بەڕێوبەری ناحییەی قۆرەتو: پێمانباشە ناوەندی ناحییەکەمان ببەینە گوندی ساڵح ئاغا
هەواڵ
12:39PM - 2026-10-01 , بینین : 140


رادیۆی دەنگ

جگە لە بەڕێوبەرایەتی ناحییەی قۆرەتو و بنکەی پۆلیس و بەرگری شارستانی، تەواوی فەرمانگەکانی دیکەی ناحییەکە لە گوندی 'ساڵح ئاغا'ـن، بەڕێوبەری ناحییەکەش دەڵێت: پێمان باشە بگوازینەوە بۆ ساڵح ئاغا.

ناحییەی قۆرەتو سەر بەقەزای خانەقینە، بەڵام لە دوای راپەڕینەوە لەسەر ئیدارەی گەرمیانە. لەئێستاشدا ناوەندی ناحییەکە جگە لەچەند فەمانگەیەکی کەم کە لە گوندی قۆرەتوی ناوەندی ناحیەکەیە، ئەوانی تر کە زۆرینەن، گوازراونەتەوە گوندی ساڵح ئاغا کە هەر سەر بە ناحییەکەیە.

بەپێی بەدواداچونێکی رادیۆی دەنگ، تەواوی فەرمانگەکانی حکومەت بنکەکانیان لە ساڵح ئاغایە، جگە لە بەڕێوبەرایەتی ناحییەکەو بنکەی پۆلیس و بنکەی بەرگری شارستانی و بنکەیەکی پۆلیسی دارستان، بەپێی وتەی بەرپرسانی ناوچەکەش تەواوی ئیشوکارەکانیان هاوڵاتی لە ساڵح ئاغاوە دەچێتە قۆرەتو بۆ رایکردنی کارەکانیان.

لەو بارەیەوە سەردار محەمەد، بەڕێوبەری ناحییەی قۆرەتو، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ۷۳ گوند لەسەر ناحییەکەمانە، ساڵح ئاغاش وەکو گوندەکانی دیکە هەر گوندێکە، بەڵام ساڵح ئاغا ئاوەدانبوەتەوە، بۆیە رەنگە ئیشوکاری هاوڵاتیان لەوێ زیاتر بێت.

وتیشی: ئێمە پێمان باشە بگوازینەوە بۆ ساڵح ئاغا بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بەهۆی کێشەیەکەوە هاتوچۆی زۆر نەکەن.

دەشڵێت: ئەو بینای پۆلیسی دارستانی تێدایە خۆی هی بەڕێوبەرایەتی ناحییەیە، لەئێستادا ئاسایش گواستویەتییەوە بۆ ساڵح ئاغا، بەڵام دەبێت حسابی بنکەی پۆلیس و فەرمانگەکانی دیکە بکەین بۆ گواستنەوە.

بەپێی وتەی بەڕێوبەری ناحییەی قۆرەتو، بینای بەڕێوبەرایەتی ناحییە لە ساڵح ئاغا بەشی خانەقینی پۆلیسی دارستانی تێدایە، پێشنیار ئەکەین بۆ ئەوەی بگوازینەوە بۆ ساڵح ئاغا، بەڵام کێشەمان شوێنە بۆ فەرمانگەکانی دیکەی وەکو پۆلیس و بەرگری شارستانی.

وتیشی: ئاساییە پۆلیسی دارستان لە هەر شوێنێک بێت، بەڵام پۆلیس و پۆلیسی بەرگری شارستانی زەڕوڕن لە ناو ساڵح ئاغا بن لەکاتی قبوڵکردنی گواستنەوەمان.

دەشڵێت: پێشنیار ئەکەین بۆ ئیدارەی گەرمیان بزان رەئیان چییە بۆ چونمان بۆ ناو ساڵح ئاغا، چونکە ئاسایش رۆشتوە و ئێمەش ماوین، ئیتر ئەوەش لەسەر شوێن ماوە.

↑