یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆ؛ حکومەت و کۆمپانیا لە گەرمیان پێشێلی یاسا دەکەن
راپۆرت
12:54PM - 2026-06-24 , بینین : 71


رادیۆی دەنگ- محه‌مه‌د مه‌حمود

یەکێک لە مەرجەیاساییەکانی دروستکردنی پرۆژەی نیشتەجێبون یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆیە، چالاکوانان و پسپۆرانی بواری ژینگە دەڵێن دانانی یەکەکە گرنگە بۆ ژینگەی ناوچەکە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەشێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبونی سنورەکە ئەو یەکەیان دانەناوە و بەشێک لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی حکومەتیش بێوەڵامن.

یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆ بریتییە لە کۆمەڵێک حەوز و ئامێری تەکنیکی و بایۆلۆجی کە پێکەوە کاردەکەن بۆ وەرگرتنی ئاوی پیسی ناوماڵان و کارگەکان بە مەبەستی پۆلێنکردن و پاککردنەوەی لە پاشەڕۆ و بەکتریا زیانبەخشەکان تا کوالێتییەکەی بگۆڕێت بۆ ئاوێکی شیاو کە بەبێ زیان بڕژێتە سروشتەوە یان بۆ ئاودانی باخچەکان بەکاربهێنرێتەوە.

یەکێک لە گرنگترین مەرجە ژینگەیی و تەندروستیەکانی ناو سای تپلانی پڕۆژە نیشتەجێبوەکانی گەرمیان، پرسی چارەسەرکردنی ئاوی ئاوەڕۆ و پاشەڕۆکانە، لە ئێستادا لە ناوەندە بڕیاردەرەکان و کۆمپانیاکاندا، دو رای جیاواز لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاوی قورسی پڕۆژەکاندا دروست بوە،.

بەپێی ماددەی (۲٥ لە یاسای ژمارە ٨ـی ساڵی ٢٠٠٨)ـی ژینگە لە هەرێمی کوردستان و هاوکات بەپێی ماددەی ١٩ لە یاسای ژمارە ٤ـی ساڵی ٢٠٢١ تایبەت بە پاراستنی پڕۆژە و تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان- عیراق جەخت لەوە دەکەنەوە کە پرۆژە نیشتەجێبونەکان دەبێت یەکەی چارەسەری ئاوی ئاوەڕۆیان بۆ دابنرێت و نابێت پاشماوەکانی فڕێ بدرێتە سروشت و چارەسەر نەکرێت، بەپێچەوانەوە نایاسییە.


چالاکوانان و پسپۆڕانی ژینگە: دانانی یەکەکە گرنگه‌

ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی رێکخراوی ژینگەدۆستانی گه‌رمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: نابێت یەکەی نیشتەجێبونەکان بخرێتە سەر ئاوەڕۆ و پێویستە یەکەی چارەسەری هەبێت.

وتیشی: یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆ جۆری زۆرە، پێویستە ئەو جۆرە یەکانە دابنرێت کە بۆ ناوچە گەرمەکان دەشێن، چونکە کەلار ناوچەیەکی گەرمە.

دەشڵێت: بەبونی یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆ، سودی هەیە، لەوانە بەفیڕۆنەدانی ئاو و دوبارە سود وەرگرتنەوە لەو ئاوە بۆ ئاودانی باخچەکان، چونکە ناکرێت ئاو بەفیرڕۆ بچێت.

باس له‌وه‌شده‌كات ناکرێت بەو چارەسەر تەقلیدییە دروست بکرێت، چونکە وه‌كخۆی وتى: پاشەڕۆ دەخرێتە سەر رواری سیروان ئەمەش ژینگەی روبارەکە پیسدەکات و مەترسی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان دروست دەکات.

هاوکات د. عەبدولموتەڵیب رەفعەت، پسپۆڕی ژینگه‌ و ئاو، باس له‌وه‌ده‌كات ده‌بێت بونى یەکەی چارەسەر بکرێتە مەرجی یاسایی.

وتى: هەموو شارەکان لە فراوانبووندان، بەتایبەتى شارى کەلار، ناکرێت هەموو ئەم فراوانبونە هیچ خزمەتگوزارییەکى ژینگەیى و تەندروستى لەگەڵ نەبێت، ئەگەر بەمشێوەیەى ئێستا فراوانبونى شار بەردەوام بێت، ئەوە دور نییە لە ئایندەدا ژینگەى شارەکە بەرەو داڕوخان هەنگاو بنێت.

وتیشی: هەندێك لە پرۆژەکانى کەلار پێشتر مەرجى یەکەى چارەسەرکردنیان بۆ دانرابو، بەڵام زۆرێکیان جێبەجێیان نەکرد و هەندێك لەلایەنە پەیوەندیدارەکان پێیان باشتربو کە یەکەى چارەسەرى بچوک دروستنەکرێت بە بیانوى ئەوەى کە سەرکەوتو نییە، ئەم بیانوە کاتێک ڕاستە کە حکومەت خۆى یەکەى چارەسەرى یەکگرتو بگرێتە ئەستۆ. 

هەرچەندە بەپێی یاسا دەبێت یەکەی چارەسەر لە پرۆژەکاندا هەبێت، بەڵام ئەو پسپۆرەی ژینگە پێی وایە کە تەنها جێبەجێکردنى پرۆژەکە گرنگە بەتایبەتى لاى سەرمایەداران کە زۆرجاریش لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکان پشتگیریان دەکەن.


وەبەرهێنانی گەرمیان: هەر خاڵێک لەسایت پلان دانرابێت ئێمەش پەسەندی دەکەین

له‌باره‌ى ئه‌م پرسه‌وه‌ بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان، بۆچونى خۆیان ده‌خاته‌ڕو.

هونەر مەحمود، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لە سایت پلانی پەسەندکراودا کۆمپانیا پابەندە بەوەی چی هه‌بێت جێبەجێی بکات، ئەگەر جێبەجێی نەکات لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.

وتیشی: ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار لارینەبونی لەسەر هەر خاڵێک دەربڕی، ئەو کات ئێمەش گرفتمان نیە و سایت پلان جێبەجێ دەکەین.

دەشڵێت: بۆ نمونە یەکەی چارسەری ئاوەڕۆ لە سایت پلانی هەر پرۆژەیەک بو و جێبەجێ نەکرا، ئەوا رێکاریی یاسایی بەرامبەر کۆمپانیاکە دەگیرێتەبەر.

 قسەکانی بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان لەکاتێکدایە، بەشێک لەپرۆژەکانی نیشتەجێبون لە سنورەکە لە سایت پلانەکانیاندا شوێنی یەکەی چارەسەری ئاوی ئاوەڕۆ دانراوە، بەڵام هەندێک لە پرۆژەکان تەواو بون و وێستگەکەی تێدانییە، واتا شوێنی بۆ دانەنراوە، لەبری ئەوە ئاوەڕۆیان بۆ دروستکراوە.


فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌: به‌بێ ئه‌و یه‌كانه‌ مۆڵەتی ژینگەیی هەڵدەوەشێنرێتەوە

 له‌به‌رامبه‌ردا فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان، جه‌خت له‌ پێویستیی دانانى ئه‌م یه‌كانه‌ ده‌كاته‌وه‌.

د. دورەید سەلیم، بەڕێوبەری فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان بۆ رادیۆی دەنگ جەختی کردەوە وتی: هەمو پرۆژەیەکی نیشتەجێبون پێویستە یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەبێت، ئەگەر نا مۆڵەتی ژینگەیی پێنادرێت.

وتیشی: مەرجەکەش ئاڕاستەی وەبەرهێنانی گەرمیان دەکەین لە رێگای لیژنەکانیانەوە چاودێربن بەسەریانەوە و لەسایت پلانەکانیاندا جێگیری بکەن و لەواقیعدا جێبەجێی بکەن.

دەشڵێت: هەر پرۆژەیەکی نیشتەجێبون یەکەی چارەسەری ئاوی ئاوەڕۆی نەبێت، مۆڵەتی ژینگەیی هەڵدەوەشێنرێتەوە و وەکخۆی وتی: "پێویستە داواکاری گشتیش لەسەر ئەم بابەتە بێتە سەر خەت".

له‌باره‌ى دانانى ئه‌م پرۆژانه‌وه‌، هەریەکه‌ لە بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان و سەرۆکایەتی شارەوانی کەلار بەڕێوبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوه‌دانى گەرمیان، پەنجەی تۆمەتیان بۆ رادەکێشرێت. رادیۆی ده‌نگ په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار و به‌ڕێوبه‌رى نه‌خشه‌دانانى گه‌رمیانه‌وه‌ كرد، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان به‌رده‌ست نه‌بو. 


له‌نێوان یاسا و ویستى كۆمپانیاكاندا

بەپێی یاسا سایت پلانی هیچ پرۆژەیەکی نیشتەجێبون نابێت پەسەند بکرێت تاوەکو یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆی تێدا نەبێت، بەڵام لەگەرمیان بەشێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبون یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆیان لەسایت پلاندا هەیە و جێبەجێنەکراوە، بەشێکی دیکەشیان یەکەی چارەسەر تێدا نییە و سایت پلانیان پەسەند کراوە.

له‌م نێوه‌نده‌شدا ژینگه‌ و ئاوی ناوچه‌كه‌، كه‌وتوه‌ته‌ نێوان دو به‌رداشه‌وه‌: پاراستنى بنه‌ما زانستى و یاسایی و ژینگه‌ییه‌كان، له‌گه‌ڵ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیی مادیی كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان. داهاتو ده‌ریده‌خات كام به‌رداشیان سه‌ركه‌وتو ده‌بن!