بەپێی بەڵگەنامەیەکی هەواڵگریی عێراقی کە وەک "زۆر نهێنی" پۆلێن کراوە، نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان لە کێڵگەکانی کەرکوک و هەرێمی کوردستانەوە بەرەو دەرەوەی وڵات دەگوازرێنەوە لەڕێگەی تۆڕێکەوە.
بەڵگەنامەکە کە لە ١٤ لاپەڕە پێکهاتوە و لەلایەن بەشی هەواڵگریی شوێنیی (GSI) لە هەواڵگری عێراق ئامادە کراوە، نەخشەی دو هێڵی سەرەکیی قاچاخچێتیی نەوت دەخاتەڕو: هێڵی یەکەم بەرەو رۆژهەڵات بۆ ئێران و دواتر ئەفغانستان، هێڵی دوەمیش بەرەو باکور بۆ تورکیا لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە.
راپۆرتەکە لە رێگەی بەراوردکردنی وێنە ئاسمانییەکانەوە دەریدەخات کە دۆخی دەروازەی پەروێزخان لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا گۆڕانکارییەکی ریشەیی بەسەردا هاتوە؛ بە جۆرێک لە وێنەیەکی مانگی ئاداری ٢٠٢١ـدا تەنیا چەند ئۆتۆمبێلێکی پەرشوبڵاو لە هەردولای رێگاکەی دەروازەکەدا دەبینرێن، بەڵام دو وێنەی دیکە کە لە مانگی تشرینی دوەمی ٢٠٢٥ و کانونی دوەمی ٢٠٢٦ـدا گیراون، پەردە لەسەر سەدان تانکەر هەڵدەدەنەوە کە لە کێڵگە و زەوییەکانی تەنیشت دەروازەی پەروێزخاندا رێز کراون و ئامادەی تێپەڕبونن.
بەپێی راپۆرتەکە، هاوتەریب لەگەڵ پەروێزخان، لە دەروازەی باشماخیش بەهەمانشێوە ئەم کارە دەبینرێت.
دواتر ئەم پشکانە بە شێوەیەکی نافەرمی رێڕەوەکەیان دەگۆڕدرێت بەرەو قاچاخچێتی؛ نەوتی خاو یان بەرهەمە سەرەتاییەکان دەکرێنە نێو تانکەرەوە و بەڕێدەکەون بۆ ناوچە سنورییەکان.
بەپێی دەقی راپۆرتەکە، لە رێگادا "ئاسانکاریی بۆ تێپەڕبونیان دەکرێت" تاوەکو لە رێگەی هەردو دەروازەی پەروێزخان و باشماخ لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ناو خاکی ئێران بپەڕنەوە.
هۆکاری سەرەکیی ئەم جموجۆڵەش بۆ جیاوازیی نرخ دەگەڕێتەوە، بەو پێیەی هەرزانیی نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی وایکردوە ببێتە سەرچاوەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ بەقاچاخبردن و دوبارە هەناردەکردنەوەی.
بەڵگەنامەکە پرۆسەی "تێکەڵکردن" وەک گرنگترین هەنگاوی تۆڕەکە ناودەبات؛ تێیدا نەوتی قاچاخی عێراقی لەگەڵ بڕێکی زۆر لە بەرهەمە نەوتییە خۆماڵییەکانی ئێران تێکەڵ دەکرێت، پاشان بە بەڵگەنامە وەک بەرهەمێکی عێراقی دەناسێنرێت، ئەویش بەمەبەستی هەناردەکردن و خۆدزینەوە لە سزا نێودەوڵەتییەکان.
لە قۆناغی کۆتاییدا، کاروانی تانکەرەکان بە شارەکانی رۆژهەڵاتی ئێراندا تێدەپەڕن و لە رێگەی دەروازەی سنووریی "ماهیرود" لە پارێزگای خوراسان یان دەروازەکانی دیکەوە بەرەو سنوری ئەفغانستان دەچن. لەوێش لە کۆگا زەبەلاحەکانی شارە سنورییەکانی وەک هیرات و فەراهـ کە لەلایەن کۆمپانیا تایبەتەکانی هاوردەکردنی ئەفغانییەوە بەڕێوەدەبرێن، بەتاڵ دەکرێن.
وەک بەڵگەنامەکە جەختی لێدەکاتەوە، ئەو سوتەمەنییە دوبارە هەناردەی بازاڕەکانی دیکە ناکرێتەوە، بەڵکو بە شێوەی بەنزین و گازوایل راستەوخۆ بەسەر وێستگەکانی سوتەمەنی لە شار و ویلایەتەکانی ئەفغانستاندا دابەش دەکرێت و دەخرێتە ناو تۆڕی بەکارهێنانی ناوخۆیی ئەو وڵاتەوە.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵپۆلیسی گەرمیان: ٣ جۆر کامێرای چاودێریی لە زۆربەی شوێنە پێویستەکانی کەلار دانراون
-
-
هەواڵ٣٦ شوقە لە کفری تەواو بوە و کەس وەریناگرێت
-
-
هەواڵدۆسییەی بڕیاردان لە تۆمارکردنی خانوەکانی رزگاریی لە ئەنجومەنی وەزیرانە
-
-
هەواڵنرخی زێڕ هاوسەرگیریی لە گەرمیان کەم کردوە
-
-
هەواڵلە گەرمیان بەشێک لە قوتابخانە و پەیمانگا ئەهلییەکان موچەیەک دەدەن بە مامۆستایان کە کەمترە لەوەی دیارییکراوە لە گرێبەستەکەیاندا
-