مامۆستایەکی گرێبەست کە کچی بەرپرسێکی پەروەردەیە دەگوازرێتەوە بۆ ناو کەلار
هەواڵ
09:36PM - 2026-11-19 , بینین : 1,066


رادیۆی دەنگ 

مامۆستایەکی گرێبەست کە کچی بەرپرسێکی پەروەردەی گەرمیانە، لە قوتابخانەی گوندێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئامادەییەکی نێو قەزای کەلار، هەردو بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی گەرمیان و کەلار رونکردنەوە دەدەن و دەڵێن: "کارەکە پێویست بوە"، مامۆستایەکیش دەڵێت من چەندینجار داوام کردوە و بۆم نەکراوە.

بەپێی نوسراوی ژمارە (٨۰۳٥)ـی بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی کەلار کە لە رێککەوتی ۳ـی ۱۱ـی ۲۰۲٦ دەرچوە و وێنەی دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، تێیدا بڕیار لە جێگۆڕکێی دو مامۆستا دراوە کە یەکێکیان مامۆستای گرێبەستە و ئەوی دیکەیان مامۆستای میلاک.

بەپێی نوسراوەکە، مامۆستا گرێبەستەکە کە ناوی لای رادیۆی دەنگ پارێزراوە، لە قوتابخانەیەکی گوندی گردەگۆزینەوە گوازراوەتەوە بۆ ئامادەییەک لە قەزای کەلار. ئەمەش لەکاتێکدایە کە پرۆسەکە بەبێ جێگرەوە "بدیل" کراوە، هاوکات جێگۆڕکێ و گواستنەوەی مامۆستای گرێبەستیش بەتایبەتی لە گوندەوە بۆ ناو قەزاکان، کارێکە پەروەردە بە ئاستەم رێگەی پێدەدات.

بەپێی زانیارییەکان، مامۆستا گوازراوەکە کچی یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیانە بۆ کاروباری تەکنیکی.

لەوبارەیەوە، بەڕێوبەری پەروردەی کەلار رونکردنەوە دەدات.

م. عەدالەت لەتیف، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئامادەییەک لە کەلار پێویستیان بە مامۆستا بوە، ئێمەش دو مامۆستای ئامادەییەکی ترمان بۆ ناردن و دواتر شوێنیان بەتاڵ بو.

وتیشی: بۆیە پێویست بو مامۆستایەک بەهەمان پسپۆڕییەوە بگوازینەوە بۆ ئامادەییەکە، هەربۆیە مامۆستا گرێبەستەکەمان لە قوتابخانەیەکی گوندی گردەگۆزینەوە بۆ گواستەوە.

دەشڵێت: گواستنەوەکە لەسەر بنەمای پێویستیی بوە نەوەک شتی دیکە.

هاوکات، بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان، دەڵێت: ئێمە لەسەر بنەمای پێویستیی و بەخاڵبەندیی و بە موستەحەقی گواستنەوە دەکەین بۆ مامۆستاکان.

م. محەمەد ئەحمەد، وتیشی: گواستنەوەی ئەو مامۆستایە پێویست بوە بۆیە گواستنەوەمان بۆ کردوە، هەر مامۆستایەکی دیکەش خۆی بە موستەحەق دەزانێت و پێویست بێت گواستنەوەی بۆ دەکەین.

لەبەرامبەردا مامۆستایەک کە هەمان پسپۆڕیی مامۆستا گوێزراوەکەی هەیە، نیگەرانی خۆی لە کارەکە پیشاندا.

ئەو مامۆستایە کە نەیوست ئاماژە بە ناوی بکرێت، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: من مامۆستای گرێبەستم لە گوندێکی گەرمیان لە هەمان پسپۆڕییدا، چوار ساڵە داوای گواستنەوە دەکەم بۆ ناو شار بەهۆکاری دۆخی خێزانیی، کەچی بۆم نەکراوە.

گواستنەوەی ئەم مامۆستا گرێبەستە، لەکاتێکدایە کە سەروی هەزار مامۆستای گرێبەست لە گەرمیاندا هەن، بەشێک لەمانە نێردراون بۆ قوتابخانەی گوندەکان. بەپێی وتەی خۆیان، گواستنەوەیان بۆ ناو قەزاکان کارێکی زەحمەت و قورسە و بەرپرسانی پەروەردە رێگەی پێنادەن.

↑