ئیدارەی گەرمیان لە بەردەم پرسی خۆبەڕێوەبەریدا؛ ئاستەنگە حكومڕانییەكانی دوای كشانەوەی یەكێتی
12:20PM - 2026-11-13 , بینین : 288


رایۆی ده‌نگ


لە دوای بڕیارەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كشانەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاراستەكردنی پارێزگا و ئیدارەكانی سنوری "زۆنی سەوز" بۆ بەڕێوەبردنی خۆجێیی و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، پرسی چۆنیەتی بەڕێوەچونی كاروباری حكومڕانی بوەتە تەوەرێكی سەرەكی.

ئه‌م گرفته‌ كاتێك زیاتر ده‌بێت، كه‌ هیچ یاسا و رێكارێك لە هەرێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت عێراقیشدا نییە كە ئاماژە بە چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌ى ئیداریی و یاسایی ناوچەیەك یان پارێزگایەك بدات بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتەكەی. ئەم بۆشاییە وا دەكات پرۆسەی خۆبەڕێوەبەری روبەڕوی كێشەی یاسایی و دەستوری ببێتەوە.

بەپێی ئەو خاڵ و تێبینییانەی لەبارەی رەوشی كارگێڕیی ناوچەكەوە خراونەتەڕو، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لەم قۆناغەدا روبەڕوی كۆمەڵێك كێشە و ئاستەنگی بەرچاوی كارگێڕی، یاسایی و دارایی دەبێتەوە.


سنورداریی دەسەڵاتەكان و بۆشایی پەیوەندی لەگەڵ هەولێر

یەكێك لە دیارترین ئەو ئاستەنگانەی روبەڕوی بەڕێوەبەرایەتی، فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سنوری گەرمیان دەبێتەوە، سنورداریی دەسەڵاتەكانیانە.

بەشێكی زۆری ئەم دامەزراوانە لە روی كارگێڕییەوە بەستراونەتەوە بە وەزارەتەكانەوە و بۆ چارەسەركردنی پرسە گرنگ و گەورەكان پێویستە بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان.


یەكێتی گەڕانەوەی هەر فەرمانگەیەكی سنورەكەی بۆ هەولێر قەدەغە كردوە

لە ئێستادا كە یەكێتی گەڕانەوەی هەر فەرمانگەیەكی سنورەكەی بۆ هەولێر قەدەغە كردوە، بۆشاییەكی كارگێڕی دروست بوە و رون نییە چۆن دەسەڵاتەكان شۆڕ بكرێنەوە و مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیانەدا بكرێت كە پێویستیان بە رەزامەندیی وەزارەت هەیە؛ بە تایبەت لە مامەڵە گەورەكانی وەك گرێبەستەكان، دەستبەكاربون و خانەنشینكردن.


چارەنوسی شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتە ساڵانەكان

فەرمانگەكانی سنوری گەرمیان، بە تایبەتی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان، ساڵانە دەسەڵاتەكانیان لە لایەن وەزیری پەیوەندیدارەوە بۆ شۆڕ دەكرێتەوە، كە لە وردترین مامەڵەوە تاوەكو بڕیارە گەورەكانی نێو دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان دیاری دەكات.

لە كاتێكدا ساڵی دارایی و كارگێڕی بەرەو كۆتایی دەچێت، دیار نییە لە سەرەتای ساڵی نوێدا ئایا ئەو دەسەڵاتانە شۆڕ دەكرێنەوە یان نا، بە تایبەت كە بەشێك لە وەزیرە پەیوەندیدارەكان سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن. لە ئەگەری شۆڕنەكردنەوەی ئەو دەسەڵاتانەدا، ناوچەكە روبەڕوی گرفتی گەورەی بەڕێوەبردن دەبێتەوە.


مامەڵە داراییەكان، گرێبەستەكان و چارەنوسی داهات

لە روی كارگێڕی و داراییەوە، سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی گەرمیان بۆ پرسی دارایی له‌نمونه‌ى گرێبه‌ست و كڕینه‌كان، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ره‌زامه‌ندی له‌وێ وەربگرن.

لە دۆخی ئێستادا رون نییە فەرمانگەكان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو گرێبەستانەدا بكەن و بڕیار لە چۆنیەتی خەرجكردنی پارە بدەن.


لەم قۆناغەدا رون نییە ئیدارە سەربەخۆكان چ دەسەڵاتێكیان دەبێت

هاوكات لە پاڵ پرسی خەرجییدا، بابەتی داهاتەكانی سنورەكە، چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵیاندا، میكانیزمی گەڕانەوەیان بۆ خەزێنە و شێوازی خەرجكردنەوەیان بۆ ناوچەكە، بە یەكێكی دیكە لە كێشە سەرەكییەكانی بواری بەڕێوەبردن دادەنرێت.


پێگەی ئیداریی گەرمیان لە نێوان سەربەخۆیی و پارێزگای سلێمانیدا

خاڵێكی دیكەی پەیوەندیدار بە گەرمیانەوە، شێوازی پێكهاتەی كارگێڕییەكەیەتی وەك "ئیدارەی سەربەخۆ". ئەم فۆرمە ئیدارییە تەنیا لە هەرێمی كوردستاندا بونی هەیە و لە سیستەمی كارگێڕیی عێراقدا نەناسێنراوە، هاوكات لە روی پێگە و دەسەڵاتەوە ناگاتە ئاستی پارێزگا.

بۆیە لەم قۆناغەدا رون نییە ئیدارە سەربەخۆكان چ دەسەڵاتێكیان دەبێت و چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، یان ئایا ئەمانیش دەخرێنەوە ژێر دەسەڵاتی پارێزگارەكان، بە تایبەت گەڕانەوەی ئیدارەی گەرمیان بۆ ژێر دەسەڵاتی پارێزگاری سلێمانی.


خانەنشینبونی بەڕێوەبەران و فه‌رمانبه‌ران

لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئەمساڵ و هاتنی ساڵی نوێدا، بەشێك لە بەڕێوەبەرەكانی سنورەكە خانەنشین دەبن، كە لە نێویاندا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانیش هەیە. پرسی خانەنشینكردن، دانانی سەرپەرشتیاری نوێ و تەنانەت درێژكردنەوەی ماوەی ئەركەكانیان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پەیوەندیداردایە و ناكرێت لەسەر ئاستی خۆجێیی بڕیاری لێ بدرێت. ئه‌مه‌ بۆ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانى دیكه‌ش هه‌ر راسته‌ و پرسێكه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ بڕیاری لێده‌درێت نه‌ك له‌ خواره‌وه‌.

بە هۆی كشانەوەی یەكێتییەوە لە حكومەت، چارەنوسی ئەم پرسە و سه‌دان فه‌رمانبه‌ر بە نادیاریی ماوەتەوە، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ئیدارەی گەرمیانی وەك باڵاترین دەسەڵاتی كارگێڕیی سنورەكە خستوەتە بەردەم ئاستەنگێكی هەستیار.


↑