ئەو مامۆستایەی لە گردەگۆزینەوە گوازرایەوە بۆ کەلار رونکردنەوە دەدات؛ "بەپێی ریزبەندیی پەروەردەی کەلار و بەشایستەبونی خۆم تەنسیب کراوم"
هەواڵ
12:09PM - 2026-11-21 , بینین : 1,163


رادیۆی دەنگ

ئەو مامۆستایەی کە لە هەواڵێکی پێشودا باس لە گواستنەوەی کرابو لە گوندێکەوە بۆ ناو شاری کەلار، رونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە "بەپێی ریزبەندیی پەروەردەی کەلار و بە شایستەیی" تەنسیب کراوە، دەشڵێت: "پێوست ناکات ئەرک و بەرپرسیارێتی خانەوادەکەم تێکەڵ بەم بابەتە بکرێت".

لە رونکردنەوەکەدا کە ئاراستەی رایگشتی کردوە، ئەو مامۆستا گرێبەستە، رایگەیاندوە: "تەنسیب کراوم بۆ خوێندنگایەکی ئامادەیی بەپێی ئەو خشتەیەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەلار بۆ پسپۆڕیی فیزیا دایناوە، کە تێیدا بەپێی خاڵبەندیی لە زنجیرەی چوارەمدام، وەک هەر کەسێک بەپێی خزمەت و خاڵبەندی ناوم هاتوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ماوەی ٩ ساڵە لە دەرەوەی شار خزمەت دەکات و چەندین ساڵە داوای گواستنەوەی کردوە، جگە لەوەی لە قۆناغی زانکۆدا یەکێک بوە لە یەکەمەکانی (ئەوائیلەکانی) بەشەکەی خۆی، بۆیە پێیوایە ئەو تەنسیبەی بە شایستەبونی خۆی بۆ کراوە.

سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانیش، ئەو مامۆستایە دەڵێت: "پێویست ناکات ئەم کارە تێکەڵی بابەتی کەسایەتی، خێزانی و بەرپرسیارێتی خانەوادەم بکرێت، چونکە منیش لە خانەوادەیەکی تێکۆشەر و خاوەنی شەهیدی سەنگەر و ئەنفالم و رێگە نادەم مافم پێشێل بکرێت".

رونیشیدەکاتەوە کە بەپێی وتەی پەروەردەی کەلار، ئەو سێ ناوەی لە خشتەکەدا لە سەروی ناوەکەی ئەوەوە هاتون، خۆیان داوای گواستنەوەیان نەکردوە؛ هاوکات داوا لەو مامۆستایانەش دەکات کە ناویان لە خوارەوەی ریزبەندییەکەی ئەوە لە خشتەکەدا و خۆیان بەشایستەتر دەزانن، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گەرمیان بکەن و سکاڵای خۆیان تۆمار بکەن.

ئەم رونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە رادیۆی دەنگ لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردبو، مامۆستایەکی گرێبەست کە کچی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیانە بۆ کاروباری تەکنیکی، لە قوتابخانەیەکی گوندی گردەگۆزینەوە بەبێ جێگرەوە (بەدیل) گوازراوەتەوە بۆ ئامادەییەک لە ناو قەزای کەلار.

ئەوکات هەریەک لە م. محەمەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان و م. عەدالەت لەتیف، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار، جەختیان لەوە کردبوەوە کە پرۆسەکە تەنها لەسەر بنەمای "پێویستی، خاڵبەندی و شایستەبون" بوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی پسپۆڕییەکە لە ئامادەییەکەی قەزای کەلاردا، لە بەرامبەریشدا مامۆستایەکی دیکەی گرێبەست ناڕەزایەتی دەربڕیبو کە ماوەی چوار ساڵە بەهۆی دۆخی خێزانییەوە داوای گواستنەوە دەکات و بۆی ناکرێت.

↑