چالاکوانێک: تەواونەکردنی نەخۆشخانە ١٠٠ قەرەوێڵەییەکەی کەلار لەئەستۆی بەرپرسانە
هەواڵ
07:19PM - 2026-10-26 , بینین : 42


رادیۆی دەنگ

بۆ ماوەی ١٢ ساڵە کارەکانی دروستکردنی نەخۆشخانە ١٠٠ قەروێڵەییەکەی کەلار راگیراوە، چالاکوانێکیش دەڵێت: هۆکارەکەی کەمتەرخەمی بەرپرسانی سنورەکەیە.

ئەیاد محەمەد، چالاکوان لە گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لە ساڵی ٢٠١٤ تاوەکو ئێستا کارکردن لە نەخۆشخانە ١٠٠ قەروێڵەییەکەی کەلار راگیراوە، هۆکاری ئەوەی کە تاوەکو ئێستا دەست بە کارکردن نەکراوە تێیدا، کەمتەرخەمی بەرپرسەکانی سنورەکەیە.

وتیشی: ئەم پرۆژەیە نزیکەی ١٧ ملیار دیناری پێویستە، لەکاتێکدا هەرچی زەوی نایابی قەزاکەیە فرۆشرا و نەتوانرا لەبەرامبەردا نەخۆشخانەکە تەواو بکرێت.

دەشڵێت: سەرباری ئەوەی قوباد تاڵەبانی- جێگری سەرۆکی حکومەت، لە ماوەکانی رابردودا جەختی لەوەکردەوە کارکرکردن تێیدا دەستپێبکاتەوە، کەچی تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە.

بەوتەی ئەو چالاکوانە، لەم چەند ساڵەی راگیرانی پرۆژەکەدا چەندینجار گردبونەوە و نارەزایەتی ئەنجامدراون، بەڵام هیچ دەرئەنجامێکیان نەبوە.

پێشتریش رادیۆی دەنگ بڵاویکردەوە کە بیرۆکەیەک هەیە بۆ ئەوەی سەرجەم بنکە تەندروستییەکانی ناو پرۆژە نیشتەجێبونەکانی کەلار، دروستنەکرێن و پارەکەیان تەرخانبکرێت بۆ تەواوکردنی نەخۆشخانە ١٠٠ قەرەوێڵەییەکە، بەڵام هێشتا ئەو بیرۆکەیەش نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

↑