دەوامکردن لە پشوی هاویندا؛ غەدرێکی ئاشکرا لە فەرمانبەر
03:28PM - 2026-07-19 , بینین : 208


د. شێرکۆ نەریمان سوبحان* 


لە بابەتی پێشودا رونمان کردەوە چۆن زانکۆکانی کوردستان (بە تایبەت زانکۆی گەرمیان) غەدر لە مامۆستا دەکەن، ئەمەش بێ گوێدانە یاسای راژەی زانکۆیی و شارستانی، لە پشوی هاویندا دەوام بە مامۆستا دەکەن و دەرماڵەی دەبڕن کە یاساکانی پەرلەمان پێی داون. 

لێرەدا رونیدەکەینەوە کە چۆن سەرۆکی بەش و بەڕێوەبەر و لێپرسراوی هۆبەکانی کارگێڕیی فەرمانبەران تەکلیفی هاوین دەکرێن، بەڵام شایستەی دارایی ٧٥ کاتژمێرییان بۆ خەرج دەکرێت.

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە کە سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرەکانی (زانستی و کارگێڕی) و راگرەکان، خۆیان موچەی دو قات وەردەگرن لەو مانگەی تەکلیف دەکرێن کە ئەمە بە پێی یاسا هەقی خۆیانە. بەڵام خۆ یاساکە هەق بە بەڕێوەبەر و سەرۆکی بەش و لێپرسراوی یەکە کارگێڕییەکانی زانکۆ دەدات کە ئەوانیش بە هەمان شێوە موچەی دو قات وەرگرن! بە چی لۆجیکێک ئەم جیاوازییە دەکرێت؟!

هەر بەپێی یاسای راژەی زانکۆیی ژمارە ٢٣ـی ساڵی ٢٠٠٨، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (ژمارە ١٠٩٠٤ ) ئاڕاستەی زانکۆکانی کردوە لە ٢-٧-٢٠٢٦، زانکۆکانی ناچار کردوە کە مووچەی دو قات بۆ لێپرسراوی یەکە کارگێڕییەکان خەرج بکرێن.

هەر بەپێی یاساکە، بەڕێوەبەر، سەرۆکی بەش و لێپرسراوی هۆبە یەکەی کارگێڕین. سەرەڕای ئەمانەش، فەرمانبەری ئاسایی ١٢ مانگە دەوام دەکات، سوپاس و پێزانین و خەڵاتکردنی یاسایی بەگوێرەی پێویست نییە.

هەر دەڵێن قەیرانی داراییە، کەچی زانکۆکانیش تادێت داهاتیان زیاتر دەبێت و خوێندکاری پاراڵێل زیاتر دەبێت و موچەش لە بەغداوە دێت! 

لە ئەنجامدا، بە پێی لۆجیک، یان دەبێت یاساکە بۆ هەموان وەک یەک بێت، یان نابێت جیاوازی بکرێت. واتا یان دەبێت هەموان ٧٥ کاتژمێر تەکلیف بکرێن، یان هەموی دەبڵ موچە.

بۆیە پێویستە خولێک لە زانکۆکانی کوردستان بکرێتەوە بۆ فێربونی لۆجیک، ئەمەش بۆ رێگەگرتن لە نادادپەروەریی.


* پرۆفیسۆری یاریدەدەر زانکۆی گەرمیان