لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخەکەیدا هیچ وادەیەک بۆ دابەشکردنی نەوت لە گەرمیان نییە
هەواڵ
09:59PM - 2026-11-12 , بینین : 52


رادیۆی دەنگ

نرخی نەوتی سپی بەڕادەیەکی بەرچاو بەرزبوەتەوە و بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیانیش جەختدەکاتەوە لەوەی هیچ زانیارییەکیان نییە کە کەی نەوتی پاڵپشتیکراوی حکومیی دابەش دەکرێت.

بورهان محەمەد، فرۆشیاری سوتەمەنی لەکەلار، بە رادیۆی دەنگی وت: نرخی نەوتی سپی بەڕادەیەکی بەرچاو بەرزبوەتەوە، بەشێوەیەک بەرمیلێکی گەیشتوەتە سەروی ٣٦٠ هەزار دینار.

وتیشی: نەک ئەوە، بەڵکو بڕەکەیشی لە بازاڕدا زۆر کەمە و دەستناکەوێت.

لایخۆشییەوە بەرپرسێک لە بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیان، باس لەوە دەکات هیچ دەنگوباسێکی دابەشکردنی نەوتی سپی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکومەتەوە، لە ئارادا نییە.

ئەو بەرپرسە کە نەیویست ئاماژە بە ناوی بکرێت، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: تاوەکو ئێستا هیچ بڕە نەوتێکی پاڵپشتیکراو دابەش نەکراوە لەگەرمیان و ناشزانین کەی دابەش دەکرێت.

وتیشی: هیچ بڕە نەوتێکیش کە بڕیارە لەعێراقەوە بێت، نەهاتوە؛ ئەگەریش بەدەستمان بگات سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

بەوتەی ئەو بەرپرسە، داوای کۆکردنەوەی ناوی خێزانەکانیان لێکراوە، بەڵام وەکخۆی وتی: "ئیتر چاوەڕێین بزانین ئاخۆ کەی نەوت دەگات و دابەشی بکەین".

↑