هەمو بەنداوەکانی گەرمیان پێویستییان بە خاوێنکردنەوەیە
هەواڵ
07:08PM - 2026-11-09 , بینین : 38


رادیۆی دەنگ

بەڕێوبەری بەنداوەکانی گەرمیان ئاشکرای دەکات سەرجەم بەنداوەکانی سنورەکە پێویستیان بەخاوێنکردنەوە هەیە، چونکە قوڕولیتەیەکی زۆریان تێدا نیشتوە، بۆ ئەمەش پێویستیان بە ئامێری تایبەتە.

جەبار مەحمود، بەڕێوبەری بەنداوەکانی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ باسی لەوەکرد: لە سنوری گەرمیان  چوار بەنداوی تەواو کراومان هەیە کە توانای گلدانەوەی ئاویان هەیە، ئەم بەنداوانەش بەهۆی کۆبونەوەی قوڕولیتەیەکی زۆر تێیاندا، پێویستیان بە پاککردنەوە هەیە.

جەختی لەوەشکردەوە: پاککردنەوەی ئەو بەنداوانە پێویستی بە ئامێری تایبەتمەند هەیە، بەڵام ئەو ئامێرە لە هەرێمی کوردستاندا نیە، ئەگەرچی داواشمان کردوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دابیننەکراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان چوار بەنداو بونیان هەیە، ئەوانیش بەنداوەکانی توڕەجاڕ و باوەشاسوار و ئاوەسپی و حەسەن کەنۆشە، ئەم بەنداوانەش بەکۆی گشتی توانای گلدانەوەی ٢٩ ملیۆن و ٢٠٠ مەتر سێجا ئاویان هەیە.

↑