بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان و مامۆستایان تاوتوێی دۆخی پەروەردە دەکەن
پرۆژە
06:58PM - 2026-10-29 , بینین : 171


رادیۆی دەنگ

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان لەگەڵ مامۆستایان و توێژەرانی دەرونی، تاوتوێی دۆخی پەروەردە لە گەرمیاندا دەکەن و لەسەر گرنگترین کێشەکانی ئەو بوارە دەوەستن.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، یەکەی چاودێریی حکومەتی خۆجێیی گەرمیان، سەر بە رادیۆی دەنگ، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی رادیۆکەدا بە پاڵپشتیی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی (NED)، هەستا بە ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی کراوە لە نێوان بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان و ژمارەیەک لە مامۆستایان و توێژەرانی دەرونی لە ناوەندەکانی خوێندندا.

گفتوگۆکە کە لە هۆڵی سەنتەری گەنجانی کەلار بەڕێوەچو، تێیدا بە چڕی گفتوگۆ کرا لەبارەی دیارترین ئەو کێشانەی روبەڕوی بواری پەروەردە دەبنەوە.

لە سەرەتای گفتوگۆکەدا، م. محەمەد ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان، تیشکیخستەسەر دیارترین ئەو گرفت و ئالەنگارییانەی روبەڕویان دەبێتەوە، هەروا پلانی خۆیانی بۆ چارەسەری ئەو کێشانە خستەڕو.

دواتر بەشداربوان هەر یەکە و لەلایەن خۆیانەوە بەشێوەیەکی تێروتەسەل پرسیار و سەرنج و تێبینییەکانیان لەبارەی دۆخی پەروەردە و فێرکردن لە سنورەکەدا خستەڕو، هەروا ئاماژەیان بە گرنگترین ئەو کێشانەدا کە لە بواری پەروەردەدا بونیان هەیە، لەگەڵ خستنەڕوی هەندێک پێشنیاز و تێبینی و راسپاردە بە مەبەستی برەودان بە بواری پەروەردە و فێرکردن لە سنورەکەدا.

پاشان بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان، وەڵامی پێویستی ئامادەبوانی دایەوە و پێکەوە گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانەیان کرد لەبارەی ئەو سەرنج و تێبینییانەی خرانەڕو.

یەکەی چاودێریی حکومەتی خۆجێیی گەرمیان، هەر جارە و لەسەر تەوەر و کەرتێکی دیاریکراوی حکومی، بە ئامادەبونی بەرپرسان و چالاکوانان و ئەندامی چین و توێژە جیاوازەکان، گفتوگۆیەک ئەنجام دەدات، لەپێناو برەودان بەو کەرتانە و دۆزینەوەی چارەسەر و دانانی پلانی پێویست بۆ بەهێزکردنیان.

↑