
رادیۆی دەنگ
بەپێی بڕیارێکی حکومەتی عێراقی، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی قەزایەکی نوێ بەناوی "قەرەتەپە"، کە هەریەکە لە ناحییەکانی: (قەرەتەپە، جەبارە و کۆکس) لەخۆ دەگرێت.
بەپێی ژمارەیەک نوسراو کە پارلەمانتاری عێراق: ئەحمەد مەزهەر جبوریی بڵاویکردونەتەوە، وەزارەتی پلاندانانی عێراقی رەزامەندی کۆتایی داوە لەوەی قەرەتەپە بکرێت بە قەزا و جگە لە خودی ناحییەی قەرەتەپە، هەریەکە لە ناحییەکانی جەبارە و کۆکسیشی بخرێتە سەر.
لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە ژمارەی دانیشتوانی هەرسێ ناحییەکە کەمترە لە 80 هەزار کەس، کە ئەمەش ستانداردی عێراقییە و نابێت قەزا بە ناحییەکانییەوە ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمتر بێت لەوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی تایبەتییەوە ئاوارتە "استثناء" کراوە.
ئەو بارودۆخە تایبەتەی کە لە نوسراوەکەی وەزارەتی پلاندانانی عێراقییدا باسی لێوەکراوە، ئەوەیە کە ئەو دو ناحییەیە بێ قەزان، واتا گرێدراو نیین بە قەزاوە، چونکە ئەوان لە بنەڕەتدا سەر بە قەزای کفرین و کفریش سەر بە پارێزگای سلێمانیە کە پێش کەوتنی رژێمی بەعس کفری لەژێر دەستی هەرێم بو و ئەو دو ناحییەیە لەژێر دەستی حکومەتی عێراقی بون.
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە ئیدارەی هەردو ناحییەی قەرەتەپە و جەبارە و ئەنجومەنی پارێزگای دیالەش رازیین بە دروستکردنی ئەو قەزایە، بەڵام باسی رەزامەندیی نە ئیدارە و نە خەڵکی کۆکس بۆ ئەو بابەتە نەکراوە.
پێش ئەم نوسراوەی وەزارەتی پلاندانان کە ئەمڕۆ (2ـی تەموز) دەرچوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر بە قەزاکردنی ناحییەکە داوە و لە رێکەوتی ( 25ـی ئایاری ئەمساڵ) داوای لە وەزارەتی پلاندانان کردوە بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ ئەو مەبەستە.
جیاواز لە هەردو ناحییەکەی تر، ناحییەی کۆکس لەئێستادا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمە و گرێدراوە بە قەزای کفرییەوە لە ئیدارەی گەرمیان، بەڵام لە نوسراوەکەیدا وەزارەتی پلاندانان باسی لەپێویستی دوبارە داڕشتنەوەی "ترسیمی" سنوری ناحییەی کۆکسی کردوە بەپێی ئەوەی پێش روخانی رژێم (پێش 19ـی ئاداری 2003) چۆن بوە، کە ئەوکات ناحییەکە لەژێر دەستی حکومەتی عێراقییدا بو.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵبۆ ساڵی نوێ 5 بەشی نوێ لە زانکۆی گەرمیان دەکرێتەوە
-
-
هەواڵوشکەساڵیی گوندی رەزوارـی بێئاو کردوە
-
-
هەواڵبەهۆی لەبەرنەکردنی جلی فەرمیی لەکاتی سەردانی پرسە، ئاگادارکردنەوە بۆ بەڕێوبەری پۆلیسی کفری دەردەکرێت
-
-
پرۆژەدەستەبەری کۆمەڵایهتی بۆ كرێكارانى گهرمیان لەنێوان كێشهى خاوەنکاران و ئاستەنگی هۆشیاریی و یاسایی
-
-
بەرنامەئایا كاری پەرلەمانتاریی گرنگی خۆی لەدەستداوە؟
-
زۆرترین بینراوەکان