مزگەوت؛ شوێنی ئاسودەیی و ئەمان، نەک مەیدانی خوێنڕشتن و تۆڵەسەندنەوە
01:15PM - 2026-07-27 , بینین : 83


م. ئیدریس ژاڵه‌یی*


لە چەند كاتژمێره‌كانى رابردودا، روداوێکی دڵتەزێن لە ناو کۆمەڵگەکەمان رویدا؛ پیاوێک لە کاتی نوێژی عیشا و لە ناو مزگەوت، بەهۆی کێشەیەکی خێزانی و کۆمەڵایەتیەوە بە چەکەوە ڕۆیشتە ناو ماڵی خوا و بە دەستڕێژی گوللە پیاوێکی نوێژخوێنی مزگەوتی کوشت.

 ئەم ڕووداوە تەنها تاوانێکی کوشتن نییە، بەڵکو هێرشێکی ئاشکراشە بۆ پیرۆزیی مزگەوت، بۆ ئاسایشی کۆمەڵگە و بۆ ئەو بەهایانەی کە هەزاران ساڵە مرۆڤایەتی لەسەریان راوەستاوە.

لە ئیسلامدا، مزگەوت ماڵی خودایە و شوێنی ئارامی و خواپەرستی و پاراستنی گیان و کەرامەتی مرۆڤە. خودای گەورە دەفەرموێت: ﴿ۆمَنْ دَخَڵهُ كَانَ ێمِنًا﴾؛ ئەم مانایە تەنها تایبەت بە "مەسجیدی حەرام" نییە، بەڵکو بنەمایەکی گشتییە کە شوێنە پیرۆزەکان دەبێت شوێنی ئاسایش و ئارامی بن، نەک شوێنی تۆڵەسەندنەوە و خوێنڕشتن.

 تەنانەت لە سەردەمی جاهیلیشدا، واتە پێش هاتنی ئیسلام و غیابی ئاینی ئاسمانی، خەڵک رێزی شوێنە پیرۆزەکانی گرتوە و بە پیرۆز تەماشاکراون و  ئەوانەی پەنایان بۆ پەرستگاکان بردوە پارێزراو بون، لە زۆربەی ئایینە گەورەکانی جیهانیش پەرستگاکان بە شوێنی ئاشتی و ئاسایش ناسراون و پەناگە بون و خەڵک پەنای بۆ بردون،

بەداخەوە کە بەچاوی خۆمان دەبینین ئەم پیرۆزییە لە ناخی کۆمەڵگەدا کاڵ دەبێتەوە و نامێنێت، ئەمەش نیشانەی هاتنی مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هەمومان.

راستە لەمێژوودا هەندێکجار روداوی گەورەتر رویداوە و بەناوی خودا و ئایندارییەوە پەرستگا و شوێنەکانی خواپەرستی وێران کراون و سوکایەتی بە ژیان و ئاینی مرۆڤ کراوە و بوەتە بەشێک لە مەترسیە گەورەکانی بەکارهێنانی ئاین  بۆ مەرامە شەخسی و سیاسیەکان، بەڵام  ئەوەی لەم روداوەدا زیاتر جێی نیگەرانییە، روە کۆمەڵایەتی و خزمایەتیەکەیەتی کە  کێشەی کەسی و خێزانی بگاتە ناو مزگەوت و لە کاتی نوێژ و سوژدە و وەستان لەبەردەم خودا، بە خوێنڕشتن کۆتاییان پێبێت. بێگومان ئەمەش نیشانەی لاوازیی بەها ئاخلاقییەکان، کەمی وشیاریی ئایینی، لاوازیی چارەسەری دانایانەی ناکۆکییەکان و دابەزینی هەستی بەرپرسیاریی کۆمەڵایەتییە.

کۆمەڵگەی کوردەواری وایلێبێت کە مزگەوتەکانی ئەمن و ئەمانی تێدانەمێنێت، ئیتر کوێی ئەمان دەبێت؟! ئیتر چۆن دەتوانێت دڵنیایی و ئەمان بە شوێنەکانی دیکە بدات؟ کە شوێنی سوژدە دەبێتە گۆڕەپانی شەڕ و ناکۆکی و تۆڵەسەندنەوە، دەبێت هەمومان ئەمه‌ وەک زەنگی مەترسی ببینین، نەک تەنها وەک هەواڵێکی دڵتەزێن.

ئەرکی هەموانە؛ زانا و پێشەوایان، مامۆستایان، دایکان و باوکان، راگەیاندنکارەکان و دامەزراوە پەروەردەییەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکان، بەخۆداچونەوە بکەین، دەبێت ئەم روداوە رامانچەڵەکێنێت،  هەمو پێکەوە زیاتر بەهاکانی رێز، لێبوردەیی، چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکی و پیرۆزیی مزگەوت، لە دڵی نەوەکاندا بچەسپێنین. هه‌مو کێشەیەک دەکرێت بە یاسا، دانایی و ئاشتەوایی چارەسەر بکرێت، بەڵام خوێنڕشتن هیچ کات چارەسەر نەبوە و نابێت.


* سه‌رۆكى لقی گه‌رمیانى یه‌كێتى زانایانى ئاینی ئیسلامی كوردستان