لەبارەی خراپی شەقامەکانەوە شارەوانی کەلار رونکردنەوە دەدات
هەواڵ
06:43PM - 2026-10-04 , بینین : 86


رادیۆی دەنگ

بەشێک لە شەقامەکانی کەلار تێکچون و خراپ بون، سەرۆکی شارەوانی کەلاریش دەڵێت: پلانمان هەیە بۆ نۆژەنکردنەوەیان و دەستمان بە هەندێکیشیان کردوە.

بەشێک لە گەڕەکانی کەلار شەقامەکانی تەواو خراپبون و رۆژ لەرۆژ زیاتر بەرەو خراپتر دەچن. بەپێی وتەی هاوڵاتیانیش، هەندێک لە شەقامەکان ئەمەندە خراپ بون وەکو رێگای گڵی لێهاتوە و هاتوچۆکردن پێیدا تەواو ناخۆش بوە.

لەمبارەیەوە، سامان رەحیم، سەرۆکی شارەوانی کەلار، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: شەقامەکانی کەلار بەهۆی ئەوەی چەند ساڵی رابردودا دروستکراون، پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.

وتیشی: ئێمە لەپلانماندایە تەواوی ئەو شەقامانەی خراپ بون نۆژەنیانبکەینەوە، تەنانەت ئەو شەقامانەی خراپ نەبون پردە ناوەندییەکەی پێویستێتی، یان سەوزایەکانی پێویستێتی، یاخود کرپستۆن و بۆیاخەکانی گۆڕانکاریی پێویستە.

دەشڵێت: لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆ قسەمان کردوە، هەماهەنگ ئەبین لەڕوی ئەندازەی هاتوچۆوه، ئەو شەقامانەشی پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە، نۆژەنیاندەکەینەوە.

لەبارەی دروستکردنی شەقامی نوێوە سەرۆکی شارەوانی کەلار جەختی لەوە کردەوە "لەماوەی چەند مانگی رابردودا نزیکەی ۹ پرۆژەمان هەبوە کە هەموی قیرتاوکردن بون، بەشێک لەمانە پرۆژەی راگیراو بون، بەشێکیشیان پرۆژەی نوێ بون".

وتیشی: "لە پلانماندایە لەئایندەیەکی نزیکدا چەند شەقامێکی دیکە قیرتاو بکەین".

↑