خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان: ساغکردنەوەی خواردن و کەرەستەی بەسەرچو نەبوە بە دیاردە
هەواڵ
07:09PM - 2026-10-21 , بینین : 63


رادیۆی دەنگ

لەماوەی کەمتر لە دو هەفتەدا لەگەرمیان، دەست بەسەر نزیکەی ٥٠ کیلۆ گۆشت و کەرەستەی جوانکاریی خراپ بودا گیراوە، لێپرسراوێکی تەندروستیش دەڵێت: ساغکردنەوەی خۆراک نەبوە بە دیاردە و لیژنەکان هەمیشە چاودێریی بازاڕ دەکەن.

تۆفیق محەمەد، لێپرسراوی هۆبەی چاودێریی تەندروستی لە بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ دەڵێت: ساغکردنەوەی خواردن و کەرەستەی خراپبو لە فرۆشگاکانی گەرمیان، حاڵەتە و نەبوە بە دیاردەیەکی بەربڵاو.

دەشڵێت: وەک بەڕێوبەرایەتیمان لیژنەمان هەیە، هاوکات لیژنەی هاوبەشی قایمقامیەتەکانیشمان هەیە کە بەبەردەوامی سەردان و بەدواداچونمان هەیە بۆ شوێنکارەکان.

وتیشی: جگە لەوەی کە خۆمان خۆراک دەست بەسەردا دەگرین، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار شوێنکارەکان خۆیان خۆراک و کەرەستەی بەسەرچومان رادەست دەکەن و هاوکارن.

پێشتر بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان بڵاوی کردەوە کە لەماوەی کەمتر لە دو هەفتەدا، لە سێ شوێنکاری جیاوازدا دەستیان گرتوە بەسەر ٢٦ کیلۆ گۆشت و  ٨ کیلۆ خواردەمەنی و ٧ کیلۆ کەرەستەی جوانکاریی خراپ و بەسەرچودا.

↑