كەمبونەوەی پارەی وردە کێشەی لە بازاڕدا دروستکردوە
هەواڵ
02:16PM - 2026-11-04 , بینین : 38


رادیۆی دەنگ

كەمبونەوەی پارەی وردە تەنها گرفتی بۆ خاوەن فرۆشگاكان دروستنەكردوە، بەڵكو زیانیشی بە هاوڵاتیان گەیاندوە، خاوەنی نوسینگەیەكی دراویش دەڵێت: بەمشێوەیە بەردەوامبێت توشی کێشەی زیاتر دەبین.

پارەی وردە (٢٥٠ و ٥٠٠ دیناریی) لە بازاڕەكانی گەرمیاندا زۆر كەمبوەتەوە، بە جۆرێك وەک خاوەن نوسینگەی دراو باسی دەکات، "هەمو بازاڕی كەلار بگەڕێین بڕی ٢٥ هەزار دینار پارەی وردە كۆدەكەیتەوە، لە كاتێكدا پێشوتر دەتتوانی زیاتر لە  ٥٠ ملیۆن دینار كۆبكەیتەوە".

حسێن غەیدان، بۆ رادیۆی دەنگ وتیشی: پارەی وردە ئەوەندە كەمبوەتەوە لە بازاڕدا كە ئەتوانیت بڵێیت نەماوە، ئەمەش وادەكات کێشەی زیاتر دروستببێت و دواجار زیانێكی زۆریش بە هاوڵاتی دەگات.

بەوتەی خۆیشی نەبونی پارەی وردەی ٢٥٠ و ٥٠٠ دیناری لە بازاڕەكاندا وادەكات كە نرخی شتومەك زیادبێت، بە نمونە شمەکێک ئەگەر بە ٧٥٠ دیناربێت، خاوەنی فرۆشگا ناچارە بیكات بە هەزار دینار، ئەمەش دواجار زیان بە هاوڵاتی دەگەیەنێت.

↑