ئەو موچەخۆرانەی لە 'بانکی بەغداد' موچە وەردەگرن ناڕازین
هەواڵ
08:19PM - 2026-10-28 , بینین : 82


رادیۆی دەنگ

دەیان موچەخۆری گەرمیان گازندەی ئەوە دەكەن كە كارتە بانكییەكەیان سەر بە بانكی بەغدادە، بەڵام بانکەکە نە ئامێری راکێشانی پارەی لە ناوچەکەدا هەیە، نە رێگەش دەدرێت بانکەکەیان بگۆڕن.

ئەو موچەخۆرانە لە پەیامێكدا کە بۆ رادیۆی دەنگ ناردویانە، دەڵێن: ئێمە وەكو كۆمەڵێك موچەخۆر كە ژمارەمان سەروی ٤٠٠  موچەخۆرە،كارتی بانكیمان سەر بە بانكی بەغداد (مصرف بغداد)ـە، بەڵام بانکەکە لە گەرمیاندا هیچ ئامێرێکی راکێشانی پارە (ATM)ـی نییە.

دەشڵێن: بەو هۆیەوە دەبێت لە ئامێری تایبەت بە بانکەکانی تر موچەکانمان وەربگرین، بەمەش عمولەیەکی زۆرمان دەڕوات.

بە وتەی خۆیان، نە بانکەکە ئامێری راکێشانی پارە لە سنورەکەدا دادەنێت، نە رێگەشیان پێدەدرێت هەژمارەکانیان بگۆڕن بۆ بانکێکی تر، لەمڕوەشەوە داوای بەدەمەوەچون لە حکومەت دەکات.

لایخۆشییەوە سەرچاوەیەک لە بانکی گەرمیان کە نەیویست ئاماژە بە ناوی بکرێت، بە رادیۆی دەنگی وت: پرسی دابەشکردن و وەرگرتنی موچە لەلای ئێمە نەماوە، ئەویش دوای ئەوەی زۆرینەی موچەی موچەخۆران بو بە کارت لەچوارچێوەی پرۆژەی هەژماری مندا.

وتیشی: بەڵام سەبارەت بەم کێشەیە ئەگەر بانکەکە ئامێر دانانێت، ئەوا حکومەت دەتوانێت هەژماری ئەو موچەخۆرانە بخاتە سەر بانکێکی تر، کە ئەمەش کارێکی ئاسانە و نازانین بۆچی بۆیان ناکرێت.

↑