لە گەرمیان هەندێک لە مامۆستایان دەوامی فەرمی لەبەر قوتابخانە ئەهلییەکان بەجێدێڵن
هەواڵ
07:25PM - 2026-11-10 , بینین : 212


رادیۆی دەنگ

هەندێک لە مامۆستایانی گەرمیان دەوامی فەرمی بەجێدێڵن لەپێناو وتنەوەی وانە لە قوتابخانە و پەیمانگا ئەهلییەکان، ئەمەش لەکاتێکدایە بەپێی بڕیارێک پێویستە مامۆستا تاکۆتایی دەوامی فەرمی لە قوتابخانەکەیدا بمێنێتەوە.

بەگوێرەی بەدواداچونێکی رادیۆی دەنگ، هەندێک مامۆستا لە گەرمیان و بەتایبەت قەزای کەلار، کاتێک دەڕۆنە دەوامی فەرمی خۆیان لە قوتابخانە حکومییەکان، وانەیەک یان دوان دەڵێنەوەو دواتر قوتابخانەکە بەجێدەهێڵن.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو مامۆستایانە پاش جێهێشتنی قوتابخانەکان، یان دەچنە سەر کاری تایبەت، یاخود لە ناوەندێکی وەکو قوتابخانە و پەیمانگا ئەهلییەکان، وانە دەڵێنەوە.

ئەم کارەش بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی پەروەردە کە واژوی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە، سەرپێچییە.

لەو نوسراوەدا کە لە ١٣ خاڵ پێکدێت و لە رێکەوتی ۱٥ـی ۷ـی ۲۰۲٦ـدا دەرچوە، لە خاڵی یازدەیەمیدا هاتوە: "پابەندبونی مامۆستا لە دەوامکردن تا کۆتایی دەوام".

رادیۆی دەنگ بۆ وەرگرتنی قسەی ئەوان لەسەر ئەم حاڵەتە، پەیوەندی بە بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان و وتەبێژی بەڕێوبەرایەتییەکەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکانی بێ وەڵام بون.

↑