سەرۆکی زانکۆی گەرمیان: 12 بەشی نوێمان کردوەتەوە و کێشەی دانپێدانانیش سیاسییە
پرۆژە
11:30AM - 2026-09-18 , بینین : 141


رادیۆی ده‌نگ


سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ئاشکرای کرد کە بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی داننان به‌ زانكۆی گه‌رمیان له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقییه‌وە، رۆژی 27ـی ئەم مانگە شاندێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بە به‌شداریی خۆی دەچنە پەرلەمانی عێراق، هاوکات دەستپێشخەریی بەخشینی 3 کۆلێژ بە خانەقین، کردنەوەی 12 بەشی زانستیی نوێ بەپێی خواستی بازاڕی کار و دەستبەکاربوونی یەکەمین سەنتەری ژیریی دەستکرد (AI) لە هەرێمی کوردستان رادەگەیەنێت.

یه‌كه‌ى چاودبَریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له‌میانه‌ى به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى داموده‌زگا حكومییه‌كان بۆ به‌دواداچون له‌باره‌ى ئه‌و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چون و پاشه‌كشانه‌ى له‌ كاروباره‌كاندا به‌دییهاتوه‌، سه‌ردانى د. ئاراس فەریق، سه‌رۆكى زانكۆی گه‌رمیانى كرد و كۆبونه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ڵدا گرێدا.

له‌خواره‌وه‌ ناوه‌ڕۆكى كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕو.


گرێکوێرەی دانپێدانان لە بەغدا

دۆسیەی دانپێدانانی فەرمی بە زانکۆی گەرمیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە، یەکێک لە سەرەکیترین ئەو تەوەرانە بو کە سەرۆکی زانکۆ زانیاریی نوێ و گرنگی لەبارەوە خستەڕو، دوپاتی کردەوە کە ئاستەنگەکە "تەواو سیاسییە و پەیوەستە بە هاوکێشەی ناوچە جێناکۆکەکان، نەک گرفتێکی زانستی و ئەکادیمی".

د. ئاراس فەریق دو پێشهاتی چارەنوسسازی لەم دۆسیەیەدا ئاشکرا کرد: "یەکەمیان، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، لە دوایین سەردانیدا بۆ گەرمیان، بڕیارمان دا کە هەرسێ کۆلێژەکەی خانەقین بە دیاری پێشکەش بە خەڵکی خانەقین بکەین تا ببنە بناغەی زانکۆیەکی سەربەخۆ لە خانەقین. لەگەڵ د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم کۆبوینەوە و رەزامەندیی سەرەتایی وەرگیراوە، پرۆژەکە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت  تا لەڕێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاری لێ بدرێت و بەمەش گرێکوێرەی دانپێدانان لەڕێگەی هەرێمەوە چارەسەردە بێت".

سەبارەت بە پێشهاتی دوەمیش، سەرۆکی زانکۆ رایگەیاند: "له‌م رۆژانه‌دا لە رێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە نوسراوی رەسمی ئەنجومەنی نوێنەرانمان پێگەیشت؛ رۆژی 27ـی مانگ، شاندێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بە سەرۆکایەتیی د. ئامانج عەبدوڵڵا سەعید- راوێژکاری وەزیر، د. سەباح- راوێژکاری وەزیر، د. خەتاب شێخانی- بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان، له‌گه‌ڵ خۆم وەک سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، دەچینە پەرلەمانی عێراق بۆ کۆبونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی دانپێدانانی زانکۆكه‌.


12 بەشی نوێ لە 2 ساڵدا

له‌بارەی ستراتیژیی نوێکردنەوەی پێکهاتەی زانستی زانكۆكه‌، د. ئاراس فەریق، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ئاشکرای کرد کە زانکۆکە لە ماوەی نێوان مانگی 8ـی 2024 تا مانگی 8ـی 2026 توانیویەتی 12 بەشی زانستیی گرنگ و پێویست بۆ دەڤەرەکە بکاتەوە، بەجۆرێک ئێستا کۆی بەشە زانستییەکانی زانکۆکە گەیشتوەتە 41 بەش لە 8 کۆلێژدا.

سەبارەت بەو بەشە نوێیانە وتی: "بەشەکان راستەوخۆ بەپێی پێداویستیی بازاڕی کاری گەرمیان دەستنیشان کراون، لەوانە: بەشی خۆراک و خۆراک‌زانی، بەشی ژمێریاریی ئەلیکترۆنی، بەشی سیستەمە سیاسییەکان، بەشی پەروەردەی تایبەت، بەشی پەروەردەی مامۆستای پۆل، بەشی پەروەردەی زانستەکان، بەشی گەشتوکاڵ، بەشی پلاندانانی شار، بەشی زانستە ئایینییەکان، لەگەڵ بەشی ئەندازیاریی شارستانی".

سەرۆکی زانکۆی گەرمیان جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو بەشانەی کە خواست لەسەریان کەمبوەتەوە (وەک مێژو و جوگرافیا) سیاسەتی داخستنی یەکجارەکی پەیڕەو ناکات، بەڵکو هەڵپەساردن (تەعلیق) بەکار دەهێنێت: "بەشی زانستی داناخرێت، بەڵکو هەڵدەپەسێردرێت تا ئەو کاتەی خوێندکارانی ئێستا تەخەڕوج دەکەن و سەرلەنوێ خواست لەسەریان دروست دەبێتەوە، تا ئێستاش تەنها بەشی جوگرافیا لە خانەقین بە فەرمی هەڵپەسێردراوە".

ئاشکراشی کرد کە زانکۆ پلانی هەیە لە قۆناغەکانی داهاتودا چەندین بەشی دیکەی وەک ‌ژینگە‌، ‌هونەر‌، ‌راگەیاندن‌ و ‌بازرگانیی نێودەوڵەتی‌ بکاتەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە بەستراوەتەوە بە دابینکردنی کادری پسپۆڕ، چونکە بەپێی رێنماییەکان کردنەوەی هەر بەشێک پێویستی بە لانیکەم 4 بۆ 5 مامۆستای هەڵگری پسپۆڕیی ورد هەیە.


کردنەوەی بەشی ‌پەروەردەی تایبەت‌ بۆ پێگەیاندنی کادر

یەکێک لە دەستپێشخەرییانه‌ى كه‌ له‌ زانكۆكه‌دا كراوه‌، بەستنەوەی کەرتی پەروەردە بوە بە ئامارێکی ناوچەکە.

سەرۆکی زانکۆ رایگەیاند لە سنوری گەرمیاندا 3800 مناڵی خاوەن پێداویستیی تایبەت (توشبووانی ئۆتیزم، داون) تۆمار کراون کە بەهۆی نەبونی هۆشیاری و مامۆستای پسپۆڕەوە لە ژینگەی ماڵ و خوێندنگەدا روبەڕوی قورسیی مامەڵەکردن بونەتەوە.

د. ئاراس فەریق، لەمبارەیەوە دەڵێت: ئەو مناڵانە حاڵەتێکی تایبەتیان هەیە و پێویستیان بە چاودێرییە. دایک و باوکێک ناتوانن مامەڵە لەگەڵ مناڵێکی لەو شێوەیە بکەن، چ بگات بە مامۆستایەک 30 تا 50 خوێندکاری لە پۆلێکدا بێت، بۆیە بەشی پەروەردەی تایبەتمان کردەوە بۆ پۆلەکانی 1 تا 9 بۆ ئەوەی لە چوار پێنج ساڵی داهاتودا کادری پسپۆڕمان هەبێت بۆ قوتابخانە تایبەتەکان، هاوشێوەی سلێمانی و هەولێر و دهۆک.


بۆ بەستنەوەی خوێندکاران بە بازاڕی کار

لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پەیوەندیی زانکۆ بە بازاڕی کار و ئامادەکردنی دەرچوان بۆ بازاڕى كار، د. ئاراس فەریق، تیشکی خستە سەر رۆڵی سەنتەری پەرەپێدانی کار (CDC) کە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هۆڵەندا و کونسوڵخانەکەیان بەڕێوە دەچێت و زانکۆی گەرمیان یەکێکە لە 5 زانکۆ دەستنیشانکراوەکەی هەرێم لەم بوارەدا.

سەرۆکی زانکۆ کێشەی سەرەکیی دەرچووانی بۆ ‌نەبونی متمانەبەخۆبون‌ گەڕاندەوە، بۆ چارەسەری ئەمەش ئاشکرای کرد کە دو وانەی نوێ لەسەر ئاستی سەرجەم بەشەکان بۆ قۆناغی 3 و 4 تایبەت بە تواناکانی بازاڕی کار و متمانەبەخۆبون داخڵی پرۆگرامی خوێندن کراون، لەگەڵ بەڕێوەچونی خولێکی تایبەت بۆ 40 مامۆستای زانکۆ لەم هەفتەیەدا تا بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ ئەو دو وانەیە بە خوێندکاران بڵێنەوە.

سەبارەت بە دەستکەوتەکانی سەنتەرەکەش، ڕایگەیاند کە تەنها ساڵی رابردو زیاتر لە 100 دەرچو لە رێگەیەوە هەلی کاریان مسۆگەر کردوە یان بوونەتە خاوەنکاری خۆیان.


یەکەمین سەنتەری ‌ژیریی دەستکرد‌

هاوتەریب لەگەڵ کۆلێژەکان، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان پەردەی لەسەر کاراکردنی 4 سەنتەری گرنگ و فرەڕەهەند لادا، لەوانە: سەنتەری زمان بە هەماهەنگی لەگەڵ پسپۆرانی بەریتانیا بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتیی IELTS خولەکانی زمان لە ناو زانکۆ، سەنتەری راوێژی دەرونی بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتی و دەرونییەکان. هەروەها سەنتەری شێروانە بۆ کۆکردنەوە، پاراستن و بەئەرشیفکردنی بەڵگەنامە و شوێنه‌واره‌ مه‌عریفییه‌ مێژوییەکانی گەرمیان کە مەترسیی فەوتانیان لەسەر بوە، لەپاڵ یەکەمین سەنتەری ژیریی دەستکرد (AI) لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی پسپۆرێکی دکتۆرا لەم بوارەدا، ئەرکی سەنتەرەکە ئەوەیە لە ماوەی 6 مانگ بۆ ساڵێکدا تەواوی کارگێڕیی زانکۆ لە کاغەزەوە بگۆڕێت بۆ سیستەمێکی 100% دیجیتاڵی.


ئاماری وەرگرتن و دەرچوانی ساڵانە 

سەبارەت بە رێژەی وەرگرتن و دەرچونی خوێندکاران لە زانکۆی گەرمیان، سەرۆکی زانکۆ ئاشکرای کرد کە ساڵانە بە تێکڕا نزیکەی 1400 بۆ 1500 خوێندکار وەردەگیرێن، بەڵام دوای پرۆسەی دابەزین، گواستنەوە و پەیوەندینەکردنی بەشێکیان، بە تێکڕا نزیکەی 1000 خوێندکار جێگیر دەبن و دەمێننەوە، هاوکات ساڵانەش لە نێوان 1000 بۆ 1200 خوێندکار بڕوانامەی دەرچون لە زانکۆکە بەدەستدەهێنن.

سەبارەت بە کۆی گشتیی میلاکی زانکۆکەش، ئاشکرای کرد کە زانکۆی گەرمیان خاوەنی 1387 فەرمانبەر و مامۆستایە، کە لەو ژمارەیە 535 کەسیان مامۆستان.


پێکهاتەی ئەکادیمی؛ زانکۆی گەرمیان خاوەنی ٨ کۆلێژی فەرمییە

د. ئاراس فەریق ئاشکرای کرد کە دوای رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ کردنەوەی کۆلێژی ئەندازیاری، کۆی گشتیی کۆلێژەکانی زانکۆی گەرمیان گەیشتە هەشت کۆلێژ. کە پێنج لە کۆلێژەکان (پزیشکی، ئەندازیاری، زانست، پەروەردە و پەروەردەی بنەڕەت) لە ناوەندی کەلارن، و سێ کۆلێژەکەی دیکەش (وەرزش، تەکنەلۆژیای زانیاری و کۆمپیوتەر، زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان) لە قەزای خانەقینن.