چالاک محیەدین*
لە دوانیوەڕۆیەکی زۆر گەرمدا، گەنجێک خۆی هەڵدەداتە ناو روباری سیروان تا لە گەرمایەکی بێزارکەر ڕزگاری بێت. بەداخەوە، تەوژمی خێرایی ئاوەکە دەیبات و دەیخنکێنێت.
کاتێک کەسێک لە روبارێکی قوڵدا دەخنکێت، هەندێکجار دۆزینەوەی لاشەکەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا رونادات، چونکە بنی روبارەکە دەتوانێت لاشەکە لە ژینگەیەکی تاریک و سارد و بێ ئۆکسجیندا یان کەم ئۆکسجیندا بۆ چەندین هەفتە یان چەندین مانگ بشارێتەوە، پێش ئەوەی تیمەکانی رزگارکردن بتوانن تەرمەکە بدۆزنەوە.
رەنگە وا دەربکەوێت کە لاشەیەک لە پلەی گەرمی ٥٠ پلەی سیلیزیدا زۆر بە خێرایی بڕزێت، بەڵام هەلومەرجەکانی ناو ئاوی روبارەکە جیاوازییەکی بایۆلۆجی دروستدەکەن.
بەبەراوردی مردن لە وشکانی و لە هەوای ئاساییدا، پلەی گەرمای ٥٠ پلە پرۆسەی شیبونەوە و ئاوسان زۆر خێراتر دەکات، چونکە بەکتریای لەش لە گەرمای بەرزدا گەشە دەکات. بەڵام ئەگەر جەستەکە لە قوڵایی روباری سیروان و لە بنی ئاوەکەدا یان لەناو قوڕولیتەدا مابێتەوە، ئاوەکە زۆر ساردتر و تاریکترە و ئۆکسجینی تێدا نییە، ئەمەش وادەکات پرۆسەی شیبونەوە و ئاوسان ئاسایی هێواش بێتەوە یان بە تەواوی بوەستێت، تەنانەت ئەگەر پلەی گەرمای ناوچەکەیش بەرز بێت. چونکە پلەی گەرمی ئەو شوێنە کاریگەری هەیە کە جەستەکەی تێدایە.
لە جیاتی ئەوەی لاشەکە بە ئاسایی لە ژێر ئاوە قوڵەکەی روبارەکەدا بڕزێت، چەوری جەستەی قوربانییەکە توشی گۆڕانکارییەکی کیمیایی دەبێت کە پێی دەوترێت بە سابونبون بە زمانی زانستی پێی ئەوترێت adipocere.
بەسابونبون ئەوەیە کە بە تێپەڕبونی کات، چەوری جەستەکە لەگەڵ ئاو و باکتریای دەوروبەری کارلێک دەکات و دەگۆڕێت بۆ ماددەیەکی ڕەقی مۆمی کە بە ئادیپۆسیر یان بە "مۆمی گۆڕ" ناسراوە. ئەم مۆمە وەک بەرگێکی پارێزەری سروشتی کار دەکات؛ توێژاڵێکی رەقی دەرەکی دروستدەکات کە پێست و ماسولکە و ئەندامە ناوەکییەکان لە ئۆکسجین و گیاندارە ئاوییەکان دەپارێزێت و رێگە لە باکتریای شیکردنەوەی لەش دەگرێت، بەمەش دەموچاو و پێست تەنانەت دوای ماوەیەکی درێژ لە ژێر ئاودا بە پارێزراوی دەهێڵێتەوە.
ئەگەر پێچەوانەی ئەمەی سەرەوە رویدابێت و جەستەکە لە دوای ماوەیەکی کورت لە خنکانی شیبوبێتەوە، ئەو کات پێشبینی دەکرێت جەستەکە دەست و قاچەکانی بە جیا بدۆزرێتەوە،
چونکە لە کاتی پرۆسەی شیبونەوە، دوای ماوەیەک ئەو بەستەرە شانانەی کە جومگەکانی پێکەوە بەستوە، لاواز دەبێت و دەست و پەنجە و قاچەکان دەپچڕێن.
* پسپۆڕ لە زانستی پزیشکیی تاوان
سەرچاوەکان:
Saukko, P., & Knight, B. (2016). Knight’s Forensic Pathology (4th ed.). CRC Press.
Spitz, W. U., & Spitz, D. J. (2020). Spitz and Fisher’s Medicolegal Investigation of Death (5th ed.). Charles C Thomas.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵوەستایەکی میکانیک لە کەلار: خراپی کوالێتی بانزین مەترسی لەسەر گڕتێبەربونی ئۆتۆمبێلەکان هەیە
-
-
هەواڵیەكێتی جوتیاران: لە ٢ مانگدا قەرەبوی ئەو جوتیارانە دەکرێتەوە کە زەوییەکانیان دەدرێتە فەرمانبەران
-
-
پرۆژەراهێنانێک لەبارەی چۆنییەتی چاودێرییکردنی حکومەت
-
-
هەواڵبەڕێوبەری گواستنەوەی گەرمیان: داواکاریی بۆ هێڵە نوێیەکانی کەلار کەمە و لە ئاستی چاوەڕوانیدا نییە
-
-
هەواڵپۆلیسی گەرمیان: تەنها بە کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت تاوان کەمناکرێتەوە
-