گەسفرۆشەکانی کەلار نرخەکەیان بەرزکردەوە و چاودێریی بازرگانییش هاتە سەر هێڵ
هەواڵ
10:45AM - 2026-11-15 , بینین : 131


رادیۆی دەنگ

نرخی لەفەیەکی گەسی گۆشت لە کەلار بەرزبوەتەوە بۆ ۱٥۰۰ دینار، خاوەن خواردنگەکان هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ گرانی کەرەستەکان و بەڕێوبەرایەتی چاودێریی بازرگانیش دەڵێت بەدواداچون دەکەین.

بەپێی بەدواداچونێکی رادیۆی دەنگ، خواردنگەکانی بازاڕی کەلار، نرخی لەفەیەکی گەسی گۆشتیان لە ۱۲٥۰ دینارەوە کردوە بە ۱٥۰۰ دینار. بەوتەی ژمارەیەک لە خاوەنی خواردنگەکان، بەرزبونەوەی نرخی کەرەستەکانی وەکو گۆشت و تەماتە و سەوزە، بەهۆکار دەزانن بۆ ئەم بەرزبونەوەیە.

دەشڵێن: هەرکات نرخی کەرەستەکان بێتە خوارەوە، ئەوکات دەتوانین هەرزانی بکەین، ئەگەرنا هیچ سودێکی نییە بۆمان.

لەبەرامبەردا، حیکمەت ئەحمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی چاودێریی بازرگانی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئاگاداری بابەتەکەین و لیژنەمان بەدواداچون دەکەن لە هۆکارەکانی پشت بەرزبونەوەی ئەو نرخە.

وتیشی: ئەگەر هۆکارەکەمان بۆ رون بویەوە، ئەوکات بڕیار دەدەین کە چی بکەین.

↑