لەکەلار دەیان وێنەی تایبەتی ئافرەتان لە مۆبایلی تۆمەتبارێکدا دەگیرێت
هەواڵ
06:37PM - 2026-10-27 , بینین : 1,241


رادیۆی دەنگ

بەتۆمەتی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە وێنەی تایبەتی ئافرەتان لەناو مۆبایلەکەیدا بوە، کەسێک لەکەلار کە پێشتر وەکو کەسایەتییەکی ئاینی و قورئانخوێن ناسراوە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و بە فەرمانی دادوەر رادەگیرێت.

بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، دەستبەسەر مۆبایلی کەسێکدا گیراوە کە ماوەیەکە وەکو کەسایەتییەکی ئاینی و قورئانخوێن ناسراوە و لە مزگەوت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەرکەوتوە.

لەناو مۆبایلی ئەم کەسەدا، دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆری وێنەی تایبەتی ئافرەتاندا گیراوە کە سەروی ٤٠٠ وێنە بون و بەوتەی سەرچاوەیەکی ئەمنیش، هەندێکیان "نەشیاو و زۆر تایبەت" بون.

بەوتەی سەرچاوە ئەمنییەکە کە بۆ رادیۆی دەنگ قسەی کرد، لەکاتی پشکنینی مۆبایلی کەسەکە لەلایەن پۆلیسەوە لەسەر دۆسییەیەک، ئەو ژمارە زۆرە لە وێنەی ئافرەتان لە مۆبایلەکەیدا هەبون.

رونیشیکردەوە: لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتوە کە وێنەکان هاوردەکراو (داونلۆدکراو لە ئینتەرنێت) نین، هاوکات دروستکراویش نین، بەڵکو ئۆرجیناڵن و گومان دەکرێت ئافرەتەکان بەتایبەت بۆ کەسەکەیان ناردبێت و ئەمیش لایخۆی خەزنی کردوە.

بەپێی زانیارییەکان، دوای ئاشکرابونی حاڵەتەکە، کەسەکە پێش چەند رۆژێک بەفەرمانی دادوەر بانگهێشتی پۆلیس کراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دەستیپێکردوە، هاوکات ئەمڕۆ دوبارە بانگکراوەتەوە و بە فەرمانی دادوەر راگیراوە.

لەوبارەیەوە، سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، جەختی لە زانیارییەکان کردەوە و بۆ رادیۆی دەنگ وتی: تۆمەتبارەکە بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی ٢ لە یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراوە و لێکۆڵینەوەی زیاتری تێدا دەکرێت.

تۆمەتبارەکە جگە لەوەی قورئانخوێن بوە، هاوکات کاری بازرگانیش دەکات و رێکخراوێکیش بەڕێوەدەبات لەبواری "پەروەردەکردن و وانەوتنەوە"ـدا.

↑