رادیۆی دەنگ
پرۆسەی دەرکردنی مۆڵەتی تەندروستی بۆ شوێنکارەکان و پێدانی کارتی تەندروستی بە کرێکاران، دراوە بە کۆمپانیا و نرخەکان بەڕادەیەکی بەرچاو گران کراون، وتەبێژی تەندروستی گەرمیانیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە بڕیارەکە لە هەمو کوردستان جێبەجێ دەکرێت و تایبەت نییە بە گەرمیان.
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، لەماوەی رابردودا دەرکردن و نوێکردنەوەی مۆڵەت و ناسنامەی تەندروستی بۆ شوێنکار و کرێکاران، دراوە بە کۆمپانیا و نرخەکەیشی زیاد کراوە.
هەربەپێی زانیارییەکان، رسوماتی دەرکردن و نوێکردنەوەی مۆڵەتی تەندروستی شوێنکارەکان، ٤٠٪ زیادیکردوە.
هاوکات دەرکردن و تازەکردنەوەی ناسنامەی تەندروستی بۆ کرێکاران، ئەویش بەهەمانشێوە زیادکراوە، بەجۆرێک پێشتر بۆ دەلاک و قەساب و ساڵۆن و گۆشتفرۆش، ١٧ هەزار دینار وەردەگیرا کە ١٥ هەزاری بۆ پشکنینی خوێن و ٢ هەزاری بۆ چاپکردنی کارتەکە بوە، بەڵام ئێستا نرخەکە بوەتە ٢٣ هەزار کە پارەی پشکنین هەروەکخۆی ١٥ هەزارە و پارەی چاپی کارتەکە کراوەتە ٨ هەزار.
هەرچی نانەوا و چایچی و نانفرۆش و ئەو کرێکارانەیە کە لە خواردنگە و چێستخانەکاندا کاردەکەن، پێشتر دەرهێنانی ناسنامەی تەندروستی بۆیان ٥ هەزار دینار دەکەوت (٣ هەزار بۆ پشکنینی تاقیگەیی و ٢ هەزار بۆ چاپکردنی کارتەکەیان)، بەڵام ئێستا بوە بە ١١ هەزار (٣ هەزار بۆ پشکنین و ٨ هەزار بۆ چاپی کارتەکە).
هەربەپێی زانیارییەکان، پارەی چاپی کارتەکان کە زیادیکردوە، کۆمپانیا وەریدەگرێت.
لەبارەی ئەم کارەوە، ئازاد حەمەفەرەج، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ساڵانی پێشو بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان رێگەپێدانی تەندروستی دەکرد بۆ خاوەنکار و کارمەندەکان، بەڵام ئەمساڵ کۆمپانیا کارەکە بەڕێوەدەبات.
وتیشی: کۆمپانیاکە لەئەمساڵەوە لە گەرمیان دەستبەکار بوە، ئەگینا پێشتر لە شوێنەکانی تری هەرێمی کوردستان دەستبەکاربوە، ئەمەش بڕیاری وەزارەتی تەندروستییە بۆ هەمو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و تەنها لای ئێمە نییە.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵتابلۆی ژمارە کاتیی لە ئۆتۆمبیلی فەرمیی بەڕێوبەری ئەوقافی گەرمیان دەدرێت
-
-
هەواڵلەمساڵدا ٤٠ شوێنکار لەگەرمیان بەهۆی دەستەبەری کرێکارانەوە دراونەتە دادگا
-
-
هەواڵبەراورد بە ساڵی پار راوکردن لە گەرمیان زیادی کردوە
-
-
هەواڵبەتۆمەتی هەڵگرتنی کیلۆیەک ماددەی هۆشبەر لە گەرمیان کەسێک دەستگیر دەکرێت
-
-
هەواڵجارێکی تر کارکردن لە ١٤٤ شوقەکەی کەمدەرامەتانی کەلار راوەستا
-