دەوامکردن لە پشوی هاوینە؛ غەدرێکی ئاشکرا لە مامۆستا
02:49PM - 2026-07-16 , بینین : 204


د. شێرکۆ نەریمان سوبحان*  


بە پێی یاسای راژەی زانکۆیی (ژمارە ٢٣ـی ساڵی ٢٠٠٨)ـی عێراق کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەکات بەو یاساییە، لەبەرئەوەی ئەم یاسایە لە لایەن سەرۆکی کۆمارەوە واژۆ کراوە، پشوی هاوینە وەک پشوی ئاسایی سەیرکراوە و پێویستە لە ماوەی ٦٠ رۆژی پشوی هاوینە (١-٧ تا ١-٩) موچەی تەواو (راتب کامل) بە مامۆستایانی زانکۆ بدرێت. موچەی تەواویش بریتییە لە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەکان. 

لە یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت (ژمارە ٢٢ لە ساڵی ٢٠٠٨)ـی عێراق، دەرماڵەی مەترسی بەستراوەتەوە بە ناونیشانی پیشەیی مامۆستاوە، نەک پسولەی سەندیکا و ئامادەبونی لە نەخۆشخانە و تاقیگەکان. 

بەپێی یاسای راژەی شارستانی (ژمارە ٢٤ لە ساڵی ١٩٦٠)، نابێت لە پشووی فەرمی و ئاسایی دەرماڵەی فەرمانبەر ببڕدرێت. 

ئەوەی جێگای سەرنجە، لە زانکۆکانی کوردستان (بە تایبەت ئەوەی من ئاگادارم لە زانکۆی گەرمیان) ساڵانە بە بیانوی پشوی هاوینە، دەرماڵەی مەترسی مامۆستایان دەبردرێت. 

دەرماڵەی مەترسی و خۆتەرخانکردنی زانکۆیی و بڕوانامە و نازناوی زانستی، ئەمانە دەرماڵەی جێگیرن و لە پەرلەمانەوە بە مامۆستا دراوە، کەس ناتوانێت بە نوسراوێک یان ڕێنماییەک بیبڕێت. ئەم دەرماڵانە پەیوەندی بە بڕوانامەوە هەیە. پێویستە کەسانێک لە شوێنی هەستیاری زانکۆکان دابنرێت کە لە بڕوانامە تێ بگات، با خۆی بڕوانامەکەی هەرچی بێت!

دەرماڵەی مەترسی کەسانی تەکنۆکرات دایناوە تۆ (چیت) بێی داوای خشتەی ئامادە بوونی دکتۆر بکەیت لە نەخۆشخانە؟!

خەرجکردنی شایستەی دارایی لە پشودا، جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ حکومەتەکانی پابەند کردوە کە نابێت لە پشودا ببڕدرێت، دوبارە تۆ چیت، نەک کێیت؟!

ئەم لێبڕینە سەرلەبەری نایاساییە، لەکاتی سکاڵای هەر مامۆستایەک لە دادگای کارگێڕیی، دەبێت سەرۆکی زانکۆ، یاریدەدەری کارگێڕیی و بەڕێوەبەری ژمێریاریی، بەرپرسیارێتی هەڵگرن؛ لەبەر ئەوەی لیستی موچەی مامۆستایانی زانکۆ لە دەسەڵاتی کۆلێجەکان دەرکراوە و خراوەتە ئەستۆی سەرۆکایەتی زانکۆ. 

سەرەڕای ئەمانەش لە پشوی هاویندا (١-٧ تا ١-٩) بە بێ تەکلیفکردنی مامۆستا بۆ راسپاردنی کار (تاقیکردنەوە، تەسڵیح و.. هتد)، یاسا رێگا نادات مامۆستا دەوامی پێبکرێت یان یەک خولەک کار بۆ زانکۆ بکات! تەکلیفکردنیش تەنها دو ساڵ بەسەر یەک دەبێت، ساڵی سێیەم نەک سەرۆکی زانکۆ، بەڵکو تەنها وەزیر بە رەزامەندی مامۆستا خۆی دەتوانێت تەکلیفی مامۆستا بکات بۆ راسپاردنی کارێک بەرامبەر بە شایستەیەکی دارایی کە لە ٧٥ سەعاتی کاتژمێری زێدەگی زیاتر نەبێت.


* پرۆفیسۆری یاریدەدەر زانکۆی گەرمیان