لار به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه خزمه‌تگوزارین لۆدى زۆریان له‌سه‌ره هه‌ندێكجار قه‌ره‌باڵه‌غى زۆر دروست ئه‌بێت، كه‌چى تاوه‌كو ئێستا سیسته‌مێكیان نیه وه‌ك فه‌رمانگه‌ى پاسپۆرت سره بگرى و ئه‌و رۆژه‌ى خۆت دیارى ده‌كه‌ى سه‌ردان بكه‌ى.
ده‌شڵێت: هاوكات به واسته‌ش هه‌بوه مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتى پێشخراوه به‌حوكمى ئه‌و په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ى كه له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه، ئه‌مه‌ش مافى هاوڵاتیه‌كى تر پێشێل ده‌كرێت له كاتێكدا پێویسته بنبڕبكرێت.
هاوكات، سۆران حسێن، دانیشتوى ناحیه‌ى رزگارى وتى: به‌هۆى ئه‌وه‌ى لۆدێكى زۆر له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كان نیه له ناحیه‌ى رزگارى گرفتى پاڵپاڵێن دروست نه‌بوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرفته شتێك نیه به‌ناوى ناوتۆماركردن و سه‌ره‌گرتن بۆ ئه‌نجامدانى مامه‌ڵه‌یه‌ك، ئه‌وه‌ى هه‌یه ئه‌م رێكاره له فه‌رمانگه كارتى نیشتیمانى و پاسپۆرت جێبه‌جێ ده‌كرێت.
وتیشى: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه هه‌یه به واسته مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیه‌ك زوتر راى ئه‌كرێت و ئه‌خرێته پێش به‌ڵام ئه‌مه‌ش نه‌بوه به دیارده و حاڵه‌ته.
"له نێو فه‌رمانگه‌كانى گه‌رمیان سیسته‌مى كۆن په‌یڕه‌و ده‌كرێت و كار له‌سه‌ر سیسته‌مى نوێ نه‌كراوه و ده‌ست بۆ به‌دیلى ئه‌م سیسته‌مه كۆنه نه‌براوه، تاوه‌كو مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان به ئه‌لكترۆنى بكرێت یاخود سه‌ره‌گرتن بكرێت به ئه‌لكترۆنى و كات بۆ رایكردنى مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان دابنرێت". كاروخ عومه‌ر، چالاكوان له كه‌لار وا ده‌ڵێت.
وتیشى: ته‌نانه‌ت دۆخه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ش زاڵه به‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كاندا، ئه‌مه وایكردوه مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتى تر به واسته بخرێته پێشه‌وه ئه‌مه‌ش پێشێلكردنى مافى هاوڵاتیانى تره.
ره‌فعه‌ت محه‌مه‌د، چالاكوان له قه‌زاى كفرى هه‌مان راى هه‌یه و رایده‌گه‌یه‌نێت: تاوه‌كو ئێستا كار به سیسته‌مه كۆنه‌كه ده‌كرێت و ئالیه‌تێكى نوێ نیه بۆ ناوتۆماركردن و سه‌ره گرتن، ئه‌وه‌ى هه‌یه كارتى نیشتیمانیه كه كارى باشى كردوه له‌و روه.
ده‌شڵێت: بابه‌تى واسته له قه‌زاى كفرى كه‌مه و زۆر نیه، چونكه لۆدى زۆر له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كان نیه.
له به‌رامبه‌ردا، ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى رزگارى ده‌ڵێت: سیسته‌مى ناوتۆماركردن و سه‌ره‌گرتن له فه‌رمانگه‌ى ئێمه نیه و جێبه‌جێ نه‌كراوه و لۆدێكى ئه‌وتۆمان له‌سه‌ر نیه په‌نا بۆ ئه‌و سیسته‌مه ببرێت، چونكه ئیشى ئێمه جۆراوجۆره و له 10 به‌ش پێكدێت، هه‌ر داواكارییه‌كیش كه دێته لاى ئێمه راسته‌وخۆ ئاراسته‌ى به‌شى خۆى ئه‌كرێت، بۆیه ده‌گمه‌نه كارى دو هاوڵاتى له‌یه بچێت و بۆ یه‌ك به‌ش بێت و ژور به ژور بكات هه‌ر له‌یه‌ك ژور ئیشى ته‌واو ده‌بێت.
ده‌شڵێت: ئه‌وه ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه كه واسته هه‌بێت ئه‌گه‌ر بشمانه‌وێت هه‌بێت ناكرێت، چونكه هاوڵاتى خۆى داواكارى ئه‌هێنێت و ئاراسته‌ى به‌شه‌كانى ده‌كه‌ین، بۆیه هه‌ر هاوڵاتیه‌ك كه دێت بۆ به‌شێك ده‌ڕوات، بۆ نمونه هه‌یه بۆ موڵكایه‌تیه هه‌یه بۆ به‌شى هونه‌رییه یان بۆ به‌شى خزمه‌تگوزارییه، بۆیه واسته له‌لاى ئێمه نیه نازانم بۆ فه‌رمانگه‌یه‌كى تر.
10. نه‌بونى هێڵى په‌یوه‌ندى و ئیمێڵى تایبه‌ت به فه‌رمانگه‌كان
له نێو فه‌رمانگه‌كان گرنگى به ژماره مۆبایل و ئیمێڵى تایبه‌ت نه‌دراوه تاوه‌كو هاوڵاتیان بتوانن له بونى هه‌ر كێشه‌یه‌ك راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى بكه‌ن، حكومه‌تیش ده‌ڵێت: ئیمیڵ بو كاروبارى وه‌زاره‌ته ئه‌كاونتى تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه ده‌توانن هاوڵاتیان را و سه‌رنجه‌كانیان بخه‌نه‌ڕو.
ئازاد محه‌مه‌د، دانیشتوى قه‌زاى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات: تاوه‌كو ئێستا نه‌مبیستوه و نه‌مبینوه فه‌رمانگه‌یه‌ك ژماره ته‌له‌فۆنى تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێت جگه له لیژنه‌ى مۆلیده ئه‌هلیه‌كانى كه‌لار، ئه‌وه‌ى هه‌یه زۆرجار په‌یوه‌ندى به به‌ڕێوبه‌ره‌كانه‌وه ده‌كرێت.
وتیشى: ئیمیڵ ئه‌وه هه‌ر نیانه ئه‌وه‌ى هه‌یه په‌یجێكه ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌نه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى كارى تایبه‌تى به‌كاردێت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى خه‌ڵك و كێشه‌ى خه‌ڵك ته‌رخان نه‌كراوه.
"هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك له گه‌رمیان جگه له به‌رگرى شارستانى ژماره ته‌له‌فۆن و ئیمێڵى تایبه‌تیان نیه بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتى بتوانێت په‌یوه‌ندى بكات ئه‌وه‌ى هه‌یه ژماره ته‌له‌فۆنى به‌ڕێوبه‌ركان و شه‌خسى ناو فه‌رمانگه‌كانه". سۆران حسێن، هاوڵاتى له ناحیه‌ى رزگارى واى وت.
ده‌شڵێت: ئه‌وه‌ى هه‌یانه په‌یجێكى فه‌رمانگه‌كه‌یه ئه‌وه‌ش كاتێك وه‌ڵام ئه‌ده‌نه‌وه ره‌خنه‌یه‌كى زه‌قیان لێبگیرێت و له به‌رژه‌وه‌ندیان نه‌بێت وه‌ڵامت ئه‌ده‌نه‌وه، له كاتێكدا پێویسته وه‌ڵامدانه‌وه هه‌بێت به‌رده‌وام و ژماره ته‌له‌فۆن و ئیمیڵى تایبه‌تیان هه‌بێت.
له هه‌مان كاتدا، كاروخ عومه‌ر، چالاكوان له كه‌لار هێماى بۆ ئه‌وه كرد: تاوه‌كو ئێستا سیسته‌مه كۆنه‌كه جێبه‌جێ ده‌كرێت و بیر له‌وه نه‌كراوه‌ته‌وه به‌دیلێك بۆ ئه‌م سیسته‌مه دابنرێت له كاتێكدا ته‌كنه‌لۆژیا پێشكه‌وتوه، ته‌نانه‌ت سود له‌و كه‌سانه‌ش وه‌رنه‌گیراوه كه پێشكه‌وتون له بواره‌كه‌دا بۆ ئه‌وه‌ى سیسته‌مێكى نوێ دابهێنرێت.
"هه‌مو فه‌رمانگه‌یه‌ك پێویسته پێگه‌یه‌كى ئه‌لكترۆنى وه‌ك ئیمێڵ و ئه‌كاونتى تایبه‌تیان هه‌بێت و ژماره ته‌له‌فۆنى تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێت كه گرنگى پێنه‌دراوه". ره‌فعه‌ت محه‌مه‌د، چالاكوان له قه‌زاى كفرى وا ده‌ڵێت.
وتیشى: پێویسته فه‌رمانگه‌كان كه‌سێكیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان هه‌بێت، كاتێك مامه‌ڵه‌یه‌كى ده‌بێت پێشوه‌خت زانیارى پێبدرێت كه ئه‌مه وه‌ك پێویست نیه و گرنگى پێنه‌دراوه، كه ئه‌مه‌ش له رێگه‌ى په‌یجى تایبه‌ته‌وه ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئاسانكارى بۆ بكرێت.
له به‌رامبه‌ردا، حازم كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كاره‌باى گه‌رمیان وتى: به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان كۆمه‌ڵێك ژماره‌ى تایبه‌تى هه‌یه چ بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ى پێوه‌رى زیره‌ك چ بۆ سیانه‌كردنى كاره‌با و گرفتێك هه‌بێت له گه‌ڕه‌كه‌كان 24 كاتژمێریش به‌رده‌سته و كارمه‌ندى تایبه‌ت وه‌ڵام ده‌داته‌وه.
ده‌شڵێت: بۆ ئیمێڵ هه‌مانه، به‌ڵام بۆ كاروبارى فه‌رمانگه و وه‌زاره‌ته بۆ هاوڵاتیان دامان نه‌ناوه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئه‌كاونتى تایبه‌ت به به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان هه‌یه له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى هاوڵاتیان هه‌ر پرسیار و تێبینیكیان هه‌بێت وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه و كارمه‌ندى تایبه‌تمان هه‌یه بۆ ئه‌و به‌شه.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه هاوڵاتى تا په‌یوه‌ندى به خودى خۆمه‌وه نه‌كات قه‌ناعه‌ت ناهێنن، بۆ نمونه 50 كێشه‌ى كاره‌با هه‌بێت له كه‌لار ناكرێت من په‌یوه‌ندى به هه‌موى بكه‌م و بڵێم بڕۆن بۆ ئه‌و جێگه‌یه، له كاتێكدا ستافمان هه‌یه بۆ سیانه‌كردن و ژماره‌ى خۆشیان هه‌یه.
به‌شى دوه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام
1. که‌می و نه‌بونی ژێرخانی گونجاو
ا. شوێنی دانیشتن و هۆڵی پێشوازی: زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌کان کورسی دانیشتن و هۆڵی پێشوازی گونجاویان نییه، ئه‌مه‌ش واده‌کات هاوڵاتیان کاتێکی زۆر به‌پێوه بوەستن.
ب. سیسته‌می فێنککه‌ره‌وه و گه‌رمکه‌ره‌وه: له وه‌رزی گه‌رمادا فێنککه‌ره‌وه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی خراپ کار ده‌که‌ن یان هه‌ر نین له راڕه‌وه‌کان و شوێنه گشتییه‌کان. ئه‌مه بۆ وه‌رزی زستانیش راسته كه له‌وكاتاته‌دا گه‌رمكه‌ره‌وه نییه.
ت. ئاوی خواردنه‌وه: زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌کان ئاوی خواردنه‌وه‌ی دابین نه‌کردوه، جگه له چه‌ند حاڵه‌تێکی که‌مدا که ته‌نها له ژوری به‌ڕێوه‌به‌ره‌کاندا هه‌یه.
پ. پارکینگی ئۆتۆمبێل: که‌میی یان نه‌بونی شوێنی تایبه‌ت به وه‌ستاندنی ئۆتۆمبێل کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه و ده‌بێته هۆی قه‌ره‌باڵه‌غی و ناڕه‌حه‌تی بۆ هاوڵاتیان.
ح. باخچه و سه‌وزایی: زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌کان شوێنی سه‌وزایی یان باخچه‌یان نییه بۆ پشودان، یان ئه‌وه‌ی هه‌یه شیاو نییه بۆ به‌کارهێنانی گشتی.
2. که‌میی خزمه‌تگوزارییه ته‌کنیکی و کارگێڕییه‌کان
ا. چاپه‌مه‌نی و کۆپی: فه‌رمانگه‌کان ئامێری کۆپی و چاپکاره‌کانیان ته‌نها بۆ کاروباری ناوخۆیی به‌کارده‌هێنن و خزمه‌تگوزارییه‌که‌ی بۆ هاوڵاتیان دابین نه‌کردوه، به‌تایبه‌ت بۆ دۆکیومێنتی ره‌نگاوڕه‌نگ.
ب. سیسته‌می سه‌ره‌گرتن و یه‌ک په‌نجه‌ره: نه‌بونی سیسته‌می رێکخستنی سه‌ره‌گرتن و سیسته‌می یه‌ک په‌نجه‌ره ده‌بێته هۆی به‌فیڕۆدانی کاتی هاوڵاتیان و زۆر ژور به ژور کردنیان.
ت. په‌یوه‌ندی و ئیمه‌یڵ: که‌میی و نه‌بونى ژماره ته‌له‌فۆن یان ئیمه‌یڵی فه‌رمی و تایبه‌ت به فه‌رمانگه‌کان بۆ په‌یوه‌ندیی هاوڵاتیان، وایکردوه ڕای هاوڵاتیان نه‌گاته شوێنی خۆی یان به دوای به‌رپرسه‌کاندا بگه‌ڕێن.
3. هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانی که‌موکورتییه‌کان
ا. کۆنیی و نەگونجاویی بینا: زۆربه‌ی بینای فه‌رمانگه‌کان کۆنن، بۆ مه‌به‌ستی خزمه‌تگوزاری دروست نه‌کراون، یان مه‌ودایان بچوکه و توانای دابینکردنی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌کانیان نییه. هه‌ندێکیشیان بینای ماڵانن و کرێچین.
ب. فره فه‌رمانگه‌یی له یه‌ک بینادا: بونی چه‌ندین فه‌رمانگه له یه‌ک بینادا كه په‌یوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه نییه، ده‌بێته هۆی قه‌ره‌باڵه‌غی و که‌میی شوێن و پشێوی له دابینکردنی خزمه‌تگوزارییه‌کان.
ت. که‌میی بودجه و قه‌یرانی دارایی: هه‌ندێک له به‌ڕێوه‌به‌ران باس له قه‌یرانی دارایی و نه‌بونی بودجه ده‌که‌ن وه‌ک هۆکارێک بۆ نه‌توانینی دابینکردنی خزمه‌تگوزارییه‌کان و نوێکردنه‌وه‌ی ژێرخان.
پ. نه‌بونی پلاندانانی تۆکمه و سیستمێکی نوێ: ئه‌گه‌رچی ئیداره‌ی گه‌رمیان بۆ ماوه‌ی نزیکه‌ی 20 ساڵه هه‌یه، به‌ڵام هێشتا به‌شێکی فه‌رمانگه‌کان له بینای کرێچین، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی نه‌بونی پلاندانانی درێژخایه‌ن و تۆکمه‌یه بۆ گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی حکومی. هه‌روه‌ها کار به سیسته‌می کۆن ده‌کرێت و بیر له به‌دیلی ئه‌و سیسته‌مانه نه‌کراوه‌ته‌وه.
ح. که‌میی میلاک و پسپۆڕیی: نه‌بونی فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندى تایبه‌ت، یان ستافی تایبه‌ت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هاوڵاتیان، نیشانه‌ی که‌میی میلاک و دابه‌شکردنی کاره‌کانه.
خ. زاڵبونی دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و "واسته": له هه‌ندێک فه‌رمانگه‌دا، دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و "واسته" زاڵه و ده‌بێته هۆی پێشخستنی مامه‌ڵه‌ی که‌سێک به‌سه‌ر ئه‌وی تردا، ئه‌مه‌ش مافی هاوڵاتیان پێشێل ده‌کات و ناڕه‌زایی دروست ده‌کات.
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. هه‌ڵمه‌تێکی نوێکردنه‌وه‌ی ژێرخانی فه‌رمانگه‌کان:
وه‌ك له راپۆرته‌كه‌دا ده‌ركه‌وت، دیارترین كێشه‌ى خزمه‌تگوزارییه‌كان، بینایه. بۆیه له‌م سۆنگه‌یه‌وه پێویسته حکومه‌ت پرۆژه‌یه‌کی گه‌وره و خێرا ده‌ستپێبکات بۆ نوێکردنه‌وه و دروستكردنی سه‌رجه‌م فه‌رمانگه حکومییه‌کان. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش به دو ئاراسته‌دا بێت، ئاراسته‌یه‌كى كورتخانه‌یه‌ن به‌وه‌ى هه‌ندێك له‌و بینایانه‌ى كه گونجاون نۆژه‌ن بكاته‌وه. ئاراسته‌ى درێژخایه‌ن به‌وه‌ى كه ساڵانه و ژماره‌یه‌ك بینای نوێ دروست بكات.
واباشتره له دروستكردنى بیناشدا، ره‌چاوى "ناوه‌نده‌کانی خزمه‌تگوزاریی" بكرێت، به‌و مانایه‌ى له‌جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ک بینایه‌کی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت، ده‌کرێت ناوه‌نده‌کانی خزمه‌تگوزاریی هاوڵاتیان دابنرێن، بۆنمونه ئه‌و فه‌رمانگانه‌ى كه په‌یوه‌ستن به یه‌كه‌وه بیناكه‌یان له‌ناو یه‌كترییدا بێت.
هه‌روه‌ها له‌و بینایانه‌ش كه دروستده‌كرێن، ره‌چاوی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه بكرێت:
ا. دیزاینی مۆدێرن: فه‌رمانگه‌کان به شێوه‌یه‌ک دیزاین بکرێن که شوێنی گونجاو بۆ دانیشتن، هۆڵی پێشوازی فراوان و شوێنی پشو بۆ هاوڵاتیان دابین بکات. هه‌روه‌ها هه‌واگۆڕکێ و تیشکی سروشتی زۆر به‌کاربهێنرێت.
ب. سیسته‌می ژینگه‌دۆست: به‌کارهێنانی سیسته‌می فێنککه‌ره‌وه و گه‌رمکه‌ره‌وه‌ی نوێ و ژینگه‌دۆست که کاراییان به‌رزه و وزه که‌متر به‌کارده‌هێنن. دابینکردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ی پاک له سه‌رجه‌م به‌شه‌کاندا.
ت. باخچه‌ی ناو فه‌رمانگه: دروستکردنی باخچه‌ی بچوک یان دیواری سه‌وزایی له‌ناو فه‌رمانگه‌کاندا، یان دابینکردنی ڕوبه‌ری سه‌وزایی شیاو له ده‌ره‌وه بۆ پشو و چاوه‌ڕوانی هاوڵاتیان. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی جوانی به شوێنه‌که ده‌به‌خشێت، کاریگه‌ری ئارامکه‌ره‌وه‌شی هه‌یه.
پ. پارکینگی زیره‌ک: به‌کارهێنانی سیسته‌می پارکینگی ئۆتۆمبێلی زیره‌ک، وه‌ک پارکینگی ئۆتۆمبێلی چه‌ند قات.
2. گۆڕینی سیسته‌مى مامه‌ڵه‌كان
ئه‌مه‌ش له دو ئاستدا ده‌كرێت: ئاستی ئێستایی و ئاستى داهاتو.
ئاستی ئێستایی:
ا. پێویسته بیر له جێبه‌جێكردنى سیسته‌مى یه‌ك په‌نجه‌ره بكرێته‌وه، واتا هاوڵاتى له په‌نجه‌ره‌یه‌ك یان له ژورێكدا مامه‌ڵه‌كه‌ى پێشكه‌ش بكات و دواتر چاوه‌ڕێ بكات له هۆڵێكدا هه‌تا بۆی ته‌واو ده‌كرێت، نه‌ك خۆی ژور به ژور بیگه‌ڕێنێت و قه‌ره‌باڵه‌غی دروست بكات.
ب. هه‌ندێك له‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ى كه پێویستن وه‌كو فۆتۆكۆپی، له‌ناو بیناكه‌دا هه‌بێت. بۆ ئه‌مه‌ش حكومه‌ت ده‌توانێت خۆی ئه‌و كاره بكات و بڕه پاره‌یه‌ك له هاوڵاتییه‌كه وه‌ربگرێت. یاخود ئه‌و نوسینگانه‌ى كه‌رتى تایبه‌ت كه ئه‌و كاره ده‌كه‌ن، ئامێر بۆ به‌شه‌كان دابین بكه‌ن و دواتر ئه‌و پاره‌یه‌ى له هاوڵاتى وه‌رده‌گیرێت به‌مه‌به‌ستى فۆتۆكۆپییه‌كه، بۆ ئه‌و نوسینگانه بێت.
ت. گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری بۆ ماڵه‌وه: بۆ که‌سانی به‌ته‌مه‌ن یان ئه‌وانه‌ی کێشه‌ی هاتوچۆیان هه‌یه، سیسته‌می گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌کان (وه‌ک نوێکردنه‌وه‌ی ناسنامه یان کارتی نیشتیمانی) بۆ ماڵه‌وه دابین بکرێت به پاره‌یه‌كى ره‌مزی و گونجاو.
ئاستی داهاتو:
تادێت كاروباره‌كانى رۆژانه‌مان په‌یوه‌ست ده‌بن به دیجیتاڵه‌وه، بۆیه ده‌بێت له ئاستى كارگێڕییشدا ئه‌م هه‌نگاوه هه‌ڵهێنین. ئه‌نجامدانى ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ش گران و مه‌حاڵ نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى پێویسته ئیراده‌یه. له‌مڕوه‌وه ئه‌م چه‌ند پێشنیازه ده‌كه‌ین:
ا. دروستکردنی پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵی ناوه‌ندیی: سه‌كۆ یان پلاتفۆرمێك بێت که سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزارییه حکومییه‌کان له یه‌ک شوێندا کۆبکاته‌وه. هاوڵاتیان بتوانن له ڕێگه‌ی ئه‌و پلاتفۆرمه‌وه داواکاری پێشکه‌ش بکه‌ن، مامه‌ڵه‌کانیان به‌دواداچون بکه‌ن و ته‌نانه‌ت زانیاری پێویست ده‌ستبخه‌ن.
ب. سیسته‌می "یه‌ک په‌نجه‌ره‌ى ئه‌لیكترۆنی": پێویسته بیر له سیسته‌مێک بکرێته‌وه که له ڕێگه‌ی ئۆنلاینه‌وه زۆربه‌ی کاره‌کان ئه‌نجامبدرێن. هاوڵاتی ته‌نها یه‌کجار سه‌ردانی فه‌رمانگه بکات بۆ وه‌رگرتنی دۆکیومێنتی کۆتایی ئه‌گه‌ر پێویست بو.
ت. ناسنامه‌ی دیجیتاڵی: دابینکردنی ناسنامه‌ی دیجیتاڵی بۆ هاوڵاتیان، که له‌ڕێگه‌ی مۆبایله‌کانیانه‌وه بتوانن خۆیان بناسێنن و مامه‌ڵه‌کانیان واژو بکه‌ن.
پ. چاپ و کۆپی زیره‌ك: هاوڵاتیان بتوانن له‌ڕێگه‌ی مۆبایله‌کانیانه‌وه فایله‌کان بنێرن و چاپیان بکه‌ن به تێچویه‌کی کەم.
3. شه‌فافیه‌ت
ا. له قۆناغی ئێستادا پێویسته هه‌مو فه‌رمانگه‌كان ژماره ته‌له‌فۆنێك یان زیاتریان هه‌بێت كه به‌رده‌وام له كاردا بن و هاوڵاتى په‌یوه‌ندی پێوه‌بكات.
له قۆناغی دورتریشدا، پێشنیاز ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئاستى ئیداره‌ى گه‌رمیان، ناوه‌ندێكى زانیاریی دروست بكرێت. ئه‌م ناوه‌نده له‌رێگه‌ى ته‌له‌فۆنه‌وه هاوڵاتى په‌یوه‌ندیی پێوه بكات و هه‌ر زانیاریی زو پرسیارێكى هه‌بو له‌باره‌ى هه‌ر فه‌رمانگه و خزمه‌تگوزارییه‌كه‌وه، به درێژایی رۆژ وه‌ڵام بدرێته‌وه.
ب. دانانى سیسته‌مى سه‌ره‌گرتنى رون و ئاشكرا. به‌شێوه‌یه‌ك هاوڵاتى هاته فه‌رمانگه‌كه، به سه‌ره "نۆره" مامه‌ڵه‌كه‌ى به‌ڕێبخرێت و رێگه به واسته و خزمخزمێنه نه‌درێت.
هه‌روه‌ك پێشتریش له‌رێگه‌ى ته‌له‌فۆن یان ئینته‌رنێته‌وه سه‌ره بگرێت و رۆژى سه‌ردانى فه‌رمانگه‌كه‌ى بۆ دیاریی بكرێت.
ت. سیسته‌مێک دابنرێت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رده‌وامی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌کان و بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌ره‌نجامه‌کانی بۆ رای گشتی. هه‌روه‌ها رێگه بۆ هاوڵاتیان بکرێته‌وه که به ئاسانی سکاڵا تۆمار بکه‌ن و به‌دواداچونی بۆ بکرێت.
پ. دانانى فه‌رمانبه‌رى تایبه‌ت و راهێنراو، تایبه‌ت به به‌ده‌مه‌وه‌چونى مامه‌ڵه و داواكاریی هاوڵاتیان.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵوتەبێژی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی گەرمیان: پشتگیریی مامۆستایانین و دەستپێشخەریی ناکەین لە ئەنجامدانی بایکۆت
-
-
راپۆرتتوانا خولیای باوباپیرانی زیندو دەکاتەوە
-
-
هەواڵبەڕێوبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی گەرمیان: لێدانی بیر کەمیکردوە
-
-
هەواڵکۆمپانیای بەنداوی باوەنور کارگەی چەو و لمی داناوە و مادەکانی دەفرۆشێتەوە
-
-
هەواڵبۆ ئەوەی دەستەبەرییان بۆ نەکرێت خاوەنکارەکانی گەرمیان کرێکارەکانیان دەشارنەوە
-
زۆرترین بینراوەکان