د. شێرکۆ نەریمان سوبحان*
دانپێدانانی کۆلێجی پزیشکی لە زانکۆکانی عێراق پرۆسەیە، واتا کارکردنی بەردەوام و هەتاهەتایی دەوێت. ئەمە بە خراپ بەکارهێنانی وشەی (واقعی) ناچێتەسەر. ئەم پرۆسەیە لە هەر شوێنێک پەتەکە پچڕا، ریسەکەت لێدەبێتەوە خوری!
دانپێدانانی کۆلێجە پزیشکییەکانی عێراق لە سەر بنەمای ٩ پێوەرە، هەر کاتێک ئەم پێوەرانە جێ بەجێ نەکرێت، نەک هەشت ساڵ، ئەگەر لە ساڵی شەستەکانیشەوە کۆلێج بێت، دانپێدانان بەدەست ناهێنێت! هەرکاتێکیش لادان پێوەرەکان هەبو، دانپێدانان لە کۆلێج هەڵدەوەشێتەوە.
پێوەرەکانی دانپێدانانی کۆلێجە پزیشکییەکانی عێراق:
١- دیدگای کۆلێج: ئەمە بەبێ ئەنجامدانی خاڵەکانی داهاتو تەوانابێت.
٢- پرۆگرامی خوێندن: بە سوپاسەوە بۆ زانکۆی کوفە و زانکۆی دهۆک، پرۆگرامی سیستەمی تێکەڵکێش (ئینتیگرەیشن)ـی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی لیستەری بریتانی، بە هەوڵی ستاف و کارگێڕی کۆلێج، بە پشودرێژی خوێندکاران پیادە کراوە و دۆکیومێنت کراوە لە کڵاسڕومەکان.
٣- هەڵسەنگاندنی خوێندکاران: ئەمە لە کۆلێجی پزیشکی بە باشترین شێواز ئەنجامدراوە و لە لیژنەی تاقیکردنەوەکان دۆکیومێنت کراوە.
٤- هەڵسەنگاندنی پرۆگرامی خوێندن: ئەمە پەیوەستە بە فیدباک خوێندکاران و دڵنیایی جۆری و ئەوەی پەیوەست بێت بە کۆلێجەوە، دۆکیومێنت کراوە. بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە تەندروستی و کۆمەڵگاوە هەبێت، ئەنجام نەدراوە. هۆکارەکەشی پیانەدەکردنی سیستەمی نەخۆشخانەی فێرکاریی و تێنەگەیشتنی کۆمەڵگایە لە گرنگی کۆلێجی پزیشکی.
٥- خوێندکار: ئەوەی پەیوەندی بە سیستەمی خوێندکارانەوە بێت لەدەسەڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵایە. کەمی چالاکی خوێندکارانیش لە دەرەوەی پرۆگرامی خوێندن، پەیوەندی هەیە بە نەبوونی بینای سەربەخۆ و ژینگەی زانستی ناو زانکۆ.
٦- مامۆستا: سەرەتا کێشەی مامۆستای کۆلێج زۆر نەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆکاری زۆری ژمارەی خوێندکاران و داخستنی گواستنەوەی پزیشک لە وەزارەتی تەندروستی بۆ زانکۆ، کێشەیەکی ئێجگار گەورەیە.
٧- سەرچاوەی فێرکردن: نەخۆشخانەی فێرکاریی و تاقیگەی پزیشکی و تاقیگەی لێهاتویی هەن، بەڵام پێویستیان بە پاڵپشتیی بەردەوامە. بە وشەی سواو و خراپبەکارهێنانی وو
شەی واقیعی و سەردانی مەیدانی نابێت. هەموی پێوەر و رێسای خۆی هەیە.
٨- پەیکەری کارگێڕیی کۆلێج: پاش مشتومڕی ناواقیعیانەی ڕ
رابردو پەیکەری کارگێڕیی کۆلێج بنیاتنرا، بەڵام بەهۆکاری دەستخستنە ناو کۆلێج، کەس ئامادە نییە زیندوی بکاتەوە. کاتێک دەست دەخرێتە ناو کۆلێج، واتا چی بکرێت، جگە لە دەست لەکارکێشانەوە؟! واتا چۆن چۆنی واقیعی بین؟!
٩- توێژینەوە: لەبەر هۆکاری نەبونی بودجەی پێویست و قەیرانی دارایی و کەمکردنەوەی هاندانی زانستی لە لایەن زانکۆوە، توێژینەوە زۆر کەم بوەتەوە.
با بزانین وشەی واقیعی (Realistic) واتای چیە؟! لە فەرهەنگی (Merriam Webster)ـدا ریالیست واتای کرداری ژیرانە کە هاوشێوەی راستی بێت، ئەمەش بە واتای کەسی حەقیقی دێت نەک مامناوەندی و دوڕویی و دورکەوتنەوە لە بەرپرسیارێتی. لە ڕاستیدا وشەی (واقیعی) ئەوەیە کە نابێت کەسی واقیعی دڵی خۆی بە ئارەزوی خۆی خۆش بکات.
ئێستا با بێین بزانین ئایا ستاف و کارگێڕی کۆلێجی پزیشکی واقعی و کردارین یان ئەوانی تر؟ ئەوەی لەگەڵ هاورێیانمان لە کۆلێجی پزیشکی لەماوەی ٨ ساڵدا، بە ئەنجام گەیەنراون، رەنگە کەسێک بپرسیت خۆ ئێوە بە تەنها بەئەنجامتان نەگەیاندوە، بەڵێ راستە بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت، ئەم کارانە هەموی بە پلان و بیرکردنەوە و شەونخونی ئەنجامدراوە. بەبڕوای من قورسترین شتێک لە ئیشکردندا، بریتیە لە دەستپێک، پلان، سەرپەرشتی، ئەمە بە واتای کەمکردنەوەی رۆڵی ئەوانی تر نایەت، بەڵام دەستپێک زۆر گرنگە. کارەکانیش ئەمانەن:
١. دەستپێکردن بە پاککردنەوەی ژوور بە گسکی دەستی نەک کارەبایی!
٢. بنیاتنانی هۆڵی خوێندنی مۆدێرن.
٣. بنیاتنانی هۆڵی گروپ ۆرک.
٤. بنیاتنانی کتێبخانەی کۆلێج.
٥. بنیاتنانی هۆڵی کۆمپیوتەر.
٦.بنیاتنانی تاقیگەی توێکاری
٧. بنیاتنانی تاقیگەی پزیشکی
٨. بنیاتنانی تاقیگەی کۆرۆنا
٩. بنیاتنانی تاقیگەی مهارە (سکیڵ لاب)
١٠. پەیکەری کارگێڕیی کۆلێج
١١. بەکارهێنانی کڵاسڕومی گووگڵ هەر لەسەرەتای کۆلێجەوە.
١٢. بنیاتنانی سیستەمی ئینتیگرەیشن
١٣. بنیاتنانی سیستەمی تاقیکردنەوەکان
١٤. بەردەوام هەوڵدان بۆ هێنانی ستافی لێهاتووی و خاوەن بڕوانامەی باوەڕپێکراو.
١٥. ڕێگەنەدان بە هاتنی کەسانی خاوەن بڕوانامەی پیشەیی بۆ کۆلێج.
١٦. خوێندکارمان فێری قسە و سیمینار و گفتوگۆ و باوەڕبەخۆبوون کردووە.
١٧. بە ناوکردنی نەخۆشخانەکانی کەلار بۆ فێرکاری.
١٨. لیستکردنی کۆلێج لە ڕێکخراوە جیهانییەکان.
ئەم خاڵانەی سەرەوە باسکران، پلان و بیرکردنەوە و دەستپێکی کۆمەڵێک لە ستاف و کارگێڕی کۆلێجە، دواتر لە دەرەوەی کۆلێج و وەزارەت کاریان لەسەر کردوە، واتا ئەگەر نیەتی چاک و دەستپێک و پلانی کۆلێج نەبوایە، ئێستا کۆلێج هیچ کام لەو شتانەی نەدەبو، داشنەدەخرا!! کێ زیانی دەکرد؟ بێگومان یەکەمجار خوێندکار. کۆلێجی پزیشکیش نەبوایە، ٦٠٠ کەس لە ڕابردو و ئێستادا نەدەبون بە پزیشک! ئەو شتانەی باسکران هیچی لە واقیع و پراکتیکەوە دورن؟! گسگدان و بنیاتنانی هۆڵی و تاقیگە و سیستەم واقیعە یان خەیاڵ؟
بونی زانکۆ
زانکۆ بەرهەمێکی ئەوروپیە، کەواتە لەڕوی واقیعی و پراکتیکی یان دەبێت وەک ئەوان بیت، یان دەبێت نەبیت. ئەگەر کۆلێجی پزیشکی بە واقیعی بنیاتنەنرایە، کەسی وا هەیە لە خەویشیدا نەدەبو بە دکتۆر!! جا خۆی بە کەوتنی یان نەبونی زانکۆ، دواجار کەسی بەناو (واقیعی) و (دیبلۆماسی) زیانی زیاتر بەردەکەوێت، چونکە کەسایەتی حەقیقی کە شوانێکیش بێت، هەر شوێن دەستی دیارە. بە واتایەکی تر، کەسی حەقیقی پێی ئاساییە لە مامۆستاوە ببێتە شوان، چونکە کەسایەتی حەقیقی دەزانێت ئەو دوانە هاوشێوەن. ئەو کەسەی لە قسەکانی وشەی واقیع و دیبلۆماسی (بێکردار)، بە شێوەیەکی خراپ و هەڵە بەکاردەهێنێت، ئەوە بەخۆی بزانێت یان نا، بیری تێچەقیوە لە ناو سیاسەت و پێشبڕکێی ناشەریفانە.
ئەو کێشانەی لەدەسەڵاتی کۆلێج نیە:
١. لە نەخۆشخانە فێرکارییەکان دەبێت پرۆسەی فێرکردنی پزیشکی بەردەوام (CME) هەبێت. ئەمە لە دەسەڵاتی کۆلێج نیە، لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان و وەزارەتی تەندروستیە.
٢. گواستنەوە و وەرگرتنی خوێندکاران، ئەمە لە دەسەڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵایە.
٣. دەستێوەردانی دەرەوەی کۆلێج لە ناو کارگێڕیی و دارایی کۆلێج، ئەمە هەموان (بە ناو واقیعی) سەریان تێکردوە!
٤. کەمی ستاف لە چاو زۆری خوێندکاران: ئەمە لە دەسەڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی تەندروستیش نەماوە، لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانە.
لیژنەی دانپێدانانی کۆلێجە پزیشکییەکان
سەبارەت بە لیژنەی ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ دانپێدانانی کۆلێجە پزیشکییەکان عێراق، هەتا هەمو پێداویستییەکانی کۆلێج پڕ نەکرێتەوە، لەڕوی کردارییەوە (نەک بە ناو واقیعی) هاتنیان هیچ سودێکی نابێت، بەڵکو بە هاتنیان دانپێدانان رەتدەکەنەوە و پرۆسەکە زیاتر دوادەکەوێت. ئەمە هەر کەسێک لە وۆرکشۆپی ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ دانپێدانانی کۆلێجە پزیشکییەکانی عێراق بەشداری نەکردبێت یان خوێندنەوەی قوڵی بۆ پرۆسەی دانپێدانان نەبێت، لەمە تێناگات.
هەر کاتێک پەیکەری کارگێڕیی و دارایی کۆلێج و نەخۆشخانەی فێرکاری وەک خۆی و واقیعیە راستەکە (نەک واقیعیە درۆینەکە) کارەکانی جێبەجێکرد و رێگری لێنەکرا و پشتگیریی کرا، قۆناغی دواتر قۆناغی پێکهێنانی لیژنەکان دەبێت. دواتر پێدانی دۆکیومێنت بە لیژنە باڵاکە ئاسانتر دەبێت.
دوا وتە
کۆلێج ئێستا رەگی داکوتاوە. دەرچوی نایابی هەیە و لە نەخۆشخانەکانی گەرمیان دەوام دەکەن. بە قسەی سواو و ناواقیعی ناڕوخێت. ئەگەر بەردیشی لە دورەوە تێبگیردرێت، ئەوا ئەو کەسە خۆی زیاتر زیانی پێدەگات کە بەردەکەی هاویشتوە نەک مامۆستا و ستافی کارگێڕیی. چونکە هەر کەسوکاری خۆی لە داهاتودا دەبێتە خوێندکاری کۆلێج و فێردەکرێن.
دوا قسەش ئەوەیە دانپێدانانی کۆلێجی پزیشکی پرۆسەیەکی یاسایی و نیشتمانی و زانستی و ئەکادیمیە، پێویستە هەموان خۆیان هەوڵی سەرخستنی کۆلێج بدەن، ئەگینا کۆمەڵگا و کەسانی سیاسی خۆیان زیاتر لە کۆلێج زیانیان پێدەگات.
* پرۆفیسۆر لە کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵچالاکوانێک: تەواونەکردنی نەخۆشخانە ١٠٠ قەرەوێڵەییەکەی کەلار لەئەستۆی بەرپرسانە
-
-
هەواڵزانکۆی گەرمیان: نابێت هیچ مامۆستایەکی زانکۆ لە ناوەندە ئەهلییەکاندا دەوام بکات
-
-
هەواڵدوای ٨ مانگ هێشتا دیزانێکی نوێ بۆ کۆڕنیشەکەی کەلار دروستنەکراوە
-
-
هەواڵپێشبینی بەرهەمهێنانی ٤ هەزار تەن برنج لەگەرمیان دەکرێت
-
-
هەواڵدواین زانیاریی لەسەر روداوی تەقەکردنەکەی کەلار
-
زۆرترین بینراوەکان