لەسەر کەیسی تەقەکردن لە 'نەقیب هاوڕێ' کەسێکی دیکە دەستگیر کرا
هەواڵ
01:25PM - 2026-10-21 , بینین : 380


رادیۆی دەنگ

دوای گرتنی کەسێک بە تۆمەتی تەقەکردن لە ماڵی نەقیب هاوڕێ جەلیل لەکەلار، لەئێستا کەسێکی دیکە دەستگیر کراوە بەتۆمەتی هاوکارییکردنی تۆمەتبارەکەی دیکە.

عەقید- سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بۆ رادیۆی دەنگ وتی: کەسێکی دیکەمان دەستگیر کردوە بەتۆمەتی حەشاردانی کەسی تەقەکەر و هاوکارییکردنی.

وتیشی: لەئێستادا کەسەکە بەپێی ماددەی ٤۳۰ لەیاسای سزادانی عێراقی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

قسەکانی وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لەکاتێکدایە، رۆژی ۱۹ـی ۱۰ـی ۲۰۲٦ هێزەکانی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان و ئاسایشی گەرمیان، توانییان لەنێو بازاڕی شاری کەلار تۆمەتباری سەرەکی تەقەکردن لەماڵی نەقیب هاوڕێ جەلیل دەستگیر بکەن.

نەقیب هاوڕێ جەلیل، بەرپرسی بەشی خانەقینی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیانە، کاتژمێر ۲:۳۰ خولەکی بەرەبەیانی رۆژی ۱۳ـی ۱۰ـی ۲۰۲٦، دوای گەڕانەوە لە ئەرکی فەرمی،بە زیاتر لە ٣٠ گولە دەستڕێژ لە ماڵ و ئۆتۆمبێلەکەی دەکرێت.

↑