کۆمپانیای گازپرۆم نێفت: لە هاوکارییکردنی کەرتی پەروەردە لە گەرمیان بەردەوامین
هەواڵ
12:12AM - 2021/11/16 , بینین : 474
 
دەنگ نێت
 
‎کۆمپانیای گازپرۆم نێفت باس لەوە دەکات چەندین قوتابخانەی سنووری گەرمیانیان نۆژەن کردوەتەوە و ژمارەیەک پۆلی قوتابخانەشیان دروست کردوە، لەگەڵ گرتنەخۆی تێچونی خوێندنی ژمارەیەک فێرخوازی کورد لە دەرەوەی وڵات.
 
لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەی بۆ رادیۆی دەنگ نێردراوە، ھاتوە: بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی گەرمیان، پلانی هاوبەشمان هەبووە، وەک جێبەجێکردنی ئەو پلانەش، لە ٢٠٢١دا هەستاین بە دروستکردنی پێنج پۆلی نوێی خوێندن بۆ خوێندنگەی بنەڕەتیی گوندی حەسیرە و گوندی کارێزەش، تەواوی کەلوپەل و پێویستییەکانی خوێندنیشیان بۆ دابین کراوە. 
 
رونیشیکردوەتەوە: هاوکات دیواری خوێندنگەی گوندەکانی کارێزە، کەوا چەرموو، میل قاسم، حەسیرە و حاجی عەواد، بۆیاخ کراون و نەخشێنراون و بە دابینکردنی کتێبیش، یارمەتیی خوێندنگەی ئاشتی لە سەرقەڵا دراوە. 
 
کۆمپانیاکە باس لەوە دەکات 'بۆ چەندان ساڵ لەسەر یەک، پشتگیری نۆزدە خوێندکاری کوردی کردوە لە رێی دابینکردنی زەمالەوە لەسەر ئەرکی کۆمپانیا، لە باشترین زانکۆکانی ڕوسیا سەرقاڵی خوێندنی باڵا (بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا)ن. ژمارەیەک لەو خوێندکارانە خوێندنیان تەواو کردووە و دواتریش هەر لە کۆمپانیا لە بلۆکی نەوتیی گەرمیان، کاریان پێ دراوە و بەردەوامن'.
 
هەروەها دەشڵێت: ھەستاون بە رەخساندنی هەلی مەشقی هاوینە بۆ زیاتر لە هەژدە خوێندکاری زانکۆکانی: کۆیە، سۆران و سلێمانی، کە دێن و ڕاستەوخۆ لە رێی ستافی کۆمپانیاوە فێر دەکرێن و دەبرێنە بەشە جیاوازەکانی دۆزینەوە و هەڵکەندن و بەرهەمهێنان، لە نزیکیشەوە ئەوەی پێشتر بە تیۆری خوێندویانە، بە پراکتیکی نیشانیان دەدرێت. 
 
کۆمپانیای گازپرۆم نێفت، لە بلۆکی نەوتی گەرمیان (سەرقەڵا)، کاری گەڕان و دەرھێنانی نەوت ئەنجام دەدات و تا ئێستاش چوار بیرە نەوتی لە کێڵگەکە ھاتونەتە بەرهەم و چالاکن.