مامۆستایەکی زانکۆی گەرمیان بەھۆی کارکردن لە پرۆژەیەکی زانستی ھەڕەشەی فەسڵکردنی دەکرێت
هەواڵ
12:12AM - 2021/08/12 , بینین : 1,541
 
دەنگ نێت
 
مامۆستایەکی زانکۆی گەرمیان کە لە بریتانیا کار لە پرۆژەیەکی 'زانستی گەورە'دا دەکات، رایدەگەیەنێت کە دوا ئاگادارکردنەوەی لە زانکۆی گەرمیانەوە بۆ نێردراوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر کارەکەی، بە پێچەوانەوە فەسڵ دەکرێت.
 
د. حەسەن محەمەد رۆستەم، لە ھەژماری خۆی لە فەیسبوک، وێنەی نوسراوێکی زانکۆی گەرمیانی بڵاوکردوەتەوە کە ئاراستەیان کردوە و تیایدا ئاماژە بەوەدەکەن کە دەبێت لە زوترین کات دا دەستبەکار ببێتەوە، بە پێچەوانەوە فەسڵ دەکرێت.
 
ئەو مامۆستایەی زانکۆی گەرمیان، چەند ساڵێکە مۆڵەتی فەرمی وەرگرتوە و لە تاقیگەکانی زانکۆی نۆتینگھامی بریتانی وەکو توێژەر دەستبەکار بوە بۆ کارکردن لەسەر پرۆژەیەکی زانستی کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە پشتگیری دەکرێت و بەوتەی خۆی دەرەنجامی توێژینەوەکە خزمەتێکی گەورە دەبێت بە مرۆڤایەتی بە گشتی.
 
لە نوسراوەکەی زانکۆی گەرمیان دا، ئاماژە بە ٢ نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا دراوە کە رازیی نەبون بە درێژکردنەوەی مۆڵەتی ئەو مامۆستایەی زانکۆ کە بەھۆی تەواونەبونی پرۆژە زانستیەکەیانەوە داوای درێژکردنەوەی مۆڵەتی کردبو.
 
لە وەڵامی ئەو نوسراوانەدا، د. حەسەن محەمەد رۆستەم، لە پەیامێکدا نوسیویەتی: من کە هاتووم بۆ ئەنجامدانی کارێکی زانستی گەورە هاتووم بە ڕەزامەندی زانکۆ و وەزارەت و زانیویانە ماوەی پرۆژەکە چەند دەخایەنێت، پشتگیری ئەو زانکۆیەش کە تیایدا توێژینەوە ئەکەم لەبەردەستیانە. 
 
دەشڵێت: ئەخلاقی زانستیم رێگەم پێ نادات پرۆژەکە بەجێ بهێڵم، بۆیە ناتوانم دەست هەڵگرم لەم پڕۆژەیە. 
 
ھاوکات ھەر لەبارەی ئەم کێشەیەوە، لە پۆستێکی تردا بەناونیشانی: "بڕوخێ زانست، بژی جەهالەت"، دەڵێت: "لەسەر ڕەزامەندی وەزارەتی خوێندنی باڵا، دوو ساڵ و نیوە سەرگەرمی پرۆژەیەکی گرنگین بۆ مرۆڤایەتی، ساڵ و نیوێکی ماوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت دەبێ بە جێی بهێڵیت و هەر ئێستا بگەڕێیتەوە کوردستان، گەر نەگەڕێیتەوە فەسڵ دەکرێیت!".
 
پێشتریش ئەو مامۆستایەی زانکۆی گەرمیان، لە پۆستێکدا وێنەیەکی ئەو نامەیەی کە زانکۆی نۆتینگھام بۆیان ناردوە بڵاوکردەوە، کە تیایدا دەڵێت: زانکۆی نۆتنگهام لە بریتانیا لە ٨/١ـەوە هەمو خەرج و تیچوی پێشکەشکردنی فیزا و بیمەی تەندروستی و قەرزی درێژخایەنی بێ ریبا دەگرێتە ئەستۆ بۆ ئەو زانایانەی کە لە دەرەوەی بریتانیا هاتوون و لەم زانکۆیەدا لە بواری توێژینەوەدا خزمەت دەکەن.. بۆ پاریزگاریکردن و ڕاگرتنی خاوەن تواناکانە لەم زانکۆیەدا و هەروەها بۆ ڕاکێشانی خاوەن  تواناکەنە لە جیهان بۆ ئەم زانکۆیە.