دۆسییەی نەخۆشخانە ١٠٠ قەرەوێڵەییەکەی کەلار لەجێی خۆی ماوەتەوە
هەواڵ
12:20PM - 2026-11-03 , بینین : 54


رادیۆی دەنگ

وابڕیاربو نەخۆشخانە ١٠٠ قەروێڵەیەکەی کەلار بە پارەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان دەست بەکارکردن بکرێتەوە تێیدا، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوە، تەندروستی گەرمیانیش دەڵێت: داوامان کردوە، بەڵام وەڵام نەدراوینەتەوە.

ئازاد حەمەفەرەج، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: بۆ دوبارە دەستپێکردنەوەی کارکردن لە نەخۆشخانە ١٠٠ قەروێڵەیەکەی کەلار، داوامان لە ئیدارەی گەرمیان و وەبەرهێنان و نوسینگەی قوباد تاڵەبانیش کردوە کە لەسەر پارەی پرۆژەی وەبەرهێنان دەستپێبکاتەوە.

دەشڵێت: تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکمان بۆ نەهاتوەتەوە و ئێمەش چاوەڕوانین.

بەپێی هەواڵێکی پێشوی رادیۆی دەنگ، بیرۆکەیەک هاتوەتە پێشەوە بۆ ئەوەی ئەو بنکە تەندروستییانەی کە بڕیارە لە پرۆژەکانی نیشتەجێبونی سنورەکە دروستبکرێن بەجیا جیا، دروستنەکرێن و پارەکەیان کۆبکرێتەوە بۆ تەواوکردنی نەخۆشخانە ١٠٠ قەرەوێڵەییەکە.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە ساڵی ٢٠١٤ و لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی کارکردن لەم پرۆژە خزمەتگوزارییە راگیرا، کۆی گشتی ئەو بودجەیەی کە پێویستیەتی بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە، خۆی لە ١٧ ملیار دیناردا دەبینێتەوە.

↑