کارمەندانی تەندروستی دژی داخستنی دەرمانخانەکانیان دەست بە جموجۆڵ دەکەن
هەواڵ
08:39PM - 2026-10-27 , بینین : 142


رادیۆی دەنگ

دوای ئەوەی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی دەستی بە داخستنی ئەو دەرمانخانانە کرد کە خاوەنەکانیان پزیشکی دەرمانساز نین، کارمەندانی تەندروستی کۆدەبنەوە و جموجۆڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دەستپێدەکەن.

حەمزە سەردار، نێردراوی رادیۆی دەنگ لە کەلار، ئاشکرای کرد: ئەمڕۆ کارمەندانی تەندروستی کە خاوەنی نۆرینگە و دەرمانخانەکانن، کۆبونەوەیەکیان لە لقی گەرمیانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی ئەنجامداوە، تیایدا گفتوگۆیان کردوە لەبارەی بڕیاری داخستنی دەرمانخانە و نۆرینگەکانیانەوە.

بەوتەی خۆی، کۆبونەوەکە بەو بڕیارە تەواو بوە کە لیژنەیەکی کارمەندان دژ بە بڕیاری داخستنی دەرمانخانەکانیان و رێگەنەدان بە کردنەوەی نۆرینگە، سەردانی لایەنە جیاوازەکان لە حزب و حکومەت بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا کە کارمەندانی تەندروستی نیگەرانن لەوەی دوای بڕیاری داخستنی دەرمانخانەکانیان، بڕیار بوە رێگەیان پێبدرێت نۆرینگەیان هەبێت و تیایدا ژمارەیەکی دیارییکراو دەرمان بفرۆشن و کاری دیکەی وەکو تۆماری فشاری خوێن و دەرزیلێدان و برینپێچیی ئەنجام بدەن، کەچی ئێستا رێگە بەوەش نادرێت.

هاوکات کارمەندانی تەندروستی نیگەرانیش بون لەوەی لەکاتێکدا بە پاساوی ئەوەی ئەوان پزیشک نین رێگەنادرێت لە نۆرینگە و دەرمانخانەکاندا دەرمان بفرۆشن، کەچی لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا زۆرێکیان لەبەشی دەرمانخانەدا دەوام دەکەن و دەرمان بە نەخۆش دەدەن و حکومەتیش کێشەی نییە.

هاوکات بەپێی راگەیەنراوێک کە کەمێک پێش ئێستا لقی گەرمیانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان بڵاویکردوەتەوە، بانگەواز لە کارمەندانی تەندروستی خاوەن نۆرینگە دەکات، سبەینێ لەبەردەم ئیدارەی گەرمیان ئامادەبن، بەبێ رونکردنەوەی زیاتر.

سەرەتای مانگی ئەیلولی ئەمساڵ، بە بڕیاری لیژنەیەکی هاوبەشی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان و جێگرایەتی داواکاری گشتی لە کەلار، سەرجەم ئەو دەرمانخانانەی کە کارمەندی تەندروستی بەڕێوەیان دەبات لەنێو بازاڕی شارەکە، داخران. هاوکات بڕیاریشدرا پرۆسەکە سەرجەم دەرمانخانەکان لە شوێنەکانی دیکەی ناوشار بگرێتەوە.

↑