رادیۆی دەنگ
هێشتا برینی 'ئەحمەد' ساڕێژ نەبوە کە سێ مانگە خنکاوە و هێشتا تەرمەکەی سەرئاو نەکەوتوە، برینێکی تریش بۆ گەرمیان سەربار بو، ئەمجارەیان گەنجێک بەناوی 'محەمەد عەبدولڕەحمان'، لە هەمان روبار کە ئەحمەدـی تیا خنکا (سیروان)، ئەویش خنکا.
ئەحمەد نزیکەی سێ مانگە خنکاوە و تەرمەکەی سەرئاو نەکەوتوە، محەمەدـیش لە دوێنێوە تەرمەکەی سەرئاو نەکەوتوە، ئەمەش ئەو پرسیارە دێنێتە ئاراوە: بۆچی مرۆڤ کە دەخنکێت تەرمەکەی سەرئاو ناکەوێت؟ ئایا هۆکارە سروشتیی و زانستییەکان چین؟
ئاستەنگی جوگرافی و سروشتی
روباری سیروان بەهۆی تایبەتمەندییە سروشتییەکانییەوە، یەکێکە لە مەترسیدارترین روبارەکان. سەرەڕای ئەوەی لە هەندێک شوێندا روی ئاوەکە هێمن دەردەکەوێت، بەڵام لەژێرەوە خاوەنی تەوژمی بەهێز و گێژەڵوکەی شاراوەیە کە تەرم بۆ دورییەکی زۆر رادەکێشێت.
هەروەها بونی چاڵ و قوڵایی زۆر لە بنی روبارەکە بەتایبەتی بەهۆی کارکردنی کارگەکانی چەو و لمەوە لە دەیان ساڵی رابردودا، وەکو تەڵەیەک دەردەکەون کە تەرمەکان لەخۆدەگرن و رێگریی دەکەن لە سەرئاوکەوتنیان.
جگە لەمانە، بونی بەردی تیژ، گیا و دار و بنجی روەکی سروشتی لە بنی روبارەکە، زۆرجار دەبنە هۆی ئەوەی تەرمەکان لەژێر ئاوەکەدا گیربدەن.
هەمو ئەمانە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە لێڵیی ئاوەکە هەیە، کەوادەکات ئاستی بینین بۆ تیمی رزگارکردن بگەیەنێتە سفر و پرۆسەی دۆزینەوەی تەرمەکان قورستر بکات.
زانست و پرۆسەی سەرئاوکەوتنی تەرم
لەڕوی زانستییەوە، کاتێک مرۆڤ دەخنکێت، هەوای ناو سییەکانی دەردەچێت و ئاو جێگەی دەگرێتەوە، بەمەش چڕی جەستە لە ئاو زیاتر دەبێت و بەرەو بنی روبارەکە دەڕوات و دەنیشێت.
پرۆسەی سەرئاوکەوتن تەنها کاتێک رودەدات کە بەکتریای ناو لەش دەست بە شیکردنەوەی خانەکان بکات و غازاتی وەک "میثان" و کاربۆن دایۆکساید بەرهەم بهێنێت، ئەم غازانە وەک باڵۆن جەستە دەئاوسێنن و بەرەو سەر روی ئاوەکە بەرزی دەکەنەوە.
کەوایە چی وادەکات ئەم پرۆسەیە دوابکەوێت و جەستە بەخێرایی نەئاوسێت و بە باڵۆن نەبێت؟
بەپێی زانستی پزیشکی دادوەریی، چەند هۆکارێک دەبنە هۆی دواکەوتن یان سەرئاونەکەوتنی تەرم، دیارترینیان پلەی گەرمای ئاوە.
ئاوی سیروان بەهۆی ئەوەی لە سەرچاوەی شاخاوی و بەنداوەکانەوە دێت، زۆر ساردە. ئەم ساردییە گەشەی بەکتریاکان رادەگرێت و پرۆسەی دروستبونی غازات پەکدەخات، بەمەش تەرم لەوانەیە بە هەفتە و مانگ لەژێر ئاودا بمێنێتەوە.
جگە لە ئاو، پێکهاتەی جەستەش رۆڵی هەیە، چونکە ئەو کەسانەی ماسولکەی بەهێز و ئێسقانی قورسیان هەیە، بەراورد بە کەسانی قەڵەو، قورسترە سەرئاو بکەون.
ئەمە سەرباری ئەوەی کە زۆرجار جۆری جلوبەرگیش رۆڵی هەیە، بەوەی پۆشاکە قورسەکان ئاوێکی زۆر دەمژن و لاشەکە قورس دەکەن، یان ڕەنگە ببنەهۆی گیربون لە دار و بنجی ژێر ئاوەکە و لێنەگەڕێن تەرمەکە سەرئاو بکەوێت.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هۆکارانە، دەردەکەوێت کە دۆزینەوەی تەرم لە روبارێکی وەک سیرواندا، تەنها پەیوەست نییە بە توانای تیمی رزگارکردنەوە، بەڵکو پرۆسەکە لەناوخۆیشیدا روبەڕوبونەوەی یاساکانی سروشت و فیزیاشە لە ژینگەیەکی پڕ مەترسی و ئاڵۆزییدا.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵلیترێک بەنزین لە کەلار ٤۰۰ دینار گرانترە لە دەربەندیخان
-
-
هەواڵسەرتاشخانەکانی کەلار بڕیاردەدەن کارکردن لە ٨ـی بەیانی بۆ ٨ـی ئێوارە بێت
-
-
هەواڵشۆفێرانی پاس و تەکسی داوای بەنزینخانەی تایبەت دەکەن بۆ وەرگرتنی بەنزینی ۷٥۰ دیناریی
-
-
هەواڵهێشتا پارەی ساڵی رابردوی وانەبێژانی زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان خەرجنەکراوە
-
-
هەواڵنەخشەدانانی گەرمیان: نەخشەی قۆناغی دوەمی زەوی فەرمانبەرانی رزگاریی لە قۆناغی کۆتاییە
-