وەجبەیەکی تری زەوی فەرمانبەران لە کەلار دابەشکرا
هەواڵ
07:38PM - 2026-11-01 , بینین : 868


رادیۆی دەنگ

وەجبەیەکی تری زەوی فەرمانبەران لە قەزای کەلار دابەشکرا و درا بە کارمەندانی ئاسایش، پرۆسەکەش بەبێ مەراسیمی ئاشکرا و دور لە چاوی میدیاکان ئەنجام دراوە.

بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، وەجبەیەکی تری زەوی فەرمانبەران لە قەزای کەلار دابەشکراوە، کە کارمەندانی ئاسایش لێی سودمەند بون.

هەربەپێی زانیارییەکان زەوییە دابەشکراوەکان ژمارەیان سەروی ٤٠٠ پارچە زەوییە و دەکەونە زۆنی پیتی (L)ـەوە.

هاوکات پرۆسەکەش بەبێ راگەیاندنی پێشوەختە و بەبێدەنگیی و دور لەچاوی میدیاکان ئەنجام دراوە، بەپێچەوانەی وەجبەی یەکەمەوە کە بە شێوەیەکی ئاشکرا و کراوەدا تیروپشکەکە ئەنجام درا.

رادیۆی دەنگ بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەمبارەیەوە، پەیوەندی بە سەرۆکی شارەوانی کەلارەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بێ وەڵام بو.

↑