د. شێرکۆ سوبحان*
ڤایرۆسی سورێژە یەکێکە لە ڤایرۆسانەی کە لە رابردودا مەترسی گەورەی لەسەر ژیانی مناڵاندا هەبوە و هیچ چارەسەرێکی نیە، تەنها لە ڕێگەی ڤاکسین (کوتان)ـەوە رێگری لە بڵاوبونەوەی دەکرێت.
هەرچەندە لە دو دەیەی رابردودا بەهۆی کوتانەوە تاڕادەیەکی زۆر لە جیهاندا بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵ کرابو، بەڵام بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵانی ٢٠٢٠ تا ٢٠٢٢، یان بەهۆکاری بڵاوبونەوەی زانیاری هەڵە (Misinformation) لەلایەن گروپەکانی سەر بە بیردۆزی پیلانگێڕیی (Conspiracy theory)، یان بە هۆکاری سیاسی یان ململانێی سەربازی و ئابوری، رێژەی وەرگرتنی کوتانی دژی ڤایرۆسی سورێژە لە جیهاندا کەمیکردوە، هەر بۆیەش لەم یەک دو ساڵەی رابردودا، ڤایرۆسی سورێژە بەشێوەی پچڕ پچڕ لە هەندێک شوێنی جیهاندا، سەری هەڵداوە، بە تایبەت لە ئەمریکا و ئەوروپا و ئەفریقا و باشووری ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە ئێستادا وا لە کوردستان خەریکە ڤایرۆسی سورێژە سەر هەڵدەدات، بە تایبەت لەم رۆژانەدا نزیکەی ٣٠ مناڵ لە شاری هەولێر توشی سوورێژە بوون، کە پێشتر ڤاکسینیان دژی ڤایرۆسەکە وەرنەگرتبو. پێشتریش لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق، بەتایبەتی بەغدا و دیالە و ئەنبار، ڤایرۆسەکە لە ناو مناڵان سەریهەڵداوە.
ئەوەی گرنگە کە حکومەت و خەڵک بزانن ئەم بابەتانەی لای خوارەوەیە:
١. ئەگەر بەرگری لەشی بە کۆمەڵ نەگاتە ٩٥٪، ئەوا مناڵانی ڤاکسین بۆ نەکراو سەلامەت نابن. واتا ئەگەر لە ٩٥٪ـی مناڵانی نێوان ٩ مانگ بۆ ١٥ ساڵ، ڤاکسینی سورێژە وەرنەگرن، ئەوا مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە هەیە، هەندێکجار توشبوونی ئەوانەش دەگرێتەوە کە بڕی پێویستی ڤاکسینیان وەرنەگرتوە.
٢. خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە: ڤایرۆسەکە ئەوەندە بە خێرایی لەڕێگەی هەناسەدانەوە بڵاودەبێتەوە، بە جۆرێک کە یەک مناڵی تووشبو دەتوانێت ١٢ بۆ ١٨ مناڵی تری ڤاکسینین بۆ نەکراو توشبکات.
٣. مناڵانی خوار ٩ مانگ، ناتوانن ڤاکسین وەربگرن، چونکە دژەتەنی لەشی دایکەکە تا ٦ بۆ ٩ مانگ لە لەشی مناڵ دەمێنێتەوە، هەر بۆیە پێدانی ڤاکسین لە پێش ٩ مانگیدا، سودی ئەوتۆی نابێت. مناڵانی تەمەنی نێوان ٩ مانگ بۆ ١٥ ساڵ بە بڕی جیاواز چەند جارێک ڤاکسین دەکرێن.
٤. هەمو مناڵانێکی خوار ١٥ ساڵ مەترسی هەیە کە توشی سورێژە بە سەختی ببێت.
٥. نیشانەکانی نەخۆشییەکە بە کورتی ئەمانە دەگرێتەوە: تای بەرز، پەڵەی سپی شینباو لە سەر باکگراواندی سوری ناو دەم بۆ ماوەی نزیکەی ٣ رۆژ، دواتر پەڵەی سوری تەخت لەسەر پێستی پشتی گوێ، مل، دەموچاو، دواتر سەر سنگ و پشت و پەلەکان بۆ ماوەی نزیکەی سێ ڕۆژی تر.
نزیکەی ٦٠٪ـی نەخۆشەکان توشی هەوکردنی سییەکان دەبن و نزیکەی ١ لە هەزاری نەخۆشەکانیش تووشی هەوکردنی مێشک دەبن.
ڤایرۆسەکە زۆرجار دەبێتە هۆی سکچون و رشانەوە و هێرشکردنە سەر خانەکانی بەرگری لەش. ئەمانەش هۆکاری مردنی مناڵی توشبون بە ڤایرۆسی سورێژە.
* پرۆفیسۆری یاریدەدەر بەرگری لەش دژی میکرۆب/ کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵتاوەکو ئێستا ١٤ ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی ساڵی رابردوی گەرمیان خەرجنەکراوە
-
-
هەواڵلەبارەی کێشەی شۆفێرەکانی خانەقینەوە رونکردنەوە دەدرێت
-
-
هەواڵلە گەرمیان ١٢٥ قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە
-
-
هەواڵتاوەکو ئێستا ئامێری ATM بۆ ناحییەی باوەنور دانەنراوە
-
-
هەواڵبەڕێوبەرایەتی چاودێریی کۆمەڵایەتی: لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ چاودێریی دایەنگەکانی گەرمیان
-