پۆلیسی گەرمیان: تیمێکی تایبەتمان هەیە بۆ بەدواداچونی تاوانە ئەلکترۆنییەکان
هەواڵ
09:00PM - 2026-09-30 , بینین : 90


رادیۆی دەنگ

پۆلیسی گەرمیان دەڵێت: لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان کار لەسەر دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەکەین کە ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بەمەبەستی خراپ بەکاردەهێنن، وەک خۆیان دەڵێن تیمێکی تایبەتیان هەیە بۆ ئەو مەبەستە.

سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ باسی لەوەکرد: بەشێک لە کەیسەکان سکاڵاکار هەیە و کاری لەسەردەکەین، بەشێکیشیان لە رێگەی دادوەرەکانەوە زانیارییەکان وەردەگرن و دەیکەن بە کەیسێکی گشتی، چونکە هەندێکجار کەسەکان توشی کێشەدەبنەوە.

دەشڵێت: وەک پۆلیس دو رێگەمان هەیە کە کاری لەسەردەکەین، یەکێکیان رێگای سکاڵاکارەکان خۆیانە، ئەویتریان تیمێکمان هەیە کە لە نوسینگەیەکی تایبەت بەناوی بەرەنگاربونەوەی تاوانە ئەلکترۆنیەکان چەند ئەفسەرێکمان هەیە کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن.

وتیشی: ئەو تیمە لە روی تەکنیکەوە کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی کەسەکان، لەگەڵ ئەوەشدا دۆسیە وەردەگرن، هاوکات ئەگەر بابەتێک توانای چارەسەرکردنیان نەبێت دەینێرن بۆ کەسانی شارەزاتر لە سلێمانی، بەڵام بەگشتی ئاستی ئەو تیمەی خۆمان باشە.

↑