قایمقامیەتی قەزای کەلار: هەر کەسێک شوێنی مێز و عەرەبانە بدات بەکرێ لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت
هەواڵ
05:59PM - 2026-09-17 , بینین : 42


رادیۆی دەنگ

لەبازاڕی کەلار شوێنی هەندێک مێز و عەرەبانەی دەستگێڕ دراون بە کرێ لەلایەن کاسبکاری دیکەوە، قایمقامی قەزاکەش دەڵێت: ئەو کارە نایاساییە و هەرکەسێک بیکات لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.

بەوتەی چەند هاوڵاتییەک کە بۆ رادیۆی دەنگ قسەیان کرد، شوێنی هەندێک مێز و عەرەبانەی دەستگێڕ لەناو بازاڕی شارەکە، لەلایەن کەسانێکەوە دراون بە کرێ، لەکاتێکدا شۆستە و شەقامەکان موڵکی حکومەتن نەک تاک.

لەمبارەیەوە، عارف عادل، قایمقامی قەزای کەلار، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئەو شوێنانەی لەناو بازاڕی شارەکە مێز و عەرەبانەی تێدا دانراوە، موڵکی شارەوانییە و هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە کڕین و فرۆشتنی پێبکات یان بەکرێی بدات.

وتیشی: هەر کەسێک کارێکی لەو شێوەیە بکات، بێگومان لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.

دەشڵێت: تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەکی لەو شێوەیەمان بۆ نەهاتوە، جگە لەوەش بەدواداچون دەکەین و کردومانە بۆ ئەوەی حاڵەتێکی وا هەبێت لێپێچینەوەی یاسایی بکەین.