رادیۆی دهنگ
یهكهى چاودێریی حكومهتى خۆجێی گهرمیان، نوێترین كارى خۆی تهرخانكردوه به كێشهى ئهنجومهنى شارهوانییهكان لهگهرمیان و بهناونیشانى"لە نێوان ئەنجومەنێکی بەساڵاچو و پەیڕەوێکی سڕکراودا؛ ئەنجومەنی شارەوانییەکانی گەرمیان کێ بەڕێوەیان دەبات؟"، راپۆرتێكى تێروتهسهلی بڵاوكردوهتهوه.
له راپۆرتهكهدا به وردیی تیشكیخستوهته سهر ئهو ئهنجومهنه شارهوانییانهى لهئێستادا ههن، لهسهر كێشه و ئالهنگارییهكانیان وهستاوه. پاشان لهسهر پێكنههێنانى ئهنجومهنى نوێی شارهوانییهكان قسهى كردوه و هۆكارهكانى به وردیی رونكردوهتهوه. دواتر لهسهر ئهو تێبینی و سهرنجانه قسهیكردوه كه پسپۆڕان و چالاكوانان لهبارهى پهیڕهوى تایبهت به كارى ئهنجومهنى شارهوانییهكان لهلایهن ئهنجومهنى وهزیرانهوه دهریكردوه.
لهكۆتایی راپۆرتهكهشدا، دیارترین دهرهنجامى پرسهكه خراوهتهڕو، لهگهڵ پێشنیازكردنى ژمارهیهك راسپارده بۆ لایهنى حكومی و كۆمهڵی مهدهنی، بۆ ئهوهى كارى لهسهر بكهن.
ئهم راپۆرته لهچوارچێوهى پرۆژهیهكى رادیۆی دهنگ دێت به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، سهبارهت به برهودان به رۆژنامهوانى مافهكانى مرۆڤ و ژنان و چاودێریی حكومهتى خۆجێی گهرمیان.
بۆ خوێندنهوهى راپۆرتهكهش بهشێوازی PDF، كلیك لهم فایلهى لایخوارهوه بكه:
لهخوارهوه دهقی راپۆرتهكه بەشێوەی تێکست دهخوێننهوه.
لە نێوان ئەنجومەنێکی بەساڵاچو و پەیڕەوێکی سڕکراودا؛
ئەنجومەنی شارەوانییەکانی گەرمیان کێ بەڕێوەیان دەبات؟
پێشەکی
شەش ساڵ بەسەر دەرچونی پەیڕەوی ژمارە (2)ـی ساڵی 2019ـى ئەنجومەنی وەزیراندا تێپەر دەبێت، کە تایبەت بو بە چۆنیەتیی پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەوانییەکان لە هەرێمی کوردستان، کەچی لە سنوری ئیدارەی گەرمیاندا تا ئەمڕۆ هیچ هەنگاوێک نەگەیشتوەتە ئەنجام بۆ دەستبەکاربونی ئەو ئەنجومەنە.
لە کاتێکدا ئیدارەی گەرمیان و شارەوانییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ناوی ئەندامانیان بۆ وەزارەت بەرزکردوەتەوە و چاوەڕوانی رەزامەندین، لە واقیعدا شارەوانییەکان هێشتا بەو چەند ئەندامەی ئەنجومەنەکەی ساڵی 2000 بەڕێوە دەچن کە ماونەتەوە؛ ئەنجومەنێک کە زۆربەی ئەندامەکانی کۆچی دواییان کردوە، بەتەمەندا چون یان دەستیان لە کار کێشاوەتەوە.
بەشی یەکەم: ئەنجومەنی شارەوانی چییە، ئەرکەکانی بەپێی یاسا و دەستور چین، و بۆچی گرنگە؟
1. ئەنجومەنی شارەوانی چییە؟
ئەنجومەنی شارەوانی بریتییە لە دامەزراوەیەکی خۆجێیی بەڕێوەبردن و بڕیاردان لە سنوری جوگرافیی هەر شارەوانییەکدا، کە وەک پەرلەمانێکی خۆجێیی بچوککراوە کار دەکات بۆ داڕشتنی سیاسەتی گشتیی گەشەپێدانی شار، دابەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و سەرپەرشتیکردنی کارەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانی.
لە بنەمای زانستی کارگێڕی و زانستە سیاسییەکاندا، شارەوانی تەنها فەرمانگەیەکی بیرۆکراسیی حکومی نییە کە لە سەروی خۆیەوە فەرمان وەربگرێت، بەڵکو دەستەیەکی کارگێڕیی هاوبەشە لە نێوان حکومەت و دانیشتوانی شاردا. فەلسەفەی دروستبونی ئەم ئەنجومەنە لەسەر بنەمای بەشداریپێکردنی هاوڵاتیان، دەستەبەرکردنی دادپەروەریی خزمەتگوزاری، و نەهێشتنی تاکڕەوی لە بڕیارە هەستیارە کارگێڕی و داراییەکاندا دامەزراوە.
سەرۆکی شارەوانی بەپێی یاسا سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە لە شاردا، لە کاتێکدا ئەنجومەنی شارەوانی دەسەڵاتی بڕیاردان و چاودێریکردنی هەیە؛ سەرۆکی شارەوانی تەنها یەکێکە لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە و ناتوانێت بە تەنیا بڕیار لەسەر موڵک و ماڵ، ماستەرپلان و داهاتی گشتی بدات.
2. پێگەی یاسایی، دەستوری و میکانیزمی دیاریکردنی ئەندامان
پێگەی یاسایی ئەنجومەنی شارەوانی لەسەر بنەمای ناناوەندێتیی کارگێڕی (لامەرکەزییەت) بەپێی ماددەی (122)ـی دەستوری عێراق جێگیر کراوە.
بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان (ژمارە 6ـی ساڵی 1993)، ئەنجومەنی شارەوانی بە بەرزترین مەرجەعی بڕیاردان لە سنوری شارەوانیدا ئەژمار دەکرێت و سەرۆکی شارەوانی ناتوانێت بەبێ دەنگی زۆرینەی ئەندامان هیچ بڕیارێک لەسەر ماستەرپلان، ئیفراز، تەرخانکردن یان فرۆشتن و بەکرێدانی زەوی و موڵکەکان بدات.
هەرچەندە بەپێی یاسای پارێزگاکان (ژمارە 3ـی ساڵی 2009) لە ماددەی 35ـدا شێوازی دەستنیشانکردنی ئەندامان گۆڕانکاری بەسەردا هات و هەڵبژاردنی راستەوخۆ بەستراوە بە دەرچونی پەیڕەوێک لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بەڵام دەسەڵاتە بڕیاردەرەکانی ئەنجومەنەکە وەکخۆیان مانەوە.
سەرئەنجام، بەپێی پەیڕەوی ژمارە (2)ـی ساڵی 2019ـی ئەنجومەنی وەزیران، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی بەپێی پلەبەندیی شارەوانییەکان دیاریکراوە:
• شارەوانی پلە نایاب (ممتاز): لە 17 ئەندام پێکدێت (لە گەرمیان قەزای کەلارە).
• شارەوانی پلە یەک: لە 11 ئەندام پێکدێت (لە گەرمیان قەزای کفری و قەزای رزگاریى دەگرێتەوە).
• شارەوانی پلە دو: لە 9 ئەندام پێکدێت (وەک قەزای خانەقین).
• شارەوانی پلە سێ: لە 7 ئەندام پێکدێت (وەک ناحیەی سەرقەڵا و باوەنور).
• شارەوانی پلە چوار: لە 5 ئەندام پێکدێت (وەک ناحیە بچوکەکان).
پەیڕەوەکە جەختی کردەوە کە لە سەرجەم ئەم پلەبەندییانەدا، پێکهاتەی ئەنجومەن بە رێژەی 75% بۆ بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان (وەک: تاپۆ، کشتوکاڵ، ئاو، کارەبا، پەروەردە، تەندروستی، ژینگە، بەرگریی شارستانی و هاتوچۆ) بێت کە سەرۆکی شارەوانی دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەن و بەڕێوەبەری تاپۆ دەبێتە جێگری سەرۆک، لەگەڵ 25% بۆ نوێنەری سەندیکا و رێکخراوەکان (وەک: سەندیکای ئەندازیاران، ژوری بازرگانی و پیشەسازی، یەکێتیی مامۆستایان، سەندیکای کرێکاران و رێکخراوە مەدەنییەکان) بێت تاوەکو بڕیارە کارگێڕی و ئەندازیارییەکان بە هەماهەنگیی هەمەلایەنە و بە چاودێریی چین و توێژە جیاوازەکان دەربچن.
3. گرنگیی ئەنجومەنی شارەوانی لە بەڕێوەبردنی خۆجێییدا
بونی ئەنجومەنی شارەوانی وەک پردی پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵات کار دەکات؛ لە لایەک پرەنسیپی ناناوەندێتیی (لامەرکەزی) دەستوری بەرجەستە دەکات و لە لایەکی ترەوە رێگری لە هەژمون و تاکڕەویی سەرۆکی شارەوانی دەکات لە بڕیاردان بە تەنیا.
ئەم ئەنجومەنە دادپەروەری لە دابەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان دەستەبەر دەکات و دەبێتە قەڵایەک بۆ چاودێریکردن و پاراستنی ماستەرپلان و سامانی گشتی لە گۆڕینی رەگەزی زەوی و دەستدرێژیکردنە سەر موڵکی دەوڵەت.
لە ئیدارە سەربەخۆکانی وەک گەرمیاندا، گرنگیی ئەنجومەنی شارەوانی چەند هێندە زیاتر دەبێت بەهۆی نەمانی ئەنجومەنی پارێزگا و دوری لە ناوەند؛ چونکە لە غیابی ئەنجومەندا سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان لە یەک کاتدا دەبنە بڕیاردەر، جێبەجێکار و چاودێر بەسەر خۆیانەوە، ئەمەش بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و شەفافییەت بە تەواوی هەڵدەوەشێنێتەوە.
بەشی دوەم: ئەنجومەنەکانی ساڵی 2000؛ لە نەمانی نیسابی یاساییەوە تا پەراوێزخستنی بڕیارەکانیان
1. کەمبونەوەی ئەندامان و هەڵکشانی تەمەن؛ کێشەی هاوبەشی ئەنجومەنی سەرجەم شارەوانییەکانی گەرمیان
بەهۆی تێپەڕبونی 26 ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی ساڵی 2000، کەمبونەوەی ئەندامان لە ئەنجامی کۆچی دوایی، نەخۆشی و هەڵکشانی تەمەن، بوەتە دیاردەیەکی گشتگیر لە سەرجەم شارەوانییەکانی ئیدارەی گەرمیاندا.
سامان رەحیم، سەرۆکی شارەوانی کەلار، دەڵێت: لە ئەنجومەنی کۆنی شارەوانی کەلار تەنها چوار ئەندام ماونەتەوە کە هەر یەکەیان 25 بۆ 26 ساڵە لەم ئەرکەدان. لە ڕاستیدا تەمەنێکیان هەیە و بەهۆی باری تەندروستی و هەڵکشانی تەمەنیانەوە، ئەو توانایەی جاران لە بەردەم کارەکاندا نەماوە.
وتیشى: لە ڕوی یاساییەوە نابێت ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی لە پێنج کەس کەمتر بێت، بەڵام ئەندامانی تر کۆچی دواییان کردوە و ئێستا تەنها بەو چوار ئەندامە و بە خۆمەوە بڕیار لەسەر کاروبارەکانی شار دەدەین.
سەرۆکی شارەوانی کەلار تیشکدەخاتە سەر ئەوەی هەڵکشانی تەمەنی ئەندامان بوەتە کۆسپ لە بەردەم نەخشە و هەنگاوە سەردەمییەکانی گەشەپێدانی شار و دەڵێت: ئەندامانی ئەنجومەنی کۆن تەمەنێکی زۆریان بەسەر بردوە و بەهۆی هەڵکشانی تەمەن و باری تەندروستییانەوە، ئاسان نییە بە خێرایی لەگەڵ پرسە نوێیەکان و ئاڵۆزیی رێکارەکانی ئێستادا بگونجێن، بە جۆرێک زۆرجار پێویست بە رونیکردنەوەی چەندبارە دەکات تا بابەتەکانیان بۆ رون بێتەوە. هەروەها کاتێک دەتەوێت بڕیارێک بدەیت ئەندامەکان ناتوانن بە ئاسانی یەک بگرنەوە، ئەمەش وایکردوە تێڕوانینیان لەگەڵ واقیعی خێرای ئەمڕۆدا نەگونجێت و بەردەوام گرفت بۆ بەڕێوەچونی کارەکان دروست بکات.
هاوشێوەی کەلار، لە قەزای کفریش کەمبونەوەی ژمارەی ئەندامان و نەمانی توانای بەردەوامبونیان لە ئەرکەکانیاندا بوەتە کێشە بۆ بەڕێوەچونی کارەکان.
عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی کفری، لەبارەی دۆخی ئەندامانی ئەنجومەنەکەیان دەڵێت: ئەنجومەنە کۆنەکە کاتی خۆی حەوت کەس بون لە ساڵی 2000 هەڵبژاردنیان بۆ کرا، بەڵام ئێستا دوانیان تاقەتیان نەماوە و دەڵێن واژۆ ناکەین. ئێمە هەر بەو رێژەیەی کە ماون و واژۆ دەکەن کارەکانمان بەڕێوە دەبەین و کارەکان نەوەستاوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دروستبونی ئەنجومەنی نوێی شارەوانی زۆر زەرورتر و باشترە، چونکە بون و تازەکردنەوەیان وا دەکات کارەکان بە شێوازێکی باشتر و سەردەمیانەتر بڕۆن بەڕێوە.
هاوکات لەگەڵ سەنتەری قەزاکاندا، پشتبەستن بەم ئەنجومەنە دێرینانە شۆڕبوەتەوە بۆ ئاستی ناحیەکانیش و هەمان واقیع لەوێش بەردەوامە.
پەیمان محەمەد، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی سەرقەڵا، لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەچونی کارەکان لە سنورەکەیان دەڵێت: سەبارەت بە ئەنجومەن لە شارەوانییەکان، لە ناحیەی سەرقەڵاش هەر ئەنجومەنەکانی پێشون و کارەکان و بڕیارەکان لەلایەن ئەو ئەندامانەوە دەدرێت کە لەو کاتەوە ماونەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، ئەرسەلان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان، بونی ئەم بۆشاییە لە تەواوی سنوری گەرمیان پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: ئێمە کێشەی ئەوەمان هەیە ئەو بەڕێزانەی لە ئەندامی ئەنجومەنن، بەشێکیان کۆچی دواییان کردوە، بەشێکیان لە دەرەوەی وڵاتن و بەشێکیشیان دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، چونکە ماوەی 26 ساڵ زۆرە و بە سروشتی دۆخەکە ئەم کەموکورتییە لە میلاکیاندا دروست بوە.
2. ناڕەزایی ئەندامانی ئەنجومەن؛ "نە دەمانگۆڕن و نە خانەنشینمان دەکەن"
ئەندامانی ئەنجومەن گلەیی ئەوە دەکەن کە حکومەت لە لایەک نایانگۆڕێت و خانەنشینیان ناکات، لە لایەکی تریشەوە پێیان دەڵێت ئەگەر ئێوە نەمێنن ئیشوکاری شار دەوەستێت. ئەم دۆخە وایکردوە ئەو چەند کەسە لە نێوان بەرپرسیارێتی بەرامبەر هاوڵاتیان و بێبەشبون لە مافەکانیاندا بە ناچاری بمێننەوە.
عیزەدین میرزا، سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی کەلار، لەبارەیەوە دەڵێت: ئێمە لە 2000ـەوە تەقریبەن هەڵبژێردران نزیکەی 10 کەس بوین، ئەوەی فەرمانبەر بو گەڕایەوە دواوە لەبەر ئەوەی موچەمان نەبو، تەنها چوار کەس ماینەوە و خزمەتی شاری کەلارمان کردوە.
وتیشى: "بڕیارەکانمان لەسەر زیادەڕۆیی، تەجاوز و ناو شەقامەکان بوە و هەفتەی دو جار دەوام دەکەین، ئەوەی لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیدا بێت دەیکەین و ئەوەشی باش نەبێت رەدی دەکەینەوە، لەسەری دەنوسین هامش ناکرێت و دەینێرینەوە بۆ سەرۆکی شارەوانی".
دەشڵێت: ئێمە ئەوە 27 ساڵە خزمەت دەکەین، بەپێی یاسا دەبوایە چوار ساڵ جارێک ئەم ئەنجومەنە بە هەڵبژاردن بگۆڕدرێت، بەڵام هەرچی دەکەین نامانگۆڕن! ئێستا بە بەرپرسان دەڵێین لانیکەم خانەنشینمان بکەن لەسەر ئەم ئەرکە، کەچی خانەنشینیشمان ناکەن و دەڵێن ئێوە خۆبەخشن. تەنانەت پێمان دەڵێن ئەگەر ئێوە نەمێنن و دەست لە کار بکێشنەوە، ئیشوکاری شارەوانی بە پەکی دەکەوێت و دەوەستێت، چونکە هیچ ئەنجومەنێکی نوێ لە ئارادا نییە بڕیار لەسەر کارەکان بدات.
هاوکات مەحمود ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی کەلار، سەبارەت بە نەبونی موچە و هەوڵە سەرنەکەوتوەکانی گۆڕینیان دەڵێت: لە ساڵی 2000ـەوە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراوین و هاتوینەتە سەر ئەم شوێنە و خۆمان بە خزمەتکاری خەڵک زانیوە، بەڵام هیچ موچە و ئیمتیازاتێکمان نییە. هەوڵێک هەبو وتیان ئەنجومەنی نوێ پێکدەهێنرێت، بەڵام پێموابێت شکستی هێنا و پێکنەهێنرا، نازانم هۆکارەکەی چی بو؛ لەبەرئەوە هەر بڕیارێک هاتبێتە لای ئێمە کارمان لەسەر کردوە.
دەشڵێت: بێگومان نەبونی ئەنجومەن بارگرانی بۆ خەڵک دروست دەکات، چونکە ئێستا خەڵک کە دێتە لای ئێمە بە روخۆشییەوە ئیشەکەی بۆ دەکەین، بەڵام دیار نییە ئەنجومەنێکی تر بێت ئاوا کارئاسانی بۆ خەڵک دەکات یان نا.
3. تەنها بۆ واژۆکردن!
بەپێی وتەی ئەندامانی ئەنجومەن لە شارەوانییەکانی گەرمیان، سەرۆکی شارەوانییەکان کار بە بنەمای دەستەجەمعی ناکەن و کۆبونەوەی دەوری و راوێژیان لەگەڵدا ناکەن، بەڵکو تەنها کاتێک پێویستیان بە واژۆ بێت بۆ دەربازکردنی بڕیارەکان لە روی یاساییەوە، نوسراوەکان دەبەنە بەردەست ئەندامەکان یان دەینێرنە ماڵەوە بۆیان.
کەمال محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی کفری، دەڵێت: سەرۆکی شارەوانی بەتاکڕەوانە بڕیار دەدات، لە ماوەی زیاتر لە دو ساڵی دەستبەکاربونیدا تەنها یەک جار کۆبونەوەی لەگەڵ کردوین.
ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئەنجومەن رۆحی شارەوانییە، کەچی شەو و رۆژ بڕیارەکان دەهێنن بۆ ماڵەوە تا تەنها واژۆی بکەن.
ئاماژە بەوەش دەکات: "لە هەموی سەیرتر، لەسەر نوسراوەکان دەنوسن دوای کۆبونەوەی ئەنجومەن، لە کاتێکدا کەسمان لەوێ نەبوین!" .
دەشڵێت: هیچ کارکردنێکی دەستەجەمعی لە بڕیارەکاندا نەماوە و جاری وا هەبوە پڕۆژە کراوە بێ ئەوەی ئێمە ئاگادار بین.
لە بەرامبەردا، عەلی خورشید سەرۆکی شارەوانی کفری رونی دەکاتەوە کە ئەوان بۆ سەرجەم کارەکان ناگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەن، مەگەر لە کاتی زۆر پێویستدا بێت.
ئەو دەڵێت: بڕیارەکانی وەک تەسفیەی حسابات یان کاروباری هاوڵاتیان لە لایەن خۆمانەوە ئامادە دەکرێت و دەینێرن بۆ ئەندامان تا بیخوێننەوە و واژۆی بکەن.
هاوکات سامان رەحیم، سەرۆکی شارەوانی کەلار هۆکاری ئەنجامنەدانی کۆبونەوەی بەردەوام بۆ دۆخی ئەندامەکان دەگەڕێنێتەوە و رایدەگەیەنێت کە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەن کۆدەبنەوە، بەڵام نەک بۆ بابەتی زۆر گرنگ وەک ئەوەی لە شارەکانی تر دەکرێت، چونکە ئەندامەکان ژمارەیان کەمە و تەمەنیان هەڵکشاوە و باری تەندروستییان یاریدەدەریان نییە.
دەشڵێت: "زۆرجار بەتەمایت بڕیار بدەیت سەیر دەکەیت ئەندامەکان یەکناگرنەوە، ئەو هەڵکشانەی تەمەنیش وایکردوە لەگەڵ واقیعی خێرای ئێستادا نەگونجێن".
4. پەراوێزخستنی ئەنجومەن لە بڕیارە چارەنوسسازەکان
بەپێی یاسا دەبێت بڕیار لەسەر ماستەرپلان و نەخشەی بنەڕەتیی شار بە دەنگی ئەنجومەنی شارەوانی بێت، کەچی لە کەلار نەک تەنها بڕیارە گرنگەکان دەبرێنە بۆردێکی تر، بەڵکو دەسەڵاتی بڕیاردانی خودی ئەنجومەنەکەش لە لایەن ئیدارەی گەرمیانەوە بەرتەسک کراوەتەوە.
سامان رەحیم، سەرۆکی شارەوانی کەلار ئاماژە بەوە دەکات کە لە روی یاساییەوە گرفتیان بۆ دروست نەبوە لەبەر ئەوەی بەو ئەندامە کۆنانەی هەیانە ئیشەکان دەڕوات، بەڵام دەڵێت زۆرجار نەیهێشتوە ئیشەکان بچێتە لای ئەنجومەن و بۆ یەکلاکردنەوەی بڕیارە گرنگەکان پەنایان بۆ دەستەیەکی تر بردوە.
دەشڵێت:" بۆردێک هەیە بە ناوی بۆردی باڵای وەبەرهێنانی گەرمیان، ئەم بۆردە زۆرجار گرفتەکانی تر لەوێ یەکلا دەکەینەوە و زۆریش هاوکارن، کۆمەڵێک بڕیار هەیە لەوێ دەیدەین".
هاوکات مەحمود ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی کەلار، رەتیدەکاتەوە کە بڕیار هەبوبێت راستەوخۆ رەوانەی ئیدارەی گەرمیان کرابێت و بەسەر ئەواندا بازدرابێت، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەسەڵاتی بڕیاردانی ئەوان لە لایەن ئیدارەی گەرمیانەوە سنوردار کراوە. دەڵێت: پێشتر بڕیارەکان لای خۆمان کۆتایی دەهات و نەدەچوە ئیدارەی گەرمیان، ماوەی دو ساڵە هەر بڕیارێک لای ئێمە دەربچێت، دەبێت سەرەتا بنێردرێت بۆ ئیدارەی گەرمیان تا ئەوان پەسەندی بکەن ئینجا جێبەجێ دەکرێت.
5. پێکهێنانی ئەنجومەنی نوێ کارەکانی شارەوانی ئاسانتر دەکات
بەرپرسانی شارەوانی لە گەرمیان بونی ئەنجومەنێکی نوێ و کارا بە فاکتەرێکی بنەڕەتی دەزانن بۆ ئاسانکردنی ئیشوکارەکانیان و خێراکردنی پرۆسەی بڕیاردان. بە وتەی ئەوان، ئەنجومەن بارگرانیی تاکڕەوی لەسەر سەرۆکی شارەوانی لادەبات و لە رێگەی دیدگای جیاواز و دەستەجەمعییەوە رێگری دەکات لە هەڵە و چەقبەستنی مامەڵەی هاوڵاتیان.
ئەرسەلان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان لەبارەی گرنگیی ئەنجومەن لە پوختەکردن و زانستیکردنی بڕیارەکان دەڵێت: "ئەگەر ئەنجومەنێکی کارا هەبێت، بڕیارەکان بە دیدێکی فراوانتر دەدرێن؛ چونکە پێنج عەقڵ و دە عەقڵ لە دو عەقڵ باشتر کار دەکەن و هەمیشە دەستەجەمعی لە بڕیارداندا هەڵەکان کەمدەکاتەوە و کارەکان زانستیتر دەکات".
هاوکات سامان رەحیم، سەرۆکی شارەوانی کەلار، تیشکدەخاتە سەر گرنگیی پێکهێنانی ئەنجومەنی نوێ بۆ کارئاسانیی فەرمانگەکان و دەڵێت: ئەرکی ئەنجومەن تەنها چاودێریکردن نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی دەرکردنی بڕیاری دروستتر تا لە فەرمانگەکاندا گرفتی جێبەجێکردن نەیەتە پێش، چونکە بڕیاری پڕۆژەی شەقام یان گۆڕانکاری لە بەکارهێنانی زەویدا، پێویستی بە ئەنجومەنی شارەوانی هەیە و ئەمەش پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ سەرۆکی شارەوانی.
دەشڵێت: پێکهێنانی ئەنجومەن لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کارئاسانییەکی زۆر دروستدەکات، لەبەر ئەوەی بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان خۆیان ئەندام دەبن لە ئەنجومەنەکەدا و هەر بڕیارێک بدرێت، راستەوخۆ جێبەجێ دەکرێت و پێویستی بە رۆتین و بەدواداچونی زۆر نابێت.
سەرۆکی شارەوانی کەلار وایدەبینێت کاراکردنی ئەنجومەنی نوێ کارئاسانییەکی زۆر باشتر دەبێت؛ چونکە وەکخۆی وتی: "لەکوێ 13 ئەندام بێت و 13 بیرۆکەت هەبێت، لەکوێش بە چوار کەس و بە خۆشمەوە بڕیار بدەین؟!"
"پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەوانی پێویستە؛ راستە کە نەبوە ئەمەی ئێستا هەمانە باشترە لەوەی هەر نەبێت، بەڵام بونی ئەنجومەنی نوێ و تازەکردنەوەیان زۆر گرنگترە و وا دەکات ئیشوکارەکان باشتر بڕۆن، بەتایبەت بەپێی ئەو رێژەیەی کە دیاریکراوە و 75%ـی بۆ فەرمانگەکان و 25%ـی بۆ سەندیکا و رێکخراوەکانە". عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی کفری، وای وت.
6. شەرعییەتی یاسایی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ساڵی 2000
دەرچواندنی بڕیار لە لایەن دەستەیەکەوە کە لە ساڵی 2000ـەوە هەڵنەبژێردراونەتەوە و زۆربەی ئەندامەکانیشی لەدەستداوە، گومانێکی گەورەی لەسەر شەرعییەتی یاسایی سەرجەم بڕیارەکانی شارەوانی دروستکردوە، بە تایبەت کە سیستمە یاساییەکە خۆی گۆڕاوە.
د. ئیسماعیل نەجمەدین، پسپۆڕی یاسای کارگێڕی، هۆشداری لە نەمانی بنەمای یاسایی ئەو ئەنجومەنانە دەدات و دەڵێت: سەبارەت بەوەی کە ئەنجومەنی شارەوانییەکان بەپێی هەڵبژاردنی ساڵی 2000 لەسەر کار بەردەوامن، لە ڕاستیدا بەپێی ماددەی 35ـی یاسای پارێزگاکان و دوای دەرچونی پەیڕەوی پێکهاتنی ئەنجومەنی شارەوانییەکان ژمارە 2ـی ساڵی 2019 کە لە شارە گەورەکاندا جێبەجێ کرا و لە شاری سلێمانی کاریگەرە و بڕیاری داوە و کۆبونەوەکانی بەرچاون، چیتر بەردەوامبونی ئەو ئەنجومەنانەی ساڵی 2000 پاڵپشتێکی یاسایی پێویستی نییە.
دەڵێت: بەپێی ئەم پەیڕەوە نوێیە دەبێت ئەنجومەنی شارەوانیی یەکە ئیدارییەکان بەرمەبنای پەیڕەوەکە پێکبهێنرێن بەو جۆرەی کە هاتوە؛ چونکە ئێستا ئێمە نیزامێکی یاسایی نوێ و جیاوازمان هەیە.
رونیکردەوە: لە بنەڕەتدا کاتێک لە ساڵی 2000 هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی شارەوانییەکان دەکرا، ئەنجومەنی پارێزگاکان وجودی نەبو، بەڵام بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان چیتر پێویست ناکات ئەنجومەنی شارەوانییەکان هەڵبژێردرێن بەپێی مەنزومەیەکی یاسایی کە خۆی لە بنەڕەتدا هەڵوەشاوەتەوە.
لەڕوانگەی لێکەوتە کارگێڕییەکانیشەوە، کەریم عەلی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە توندی تیشکدەخاتە سەر نایاساییبونی ئەم دۆخە و دەڵێت: ئەنجومەنی شارەوانی کۆڵەکەی بڕبڕەی پشتی کاری شارەوانییە، نەمانی ئەنجومەنەکە واتە لاسەنگبونی کاری شارەوانی، ئەم کارانەی دەسەڵاتی شارەوانییەکان بەناوی ئەنجومەنەوە دەیکەن شەرعیەتێکی قانونییان پێنابەخشن، چونکە پێشێلی دەسەڵاتەکانە و ئەگەر هەر تانەیەکی (گعن) لێبدرێت، گرفت بۆ بڕیارەکان دروست دەبێت.
دەشڵێت: "کارکردن بەم شێوازەی ئێستا دەچێتە خانەی نەمانی شەرعییەتی یاسایی؛ ئەندامی ئەنجومەن هەبوە لە گوند بوە وەرەقەیان بە سەیارە بۆ بردوە تا مۆری بکات، یان ماڵەوماڵ وەک کەفیل بەدوای ئەندامدا گەڕاون بۆ واژۆ! زۆر مەترسیدارە کەسێک بەتەمەن و نەخۆش بێت و لە ماڵەوە بێت، کەچی مۆر و واژۆی بۆ دەرکردنی بڕیارەکان بەکاربهێنرێت".
بەشی سێیەم: پەیڕەوی ژمارە (2)ـی ساڵی 2019؛ گرێکوێرەی پێکنەهێنانی ئەنجومەنی نوێ لە گەرمیان
1. کێ پێکهێنانی ئەنجومەنی نوێی شارەوانیی دواخستوە؟
شەش ساڵ بەسەر دەرچونی پەیڕەوی ژمارە (2)ـی ساڵی 2019 تێپەڕ دەبێت، کەچی تا ئێستا لە هیچ کام لە 14 شارەوانییەکەی سنوری ئیدارەی گەرمیاندا ئەنجومەنی نوێ پێکنەهێنراوە. لە کاتێکدا بەرپرسانی کارگێڕیی ناوچەکە هۆکارەکە دەخەنە ئەستۆی وەڵام نەدانەوەی وەزارەتی شارەوانی، چاودێران ئیدارەی گەرمیان بە کەمتەرخەم و هۆکاری سەرەکیی پەکخستنی ئەم پرۆسەیە دەزانن.
چۆمان ئەحمەد، بەڕێوبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی گەرمیان، لەبارەی هۆکاری پێکنەهێنانی ئەنجومەنەکە دەڵێت: ئەو ئەنجومەنەی پێشو کە لە رابردودا بە هەڵبژاردن پێکهاتبو فعالیەتی نەماوە، بۆیە حکومەت بەپێی پەیڕەوی ساڵی 2019 پێی باش بوە ئەنجومەنی نوێ پێکبهێنرێت. ئێمە کارمان لەسەر کردوە و بەپێی پەیڕەوەکە دەبێت ناوی ئەندامان بەرزبکرێتەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و لەوێشەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی. ئیدارەی گەرمیان یەکەمجار ناوەکانی نارد بەپێی پەیڕەوەکە نەبو، دواتر داوایان لێکردین بەپێی پەیڕەوەکە بێت و جارێکی تر ناردمانەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەهاتوەتەوە تا ئەنجومەنی نوێ کارا بکرێت.
دەشڵێت: ئێمە تەنها یەک کێشەمان هەبو لەسەر مەرجی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بۆ نوێنەری رێکخراوەکان؛ لە ژوری بازرگانی دو ئەنداممان هەبو بەکالۆریۆسیان نەبو، بۆیە ناچار بوین بە کەسێکی تر پڕی بکەینەوە. ئێستاش هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە و تەنها چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتین.
هاوکات، ئەرسەلان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە شارەوانییەکان ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ کردوە و دەڵێت: ئەو پەیڕەوە ماوەیەکی زۆرە بە نوسراو گەیشتوەتە دەستمان. فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و ئەو رێکخراوانەی کەوا زانیمان پەیوەستن بە ئیشوکاری شارەوانی، هەموی ناوەکان پێشنیاز کراوە و بە نوسراو بەرزکراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رەزامەندییەکان نەهاتوەتەوە. گرفتی نەگەیشتنی وەڵامەکەش پەیوەندی بە ئیدارەی گەرمیانەوە نییە، چونکە ئیدارەی گەرمیان هیچ گرفتێکی نەبوە و ناوی سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان نێردراوە.
لە بەرامبەردا، کەریم عەلی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە توندی دەسەڵاتی ئیداریی ناوچەکە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "ئەوە قسەیەکی واقیعی نییە کە دەڵێن نوسراوەکەمان وەڵام نادەنەوە! لە ساڵی 2023 ئیدارەی گەرمیان بە شێوازێکی پڕ لە کەموکوڕی و پێشێلکردنی پەیڕەوەکە، ناوی ئەندامانی بۆ شارەوانی کەلار و رزگاری نارد؛ بە جۆرێک بەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانوبەرەی (تاپۆ) تێدا نەبو کە دەبێت بەپێی یاسا ببێتە جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، هەروەها نوێنەری ژوری بازرگانی و یەکێتی مامۆستایانیشی تێدا نەبو، بەڵکو بە میزاجی خۆیان چەند کەسێکیان دانابو".
دەشڵێت: سەرباری ئەم کەموکوڕییەش، وەزارەتی شارەوانی بە نوسراوی ژمارە 739 لە 17ـی 1ـی 2023 پێکهێنانی ئەنجومەنەکەی پەسەند کردبو، بەڵام بەهۆی تانەدان و ئاگادارکردنەوەی دادگای ئیداری و داواکاری گشتی لە لایەن ئێمەوە، ئیدارەی گەرمیان خۆی جێبەجێی نەکرد و کارەکەی راگرت."
ئاماژەی بەوەشکرد: ئیدارەی گەرمیان خۆی مەبەستی نییە ئەنجومەنی شارەوانی پێکبهێنرێت. ئێمە لە سنوری گەرمیاندا 14 شارەوانیمان هەیە کە کەلار پلە نایابە، هەروەها کفری و خانەقین و رزگاری و ناحیەکانمان هەیە. ئەم هەیکەلە لەبەر دەستدایە و پێویستی بە دەنگدان نییە، تەنها لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەتوانرێت رێکبخرێت و بنێردرێت. کەچی لە تەواوی پارێزگای سلێمانیدا تەنها ئەنجومەنی سەنتەری سلێمانی پێکهێنراوە و لە گەرمیان هەنگاوی بۆ نانرێت؛ ئەمەش کەمتەرخەمییەکی مەبەستدارە، چونکە نایانەوێت ئەنجومەنێکی چاودێر و بەهێز لە بەردەم دەسەڵاتەکانیاندا هەبێت.
2. بەربەستی بڕوانامەی بەکالۆریۆس؛ سیاسەتی دو فاقیی نێوان گەرمیان و سلێمانی
یەکێک لەو گرێکوێرانەی ئیدارەی گەرمیان وەک بەربەست لە بەردەم ناردنی ناوەکان باسی دەکات، مەرجی هەبونی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بو بۆ نوێنەری رێکخراوەکان، بەڵام نوێنەری بازرگانان ئەمە بە بیانو دەزانێت و تیشک دەخاتە سەر جیاوازیی مامەڵەکردن لەگەڵ سلێمانی.
ئەحمەد عەلی، نوێنەری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە گەرمیان، لەبارەی ئەم کێشەیەوە دەڵێت: لە هەوڵی پێکهێنانی ئەنجومەنەکە لە ساڵی 2023 کە نوێنەری ئێمەی تێدا نەبو، ئێمە بە فەرمی داوامان کرد و وەزارەتی شارەوانیمان ئاگادار کردەوە تا ئەوە بو کارەکە راگیرا.
وتیشى: "ئەوکات پێیان وتین بەپێی پەیڕەو دەبێت نوێنەری ژوری بازرگانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەبێت و من بڕوانامەی دبلۆمم هەبو؛ بەڵام من بە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانم وت: شارەوانی سلێمانی زۆر لە کەلار گەورەترە، سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی لەو کاتەدا هیچ بڕوانامەیەکی نەبو کەچی لە ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی دانرا و تا کۆتایی خولەکەش ئەندام بو، ئایا ئەمە سیاسەتی دو فاقی نییە کە بۆچی لەوێ قبوڵ دەکرێت و لێرە قبوڵی ناکەن؟"
ئەحمەد عەلی ئاشکرای دەکات کە ئەم بەربەستە چارەسەر کراوە، بەڵام هێشتا وەڵام نییە، دەڵێت: لە خولی نوێی ژوری بازرگانیدا، بەڕێز سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە نوسراوی ژمارە 69 لە رێکەوتی 4ـی 6ـی 2024 بە فەرمی ناوی من و هاوکارێکی تری بەرزکردەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی و بە نوسراوی واردەی ژمارە 2109 لە 8ـی 7ـی 2024 گەیشتە وەزارەت، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێک نەدراوەتەوە. ئەمەش بوەتە مایەی نیگەرانیی بازرگانان و پیشەوەران لە کەلار کە ئەنجومەنەکە دانەمەزراوە، لە کاتێکدا پێکهێنانی لەم شارەدا زۆر پێویستە بۆ بڕیاردان لەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.
هاوکات، عوسمان محێدین، سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان، بونی ئەم بۆشاییە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: لەلایەن ئیدارەی گەرمیانەوە نوسراومان ئاراستە کرا و ئێمەش نوێنەری خۆمان دەستنیشان کرد، بەڵام ئیتر نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و نەمزانی هۆکارەکەی چییە.
دەشڵێت: پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەوانی بەپێی پسپۆڕی و بونی 25%ـی سەندیکاکان پێویستییەکی باشە بۆ ئەوەی شار بەپێی پلان و ئەندازیاری بەرەو پێشتر بڕوات، بۆیە داواکارم لە ئیدارەی گەرمیان ئەم بڕیارە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەشی چوارەم: دیوی دوەمی پەیڕەوی نوێ؛ لە دیموکراسییەوە بۆ بیرۆکراسی
1. چاودێریکردنی حکومەت لە لایەن حکومەتەوە؛ هەڵوەشاندنەوەی فەلسەفەی هەڵبژاردن
پەیڕەوی ژمارە (2)ـی ساڵی 2019 گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی ئەنجومەنی شارەوانیدا کرد بەوەی 75%ـی کورسییەکانی بەخشییە بەڕێوەبەری فەرمانگە حکومییەکان و سیفەتی هەڵبژاردنی لە ئەنجومەنەکە سەندەوە، ئەمەش مشتومڕێکی فراوانی لەسەر بێدەنگکردنی دەنگی خەڵک و سەربەخۆیی ئەنجومەنەکە دروستکردوە.
د. یاسین ئاشور، پسپۆڕی سیستەمی سیاسی و سیاسەتی گشتی، لەڕوانگەی زانستی سیاسییەوە هۆشداری لەم شێوازە دەدات و دەڵێت: "هەڵبژاردن بنەمای سەرەکیی دیموکراسییە و گوزارشت لە ئیرادەی گشتی دەکات، کاتێک ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی بە دەنگی هاوڵاتیان هەڵدەبژێردرێن، بەرامبەر بە دەنگدەران هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن و سەربەخۆیی زیاتریان دەبێت، بەڵام دەستێوەردانی حکومەت و دانانی فەرمانبەران لە جێی هەڵبژاردن، پرۆسەکە لاسەنگ دەکات و ئەنجومەن دەخاتە ژێر کاریگەریی بیرۆکراسی و رۆتینی حیزبی و حکومی، بەمەش دەسەڵاتی چاودێریی لە دەستدەدات و چیتر نوێنەری راستەقینەی خەڵک نابێت".
لەبەرامبەردا، د. ئیسماعیل نەجمەدین، پسپۆڕی یاسای کارگێڕیی، بە پێچەوانەوە پێیوایە ئەم ئەنجومەنە پەرلەمان نییە تا پێویستی بە هەڵبژاردن بێت و دەڵێت: ئەنجومەنی شارەوانی دامەزراوەیەکی جێبەجێکار و کارگێڕییە نەک چاودێرکار؛ چونکە چاودێری لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکاندایە. کاتێک ئەنجومەن بە هەڵبژاردن پێکدەهات باکگراوەندی حزبی زاڵ دەبو، بەڵام ئەم پەیڕەوە بۆیە 75%ـی داوەتە بەڕێوەبەری فەرمانگەکان چونکە ئەوان شارەزای بوارەکەی خۆیانن و دەتوانن هەماهەنگی لە نێوان شارەوانی و فەرمانگەکاندا دروست بکەن بۆ راپەڕاندنی خێراتری کارەکان.
2. بۆشایی چاودێریی و "هەڕاجکردنی زەویی گەرمیان"
بە بۆچونی چالاکوانانی مەدەنی، ئامانج لە پەکخستنی ئەنجومەنی نوێ و هێشتنەوەی ئەنجومەنە پەککەوتوەکەی ساڵی 2000، دروستکردنی بۆشاییەکی بەمەبەستە بۆ دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گشتی لە سنورەکەدا.
هاوکار نەسرەدین، چالاکوانی مەدەنی لە کەلار، لەمبارەیەوە دەڵێت: "نەبونی ئەنجومەنی شارەوانی بۆشاییەکی گەورەی دروستکردوە و وایکردوە کاروباری شار بە تاکلایەنانە و نارونی بەڕێوەبچێت، ئەمەش قوفڵی دەرگای گەندەڵیی بە ئاسانی کردوەتەوە. کاتێک ئەنجومەنێکی کارا نابێت، گومانی گەورە لەسەر ئەو تاڵان و بڕۆیە دروست دەبێت کە بەسەر زەوی و سامانی گشتیدا دێت. لەڕاستیدا دەسەڵاتی حیزبی بە مەبەست حکومەت و ناوەندە ئیدارییەکانی ئیفلیج کردوە تا لە غیابی دەسەڵاتی چاودێریدا بەرژەوەندییەکانی خۆیان بپارێزن".
لەم چوارچێوەیەدا، کەریم عەلی پەردە لەسەر گۆڕینی نەخشەی شار و دروستکردنی دەوڵەمەندی نوێ لەسەر حیسابی خەڵک لادەدات و دەڵێت: "لە سنوری گەرمیاندا هەزاران دۆنم زەوی بە ناوی وەبەرهێنانەوە بەخشراوە و چەندین کەس لەسەر زەوی و موڵکی شارەوانی لە پڕدا کراون بە ملیاردێر! لە غیابی ئەنجومەنێکی هۆشیاردا، زەوی هەبوە لە ناو سەنتەری شاردا رەگەزەکەی بازرگانی بوە، بەڵام لەبەر خاتری کۆمپانیا کراوە بە نیشتەجێبون بۆ ئەوەی پرۆژەی تێدا بکات و دواتر بارەگای حیزبی لێ دروست بکەن، ئەگەر ئەنجومەنێکی نوێ و کارا لە کەلار هەبوایە، رێگری لەم کارەساتانە دەکرد، بەڵام دەسەڵاتداران سودیان لەم بۆشاییە وەرگرتوە و بڕیارەکانیان بەسەر ئەم ئەنجومەنە کەمئەندامەی ئێستادا تێپەڕاندوە".
هاوکات سامان عەزیز، چالاک و راهێنەری کۆمەڵگەی مەدەنی، جەخت لە نەمانی متمانەی هاوڵاتیان دەکاتەوە و دەڵێت: ئەنجومەنی شارەوانی وەک پردێک بو لە نێوان دانیشتوان و بڕیاربەدەستان، کاتێک ئەو ئەنجومەنە نامێنێت یان پەراوێز دەخرێت، ئەو پردە دەڕوخێت.
وتیشی: سەرۆکی شارەوانی و تیمەکەی هەرگیز ناتوانن بە تەنیا ئاگاداری گرفتەکانی شارێکی وەک کەلار بن کە ژمارەی دانیشتوانەکەی 200 هەزار کەسە، نەمانی ئەم ئەنجومەنە بۆشاییەکی گەورەی لە بەڕێوەبردنی شاردا دروستکردوە و متمانەی هاوڵاتیانی بە تەواوی لەق کردوە.
بهشى پێنجەم: دهرهنجام و راسپاردهكان
یهكهم: دهرهنجام
1. ئهنجومهنى شارهوانییهكانى گهرمیان 26 ساڵه ههڵبژێردراون، بههۆی ئهم ماوه زۆرهوه، زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی پێشو کۆچیان کردوە، نەخۆشن، یان تەمەنیان هەڵکشاوە، بە جۆرێک کە ژمارەیان لە نیسابی یاسایی کەمتر بوەتەوە و ناتوانن لەگەڵ پێداویستییە سەردەمییەکاندا بگونجێن.
2. بهوتهى ئهندامانى ئهنجومهن، زۆرجار سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان کار بە بنەمای دەستەجەمعی ناکەن، بەڵکو تەنها لە کاتی پێویستدا نوسراوەکان دەبەنە ماڵی ئەندامان بۆ ئەوەی تەنها واژۆی بکەن، بێ ئەوەی هیچ کۆبونەوەیەکی ڕاستەقینە بکرێت.
3. بەپێی رای پسپۆڕانی یاسایی، بەردەوامبونی ئەنجومەنێکی 26 ساڵ پێشو کە هیچ هەڵبژاردنێکی تێدا نەکراوە، هیچ بنەمایەکی یاسایی نەماوە و هەمو واژۆ و بڕیارێک کە بە ناویەوە دەردەچێت مەترسیی تانەلێدانی لەسەرە.
4. سەرەڕای تێپەڕبونی شەش ساڵ بەسەر دەرچونی پەیڕەوی ژمارە (2)ـی ساڵی 2019، تا ئێستا هیچ کام لە 14 شارەوانییەکەی سنوری ئیدارەی گەرمیان ئەنجومەنی نوێیان پێکنەهێنراوە و هێشتا بە ئەنجومەنی دێرینی ساڵی 2000 بەڕێوە دەچن.
5. سەرەڕای ئەوەی ئیدارەی گەرمیان هۆکارەکەی بۆ وەزارەتی شارەوانی دەگەڕێنێتەوە، بەڵام بەڵگەکان دەریدەخەن کە ناردنی ناوی ناڕێک و پێشێلکاریی کارگێڕی لە ساڵی 2023 دا، هۆکاری سەرەکیی پەککەوتنی پرۆسەکە بوە. لهبهرامبهردا ئیدارهى گهرمیان جهختدهكاتهوه كه كهموكورتیی نوسراوهكان چاك كراوه و ناوهكان بهرزكراونهتهوه و لهسهرهوه وهڵامیان پێنهگهیشتوه.
6. لە غیابی ئەنجومەنێکی کارادا، سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان لە یەک کاتدا دەبنە بڕیاردەر، جێبەجێکار و چاودێر بەسەر خۆیانەوە، ئەمەش بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و شەفافییەتی هەڵوەشاندوەتەوە.
7. چالاکوانان و چاودێران هۆشداری دەدەن کە هێشتنەوەی ئەم بۆشاییە ئیدارییە، بە مەبەستە بۆ ئەوەی ڕێگە بە دەستبەسەرداگرتن و گۆڕینی رەگەزی زەوی و موڵکە گشتییەکان بدرێت.
8. چالاكوانان پێیانوایه دەسەڵاتی حیزبی و ئیداری بە مەبەست دەیانەوێت ئەنجومەنێکی چاودێر و بەهێز لە بەردەم دەسەڵاتەکانیاندا نەبێت، بۆیە پرۆسەی پێکهێنانی ئەنجومەنی نوێیان پەکخستوە. پێشیانوایه نەبونی ئەنجومەنێکی کارა وەک پردێک لە نێوان هاوڵاتی و دەسەڵاتدا، وایکردوە کە دانیشتوانی گەرمیان هەستی بێبەشبون و پشتگوێخستن بکەن لە پرۆسەی خزمەتگوزاریدا.
9. ههندێك شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە پێکهێنانی ئەنجومەنی نوێ و زانستی، بەشداربونی بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و سەندیکاکان، دواجار دەبێتە هۆی دەرکردنی بڕیاری ژیرانەتر و کەمکردنەوەی هەڵە لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکاندا.
لهبهرامبهردا ههندێكى تر له شارهزایان پێیانوایه پەیڕەوی نوێی 2019 بەوەی 75%ـی ئەندامانی ئەنجومەنی بەخشیوە بە فەرمانبەرانی حکومی، سیفەتی هەڵبژاردنی لە ئەنجومەن سەندوە و كردویەتی بە دەزگایەکی بیرۆکراسیی فەرمی کە کەمتر دەنگی خەڵکی تێدا ڕەنگ دەداتەوە.
دوهم: راسپاردهكان
1. بۆ ئهنجومهنه كۆنهكه:
* پێویستە حكومهت بە فەرمی کۆتایی بەو خولە دێرینەی ساڵی 2000 بهێنێت کە تێیدا مۆر و واژۆ بە ئۆتۆمبیل دەگەیەنرێتە ماڵی ئەندامان و ئهندامانیش بهشی پێویست بهشدارییان پێناكرێت له بڕیاردان، ئهمه جگه له كهمبونهوهى ژمارهى ئهندامانى ئهنجومهنهكان. چونكه ئەمە نەک هەر پێشێلی یاسایە، بەڵکو سوکایەتیکردنە بە کەرامەتی فەرمانڕەوایی خۆجێیی، بۆیە دەبێت دەستبەجێ بە فەرمانێکی کارگێڕیی ئەم دەستەیە هەڵوەشێنرێتەوە.
* ئەو ئەندامانەی کە لە ساڵی 2000ـەوە بە خۆبەخشی کاریان کردوە و ئێستا نەخۆش یان بەتەمەنن، پێویستە حکومەت لەڕێگەی دەرکردنی رێنماییەکی تایبەتەوە، پاداشتی مالی یان پلەی خانەنشینییان بۆ دابین بکات وەک رێزێک بەرامبەر ماندوبونیان، نەک وەک بارگرانی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
2. بۆ ئهنجومهنه نوێیهكه:
* پێویسته ئهنجومهنى نوێ پێكبهێنرێت هاوشێوهى ناوچهكانى دیكه و چی دیكه كار به ئهنجومهنى پێشو نهكرێت كه ههم كاتى زۆرتری بهسهردا چوه و ههم رۆڵیشی شكڵی بوه.
* بۆ جێبەجێکردنی پەیڕەوی 2019، دەبێت دیارییکردنی 75%ـی بەڕێوەبەرە فەرمییەکان و 25%ـی سەندیکاکان بە مەرجی زانستی و پیشەیی بکرێت، نەک بە پێوەری حیزبی و مەزاجی، تاوەکو ئەنجومەنەکە لە فەرمانگەیەکی بیرۆکراسییەوە بگۆڕدرێت بۆ مێشکێکی پلاندانەری پێشکەوتو.
* بۆ ئەوەی کاتێک ئەنجومەنی نوێ پێکدەهێنرێت توشی چەقبەستنی کارگێڕی نەبن، پێویستە ئیدارەی گەرمیان خولی راهێنانی خێرا و بهردهوام لە بواری کارگێڕیی خۆجێی و یاسای شارەوانییەکان بۆ ئەندامە نوێیەکان رێکبخات.
* پێویستە نوێنەرانی سەندیکا و رێكخراوهكان له ئهنجومهنى نوێدا، بێدەنگ نەبن بەرامبەر ههر پێشێلكارییهك كه دهشێت بكرێت، بەڵکو لەڕێگەی تۆمارکردنی داواکاری لە دادگای ئیداری و داواكارى گشتى، حکومەت ناچار بکەن به راستكردنهوهى پێشێلكارییهكان.
* لەبەر ئەوەی گەورەترین ترسی چاودێران "تاڵانکردن و گۆڕینی رەگەزی زەوی" بوە لە غیابی ئەنجومەندا، پێویستە ئهنجومهنى نوێی شارهوانى، لهگهڵ دەستەی دەستپاکی و لایهنه پهیوهندییدارهكانى دیكهدا، لیژنەیەکی هاوبەشی بەپەلە پێکهێنن بۆ وردبینیکردن لە هەمو ئەو زەوی و وەبەرهەمانەی کە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردودا بەبێ ئەنجومەن تەرخانکراون.
* وەک چارەسەرێکی کرداریى بۆ نەهێشتنی گومان و گەندەڵی، پێویستە سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان پلاتفۆرمێکی ئۆنلاین (سایتێکی تایبەت) رابگەیەنن کە تێیدا هەمو بڕیار، ماستەرپلان، فرۆشتن و بەکرێدانی موڵکێک راستەوخۆ بۆ هاوڵاتیان و راگەیاندنەکان رون بێت، بۆ ئەوەی پرەنسیپی "شەفافییەتی رەها" جێبەجێ بکرێت.
3. بۆ لایهنى دیموكراسی و كارگێڕیی
* بونى ئهنجومهنى دهستنیشانكراو (وهك له پەیڕەوی ژمارە (2)ـی ساڵی 2019ـى ئهنجومهنى وهزیراندا هاتوه) كه تیایدا حكومهت خۆی ههڵدهستێت به دیارییكردنى ئهنجومهنى شارهوانى نهك به ههڵبژاردنى گشتى وهك ئهوهى له ساڵی 2000ـدا رویدا، دژه به بنهماكانى دیموكراسی و حكومڕانى باش و شهفاف. بۆیه دهبێت ئهنجومهنه نوێیهكه ههتا ماوهیهكى كهمی دیاریكراو بهردهوام بێت و لهم ماوهیهدا ههڵبژاردن بۆ ئهنجومهنى شارهوانییهكان بكرێت، چونكه هیچ كهسێك مافی ئهوهى نییه بهبێ ههڵبژاردن نوێنهرایهتى كۆمهڵگه و تاكهكانى بكات.
* پێشنیاز دهكهن كه ئهگهر دهسهڵات (پهرلهمان و حكومهت) نهیانهوێت یاسا بۆ ئهنجومهنى شارهوانییهكان دهربكهن و ههڵبژاردنى بۆ ئهنجام بدهن و ئهنجومهنهكه وهك ئهوهى به پەیڕەوی ژمارە (2)ـی ساڵی 2019 دیارییانكردوه بمێنێتهوه، هاوڵاتیان و چالاكوانان و كهسانى ئهكادیمی، لهڕێگهى تۆماركردنى سكاڵا له دادگاى فیدراڵی عێراق، داواى ههڵوهشاندنهوهى (پەیڕەوی ژمارە 2ـی ساڵی 2019) بكهن و دهسهڵات پابهند و ناچار بكهن به ئهنجامدانى ههڵبژاردن و دهستنیشانكردنى ئهنجومهنى شارهوانى نوێ لهڕێگهى ههڵبژاردنهوه.
* شارەوانییەکانی سنورى گەرمیان، بۆ ئەوەی متمانەی کۆمەڵگەی مەدەنی بەدەستبێننەوە، دەبێت پێش دەركردنی هەر بڕیارێکی گەورە یان گۆڕینی ماستەرپلان، راوێژ بە دانیشتوان و نوێنەرانی گەڕەکەکان بکەن (وەک لە وڵاتە پێشکەوتوەکاندا هەیە)، ئەمەش بنەمای دیموکراسیی راستەوخۆ بەهێز دەکات.
* ئهنجومهنى شارهوانى لهپاش پێكهاتنى به پێی پەیڕەوی ژمارە (2)ـی ساڵی 2019 كه زۆرینهیان بهڕێوبهرى فهرمانگه دهبن، بۆیه بۆ ئەوەی ئهو ئهندامانه نەبنه خاوهن دەسەڵاتێکی رهها، پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە گەرمیان یەکەیەک یان مەکۆ و بۆردێكى چاودێریی بۆ شارەوانی دروستبکەن و مانگانە راپۆرتی بەدواداچون بۆ کارەکان بڵاوبکەنەوە.
* پێویستە بڕیارە گرنگەکانی شارەوانی (وەک تەرخانکردنی زەوی بۆ پڕۆژە) لە بەرژەوەندیی حیزبی و تەسک دەرباز کرێن و تەنها لەڕێگەی بۆردێکی تەکنیکی و ئەندازیاریی سەربەخۆوە یەکلا ببنەوە و به شهفافیش رابگهیهنرێت، تاوەکو سامانی شار بۆ مەبەستی سیاسی بەکارنەیەت.
* وەک هەنگاوێکی کرداری بۆ نزیککردنەوەی هاوڵاتی لە شارەوانی، پێویستە ئهنجومهنى شارەوانییەکان هێڵێکی گەرم یان پلاتفۆرمی خێرای پەیوەندییان هەبێت بۆ بەدواداچونی سکاڵای هاوڵاتیان لەسەر زێدەڕۆیی، خزمەتگوزاری و کێشە ژینگەییەکان، بەبێ ئەوەی هاوڵاتی پێویستی بە رۆتینی قورس هەبێت.
پاشكۆ:
پهیڕهوى ژماره (2)ـى ساڵی 2019
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵوەزارەتی ئاوەدانکردنەوە داوای گەڕاندنەوەی ٢ ئۆتۆمبێل لە ئیدارەی گەرمیان دەکات
-
-
هەواڵپسپۆڕێک: نهبونى ماستهرپلان مهترسییهكانى لافاوى له كهلار زیاتر كردوه
-
-
هەواڵبەهۆی ئامادەنەبونی پزیشکی بێهۆشکارەوە لە نەخۆشخانەیەکی کەلار نەشتەرگەریی ئەنجام نەدرا
-
-
هەواڵلەکاتی گواستەوەی چەند زیندانییەک مەفرەزەیەکی پۆلیسی گەرمیان توشی روداوی هاتوچۆ بو
-
-
هەواڵبڕیارێکی وەزارەت لیژنەیەکی سەرپەرشتیاریی پەروەردەی گەرمیان توڕە دەکات
-