بۆچی کاتی دابەشکردنی ئاو لەکەلار دەگۆڕدرێت؟ بەڕێوبەرایەتی ئاوی کەلار رونکردنەوە دەدەت
هەواڵ
07:26PM - 2026-11-13 , بینین : 423


رادیۆی دەنگ

لەبارەی ئەوەی بۆچی بەردەوام کاتی پێدانی ئاو بە گەڕەکانی کەلار دەگۆڕدرێت، بەڕێوبەرایەتی ئاوی کەلار هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ لێڵی ئاو و باران بارین.

موراد جمهور، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاوی کەلار، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: زۆرجار کاتی دابەشکردنی ئاوی ماڵان دەگۆڕین و چەند کاتژمێرێک لەو کاتەی کە بڕیارە ئاو بدرێت بە گەڕەکێک دوادەکەوێت، ئەویش بەهۆکاری لێڵی ئاوەوە.

وتیشی: ئێستا وەرزی باران بارینە، ئاویی سیروان لێڵ بوە و ئێمەش نابێت ئاو بەلێڵی بنێرین بۆ هاوڵاتیان پێویستە بیخەینە خەزانەکانمانەوە تا قوڕ و لیتەکەی دەنیشێت و دواتر دابەشی بکەین بەسەر هاوڵاتیاندا.

ئاماژەی بەوەشکرد: لە پەیجی بەڕێوبەرایەتیمانەوە بەردەوام ئاگاداری بڵاودەکەینەوە کە کاتژمێر چەند ئاو دەدرێت بە گەڕەکەکان، بۆیە داوا دەکەین هاوڵاتیان سەیری بڵاوکراوەکانمان بکەن.

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ خراپی دۆخی کارەبا گرفتی دروست کردوە بۆیان یان نا، بەڕێوبەری ئاوی کەلار وتی: تاوەکو ئێستا لەنێو بەڕێوبەرایەتیدا گرفتی دروست نەکردوە.

دەشڵێت: لەم هەفتەیەدا لەگەڵ قایمقامیەت و بەڕێوبەرایەتی کارەبا کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی کاتی دابەشکردنی ئاو لەگەڵ کارەبای نیشتیمانی گونجاوبێت.

↑