رادیۆی دەنگ- حەمزە سەردار
رۆژنامەنوسانی گەرمیان گلەیی لە بونی دیوارێکی ئەستور دەکەن لەنێوان ئەوان و سەرچاوە فەرمییەکاندا. نەبونی وتەبێژ و سستیی بەشێک لە راگەیاندنی فەرمانگە حکومییەکان، بوەتە هۆکاری ئەوەی زانیارییەکان بە نیوەچڵی یان بە سستی بگەنە دەست رۆژنامەنوسان و لەوێشەوە بۆ رایگشتی.
ئاستەنگە مەیدانییەکان و ونبونی سەرچاوەی فەرمی
کارکردن لە کایەی رۆژنامەگەریدا لە ناوچەی گەرمیان بێ ئاستەنگ نییە.
هونەر ئەحمەد، وەک رۆژنامەنوسێکی چالاک لە ناوچەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە نەبونی سەرچاوەی فەرمی بۆ زانیاریی، کارە مەیدانییەکانیانی هەندێکجار توشی ئاستەنگ کردوە.
ئەو رۆژنامەنوسە دەڵێت: بۆ هەر بابەتێک پێویستمان بە وەرگرتنی رای لایەنی حکومییە، بەڵام بەهۆی نەبونی وتەبێژ و راگەیاندن یان سەرقاڵیی بەڕێوەبەرەکان، ئاستەنگمان بۆ دروست دەبێت لە کاتی وەرگرتنی زانیاریدا.
ئەم دۆخە نەک هەر کاریگەریی لەسەر خێرایی گەیاندنی هەواڵ هەیە، بەڵکو مەترسیی بڵاوبونەوەی دەنگۆ و زانیاری نادروستیش زیاد دەکات، بەتایبەتی کاتێک لایەنی فەرمی ئامادەنییە راستییەکان بخاتەڕو.
سەندیکای رۆژنامەنوسان: ئەمە کێشەیەکی گەورەیە
لەلایەکی دیکەوە، ناوەندە پیشەییەکانی داکۆکیکار لە مافی رۆژنامەنوسان نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر ئەم دیاردەیە دەردەبڕن.
عومەر عەبدولکەریم، ئەندامی نوسینگەی گەرمیانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمە کێشەیەکی گەورەیە لەبەردەم رۆژنامەنوسانی ناوچەکە و دەڵێت: "چەندینجار لە کۆبونەوەکانیش داوامان کردوە لە نەبون یان نەهاتنی وتەبێژدا، بەڕێوەبەری فەرمانگەکان راستەوخۆ لێدوان بدەن، بەڵام زۆرجار بەڕێوەبەرەکانیش وەڵامی پەیوەندییەکان نادەنەوە".
ئەم بێدەنگییەی بەرپرسان، لەگەڵ بنەماکانی یاسای ژمارە (٣٥)ـی ساڵی ٢٠٠٧ـی رۆژنامەگەری لە کوردستان یەکناگرێتەوە، کە تێیدا جەخت لەسەر مافی رۆژنامەنوس بۆ دەستکەوتنی زانیاریی کراوەتەوە.
مافی دەستکەوتنی زانیاری؛ لەنێوان یاسا و جێبەجێکردندا
بەپێی یاسای ژمارە (١١)ـی ساڵی ٢٠١٣ـی مافی دەستکەوتنی زانیاریی لە هەرێمی کوردستان، دەبێت سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان کارئاسانی بکەن بۆ ئەوەی رۆژنامەنوس و هاوڵاتی بگەنە ئەو زانیارییانەی پەیوەستن بە بەرژەوەندی گشتییەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، ئیدارەی گەرمیان رایدەگەیەنێت کە ئەوان هەوڵی خۆیان داوە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە.
چۆمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی گەرمیان، لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان وەک ئیدارەی ناوچەکە گشتاندنیان بۆ سەرجەم دامودەزگاکان کردوە تاوەکو لە چوارچێوەی یاسای "مافی دەستکەوتنی زانیاریی"ـدا، هاوکاری رۆژنامەنوسان بن و کارەکانیان رایی بکەن.
بەڵام وەک لە لێدوانی رۆژنامەنوسان و نوێنەری سەندیکاوە دیارە، هێشتا لێکتێنەگەیشتن یان سستی لە جێبەجێکردنی ئەو گشتاندنانەدا هەیە لەسەر ئاستی فەرمانگەکان.
زیاتر لە کێشەیەک
کێشەی نەبونی وتەبێژ یان پێنەدانی لێدوان و زانیاریی لەلایەن حکومەتەوە بە رۆژنامەنوسانی گەرمیان، تەنها کێشەیەکی کارگێڕیی نییە، بەڵکو بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم پرۆسەی دیموکراسی و چاودێریی دامودەزگاکان.
وەک 'هونەر ئەحمەد' ئاماژەی بۆ کرد، کاری ئەوان بە پلەی یەکەم بەندە بە فەراهەمبونی زانیارییەوە، بەڵام زۆرجار حکومەت لەم بنەمایە تێناگات و گرنگی پێنادات، سەرباری بونی یاسا و رێنمایی پێویست و تایبەتمەندیش.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵ٥٥٠ دۆنم زەوی درا بە کۆمپانیایەک لەبەرامبەر دروستکردنی دارستانێک کەچی دارستانەکەیشی دروستنەکردوە
-
-
هەواڵنەخشەدانانی گەرمیان: زەوی فەرمانبەرانی کەلار مەترسی لافاوی لەسەر نییە
-
-
هەواڵئەو ئۆتۆمبێلانەی بەنزینی ۷٥۰ دیناریی دەکەن و دەیفرۆشنەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت
-
-
هەواڵئەمساڵ گەرمیان ٥٠٠ تۆن ماسی بەرهەمهێناوە
-
-
هەواڵپرۆپۆزەڵێک بۆ داننان بە زانکۆی گەرمیان پێشکەشی حکومەتی عێراق دەکرێت
-