ساڵێكە بەشی چاودێریی چڕ لەکەلار کراوەتەوە و هێشتا نەخۆشی وەرنەگرتوە
هەواڵ
09:46PM - 2026-10-06 , بینین : 65


رادیۆی دەنگ

نزیكەی ساڵێكە بەشی تەندروستیی تایبەت بە چاودێریی چڕ لە قەزای کەلار كراوەتەوە، بەڵام هێشتا نەخۆشی تێدا وەرناگیرێت و رەوانەی سلێمانی دەكرێت، تەندروستی گەرمیانیش هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ كەمی میلاك و نەبونی پزیشكی پسپۆڕ.

ساڵی پار و لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بەشی چاودێریی چڕ لەناو نەخۆشخانەی قەڵا لە کەلار کرایەوە، بەڵام لەوکاتەوە تائێستا بەشەکە کارانەکراوە.

سەبارەت بە هۆکارەکانی کارا نەکردنی بەشەکە، ئازاد حەمەفەرەج، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی وت: كێشەی كەمی میلاك و پزیشکی پسپۆڕمان هەیە.

رونیکردەوە: بەتایبەتی نەبونی پزیشک زیاتر کێشەیە، چونکە ئەو بەشە پێویستی بە پزیشکی پسپۆڕی مێشك و دەمار و هەروەها بێهۆشكاریی هەیە، بەڵام ئێمە پزیشکی پسپۆڕی ئەو دو بوارەمان کەمە و تەنانەت ناتوانن کەڤەری نەخۆشخانەکانی تریش بکەن بە تەواویی.

باسی لەوەشکرد بەشەکە لەگەڵ کردنەوەیدا نزیكەی ٢٨ كارمەندی لەلایەن ئیدارەی گشتی یەكێتی نیشتمانییەوە بۆ دابین كرا، ئێستا کە نەیانتوانیوە بەشەکە کارا بکەن، بڕیاریانداوە ئەو کارمەندانە تەرخان بکەن بۆ بەشی قەستەرە کە بڕیارە لەم ماوەیەدا بکرێتەوە.

وتیشی: ئەو كارمەندانەمان ناردوە بۆ خول بینین بۆ بەشی قەستەرە.

↑