نەخۆشخانەی فێرکاری؛ بۆ مێژو و رەخنە
08:19PM - 2026-09-02 , بینین : 418


د. شێرکۆ نەریمان سوبحان*


کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان لە ساڵی ٢٠١٨ بە بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دامەزرا. تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ نەخۆشخانەی فێرکاری نەبو. بونی نەخۆشخانەی فێرکاری واتە زیندویی نەخۆشخانە، بەردەوام گەشەسەندن، لە قازانجی کەرتی تەندروستی و نەخۆش و خوێندنی باڵا دەبێت.

پاش شەش ساڵی سەخت و ناهەموار و دژایەتی کارگێڕیی و دارایی و کەسێتی و هۆزگەرایی، لەگەڵ ناڕەزایی و بایکۆت و خۆپیشاندانی خوێندکاران، دواجار لە رۆژی (٣٠-١٠-٢٠٢٣)، لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە پەیوەندیم پێوەکرا، وەک راگر بەشدار بم لە کۆبونەوەی دو قۆڵی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی تەندروستی.

لەگەڵ د.خەتاب (بەڕێوەبەری گشتی لە ناو وەزارەت)، بە ئۆتۆمبێلی خۆی لەگەڵ د.ئامانج (راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا) بەڕێکەوتین بۆ وەزارەتی تەندروستی. د. عەبولفەتاح (بریکاری وەزیری خوێندنی باڵا) و کاک عەباس (وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا) ئەوان بە ئۆتۆمبێلی خۆیان هاتن. سەرەتا رۆشتینە ژوری بریکاری وەزیری تەندروستی (د.رەهێڵ) و راوێژکارێکی وەزیری تەندروستی، باسی کۆمەڵێک شتی کۆمەڵایەتی کرا!

دواتر وەزیری تەندروستی (د.سامان بەرزنجی) پێشوازی لێ کردین. بریکاری وەزیری تەندروستی و راوێژکارەکەی وا قسەی دەکرد کە پزیشکانی سەر بە میلاکی کۆلێجی پزیشکی لە نەخۆشخانەکان وەک پێویست دەوام ناکەن! بریژاری وەزیری خوێندنی باڵا بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵاش بە فەرمی داواکاری کۆلێجی پزیشکیان رونکردەوە بۆ وەزیری تەندروستی.

من: داواکاری کۆلێجی پزیشکی لە دو تەوەری گرنگدا خۆی دەبینێتەوە کە بۆ هەردو وەزارەت باشە. یەکەم: گواستنەوەی پزیشک و دوەم: نەخۆشخانەی فێرکاری.

بریکاری وەزیری تەندروستی: ئاخر دکتۆرەکانی زانکۆ دەوام.....

من قسەکەم پێ بڕی. "کاک دکتۆر ئەو زانیارییانەی کە بەدەست ئێوە گەیشتوە من بە بەڵگە دەیسەلمێنم کە وا نیە. فەرمو ئەوە خشتەی دەوامی پزیشکانە لە نەخۆشخانەکانی کەلار. تەماشای دکتۆرەکانی کۆلێج وەک دکتۆرەکانی تەندروستی دەوام دەکەن و هەمان خشتەیان هەیە".

د. عەبدولفەتاح: "جەنابی وەزیر داواکارییەکانی کۆلێجی پزیشکی لە قازانجی کەرتی تەندروستیە. خوێندکارانی کۆلێجی پزیشکی لە کۆلێجەکە وەک میوانن، دوای شەش ساڵ دێنە لای ئێوە. ئەگەر باش فێر بن، بۆ ئێوە باشە زیاتر وەک بۆ ئێمە، چونکە دواجار خوێندکاری کۆلێجی پزیشکی دەبنە دکتۆر لە نەخۆشخانەکانی ئێوە".

من: جەنابی وەزیر دکتۆرەکانی ئێمە لە دو وەزارەت دەوام دەکەن. یاسای راژەی زانکۆیی و یاسای مافی نەخۆش و یەک دنیا بەرپرسیارێتیان لەسەرە. لەیەککاتدا، مامۆستان، توێژەرن، کاری کارگێڕی دەکەن، لە لیژنەی تاقیکردنەوەکانن، ئێشکگری دەکەن، نەشتەرگەری دەکەن، ئیستیشاریش دەکەن.

وەزیری تەندروستی: چەند پزیشکتان دەوێت بۆ گواستنەوە؟

من: ١٤ پزیشکمان داوا کردوە.

وەزیری تەندروستی: کە گەڕایتەوە بۆ گەرمیان، بیکە بە ٢٠ دکتۆر، من لە ئێستادا بۆت دەکەم. ئەی بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری؟

من: دەکرێت لە ئێستادا نەخۆشخانەکانی کەلار بە فەرمی بکرێن بە فێرکاری. دواتر دەکرێت یان گەشەی پێبدرێت، یان نەخۆشخانەیەکی فێرکاری ٤٠٠ قەرەوێڵەیی دروستبکرێت.

وەزیری تەندروستی: نوسراوێک لە رێگەی زانکۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵا بکە بۆ وەزارەتی تەندروستی. دەیانکەین بە نەخۆشخانەی فێرکاری!

رۆژی دواتر بە هەماهەنگی لەگەڵ د.خەتاب (وەزیری خوێندنی باڵا رایسپاردبو) ناوی گشت نەخۆشخانەکانی گەرمیانمان ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی کرد. ئەوانیش بە فەرمی فەرمانی بە فێرکاریی بونیان دەرکرد و ئەنجومەنی وەزیرانیش فەرمانی گواستنەوەی ١٤ پزیشکەکەی دەرکرد لە تەندروستی گەرمیان بۆ سەر کۆلێجی پزیشکی.

دواتر ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی فێرکاری بۆ کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان. لیژنەیەکمان پێکهێنا (د. حسێن نوری، د.سەمین قادر و د. شاخەوان مەحلان)، پرۆپۆزەڵیان دا بە سەرۆکی زانکۆ کە لە ناو کامپی زانکۆ نەخۆشخانەکە دروست بکرێت. ئێستاش نەکراوە!

ئەنجومەنی زانکۆی گەرمیان بڕیاریدا بینای سەرۆکایەتی یەک بکات بە نەخۆشخانەی فێرکاری کۆلێجی پزیشکی. ئێستاش نەکراوە!

پێشتر پێشنیارمان کرد بینای سەرۆکایەتی دو بکرێت بە نەخۆشخانەی فێرکاری، لیژنەیەکمان پێک هێنا (د. ئومێد ئەحمەد محەمەد، د.هیوا پێنجوێنی و د. سۆران محەمەد ئەحمەد)، پرۆپۆزەڵێکی تێروتەسەلیان دا بە سەرۆکایەتی زانکۆ، بەڵام لە جیاتی ئەوەی بکرێت نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری، یەکەمجار کرا بە سەنتەری جینۆساید و ئێستا کرا بە ناوەندی کۆلتوریی ئاران.

ئێستا کە ئەو پرۆژانەی نەخۆشخانەی فێرکاری نەهاتۆتە بەرهەم، قەیناکە حکومەتی لە قەیرانی داراییە، بەڵام ئایا نەخۆشخانەکانی کەلار وەک فێرکاری کاری خۆیان دەکەن؟ ئایا پرۆسەی فێربونی بەردەوامی تێدا ئەنجام دەدرێت؟ ئایا تاقیگەی پێشکەوتوی تێدا دروستکراوە؟ ئایا ژوری سیمینار و کەرەستەی فێربونی تێدایە؟ (کاتی خۆی داوامان لە سەرۆکی شارەوانی کرد تەنها ١٠٠ مەتر لە نزیک یان لە ناو نەخۆشخانەی گشتی کەلار بدرێت بە کۆلێجی پزیشکی بۆ دروست کردنی ژورێک بۆ خوێندکاران، نەیتوانی دابینی بکات!) ئایا سەرچاوەی زانستی و کتێبخانەی تێدایە؟ ئایا ستافی فێرکاری و سەرپەرشتی کلینکی تێدایە؟ هاوئاهەنگی یاسایی تێدایە کە مافی نەخۆش و خوێندکاری تێدا لە یاداشتێکی لێکتێگەیشتندا پارێزراوە؟ یان بە پێچەوانەوە هەمو جارێک خوێندکارانی کۆلێجی پزیشکی لە نەخۆشخانەکان دەکەنە دەرەوە؟! ئایا خوێندکارانیش بە پێی یاسا سنوری خۆیان لە ناو نەخۆشخانەکان دەزانن؟

ئایا بونی نەخۆشخانەی فێرکاری لە زیانی نەخۆشخانەی کەرتی تایبەتە یان بە پێچەوانەوە بونی نەخۆشخانەی فێرکاری دەبێتە سەرچاوەی پێگەیاندنی پزیشکی لێهاتو و کارامە، کە دواجار نەخۆشخانە تایبەتەکان پێویستیان پێ دەبێت؟!

خۆی لە راستیدا بە گشتی لە کوردستاندا، باشترە ئەمان بە مادی و مەعنەوی پشتیوانی بە مۆدێرنکردن نەخۆشخانە فێرکارییەکان بکەن، ئەگینا ٥ ساڵی داهاتو پزیشکی کارامە بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکانیش بەردەست نابێت!


* پرۆفیسیۆری یاریدەدەر، کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان