پێکنەهێنانی حکومەت کاروباری فەرمانگەکانی قەزای رزگاریی راگرتوە
هەواڵ
06:20PM - 2026-09-16 , بینین : 36


رادیۆی دەنگ

دوای بەقەزابونی رزگاریی یەکێک لە رێکارەکان پێویست بو بگیرێتەبەر دەبو فەرمانگەکانی قەزاکە پلەیان بەرزبکرێتەوە و بەشێکیان بکرێن بە بەڕێوبەرایەتی، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوە، قایمقامی قەزاکەش دەڵێت: هۆکارەکەی پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتە.

جەمال ساڵح، قایمقامی قەزای رزگاریی، بۆ رادیۆی دەنگ باسی لەوەکرد: گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئێمە لە ئێستادا پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتە، هەتاوەکو حکومەت پێکنەهێنرێت ناتوانین هیچ هەنگاوێک بنێین.

دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە نەوەستاوین داواکاریی خۆمان کردوە، ئەو بەشانەی کە هەن لە قەزاکە بکرێن بە بەڕێوبەرایەتی لە نمونەی بەشی پۆلیس و کشتوکاڵ، هاوکات ئەو بنکانەشی کە هەن بکرێن بە بەش.

هێمای بۆ ئەوەشکرد: لەگەڵ ئەوەشدا بەم ستافەی کە ئێستا هەیە ناتوانین فەرمانگەکان بەڕێوەببەین، بۆیە ئەوکات پێویستمان بە دامەزراندنی زیاتر هەیە، هاوکات ئەمەش گرفتێکی دیکەیە و هیچ دامەزراندنێک نیە لە ئێستادا.

جەختی لەوەشکردەوە: هەرکات حکومەت پێکهێنرا ئەوکات رێکارە ئیدارییەکانی خۆمان دەستپێدەکەین.