رێگای ساڵح ئاغا یەک سایدی قیرتاو دەکرێت
هەواڵ
01:23PM - 2026-09-16 , بینین : 64


رادیۆی دەنگ

بڕیارە پرۆژەی رێگاسازیی جوتسایدی کەلار- ساڵح ئاغا بە سێ قۆناغ جێبەجێ بکرێت، بەپێی وتەی بەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیانیش لە سەرەتادا یەک سایدیان قیرتاو دەکرێت.

پرۆژەی رێگای جوتسایدی کەلار- ساڵح ئاغا دوێنێ دەستبەکاربونەوەی بۆ کرایەوە و بڕیارە بە سێ قۆناغ لەلایەن سێ کۆمپانیای جیاوازەوە ئەنجام بدرێت.

عەدنان خەلیل، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە لە بازگەی ساڵح ئاغا کە دەردەچێت بە دەستی چەپ واتا سایدی هاتن، کۆمپانیاییەک جێبەجێی دەکات، ئەو بەشە ٤٥۰ مەترە.

وتیشی: قۆناغی دوەمی ۹٥۰ مەترە و لە جوت سایدەکەی ساڵح ئاغاوە دەستپێدەکات، قۆناغی سێیەمی پرۆژەکەش ۳٦۰۰  مەترە و تەواوکاریی کارەکانی قۆناغی یەکەم و دوەمە.

بەپێی وتەی بەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیان: یەکەمجار سایدی هاتن دروست دەکرێت بۆ ئەوەی هاتوچۆی بخرێتەسەر، ئەوکات دەتوانرێت سایدەکەی تر قیر بکرێت و قۆناغی ۹٥۰ مەترییەکە تەواو بکرێت.

رۆژی ۱٤ـی ئەم مانگە جارێکی دیکە دەستبەکاربونەوە لە پرۆژەی رێگای کەلار- ساڵح ئاغا لەسەر بودجەی ئیدارەی گەرمیان کرایەوە کە ٨۱۲ ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، بەشێوەیەک درێژییەکەی ۹٥۰ مەتر و پانییەکەی ۱۲ مەترە.

پرۆژەی رێگای کەلار- ساڵح ئاغا، نزیکەی ساڵێکە و لەسەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێکرا، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم بە هۆی نەبونی بودجەوە کارەکانی راگیرا.