لەبارەی لابردنی بازگەکانی گەرمیان دەزگای ئاسایشی هەرێم قسە بۆ رادیۆی دەنگ دەکات
هەواڵ
01:18PM - 2026-10-01 , بینین : 952


رادیۆی دەنگ

دوای لابردنی بەشێک لە بازگەکانی گەرمیان، بەرپرسێکی باڵای دەزگای ئاسایشی هەرێم بۆ رادیۆی دەنگ رونکردنەوە دەدات و دەڵێت: بە "دیراسە" کراوە.

هەریەک لە بازگەکانی بەرلوت لەکەلار، دەروازەی کفری، دەروازەی رزگاریی، ژاڵەناو، مەیدان و پێشتریش دەربەندیخان 'تونێلەکە'، هەڵگیران.

سەرچاوەیەکی باڵای بەرپرس لە دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: ئەو گۆڕانکاریانەی لە بازگەکاندا رویداوە لەئەنجامی پلانێکی تۆکمەی دەزگای ئاسایشی هەرێم بوه و لەپێناو پاراستنی سەلامەتی سەروماڵی هاوڵاتیان و بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی ئەوان و بازرگانان کراوە.

وتیشی: گۆڕانکارییەکان لە رێگای لیژنەیەکی پسپۆڕەوە ئەنجام دراوه و ئەنجام دەدرێن، چونکە بابەتەکە تەنها سنوری ئیدارەی گەرمیان نییە، بەڵکو پارێزگا و قەزاکانی دیکەشە.

بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی دەزگای ئاسایشی هەرێم: "ئەم گۆڕانکارییانە دیراسە کراوە و بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەیە کە پێشوتر ئەگەر بوبێ، بەم بەرنامەی کەدانراوە، بێگومان شتێکی تۆکمە دەبێت".

ئەنجامدانی ئەم پلانە، بەشێوەیەکی کتوپڕ و پێشتر رانەگەیەنراو و هاوکات بو بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ئەو مەترسییانەی کە باس دەکرێن لە سەرهەڵدانەوەی گروپە تیرۆرستییەکان و دروستبونی پشێوی ئەمنی. بۆیە لەناو هاوڵاتیاندا مقۆمقۆ و مەترسی زۆری لێکەوتەوە.

↑