رادیۆی دهنگ- هۆزان فهریق
لە قوژبنێکی شاری کەلار، لەو شوێنەی کە تەمەن تێیدا وەستاوە و یادگارییەکان تاکە هاوەڵی مرۆڤەکانن، كچێك هەیە کە تەنها کاری پەرستاری ناکات، بەڵکو بوە بە پردێک لە نێوان ئازار و ئاسودەیی. رەوشت حەمید، دەرچوی کۆلێژی پەرستاری زانکۆی هەولێری پزیشکی، چیرۆکی خۆی لە ناو دڵی ماڵی "حاجی ئاهو بۆ بەساڵاچوان" دەگێڕێتەوە.
لە سپێدەوە تا ئاوابون؛ زیاتر لە پەرستارێک
هەمو بەیانییەک سەعات هەشت و نیو، کاتێک رەوشت پێ دەنێتە ناو هۆڵەکانی خانەکە، کارەکەی تەنها بەسەرکردنەوەی ژورەکان و دابەشکردنی دەرمان نییە.
ئەو دەڵێت: "کاتێک دەچمە ژوری بەساڵاچوان، یەکەم کارم دڵنیابونەوەیە لە تەندروستییان، بەڵام زۆر جار تەنها بە قسەیەکی خۆش و دڵنەواییکردن، دەتوانم وایان لێ بکەم هەست بە باشتر بکەن".
بۆ رەوشت، گەورەترین پاداشت ئەو ساتەیە کە نەخۆشێک دوای ئازارێکی توند، دەستخۆشییەکی لێ دەکات و دەڵێت "ئۆخەی نەجاتم بو". ئەو دەڵێت: لەو کاتانەدا من لە نەخۆشەکە زیاتر هەست بە دڵخۆشی دەکەم.
کاتێک رۆڵەکان دەگۆڕێن
لەو شوێنەدا کە زۆربەی نیشتەجێبوانی کەسوکاریان نییە یان کەس نایەت بە دەم داواکانیانەوە، رەوشت ناچارە رۆڵی "کەسی نزیک" بگێڕێت.
ئەو کاتانەی پێویستیان بە نەشتەرگەری یان سەردانی پزیشکی پسپۆر هەیە لە دەرەوەی خانەکە، رەوشت وەک كچێك لەگەڵیان دەڕوات.
"سێ بۆ چوار سەعات لە عیادەکان لەگەڵیان دەمێنمەوە، لەگەڵ دکتۆر قسە دەکەم و دڵنیا دەبمەوە لە بارودۆخیان. لەو ساتانەدا رۆڵی من لە پەرستارێکەوە دەگۆڕێت بۆ كچى ئەوان". رەوشت وادهڵێت.
هەشت ساڵ لە نێوان خەم و کۆڵنەداندا
رەوشت کە ئێستا هەشت ساڵە بە بەردەوامی لەم خانەیە کار دەکات، سەرەتا بە حەز و خولیایەک دەستیپێکرد، بەڵام روبەڕوبونەوە لەگەڵ واقیعی تاڵی ژیان، خەریک بو بیخاتە سەر لێواری بێئومێدی.
ئەو دەگێڕێتەوە: "قورس بو بۆ من کەسێک ببینم ساڵانێکی زۆر مناڵی بەخێو کردوە و دواتر مناڵەکەی بە دەستی خۆی دەیهێنێتە ئێرە. یان بینینی گریانی بەردەوامی بێکەسەکان وایلێکردم بیر لە وازهێنان بکەمەوە، بەڵام کۆڵم نەدا و ئێستا فێر بوم چۆن بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ، مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ کەیسەکان بکەم".
یاساکانی "ماڵە گەورەکە"
وەرگرتنی کەیسە نوێیەکان لەم خانەیەدا سادە نییە. لیژنەیەک لە توێژەر، پەرستار و بەڕێوەبەر بڕیار دەدەن.
رەوشت وەک پەرستار، دەبێت پشکنینی ورد بۆ توانای عەقڵی و نەخۆشییە گواستراوەکان بکات. ئەو جەخت دەکاتەوە: "ئێرە ماڵە، هەمو پێکەوە نان دەخۆن، بۆیە ناتوانین کەسێک وەربگرین کە نەخۆشییەکی گواستراوەی هەبێت و ببێتە مەترسی بۆ سەر ئەوانی تر".
تەنانەت لە رابردودا، ئەم خانەیە باوەشی بۆ ١١ مناڵیش کردوەتەوە. رەوشت نەک هەر وەک پەرستار، بەڵکو وەک مامۆستایەکیش یارمەتی داون لە وانەکانی قوتابخانە و پەروەردەکردنیان، تا ئەو کاتەی گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان.
جەنگێكى سهخت لە پێناو تەندروستی
یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگییەکانی رەوهز، مامەڵەکردنە لەگەڵ بیروبۆچونی چەسپاوی بەساڵاچوان.
"کەسێک ٧٠ ساڵە لەسەر شێوازێکی ژیان راهاتوە، قەناعەتپێکردنی بەوەی کە نابێت شەکر یان چەوری بخوات، کارێکی زۆر قورسە. جاری وایە دەڵێن با بیخۆین و بمرین، بەڵام دواتر کە توشی ئازار دەبن، دەبێت دیسانەوە دانیشین و دڵنەواییان بکەینەوە". رەوشت وادهڵێت.
لە کۆتاییشدا باس لهوهدهكات کە کارەکەی ئەو تەنها مامەڵەکردن نییە با جەستەیەکی نەخۆش، بەڵکو مامەڵەیە لەگەڵ رۆح و مێژویەک لە مەینەتی.
ئەو دەڵێت: "ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە خۆمان لە جێی ئەوان دابنێین کە لە ژیانێکی خۆشەوە هاتون و ئێستا بە تەنیا لەسەر قەرەوێڵەیەک خۆیان دەبیننەوە، تێدەگەین کە چەندە قورسە. بۆیە ئیشی ئێمە دانیشتن و گوێگرتنە لێیان، بۆ ئەوەی تۆزێک لە ئازارەکانیان کەم بکەینەوە".
- دوایین بابەتەکان
-
راپۆرتروباری سیروان خەونێکی دیکەی لەگەڵ خۆیدا برد
-
-
هەواڵکێشەی غاز بۆ تازە هاوسەران و ئەو پیاوانەی ٢ هاوسەریان هەیە دروستدەبێت
-
-
هەواڵشارەوانی رزگاریی: هەڵمەتێكی لابردنی خانی ئاژەڵانمان دەستپێكردوە
-
-
هەواڵداخستنی کارگەیەکی سەهۆڵی بارگرانی بۆ خەڵکی کفری دروستکردوە
-
-
راپۆرتیەکەی چارەسەری ئاوەڕۆ؛ حکومەت و کۆمپانیا لە گەرمیان پێشێلی یاسا دەکەن
-
زۆرترین بینراوەکان