دواین هەناسە و گیانەڵای پەروەردە و خوێندنی باڵا
08:32PM - 2026-11-13 , بینین : 400


سه‌باح عه‌لی جاف*

 

پێشتر لە چەندین جێگە و مینبەرەوە، بەتایبەت لە رێگای رۆژنامەکانەوە، لەسەر مەترسییەکانی رەوشی پەروەردە و خوێندنی باڵا نوسیومە و هۆشداریم داوە. هەر بۆ نمونە، لە ساڵی (٢٠١١)دا لەژێر ناونیشانی (نەوەیەکی نەخوێندەوار بەڕێوەیە) وتارێکم لە رۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوکردەوە، به‌ جۆرێك ئه‌و ده‌مه‌ وه‌ك مامۆستایه‌ك پێموابو، ره‌وشی په‌روه‌رده‌ و ئاریشه‌كانی به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت نه‌وه‌یه‌ك بێته‌ به‌رهه‌م نه‌توانن خوێنده‌وار بن.

بەداخەوە، ئەمڕۆ کە قسە دەکەین، ئەو نەوەیە چەندین جیلی لێ تەخەڕوج کردوە و قۆناغەکانی زانکۆی بڕیوە. ئەو ئاماژانەی ئەوکات جێگەی گومان بون، ئێستا بونەتە واقیعێکی تاڵ؛ بارودۆخەکە زۆر مەترسیدارە و دەتوانین بڵێین بەتەواوی لە دەست دەرچوە. پێویستی به‌ هه‌وڵوێسته‌ی جدی و خێرایه‌.

لێرەدا، و بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە نەخوازراوە، زۆر گونجاوە بۆچونێکی بیرمەند و فەیلەسوفی کەنەدی (ئالان دۆنۆ)، خاوەنی کتێبی ناوداری (سیستەمی پڕوپوچی Mediocracy) بهێنینەوە.

دۆنۆ بەوردی وەسفی سەردەمێک دەکات تێیدا "پڕوپوچەکان" و کەسە روکەشەکان دەسەڵات و کایەکانی ژیانیان داگیرکردوە. لەم سیستەمەدا، بیرکردنەوەی قوڵ، رەخنەی بنیاتنەر و بەها باڵا مرۆییەکان پەراوێز دەخرێن، لە بەرامبەردا سیستەمەکە ئەو کەسانە پاداشت دەکات تەنیا دەتوانن ببنە ئامرازێکی بێدەنگ و گوێڕایەڵ بۆ راپەڕاندنی کارە رۆژانەکان و بەکاربردنی کاڵاکان. سیستەمی پڕوپوچی، مرۆڤایەتی لە ناوەڕۆکە راستەقینەکەی خاڵی دەکاتەوە و دەیگۆڕێت بۆ تەنێکی سارد و بێهەست !

ئەم تێزەی ئالان دۆنۆ، رێک ئەو تابلۆیەمان بۆ شیدەکاتەوە وەک مۆتەکە بەسەر سیستەمی پەروەردەی ئێمەوە نیشتوە، دڕاماتیکترین و دڵتەزێنترین دەرکەوتەی لەو وێنەیەدا بەرجەستە بو، چەند رۆژێک لەمەوبەر لە ئاهەنگی دەرچونی زانکۆی سەلاحەدین بینیمان. لەوێدا، کچە خوێندکارێک لەوپەڕی ئازاردا دەبورێتەوە و پاشان گیان دەسپێرێت، کەچی لە هەمان کات و شوێندا، خوێندکارەکانی تر بەلایدا تێدەپەڕن و بێباکانە خەریکی گرتنی سناپ و سێڵفی و جەوی خۆیانن. ئەمە تەنیا روداوێکی تێپەڕ نییە، بەڵکو "دواین وەنز" و گیانەڵای بەها مرۆییەکانە لەناو سیستەمێکدا بڕیار بو پێشەنگی دروستکردنی مرۆڤ بێت، داهاتو له‌ ده‌ستی ئه‌واندا بێت.

بێگومان، لە روی زانستی و رەخنەییەوە، کاتێک ئەم دیاردەیە شی دەکەینەوە، نابێت و ناکرێت رەخنەکە بکەینە سزایەکی دەستەجەمعی و هەمو ئەوانەی لە ئاهەنگەکەدا ئامادە بون بە "تاوانبار" و "بێهەست" لە قەڵەم بدەین. بێگومان بەشێک لە ئامادەبوان رەنگە لە ژێر کاریگەریی شۆکدا بوبن، یان درکیان بە قەبارە و مەترسیی کارەساتەکە نەکردبێت. کێشەکە خودی تاکەکان نین بە تەنیا، بەڵکو کێشەکە ئەو "عەقڵییەتە باوە" و ئەو "سیستەمە پەروەردەییە"یە وێنەکە گوزارشتی لێ دەکات. وێنەکە ئاوێنەیەکە نیشانمان دەدات چۆن تەکنەلۆژیا و سۆشیاڵ میدیا، تێکەڵ بە پەروەردەیەکی مردو، نێرگزێتییەکی کوشندەیان لای تاک دروست کردوە تێیدا "وێنەی خۆم" لەسەرو "ژیانی ئەوانی تر"ەوەیە.

هۆکاری ریشەیی ئەم مەرگە مەعنەوییە، دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبونی موتڵەقی لۆژیکی بازاڕ بەسەر کایەی خوێندنی باڵادا. لەم ساڵانەی دواییدا، بەها باڵاکانی وەک (هاوسۆزی، ئاکار، خەمخۆری و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی) به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان بەلاوە نراون. تەنیا یەک پێوەر بۆ سەرکەوتن ماوەتەوە: "چەندە خێرا دەچیتە ناو بازاڕی کارەوە؟". ئەمەش وای کردوە زانکۆ لە ناوەندی دروستکردنی "مرۆڤی هۆشیار و خاوەن هەڵوێست"ەوە، ببێتە کارگەی بەرهەمهێنانی "ئامرازی کار" بۆ کۆمپانیاکان و بازاڕ.

کارەساتی گەورەتر لەم پرۆسەیەدا، ئیفلیجکردن و پەراوێزخستنی سیستماتیکی بەشی زانستە مرۆییەکانە (فەلسەفە، سۆسیۆلۆژیا، دەرونناسی، ئەدەب و مێژو)، لە بەرامبەر گرنگیدانێکی کوێرانە بە هەندێک لە بەشەکانی زانستی پەتی و تەکنەلۆژی. زانستە مرۆییەکان ئەو رۆحەن  بەهای مرۆڤبون بە تاک دەبەخشن، ئەوان فێرمان دەکەن چۆن بیر بکەینەوە، چۆن رەخنە بگرین، و چۆن لە ئازاری بەرامبەرەکەمان تێبگەین. کاتێک سیستەمێک ئەم زانستانە خەسێندراو دەکات و تەنیا گرنگی بەو زانستانە دەدات مامەڵە لەگەڵ ئامێر و ژمارەکاندا دەکەن، دەرەنجامەکەی بەرهەمهێنانی نەوەیەکە رەنگە بتوانێت کۆدێکی ئاڵۆزی کۆمپیوتەر بنوسێت، بەڵام توانای خوێندنەوەی ئازاری ناو چاوی هاوڕێکەی تەنیشتی نییە.

کۆمەڵگایەک مێژو نەخوێنێتەوە، لە رابردوی خۆی تێناگات. کۆمەڵگایەک فەلسەفەی لاواز بێت، توانای پرسیارکردن و رەخنەگرتنی لەدەست دەدات. کۆمەڵگایەک کۆمەڵناسی پشتگوێ بخات، لە ناسینی کێشە و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی ناتوانێت به‌دوای چاره‌سه‌ردا بگه‌ڕێت. کۆمەڵگایەک ئەدەب، زمان و هونەری تێدا لاواز بکرێت، بەشێکی گرنگ لە ناسنامە و هەستی مرۆیی خۆی لەدەست دەدات.

زانستە مرۆڤایەتییەکان بەرهەمی ماددییان هەمیشە بە ئاسانی پێوانە ناکرێت، بەڵام بەرهەمی فکری و کۆمەڵایەتییان لە دروستکردنی شارستانیەتدا بنەڕەتییە. ئەمانە فێرمان دەکەن چۆن بیر بکەینەوە، چۆن لە جیاوازییەکان تێبگەین، چۆن مافەکانی ئەوانی تر بناسین و چۆن لە بەرامبەر نادادپەروەری بێدەنگ نەبین.

بۆیە، کەمکردنەوەی گرنگیی ئەم زانستانە تەنها کێشەیەکی ئەکادیمی نییە؛ بەڵکو کێشەیەکی مەدەنی و شارستانییە. کاتێک زانستە مرۆڤایەتییەکان لە خوێندنی باڵادا ئفلیج دەکرێن، توانای کۆمەڵگا بۆ ناسینی خۆی و چارەسەرکردنی کێشەکانی لاواز دەبێت.

بێگومان، زانستە پەتییەکان و ئەندازیاری و پزیشکی و تەکنەلۆژیا رۆڵێکی گرنگیان لە پێشکەوتنی کۆمەڵگادا هەیە. هیچ کەسێک ناتوانێت گرنگیی ئەم بوارانە پشتگوێ بخات. بەڵام کێشەكه لەوێوە دەست پێ دەکات گرنگیدان بە بەشێک لە زانست، دەبێتە هۆی کەمبایەخکردنی بەشەکانی تر. پزیشکێک زانیاریی زانستیی بەرزی هەبێت، بەڵام هەستی مرۆیی و رەوشتی پیشەیی لاواز بێت، ناتوانێت بە تەواوی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات. ئەندازیارێک توانای تەکنیکیی بەرزی هەبێت، بەڵام لە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی تێنەگات، رەنگە کارێکی تەکنیکی باش ئەنجام بدات، بەڵام بەرژەوەندیی گشتی لەبەرچاو نەگرێت.

کەواتە، پێویستمان بە هاوسەنگییە؛ زانستی پەتی بەبێ زانستی مرۆڤایەتی، و زانستی مرۆڤایەتی بەبێ زانستی پەتی، هیچ کام بە تەنها وەڵامی تەواوی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا نادەنەوە. پێشکەوتنی راستەقینە لە یەکگرتنی زانست، ئەخلاق، هۆشیاری و بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەمڕۆ لە زۆرێک لە گفتوگۆکانی پەروەردەیی، پرسیارێک بەردەوام دوبارە دەبێتەوە: دەرچوی ئەم بەشە لە کوێ کار دەدۆزێتەوە؟ ئەم پرسیارە گرنگە، بەڵام نابێتە تاکە پێوەر بۆ بڕیاردان لەسەر بەهای بەشە زانستییەکان. چونکە ئەرکی زانکۆ تەنها ئەوە نییە کارمەندی بازاڕی کار دابین بکات؛ زانکۆ دەبێت بیرمەند، توێژەر، مامۆستا، رەخنەگر، نوسەر، راوێژکار و هاوڵاتییەکی بەرپرسیار پەروەردە بکات.

ئەگەر بازاڕی کار لە قۆناغێکدا پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندازیار و پزیشک هەبێت، ئەمە مانای ئەوە نییە کۆمەڵگا پێویستی بە مێژونوس، کۆمەڵناس، فەیلەسوف، دەرونناس و یاسازان نییە. بەڵکو هەر کۆمەڵگایەک بۆ بەڕێوەبردنی خۆی و ناسینی کێشەکانی پێویستی بە هەمو ئەم پسپۆڕییانە هەیە. لە هەمان کاتدا، ئەگەر بازاڕی کار ناتوانێت دەرچوانی بەشێک لە زانکۆکان هەڵبگرێت، چارەسەرەکە نابێت لە داخستنی دەرگای زانست و لاوازکردنی ئەو بەشەدا بێت؛ بەڵکو دەبێت لە پەیوەستکردنی زانکۆ بە دامەزراوەکانی کۆمەڵگا، پەرەپێدانی توێژینەوە، دروستکردنی دەرفەتی کار و رێکخستنی پلانی خوێندن بگەڕێین.

لە راستیدا، ئەگەر سەیری دەرەوەی سنورەکانی خۆشمان بکەین، دەبینین ئەم قەیرانە تەنیا کێشەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو پەتایەکە لە ئاستی جیهانی و ناوچەییشدا بڵاوبوەتەوە. لە جیهانی رۆژئاوادا، بەهۆی باڵادەستیی نیۆلیبراڵیزم و چەمکی "سەرمایەداریی ئەکادیمی"، زانکۆ گەورەکان خەریکی کەمکردنەوەی بودجە و تەنانت داخستنی بەشە مرۆییەکانن، چونکە لە روانـگەی وێرانکەری بازاڕەوە، ئەم بەشانە "داهاتی خێرا" و "قازانجی دارایی" بەرهەم ناهێنن. زانکۆکان بونەتە کۆمپانیا و خوێندکاریش بوەتە کڕیار.

لەسەر ئاستی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، دۆخەکە هێشتا تاریکتر و کارەساتبارترە. لێرە، زانستە مرۆییەکان نەک هەر قوربانیی بێبازاڕین، بەڵکو زۆرجار وەک "هەڕەشە" سەیر دەکرێن. سیستەمە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە نایانەوێت تاکی هۆشیار، رەخنەگر و تێگەیشتو لە فەلسەفە و کۆمەڵناسی بەرهەم بێت، چونکە عەقڵی رەخنەگر گەورەترین مەترسییە بۆ سەر نادادپەروەری. بۆیە بە ئەنقەست زانستە مرۆییەکان دەخەسێنرێن و پەراوێز دەخرێن، تا کۆمەڵگە لە کۆمەڵێك تاکی ئامرازئاسا و بێهەڵوێست پێکهاتبێت.

ئەم دۆخە، لە ئاستە لۆکاڵی، ناوچەیی و جیهانییەکەیدا، زەنگێکی مەترسیدارە و پێویستی بە بەخۆداچونەوەیەکی قوڵ و ریشەیی هەیە. ئەو وێنە دڵتەزێنەی زانکۆی سەلاحەدین، بەرهەمی کوشندەی ئەو ئاراستە جیهانی و ناوچەییەیە کە بەهاکانی مرۆڤی تێدا پوکاوەتەوە. گەڕاندنەوەی رۆح بۆ زانکۆکان، بە گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ زانستە مرۆییەکان و لابردنی هەژمونی لۆژیکی بازاڕی كار لەسەر پڕۆسەی فێربون دەست پێدەکات. ئەگەرنا، لە داهاتویەکی نزیکدا دەبێت چاوەڕێی کۆمەڵگەیەک بکەین کە تێیدا مرۆڤەکان تەنیا ئامێرێکی زیرەکی بێ رۆحن، و بەسەر تەرمی یەکتریشدا تێدەپەڕن تەنیا بۆ ئەوەی وێنەیەکی سێڵفی جوانتر بگرن.

گەر ئەم رەوتە بەبێ دەستێوەردان و راستکردنەوە بەردەوام بێت، داهاتویەکی تاریک و مەترسیدار چاوەڕێی کۆمەڵگەکەمان دەکات. داهاتویەک تێیدا شارەکانمان پڕ دەبن لە "ئامێری زیرەکی گۆشت و خوێن"؛ کەسانێک کە خاوەنی بڕوانامەی باڵا و توانای تەکنیکین، بەڵام بەتەواوی خاڵین لە ئینتیما، هاوسۆزی، و بەرپرسیارێتی. لە کۆمەڵگەیەکی لەو شێوەیەدا، شیرازەی کۆمەڵایەتی هەڵدەوەشێتەوە و تاکگەراییەکی کوێرانە دەبێتە تاکە یاسای مانەوە. بۆ ئەوەی رێگە لەم داهاتوە کارەساتبارە بگرین، پێویستمان بە شۆڕشێکی هزر و هەنگاوی کرداریی خێرا هەیە، ده‌كرێت ئه‌م خاڵانه‌ له‌و روه‌وه‌ به‌ سود بێت:

• ​ داڕشتنەوەی فەلسەفەی پەروەردە و جیاکردنەوەی لە بازاڕ: پێویستە كاركردنی زانکۆکان بگەڕێندرێتەوە بۆ ئامانجە سەرەکییەکەی، کە بریتییە لە "دروستکردنی مرۆڤ و هاوڵاتیی باش"، نەک تەنها دابینکردنی دەستی کار بۆ کۆمپانیاکان. دەبێت پەروەردە لە ژێر هەژمونی لۆژیکی قازانج و زیانی نیۆلیبراڵیزم دەربهێندرێت.

• ​بوژاندنەوە و گرێدانی زانستە مرۆییەکان: چارەسەر تەنیا لەوەدا نییە بەشەکانی کۆمەڵناسی و فەلسەفە کراوە بن، بەڵکو دەبێت وانەکانی زانستە مرۆییەکان (وەک ئاکار، فەلسەفەی زانست، و رەخنەی کۆمەڵایەتی) بکرێنە وانەی بنەڕەتی لە سەرجەم بەشە زانستییە پەتییەکاندا (پزیشکی، ئەندازیاری، ئایتی). دەبێت خوێندکاری پزیشکی و تەکنەلۆژیا پێش ئەوەی فێری پیشەکەی بێت، فێری ئاکاری پیشەیی و هاوسۆزیی مرۆیی بکرێت، حه‌تمه‌ن به‌شێك له‌ ده‌رچوان هێشتا له‌و روانه‌وه‌ زۆر له‌ پێشه‌وه‌ن.

• ​پەرەپێدانی زیرەکیی سۆزداری و کۆمەڵایەت: سیستەمی هەڵسەنگاندن نابێت تەنها پشت بە نمرەی تاقیکردنەوەی په‌تی ببەستێت. پێویستە پڕۆگرامی وا دابنرێت کە خوێندکاران فێری کاری هەرەوەزی، خەمخۆری بۆ ئەوانی تر، و تێگەیشتن لە ئازارەکانی کۆمەڵگە بکات.

• ​گۆڕینی پێوەری سەرکەوتن لە کۆمەڵگەدا: پێویستە لە رێگەی میدیا، روناکبیران و ناوەندە کولتورییەکانەوە، پێناسەی "سەرکەوتن" بگۆڕدرێت. دەبێت ئەو تێڕوانینە بڕەوێتەوە کە پێی وایە سەرکەوتن تەنیا پارە و پلەیە، و لە جێگەیدا ئەو کەسانە ببنە سەرمەشق کە خاوەن هەڵوێست، مۆراڵ و پرەنسیپی باڵان.

​گەڕاندنەوەی رۆح بۆ زانکۆکان و کۆمەڵگە، پرۆسەیەکی ئاسان نییە، بەڵام هەڵبژاردەیەک نییە بۆ کات بەسەربردن، بەڵکو مەرجی مانه‌وه‌یه‌ وەک "مرۆڤ". ئەگەر ئەم بەخۆداچونەوەیە نەکەین، دەبێت چاوەڕێ بین رۆژێک بێت بەسەر تەرمی یەکتریشدا تێپەڕین، تەنیا بۆ ئەوەی وێنەیەکی سێڵفی جوانتر بگرین و لە سیستەمە پڕوپوچەکەدا چەپڵەیەکی زیاترمان بۆ لێ بدرێت.

* مامۆستای زانكۆ

↑