ئیدارەی گەرمیان: ئەمساڵ تەنها یەک گوژمە پارە بۆ پرۆژەکان و بەڵێندەران خەرجکراوە
هەواڵ
12:16PM - 2026-10-29 , بینین : 32


رادیۆی دەنگ

ئیدارەی گەرمیان رایدەگەیەنێت، بەهۆی کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆ و تەرخانکردنی بۆ موچە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەنها یەک گوژمەی شایستە داراییەکان بۆ پرۆژەکان و بەڵێندەرانی پرۆژەکان خەرجکراوە.

چۆمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی گەرمیان بە رادیۆی دەنگ وت: لە ساڵانی رابردودا، بەمەبەستی بەردەوامیدان بەو پرۆژانەی لە سنورەکە دەستبەکاربوونیان بۆ کرابو و فەرمانی خەرجکردنی پارەیان هەبو، پێویستیان بە نەختینە بو، بۆ ئەو مەبەستەش بودجەیەک لە داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەرمیان تەرخان دەکرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی، یەک بۆ دو مانگ جارێک بڕی یەک ملیار دینار لە داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنورەکە تەرخان دەکرا و بە یەکسانی بەسەر ئەو بەڵێندەرانەدا دابەش دەکرا کە پڕۆژەکانیان لە جێبەجێکردندا بون یان تەواو ببون و فەرمانی خەرجکردنیان هەبو.

سەبارەت بە دۆخی ئێستای خەرجکردنی پارە بۆ پرۆژەکان و بەڵێندەران، چۆمان ئەحمەد رونیکردەوە: لە ساڵانی پێشودا دو مانگ جارێک ئەم میکانیزمە جێبەجێ دەکرا، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا تەنها یەک پلان خەرج کراوە؛ هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە داهاتی ناوخۆ کەمیکردوە و ئێستا داهاتەکان بۆ دابینکردنی موچە تەرخان دەکرێن.

لەبارەی چارەنوسی شایستەی بەڵێندەرانیشەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی گەرمیان دوپاتیکردەوە کە ئیدارەکەیان پلانی ئامادەکراوی هەیە و هەر کاتێک بانک نەختینەی پێویستی لەبەردەستدا بێت، پلانەکە دەخرێتە بەردەم بانک بۆ ئەوەی دەست بە خەرجکردنی ئەو شایستانە بۆ بەڵێندەران بکرێتەوە.

↑