دو کەسی تر لەسەر کەیسی گەنجەکەی کفری دەستگیرکران
هەواڵ
08:04PM - 2026-10-30 , بینین : 952


رادیۆی دەنگ

دو کەسی دیکە لەسەر کەیسی ئەو گەنجەی ئەمڕۆ چوە مزگەوتەکانی کفری دەستگیرکران، رادیۆی دەنگیش زانیاریی زیاتر لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو نوسراوە ئاشکرا دەکات کە بڵاویان کردەوە.

بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، دو کەسە دەستگیرکراوەکە، بە تۆمەتی هاوکارییکردنی ئەو گەنجە دەموچاو هەڵپێچراوەی کە بڵاوکراوەی لە مزگەوتەکانی کفری بڵاوکردەوە؛ دەستگیرکراون، یەکێک لەوانە بە تۆمەتی هاوکارییکردنی لە بڵاوکردنەوە و ئەوەکەی دیکەیان بە تۆمەتی چاپکردنی بڵاوکراوەکە دەستگیرکراوە.

لەلایەکی دیکەوە رادیۆی دەنگ زانیاریی لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو بڵاوکراوەیە ئاشکرا دەکات، کە ئەمڕۆ لە مزگەوتەکانی کفری بڵاوکراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە بڵاوکراوەکەدا هانی خەڵکیش دەدەن کە ئەگەر خۆیان بە مسوڵمان دەزانن، چەک هەڵبگرن.

هاوکات داوا لە خەڵکی کفری کراوە کە دژ بە دەسەڵات هەستن و چەک هەڵبگرن، ئاماژە بەوەشدراوە کە ئەم دەسەڵاتە بە چەک هاتوە و بە چەکیش لادەچێت.

هێزە ئەمنییەکان گومان دەکەن گەنجە دەستگیرکراوەکان پەیوەندیان بە رێکخراوە تیرۆرستییەکانەوە (دـاعـ..ـ.ـ.ـش) هەبێت و بانگەشەکەیان بەو ئاراستەیە بوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەنجێک کە دەموچاوی خۆی هەڵپێچابو، لەچەند مزگەوتێکی کفری بڵاوکراوەیەکیان بڵاوکردەوە و دوای روداوەکە بە ماوەیەکی کەم، گەنجەکە دەستگیر کرا.

↑