رادیۆی ده‌نگ
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له‌نوێترین راپۆرتیدا له‌سه‌ر كێشه‌ى لافاو له قه‌زاى كه‌لار وه‌ستاوه و دیارترین هۆكاره‌كانى ئه‌و دیارده سروشتییه و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان له مامه‌ڵكردنێكى دروست له‌گه‌ڵیدا، باسكردوه.
رادیۆی ده‌نگ به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، پرۆژه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به بره‌ودان به رۆژنامه‌وانى مافه‌كانى مرۆڤ و ژنان و چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی ئه‌نجام ده‌دات. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌ر سێ مانگ جارێك راپۆرتێكى قوڵ و بنكۆڵكاریی له‌باره‌ى پرسێكى په‌یوه‌ست به مامه‌ڵه‌ى حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان له‌باره‌ى پرس و بابه‌ته‌كان، ئاماده ده‌كات.
راپۆرته‌كه‌ش له‌رێگه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانى سه‌ر به رادیۆكه‌وه ئاماده ده‌كرێت، كه یه‌كه‌یه‌كى تایبه‌تى رادیۆكه‌یه و له ساڵی 2017ـه‌وه به‌مه‌به‌ستى هه‌ڵسه‌نگاندن و چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی ناوچه‌كه، دروستیكردوه.
له سێیه‌مین راپۆرتى وه‌رزی نوێی پرۆژه‌كه‌دا، تیشكخراوه‌ته سه‌ر كێشه‌ى لافاو له سنورى قه‌زاى كه‌لار، كه ساڵانه ئه‌م كێشه‌یه دوباره ده‌بێته‌وه. تیایدا له‌سه‌ر زاری به‌رپرس و شاره‌زایان و چالاكوانانه‌وه، به وردیی له‌سه‌ر هۆكار و كاریگه‌ریی و لێكه‌وته‌ى كێشه‌كه وه‌ستاوه.
بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌كه‌ش به‌شێوازی PDF، كلیك له‌م فایله‌ى لایخواره‌وه بكه:
فایلی PDFله‌خواره‌وه ده‌قی راپۆرته‌كه بەشێوەی تێکست ده‌خوێننه‌وه.
پێشەکی:
له‌م چه‌ند ساڵانه‌ى دواییدا، كه‌م ساڵ هه‌بوه قه‌زاى كه‌لار روبه‌ڕوى لافاو نه‌بوبێته‌وه. ئه‌و لافاوانه‌ش زیانى زۆریان بۆ بونیادى شاره‌كه و هاوڵاتیان هه‌بوه. ئه‌مه‌ش پرسیاری ئه‌وه‌ى هێناوه‌ته ئاراوه: بۆچی ئه‌م لافاوانه روده‌ده‌ن و له‌وه‌ش گرنگتر: چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێن؟
له‌م راپۆرته‌دا به وردیی له‌سه‌ر هۆكاره‌كانى دروستبونى لافاو وه‌ستاوین، هه‌ر له لایه‌نه سروشتییه‌كه‌وه هه‌تا كه‌مته‌رخه‌مى حكومی. پاشان به‌پشتبه‌ستن به قسه‌ى پسپۆڕان و لایه‌نه په‌یوه‌ندییداره‌كان، هه‌ندێك بیرۆكه و پێشنیار و راسپارده خراونه‌ته‌ڕو.
بەشی یەکەم: راپۆرت
1. ناساندنی ئەو چه‌مه وه‌رزییانەی لافاویان لێدروستدەبێت
بەشێوەیەکی گشتی سێ چەمی سەرەکی بە شاری کەلار تێپەڕدەبێت ئەوانیش چەمەکانی: بەردەسور کە لەسەروی بەرزارییەکانی بەردەسورەوە دێت، هەروەها چەمی سەید خەلیل ناسراو بە چەمی گازینۆ، چەمی قەرەچێل، ئەم دو چەمە لە زەوییە شەپۆلاوییەکانی باکوری شاری کەلارەوە دێن، کە لەروی تایبەتمەندییەوە جیاوازن.
خشتەی تایبەتمەندی روبەر و شێوەی ئاوزێڵەكانی ناوچەكە

سەبارەت بە بڕی ئاوی ئەم چەمانە لەبەرئەوەی کە وێستگەی پێوانی ئاویان لەسەر نییە، هەروەها چەمی وەرزین بەمەش بڕی ئاویان بەپێی بڕی بارانبارین لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی‌تر یان لە شەپۆلە بارانێکەوە بۆ یەکێکیتر دەگۆڕێت، بۆیە تاکو ئێستا بڕی ئاویان دیاریینەکراوە، بەڵام دەکرێت لەڕێگەی وەرگرتنی روپۆشەکانی زەوی ناوچەکە و بەپێی هاوکێشەیەکی بیرکاری بڕی ئاویان بەپێی بڕی شەپۆلە بارانەکان بخەمڵێنرێت.
یه‌كه‌م: ئاوزێڵی چەمی سەید خەلیل
روبەرەکەی (85,38)کم2، ئەگەر لە یەکێک لە رۆژەکانی ناوەڕاست بۆ کۆتایی وەرزی زستان یان سەرەتا وەرزی بەهار لەماوەی (1) کاتژمێردا (15)ملم باران ببارێت و پێنج رۆژ پێش ئەو ڕۆژەش بەبڕێکی کەمتر باران باری بێت، بەڕەچاوكردنی روپۆشەکانی زەوی لەو بڕە بارانە (30%) توشی داچۆڕان ببێت و (70%)ی ببێت بە ئاوی ڕۆیشتوی سەر زەوی، كەواتە قەبارەی ئەو بڕە بارانە دەبێتە نزیكەی (411114)م3 ئاوی سەر زەوی، واتا لەو کاتژمێرەدا ئەو بڕە ئاوە بە رێڕەوی سەرەکی چەمەکەدا تێپەڕدەبێت.
نەخشەی ئەو چەمانەی بە شاری کەلار تێپەڕدەبن

دوه‌م: ئاوزێڵی چه‌مى گازینۆ و بەردەسور
سەبارەت بە مەترسی دروستبونی لافاوی چەمەکان لەسەر شاری کەلار، بە دڵنییاییەوە مەترسییان وەک یەک نییە، هۆکاری ئەوەش بۆ جیاوازی لە تایبەتمەندییان دەگەڕێتەوە بەتایبەت روبەری ئاوزێڵەکانیان، بۆ نموونە روبەری ئاوزێڵی چەمی بەردەسور دەکاتە (12,19)کم2، لەبەرانبەردا روبەری ئاوزێڵی چەمی سەید خەلیل (گازینۆ) دەکاتە (85,38) کم2، واتا ئەو ڕووبەرەی زەوی کە ئاو بۆ چەمی سەید خەلیل (گازینۆ) کۆدەکاتەوە حەوت جار لەو روبەرەی زەوی گەورەترە کە ئاو بۆ چەمی بەردەسور کۆدەکاتەوە، ئەمەش واتا ئاوزێڵی چەمی گازینۆ حەوت ئەوەندەی ئاوزێڵی چەمی بەردەسور ئاوی بارانی بەردەکەوێت، بۆیە مەترسی دروستبونی لافاو لە چەمی سەید خەلیل ناسراو بەگازینۆ زیاترە.
2. هۆكاره‌كانى دروستبونى لافاو لەکەلار
ئه‌یاد محه‌مه‌د، چالاكوان له قه‌زاى كه‌لار ده‌ڵێت: دروست بونى لافاو راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به رێژه‌ى دابارینه‌وه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها هۆكارنیه چونكه چه‌مه‌كان رێڕه‌وى سروشتى ئاون كاتێك به‌شێوه‌یه‌كى نازانستى رێگرى له‌م رێڕه‌وانه ده‌كرێت كاره‌ساتى لێده‌كه‌وێته‌وه.
ده‌شڵێت: كێشه‌كه ته‌نها بارانى ناوخۆى نیه به‌ڵكو ئه‌و ئاوه زۆره‌یه كه له چه‌مه‌كانه‌وه ده‌ڕژێته ناو شار، ئه‌گه‌ڕ رێڕه‌وه‌كه‌ى گیرابێت ده‌گۆڕێت بۆ لافاوێكى وێرانكه‌ر.
هاوكات، ئازاد ئه‌حمه‌د، چالاكوان له گه‌رمیان ده‌ڵێت: هۆكارى دروستبونى لافاو به‌شێوه‌یه‌كى گشتى په‌یوه‌تسه به دابارینى به‌خۆڕه له كاتێكى كه‌مدا كه زۆرجار ده‌بێته هۆى لافاو و ئێستاش بوه به دیارده.
وتیشى: هاوكات هۆكارى ناوخۆیش هه‌ن كه بونه‌ته هۆى دروستبونى لافاو وه‌ك داخرانى رێڕه‌وه‌كانى ئاو و كۆنكریتى زۆر و گیرانى جۆگه و رێگاكانى ئاو ئه‌مه‌ش به‌شێكه له هاوكێشه‌كه كا وایكردوه لافاو دروست ببێت.
هاوشێوه‌ى چالاكوانان پسپۆرانیش جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه جگه له دابارینى زۆر‌و به خۆڕ كه هۆكاره بۆ ردوستبونى لافاو، هاوكات هۆكاره مرۆییه‌كانیش یه‌كێكه له هۆكاره‌كان.
د.هێمن نه‌سره‌دین، پسپۆرى هایدرۆلۆجى و جیۆمۆرفۆلۆجى هاوكات مامۆستا له زانكۆى گه‌رمیان له‌باره‌ى هۆكاره‌كانى دروستبونى لافاو له قه‌زاى كه‌لار ده‌ڵێت: دروست بونى لافاو له قه‌زاكه بۆ سێ هۆكارى سه‌ره‌كى ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌وانیش هۆكاره ئاو هه‌واییه‌كان، هۆكاره جیۆمۆرفۆلۆجییه‌كان له‌گه‌ڵ هۆكاره مرۆییه‌كان.
ده‌شڵێت: له روی هۆکارە ئاووهەواییەکانەوە بەهۆی گۆڕانی ئاووهەوا بەگشتی و گۆڕان لەسیستەمی دابارین بەتایبەتی، دەبینین زۆرجار لەماوەیەکی کورت‌دا بڕێکی زۆر باران دەبارێت، و ئاوی چەمە وەرزییەکان دێن و ئاوی بارانی سەر شارەکە کۆ دەبێتەوە و مەترسی رودانی لافاو دروست دەبێت، هاوكات له روى هۆکارە جیۆمۆرفۆلۆجییەکانەوە دەبینین شارەکە کەوتۆتە کۆتایی ڕێڕەوی کۆمەڵێک چەمی وەرزییەوە لەسەر دەشتێکی نیشتوی باوەشێنکرد ئاسا، ئەمەش وایکردوە رێڕەوی کۆتایی چەمەکان پەرشوبڵاو بێت، ئەمەش هۆکارێکیتری دروستبوونی لافاوە لە شاری کەلار.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: هۆکارە مرۆییەکان وه‌ك چالاکییە مرۆییەکان لەناوچەکەدا هۆکارن بۆ گۆڕین و تێکچونی بەشێک لەو ڕێڕەوە ئاوییانە، ئەمە سەرەڕای فراوانبوونی شار و کشانی بۆ نزیک ڕێڕەوە ئاوییەکان، کە ئەمانەش بە یەکێکیتر لە هۆکارەکانی دروستبوونی لافاو دادەنرێت لە شاری کەلاردا.
به‌پێى وته‌ى ئه‌و پۆسپۆره، لەبنەڕەتدا هۆکارە ئاووهەوایی و جیۆمۆرفۆلۆجییەکان هۆکارن بۆ رودانی لافاو لە شاری کەلار، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا چالاکییە مرۆییەکان مەترسی رودانی لافاویان زیاتر کردوە.
"دروستبونى لافاو له كه‌لار به‌گشتى له سێ سه‌رچاوه‌وه دروست ده‌بێت، یه‌كێك له‌وانه هه‌ڵكشانى ئاوه له چه‌مه وه‌رزیه‌كانه‌وه، هاوكات باراناوى زۆرى ناوخۆى شار و ده‌وروبه‌رى قه‌زاكه، له‌گه‌بَ كئبونه‌وه‌ى هه‌ردوكیان له یه‌ك كاتدا"، د.غازى به‌هرۆز، ئه‌ندازیارى شارستانى و مامۆستا له زانكۆى گه‌رمیان وتى.
وتیشى: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى قه‌زاكه دو چه‌مى وه‌رزى سه‌ره‌كى له‌سه‌ره ئه‌وانیش چه‌مى گۆبان و چه‌مى سه‌یدخه‌لیله، ئه‌مه وایكردوه قه‌زاكه روبه‌ڕوى لافاو ببێته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا، ئه‌ندازیار عومه‌ر وه‌لى، سەرۆکی لیژنەی کەمکردنەوەی زه‌ره‌رو زیانه‌كانى لافاو له ئیداره‌ى گه‌رمیان وتى: هۆكارى دروستبونى لافاو له كه‌لار هه‌ندێك پردمان هه‌یه له ناو كه‌لار و له جاده‌ى پشتێنه‌ى كه‌لار كه قه‌نته‌ره‌كانى وه‌ك پێویست نیه و كاتى خۆى دراسه‌یه‌كى باشى بۆ نه‌كراوه كه لافاو هات بۆمان ده‌ركه‌وت پێویسته دراسه بكرێته‌وه و فراوانكردنى بۆ بكرێت، پێویسته ئه‌و پردانه چاویان بۆ زیاتر بكرێت به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى جاده‌ى پشتێنه‌ى كه‌لار بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت وه‌ك پێویست ئاوى خۆى رابكێشێت.
وتیشى: یه‌كێكى تر له هۆكاره‌كان ئه‌و بابخانه‌یه كه كراوه چ له سنورى سه‌یدخه‌لیل چ له ده‌شتى كه‌لار بۆ رزگارى، ئه‌مانه ڕێڕه‌وى ئاوه‌كانیان گۆڕیوه و ته‌سكیان كردوه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر رێڕه‌وه‌كه‌ى ئاوابێت سه‌رڕێژ ئه‌بێت و به‌ملاولا رائه‌دات و زیان ئه‌گه‌یه‌نێت و لافاو ردوست ئه‌بێت.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: پێشنیارى ئه‌وه‌مان كردوه ئه‌و چه‌م و رێڕه‌وانه‌ى كه له نه‌خشه‌دا هه‌ن و له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتو‌كاڵى گه‌رمیانه و كارى له‌سه‌لارده‌كه‌ین و ده‌یگه‌ڕێنینه‌وه رێڕه‌وى خۆى.
3. مامەڵەی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ لافاو
له‌ئێستادا مامەڵەی حکومەت لەگەڵ مەترسی لافاو لە سنورەکەدا تەنها لە چوارچێوەی"ڕێکاری سەرەتایی" ماوەتەوە، ئەیاد محەمەد، چالاكوان له‌وباره‌یه‌وه جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه: له گه‌رمیان و به‌تایبه‌ت قه‌زاى كه‌لار ته‌نها كاتێك دابارین زۆر ده‌بێت حكومه‌ت ده‌كه‌وێته جوڵه، ئه‌مه‌ش هاوڵاتیانى ناوچه‌كه‌ى توشى دڵه‌ڕاوكێ كردوه.
ده‌شڵێت: وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌مساڵ بینیمان كاتێك باس له شكانى ساتره خۆڵه‌كانى ده‌شتى كه‌لار كرا، ئه‌مه نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه چاره‌سه‌ره‌كان كه حكومه‌ت ده‌ستى بۆ بردون كاتیه و نه‌كراوه به پرۆژه‌ى سترتیژى بۆ پاراستنى ناوچه‌كه.
"تاوه‌كو ئێستا به‌شێوه‌یه‌كى گشتى حكومه‌ت ئه‌وه‌ى كه كردویه‌تى ئه‌وه‌بوه له كاتى وه‌رزى داباریندا هه‌ندێك بیریان له چه‌مه وه‌رزیه‌كان و مه‌ترسیه‌كانیان كردوه‌ته‌وه كه لافاو دروست ببێت و ساتریان ردوست كردوه له كاتێكدا ئه‌مه رێگرى كاتین و چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى نیه بتوانێت مه‌ترسى لافاو كه‌م بكاته‌وه یان بنبڕى بكات"، ئازاد ئه‌حمه‌د، چالاكوان له گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.
ده‌شڵێت: پێویسته پلانى باشتر هه‌بێت و وردتر كارى له‌سه‌ر بكه‌ن و مه‌ترسى دروستبونى لافاو به یه‌كجارى چاره‌سه‌ر بكرێت، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ى كه ئێستا هه‌یه.
پسپۆرێكیش جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌ى تاوه‌كو ئێستا كراوه زانستى نه‌بوه.
د.غازى به‌هرۆز، ئه‌ندازیارى شارستانى و مامۆستا له زانكۆى گه‌رمیان وتى: ئه‌وه‌ى حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كى گشتى تاوه‌كو ئێستا كردویه‌تى دروستكردنى به‌شێك له دیوار و به‌ربه‌سته پارێزه‌ره‌كانه، له‌گه‌ڵ پاككردنه‌وه‌ى ڕێره‌وه‌كانى ئاو و كه‌ناڵه‌كان، هاوكات ردوستكردنى ئاوه‌ڕۆ له سه‌نته‌رى قه‌زاكه له‌گه‌ڵ چاككردنى پرد‌و تێپه‌ڕگه.
ده‌شڵێت: به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌یتوانیوه بەندی کۆنترۆڵی لافاو (Detention Dam) یان پۆند و بەنداو دروست بكات له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مه وه‌رزیانه كه هۆكارى لافاون، له‌گه‌ڵ دروست نه‌كردنى حەوزی گەورەی هەڵگرتنی لافاو، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى تاوه‌كو ئێستا نه‌یتوانیوه زیاده‌ڕۆییه‌كانى سه‌ر چه‌م و باخه‌كان لابدات و رێڕه‌وه‌كانى لافاو فراوانتر و قوڵتر بۆ چه‌مه‌كان بكات.
قسه‌وباسه‌كان زۆرن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه حكومه‌ت هیچ رێكارێكى جدى و زانستى نه‌گرتوه‌ته به‌ر بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى مه‌ترسیه‌كانى لافاو له‌سه‌ر قه‌زاى كه‌لار، به‌ڕێوبه‌رێكیش ده‌ڵێت: له نه‌زانى بوه.
موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى بەڕێوبەرایەتی ئاودێریى گه‌رمیان ده‌ڵێت: رێڕه‌وه ئاوییه‌كان و چه‌مه وه‌رزییه‌كان ده‌توانم بڵێم له ماوه‌كانى رابردو هیچ حسابێكیان بۆ نه‌كراوه له پێشتردا چى پرۆژه كراوه، بۆ نمونه پرۆژه‌ى نیشته‌جێبونى لانه ستى كراوه چه‌مێكى گه‌وره‌ى لاوه‌یه هیچ حسابێك بۆ ئه‌و چه‌مه نه‌كراوه، حسابى هایدرۆلۆجى بۆ ئه‌و پرۆژانه نه‌كراوه.
وتیشى: به‌ڵام له ئێستادا گه‌شتونه‌ته ئه‌وه‌ى كه هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌درێت پێویسته لێکۆڵینەوەیەکی وردی بۆ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و هه‌ڵانه‌ى پێشتر ئه‌نجامدار دوباره نه‌بێته‌وه.
له‌باره‌ى هۆكارى ئه‌وه‌ى بۆچى ئه‌گه‌ڕێته‌وه حكومه‌ت هیچ حسابێكى بۆ ئه‌و چه‌مه وه‌رزیانه نه‌كردوه له رابردودا، ئاودێریى گه‌رمیان جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، ره‌نگه له نه‌زانین بێت، هاوكات پێشبینى ئه‌وه نه‌كراوه كه بگاته ئه‌م ئاسته كه مه‌ترسى دروست كردوه، چونكه چه‌ند ساڵێك وشكه ساڵى بو له ناوچه‌كه.
له به‌رامبه‌ردا، عارف عادل، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار به وه‌كاله‌ت باس له‌وه ده‌كات: بۆ وه‌رزى بارانبارینى ساڵى رابردو ئه‌وه‌ى پێویست بو كار بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى لافاو، چ له دروستكردنى ساترى خۆڵ بێت چ له پاكردنه‌وه‌ى مه‌نهۆڵه سه‌ره‌كیه‌كان بێت چ له پاككردنه‌وه‌ى چه‌مه وه‌رزییه‌كان بێت ته‌نانه‌ت ئه‌و شوێنانه‌شى كه ئاوى تێدا كۆده‌بێته‌وه.
وتیشى: له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و رێژه زۆره‌ى باران كه بارى روبه‌ڕوى هیچ كێشه‌یه‌م نه‌بوینه‌وه ساڵى رابردو، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كراوه چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى نیه بۆ ئه‌وه‌ى بڵێن كه‌لار مه‌ترسى له‌سه‌ر نیه ئه‌وه‌ى كراوه شتێكى كاتیه، بۆ ئه‌وه‌ى زیان به هاوڵاتیان نه‌گات.
سامان ره‌حیم، سه‌رۆكى شاره‌وانى قه‌زاى كه‌لار باسى له‌وه‌كرد: به فه‌رمانێكى كارگێڕى ئیداره‌ى گه‌رمیان لیژنه‌یه‌ك دانراوه له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه به‌مه‌به‌ستى دروستكردنى راگر و هه‌ڵكه‌ندنى كه‌ناڵى رێڕه‌وى ئاو بۆ رێگرى له دروستبونى لافاو له قه‌زا و ناحیه‌كان.
وتیشى: یه‌كێك له‌وانه پرۆژه‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى مه‌ترسى لافاو و بوژاندنه‌وه‌ى ئاوى ژێرزه‌وى به دروستكردنى گۆماوى ئاو گلدانه‌وه به درێژى 10 كم پانى و 100 مه‌تر به قوڵى له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاودێریى گه‌رمیانه‌وه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: دروستكردنى دیوارى كۆنكریتى راگر بۆ چه‌مى گۆبان به درێژى 2 كیلۆمه‌تر له‌لایه‌ن شاره‌وانى كه‌لاره‌وه.
4. چالاكوان: حكومه‌ت دیدگاى نیه بۆ چاره‌سه‌ركردنى لافاو
به‌پێى وته‌ى چالاكوانان نه‌بونى دیدگایه‌كى زانستى هۆكارى سه‌ره‌كیه بۆ چاره‌سه‌رنه‌كردنى مه‌ترسیه‌كانى لافاو له‌سه‌ر قه‌زاى كه‌لار.
ئه‌یاد، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: نه‌بونى دیدگاى زانستى هۆكارى سه‌ره‌كیه بۆ چاره‌سه‌رنه‌كردنى مه‌ترسیه‌كانى لافاو له‌سه‌ر كه‌لار، به‌جۆرێك ناتوانرێت به "شۆفڵ و حه‌فاره"یه‌كه‌وه بۆ دروستكردنى ساترى خۆڵ به‌ره‌نگارى لافاو ببنه‌وه.
وتیشى: كێشه‌ى سه‌ره‌كى ئه‌وه‌یه كه زۆرێك له پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون له‌سه‌ر رێڕه‌وه‌كانى چه‌مه‌كان دروستكراون، به‌بێ ئه‌وه‌ى بیر له چاره‌سه‌ره‌كه‌ى كرابێته‌وه به‌شێوه‌یه‌كى ئه‌ندازیارى.
به‌هه‌مان شێوه، ئازاد ئه‌حمه‌د، چالاكوان له گه‌رمیان ده‌ڵێت: حكومه‌ت پلانى نه‌بوه بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى لافاو له قه‌زى كه‌لار، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تێكه‌ڵه‌یه‌ك هه‌یه له كاروبارى دام و ده‌زگاكاندا، له كاتێكدا قایمقامیه‌ت و ئیداره‌ى گه‌رمیان به‌رپرسى یه‌كه‌من له‌م بابه‌ته‌دا كه ده‌بێت پلانى تۆكه‌میان هه‌بێت.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئێستا گه‌وره‌ترین گرفت پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنانى كه له‌سه‌ر رێڕه‌وه‌كانى ئاو به‌شێكیان دروست كراون به‌بێ ئه‌وه‌ى رێڕه‌وى ئاوه‌كه‌ى موعاله‌جه بكرێت ئه‌مه یه‌كێكه له هۆكاره‌كان بۆ دروستبونى لافاو، یه‌كه‌ى ئیدارى ده‌سه‌ڵاتى هه‌یه به‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌دا و ده‌توانێت ده‌ست وه‌ردان بكات، له كارى ئه‌و پرۆژانه و شوێنه‌كانیان، ده‌ست وه‌ردان له رێگه‌پێدان و جێبه‌جێكردنیان بكه‌ن.
"له بنه‌ڕه‌تدا پێویسته پێش هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك توێژینه‌وه‌ى هایدرۆلۆجی و هایدرۆلیک هەروەها دیاریکردنی سنوری لافاو و هەڵسەنگاندن بۆ مەترسیەکانی بکرێت، به‌جۆرێك ئەگەر بیناسازی لە نزیکی چەم و ڕێڕەوی لافاو بکرێت بەبێ ئەم توێژینەوانە، ئەوا مەترسی لافاو دروست ده‌بێت"، ساكار وه‌لى غه‌فور، ئه‌ندازیارى شارستانى و مامۆستا له زانكۆى پۆله‌ته‌كنیكى گه‌رمیان هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد.
ده‌شڵێت: ئەگەر ئەوانه ره‌چاو نه‌كران هۆكاره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نەبونی نەخشەی مەترسی لافاو (Flood Hazard Maps)هاوکات لاوازی لە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکانی پلاندانان بۆ هەر پرۆژەیەک کە ئەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە لەگەڵ گەشەپێدانی خێرا و داواکاری بۆ زەوی نیشتەجێبون، ئەمە جگه له‌وه‌ى كه هه‌ماهه‌نگى نێوان دامه‌زراوه په‌یوه‌ندیداره‌كان كه‌مه.
له‌به‌رامبه‌ردا، ئه‌ندازیار عومه‌ر وه‌لى، سەرۆکی لیژنەی کەمکردنەوەی زه‌ره‌رو زیانه‌كانى لافاو له ئیداره‌ى گه‌رمیان وتى: پلان هه‌یه بۆ فراوانكردنى چه‌مه وه‌رزییه‌كان و دروستكرنى راگرى كۆنكریتى بۆیان ته‌نه‌نات به راپۆرتى تایبه‌ت گوژمه‌شمان بۆ دیارى كردوه نه‌ك ته‌نها كه‌لار به‌ڵكو بۆ كۆى گه‌رمیان چاره‌سه‌رمان داناوه بۆ كێشه‌ى لافاو.
ده‌شڵێت: به‌كۆى گشتى بۆ سنورى گه‌رمیان 33 ملیار دینارمان دیاریكردوه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى لافاو له‌و رێژه‌یه نزیكه‌ى 21 ملیارى بۆ كه‌لار و رزگارى دانراوه چونكه رێڕه‌وه‌كانى لافاویان دێته‌وه سه‌ریه‌ك و چاره‌سه‌ره‌كه‌شیان بۆ هه‌ردولایه بۆیه به‌یه‌كه‌وه دامانناون.
وتیشى: فراوانكردنه‌كه به هه‌ماهه‌نگى حكومه‌ت و وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌كرێت پێكه‌وه.
لەبەرامبەردا، سامان ره‌حیم، سه‌رۆكى شاره‌وانى قه‌زاى كه‌لار وتى: لیژنه‌یه‌كى تایبه‌تمه‌ندمان هه‌یه له ئیداره‌ى گه‌رمیان سه‌باره‌ت به چه‌مى گۆران و چه‌مى به‌رده‌سور كارى به‌رده‌وامى له‌سه‌ر كراوه، نزیكه‌ى ئه‌و پانیه‌ى كه بۆى دانراوه 40 به 60 جێگیربوه و هیچ كێشه‌یه‌كى نیه.
وتیشى: له‌سه‌ره‌وه 100 مه‌تر دێته خواره‌وه و ده‌بێته 40 بۆ به‌رده‌سور و 60 مه‌تر بۆلاى رۆیاڵ ستى و چه‌مى گۆران دێته خواره‌وه و كێشه‌یه‌كى واى نیه، له‌سه‌ره‌وه‌ش له نێوان پرۆژەکانی بان سیتی و لانه‌ستى هه‌موى له جاده‌كاندا دیزاینمان كردوه كه جۆگه‌ى بۆ بكرێت و به‌و جۆگانه‌دا ئاوه‌كه به‌ش به‌ش دێته خواره‌وه بۆ ناو چه‌مى به‌رده‌سور.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه چه‌مى سه‌یدخه‌لیله به‌و پانیه‌ى كه دێت له كۆتایدا ده‌گاته نێو گه‌ڕه‌كى نێرگز و زه‌وى زیندانیانى سیاسى له‌وێ كێشه‌مان هه‌یه، پێشنیارەکان به‌جۆرێكه له چه‌مى سه‌یدخه‌لیل پێشتر له‌لاى گۆبان ساتره‌كانمان دروستكردوه و چه‌مه‌كه‌مان قوڵ كردوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوامان كردوه كارگه‌كان بڕۆن له‌وێ چاڵ بكرێت ئه‌وه بكرێت كه‌متر زه‌خت ده‌كه‌وێته سه‌ر ساترەکان و ئاو كه‌متر دێت.
به‌پێ وته‌ى سه‌رۆكى شاروانى قه‌زاى كه‌لار، له‌لاى زه‌وى زیندانیانى سیاسى داوامان كردوه كه قه‌نته‌رێكى سندوقى دروست بكرێت له نێوان كه‌لار و پرۆژه‌ى كه‌لارى نوێ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ئاوه‌ى دێت بیگوازێته‌وه بۆلاى چه‌مى ناوچه‌ى پیشه‌سازى و له‌وێ بڕواته خواره‌وه.
5. نه‌بونى ماسته‌رپلان و کاریگەریی لەسەر دروستبونى لافاو
چالاكوانان و پسپۆڕان پێیانوایه ئه‌گه‌ر قه‌زاى كه‌لار ماسته‌رپلانى هه‌بوایه ئه‌وه توشى لافاو نه‌ده‌بو چونكه به‌پلان كار ده‌كرا، حكومه‌تیش له‌وباره‌یه‌وه رونكردنه‌وه ده‌دات.
ئازاد ئه‌حمه‌د، چالاكوان له گه‌رمیان ده‌ڵێت: نه‌بونى ماسته‌رپلان بۆ قه‌زاى كه‌لار كه له ئێستادا كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن هۆكارێكى سه‌ره‌كیه بۆ ئه‌و پاشا گه‌ردانیه‌ى كه ئێستا هه‌یه له قه‌زاكه‌دا، چونكه ئه‌گه‌ر ماسته‌رپلان هه‌بوایه ئه‌م كێشانه هیچى دروست نه‌ده‌بو كه هه‌یه.
وتیشى: ئه‌وه‌ى كراوه له رابردودا هه‌موى به بێپلان رۆشتوه ئێستاش هه‌رچه‌ن ده‌یانه‌وێ رێكى بكه‌نه‌وه ناتوانن، له كاتێكدا قه‌زاكه به‌رده‌وام له فراوانبوندایه، ده‌بو زۆر زوتر ماسته‌رپلان بۆ كه‌لار دروستبكرایه.
هاوكات، سامى محه‌مه‌د، ئه‌ندازیارى پلانسازى شار مامۆستا له زانكۆى پۆله‌ته‌كنیكى گه‌رمیان وتى: به‌شێوه‌یه‌كى گشتى قه‌زاى كه‌لار له ساڵى 2006ـه‌وه گه‌شه‌سه‌ندنى ده‌ستى پێكردوه و تاوه‌كو ئێستا ماسته‌رپلانى نیه ئه‌وه‌ى كه دروست بوه به‌بێ پلان بوه و ئه‌و قه‌زاى كه ئێستا هه‌یه دروست بوه و بوه به‌پێى واقع حال خۆى دروست بوه.
ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى گشتى باسى گرنگى ماسترپلان بكه‌ین هه‌مو شارێك پێویسته هه‌یبێت، چونكه ماسته‌رپلام ده‌بێت سه‌ره‌تا حسابى %0 گه‌شه‌كردنى شاره‌كه بكرێت له روى روبه‌ره‌كانه‌وه له كۆى سێكته‌ره‌كان چ نیشته‌جێبون بێت چ بازرگانى بێت.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: كه‌لار تاوه‌كو ئێستا ماسته‌رپلانى نیه و كۆمه‌ڵێك چه‌مى وه‌رزى به‌نێو قه‌زاكه‌دا تێده‌په‌ڕێت كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان دروستكراوه هیچى به پلان نه‌بوه ئه‌مه وایكردوه ساڵانه روبه‌ڕوى مه‌ترسى لافاو ببینه‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر ماسته‌رپلان هه‌بوایه توشى ئه‌و گرفته نه‌ده‌بوین.
له به‌رامبه‌ردا، سامان مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خشه‌دانانى ئاوه‌دانى گه‌رمیان ده‌ڵێت: 6 نوسینگه‌ى تایبه‌ت به دروستكردنى ماسته‌رپلانى كه‌لار سیڤى خۆیان ناردبو چێك لیستیان بۆكراوه‌ته‌وه چونكه له‌سه‌ر 2 خاڵ بڕیار ده‌درێت خاڵى هونه‌رى و دارایی، ته‌نانه‌ت له خاڵه هونه‌رییه‌كان ته‌واو بون و كۆنوسیان بۆ كراوه و دراوه‌ته به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى گرێبه‌سته‌كان له وه‌زارەتى شاره‌وانى.
وتیشى: هه‌نگاوى دواتر لایه‌نى دارایی دێت بانگ ده‌كرێن ئه‌و كۆمپانیانه لایه‌نى دارایى هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى ته‌نده‌ره‌كه‌ى وه‌ربگیرێت دواتر بانگه‌وازى بۆ ده‌كرێت بزانرێت بۆ كێ ده‌رده‌چێت بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست به‌كاره‌كانى بكات.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: دواى ئه‌وه گرێبه‌ست بۆ ئه‌و كۆمپانیا ده‌كرێت كه بۆى ده‌رده‌چێت.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌م ماسته‌رپلانه له‌سه‌ر چ جۆره داهاتێك دروست ده‌كرێت، نه‌خشه‌دانانى گه‌رمیان جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه: له‌سه‌رداهاتى خودى شاره‌وانى كه‌لار دروست ده‌كرێت و حساب بانكیشى بۆكراوه‌ته‌وه و له %2 داهات ده‌چێته سه‌رى.
به‌پێى وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى نه‌خشه‌دانانى گه‌رمیان، به دروستكردنى ماسته‌رپلان زۆرینه كێشه‌كانى قه‌زاكه چاره‌سه‌ر ده‌بێت به‌تایبه‌ت كێشه‌ى لافاو، چونكه به‌رچاو رون ده‌بیت كه چى ده‌كه‌ى.
6. پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان تاچه‌ند هۆكارى دروستبونى لافاون؟
به‌پێى وته‌ى چالاكوانان پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون هۆكارى سه‌ره‌كى مه‌ترسیه‌كانى لافاون له قه‌زاى كه‌لار و فشارێكى زۆر كه‌وتوه‌ته سه‌ر چه‌مه وه‌رزییه‌كان، وه‌به‌هێنانى گه‌رمیانیش له‌وباریه‌وه رونكردنه‌وه ده‌دات.
ئه‌یاد محه‌مه‌د، چالاكوان له قه‌زاى كه‌لار هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: له ئێستادا فشارێكى زۆر له‌سه‌ر چه‌مى وه‌رزى گازینۆ هه‌یه له كاتێكدا چه‌مى به‌رده‌سور ئاوى كه‌مترى پێدا ده‌ڕوات، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ى تێكچونى باڵانسى سروشتى رێڕه‌وه‌كانیانه، هۆكارى ئه‌مه‌ش پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنانه كه له‌و سنوره‌وه ئه‌نجامدراون.
وتیشى: بۆ نمونه پرۆژه‌ى نیشته‌جێبونى هێلان ستیمان هه‌یه كه به"گوندى ئه‌ڵمانى" ناسراوه چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆى گۆڕینى ڕێڕه‌وى ئاوه‌كه‌یه‌وه لافاو تێیدا دروستبو زیانى زۆریشى به هاوڵاتیان گه‌یاند.
به‌پێى وته‌ى ئه‌و چالاكوانه بۆ راگرتنى باڵانس پێویسته سود له كه‌سانى پسپۆر و ئه‌ندازیارى شاره‌زا بگیرێت به‌شێوه‌یه‌كى زانستیانه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن به‌شێوه‌یه‌كى زانستى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رێڕه‌وه‌كانى مه‌ترسى لافاوبكه‌ن و شاره‌كه له‌و مه‌ترسیانه دوربخه‌نه‌وه.
ئازاد ئه‌حمه‌د، چالاكوان له گه‌رمیان ده‌ڵێت: به‌شێك له پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان كه دروست كراون هه‌ر له‌سه‌ر چه‌مه‌كان دروست كراون، به‌شێك له‌و چه‌م و ڕێڕه‌وانه‌ى كه ئاوى پێدادێت و دواتر ئه‌ڕژێته ناو چه‌مه‌كانه‌وه پرۆژه‌ى له‌سه‌ر دروستكراوه، نمونه‌شمان هه‌یه و ده‌بینرێت له‌سه‌ر چه‌مى گازینۆ له‌سه‌ر جاده‌ى پشتێنه‌ى شار.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: ئه‌و پرۆژانه‌ش كاتى خۆى كه دروستكراوه هیچ دراسه‌ى بۆ نه‌كراوه كه له داهاتو چ گرفتێك دروست ده‌بێت به‌وهۆیه‌وه، چونكه ئه‌و زه‌ویانه پێشتر رێژه‌یه‌كى باشى هاویان هه‌ڵده‌مژى ئێستا هه‌موى بوه به كۆنكریت، ئه‌مه‌ش هۆكاره بۆ دروستبونى لافاو.
له به‌رامبه‌ردا، هونه‌ر مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: بابه‌تى ڕێڕه‌وى لافاو ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به وه‌به‌رهێنانه‌وه هه‌بێت له پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون ئێمه شاره‌وانى شوێنه‌كانى بۆ دیاریكردوین، هه‌ڵگرتن و گۆڕنى و ئه‌نجامدانى گۆڕانكارى له هه‌ر رێڕه‌وێكدا له رێگه‌ى نه‌وت و كانزاكانه‌وه‌یه، چونكه ئه‌وان ده‌توانن ئه‌و مه‌عله‌قانه بگوازنه‌وه و گۆڕانكارى تێدا دروست بكات، بۆیه ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌سته به شاره‌وانى نه‌ك ئێمه.
ده‌شڵێت: واى نابینین كه له‌سه‌ر رێڕه‌وه‌كانى لافاو ئه‌و پرۆژانه‌ى ئێمه دروستكرابێته ده‌توانین بڵێن له قه‌راخى رێڕه‌وه‌كان دروست كراون، چونكه هه‌مو زه‌وییه‌ك بۆ ئه‌و پرۆژانه له قه‌راخى ئه‌و رێڕه‌وانه دروست كراوه به‌پێچه‌وانه‌وه سیمایه‌كى جوانى به‌خشیوه به‌و ناوچه‌یه و رێكخستنى رێڕه‌وه‌كانیان كردوه و هه‌ڵیانواسیوه، بۆ نمونه پرۆژه‌ى كه‌نارى سیروان له‌سه‌ر چه‌مى گازینۆ و شارى شه‌م و رۆیاڵ ستى له‌لاى پردى گازینۆ و حه‌مه‌ى كه‌ریم له نمونه‌ى ئه‌و پرۆژانه‌ن.
به‌پێى وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان كه جه‌ختى لێكردوه‌ته‌وه، ئه‌و پرۆژانه هیچیان له ناو ڕێڕه‌وه‌كانى لافاو دروستنه‌كراون و ئه‌و زه‌ویانه‌شى كه بۆیان ته‌رخانكراوه هه‌موى شاره‌وانى كردویه‌تى و موعاله‌جه‌ش كراوه و رێكخستنیان بۆ ڕێره‌وى لافاوه‌كه كردوه، ته‌نانه‌ت هیچ پاشماوه‌یه‌ك كه پێشتر له‌وێ دا ئه‌نرا ئه‌وانه‌ش نه‌ماوه.
7. ئه‌و ماڵانه‌ى كه‌وتونه سه‌ر چه‌مى گازینۆ چیان بۆكراوه؟
"ئه‌و ماڵانه‌ى نزیك به پردى گازینۆن كه ساڵانه مه‌ترسى لافاوییان له‌سه‌ره و هه‌ندێك ماڵ توشى زیان بون، چه‌ند رۆژێك تیمه‌كانمان ئه‌و رێڕه‌وى لافاوه‌یان چاكردوه و كاریان تێدا كردوه، ته‌نانه‌ت له‌م چه‌ند لافاوه‌ى دواى هیچ ماڵێك كێشه‌یان نه‌بو"، عارف عادل، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار به وه‌كاله‌ت باس له‌وه ده‌كات.
وتیشى: پلانى ئه‌وه هه‌یه هاوشێوه‌ى ئه‌و دیوى پرده‌كه راگرى بۆ بكرێت، به‌ڵام له‌م دۆخه‌ى ئێستادا كه بودجه نیه ناتوانین ئه‌وه بكه‌ین، به ئێمه بێت له پردى سه‌یدخه‌لیله‌وه تاوه‌كو دێته گه‌ڕه‌كى گۆران به‌وشێوه‌ى لێده‌كه‌ین.
8. نه‌بونى بودجه تاچه‌ند گرفته بۆ چاره‌سه‌ر نه‌كردنى كێشه‌ى لافاو؟
پسپۆرێك جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه نه‌بونى بودجه هۆكارى سه‌ره‌كى بوه كه حكومه‌ت نه‌یتوانیوه وه‌ك پێویست كارى جدى له‌سه‌ر بابه‌تى لافاو بكات، به‌رپرسانیش جه‌خت له‌و رایه ده‌كه‌نه‌وه.
له‌باره‌ى هۆكاره‌كانى كان چاره‌سه‌ر نه‌كردنى ڕێره‌وه‌كانى لافاو له‌سه‌ر قه‌زاى كه‌لار، د.غازى به‌هرۆز، ئه‌ندازیارى شارستانى و مامۆستا له زانكۆى گه‌رمیان وتى: چه‌ند هۆكارێك هه‌ن كه تاوه‌كو ئێستا حكومه‌ت نه‌یتوانیوه چاره‌سه‌رێكى بنه‌ڕه‌تى بۆ كێشه‌ى لافاو له قه‌زاكه بكات یه‌كێك له‌وانه نه‌بونى بودجه‌ى پێویسته بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، چونكه دروستكردنى حه‌وزێكى گه‌وره‌ى هه‌ڵگرتنى ئاو ملیۆنان دۆلار تێچوه‌كه‌یه‌تى.
وتیشى: یه‌كێكى تر له هۆكاره‌كان كێشه‌ى موڵك و خاڵى كردنه‌وه‌ى زه‌وییه، بۆنمونه زۆر جار پرۆژه‌كان له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى دروست ده‌كرێن یاخود له نزیك چه‌مه وه‌رزییه‌كان ده‌كرێت كه نمونه‌ى له‌وشێوه‌یه‌مان هه‌یه له قه‌زاكه‌دا.
به‌پێى وته‌ى ئه‌و پسپۆره‌ى ئه‌ندازیارى شارستانیه له گه‌رمیان، كێشه‌ى لافاو له قه‌زاكه‌دا له ساڵانى رابردو ئه‌وله‌ویه‌ت و كارى له پێشینه نه‌بوه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه، بۆیه زۆرجار له ساڵانى رابردو بودجه‌ى زۆر بۆ پرۆژه‌ى تر ته‌رخان كراوه و بیر له‌وه نه‌كراوه‌ته‌وه قه‌زاكه فراوان ده‌بێت و پێویسته كارى جدى له‌سه‌ر بكرێت.
عارف عادل، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار به وه‌كاله‌ت باس له‌وه ده‌كات: وه‌ك پلان و به‌رنامه‌یه‌كى تۆكمه بۆ ئه‌وه‌ى به‌یه‌كجارى كێشه‌ى لافاو له قه‌زاى كه‌لار چاره‌سه‌ر بكرێت به‌ڵێ هه‌مانبوه و هه‌شمانه، بۆنموه دروستكردنى دیوارى كۆنكریتى له برى ئه‌و ساترانه‌ى كه دروستكراوه له پردى سه‌ید خه‌لیله‌وه تاوه‌كو خواره‌وه‌ى ئه‌و چه‌مه.
ده‌شڵێت: به‌ڵام نه‌مانتوانیوه بیكه‌ین ئه‌مه‌ش به‌هۆكارى ئه‌و دۆخه داراییه‌ى كه ئێستا هه‌یه و ئه‌و پرۆژه‌ش وه‌ك خۆى ماوه‌ته‌وه.
هاوكات، ئه‌ندازیار عومه‌ر وه‌لى، سەرۆکی لیژنەی کەمکردنەوەی زه‌ره‌رو زیانه‌كانى لافاو له ئیداره‌ى گه‌رمیان وتى: وه‌ك ئیداره‌ى گه‌رمیان هه‌میشه له خه‌مى لافاوبوین، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌و دۆخه داراییه‌ى كه هه‌یه نه‌توانراوه چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى بۆ كێشه‌ى لافاو بكرێت، ئیشیش به پاره ئه‌كرێت.
9. پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى لافاو
له سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیان لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ت پێكهێنراوه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى په‌یوه‌ست به لافا، به‌رپرسان جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه چه‌ندین پێشنیار تاوتوێ كراوه بۆئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى لافاوبكرێت.
ئه‌ندازیار عومه‌ر وه‌لى، سەرۆکی لیژنەی کەمکردنەوەی زه‌ره‌رو زیانه‌كانى لافاو له ئیداره‌ى گه‌رمیان وتى: ئیداره‌ى گه‌رمیان له روى ئیدارییه‌وه چه‌ندین لیژنه پێكهێناوه له‌ماوه‌كانى رابردو دواهه‌مینین ئه‌م لیژنه‌ى ئێستایه كه دروستكراوه.
وتیشى: لیژنه‌كان هه‌میشه ئیشى خۆیان كردوه چ له دروستكردنى راپۆرتى تایبه‌ت به زیانه‌كان و پێشنیاره‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ى لافاو خستنه روى هۆكاره‌كانى لافاو، ئه‌مه جگه له ئیشه‌كانى تر‌ى وه‌ك دروستكردنى به‌ربه‌ست و كۆمه‌ڵێك رێكا كه مه‌ترى لافاو كه‌مبكاته‌وه، ئه‌گه‌رچى ئه‌مانه چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى نین.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: له رێگه‌ى لیژنه‌كه‌وه كه له‌لایه‌نه په‌یوه‌ندیاره‌كان و پسپۆران پێكهاتوه تاوتوێى چاره‌سه‌ره‌كانیش كراوه، یه‌كێك له‌وانه دروستكردنى به‌ربه‌ستێكى كۆنكریتیه وه‌ك راگر بۆ ئه‌و شوێ،انه‌ى كه ساڵانه مه‌ترسى لافاوى له‌سه‌ر به‌تایبه‌ت چه‌مه وه‌رزییه‌كان، یه‌كێكى تر له چاره‌سه‌ره‌كان دروستكردنى حه‌وزى گه‌وره‌یه له‌سه‌ر چه‌مه وه‌رزییه‌كان كه ئاو گلبداته‌وه به پانتاى درێژییه‌كه‌ى 10 كیلۆمه‌تربێت پانیه‌كه‌شى 100 مه‌تر بێتبه قوڵى 5 مه‌تربێت، دواتر بڕواته‌وه ژێرزه‌وى كه ئه‌مه‌ش سودى بۆ ئاوى ژێر زه‌وى هه‌یه.
عارف عادل، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار به وه‌كاله‌ت هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: ئه‌و لیژنه‌یه‌ى كه له ئیداره‌ى گه‌رمیان دروستكراوه له‌لایه‌نه‌كان پێكهاتوه، بابه‌تى لافاو یه‌كێكه له ته‌وه‌ره‌كانى كاركردنى ئه‌و لیژنه‌یه، وه‌ك پلان له ئێستا و له رابردوش هه‌بوه و هه‌یه بۆ ردوستكردنى پۆند بۆ ئه‌و چه‌مانه، به‌ڵام دۆخى دارایی له ئێستادا رێگه‌نادات.
وتیشى: نه‌ك پۆند بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى لافاو كارى له‌سه‌ر نه‌كراوه هه‌ندێك پۆندى گرنگترمان هه‌یه كه تاوه‌كو ئێستا كارى له‌سه‌ر نه‌كراوه، به‌ڵام ئیمكانیه‌ت نیه ئه‌گه‌ر هه‌بێت ئاماده‌ین رێڕه‌وى ئه‌و چه‌مانه بگۆڕدرێت، بۆیه تاكه گرفت له ئێستادا بودجه‌یه.
"له ئێستادا لیژنه‌یه‌كى باڵا له ئیداره‌ى گه‌رمیان دروستكراوه كه له یه‌كه ئیدارییه‌كان و پسپۆران و مامۆستایانى زانكۆ پێكهاتوه، لیژنه‌كه له ئێستادا ده‌ست به‌كاربوه بۆ چۆنیه‌تى چاره‌سه‌ركردنى رێڕه‌وه ئاوییه‌كان به‌شێوه‌كى زانستى له داهاتودا"، موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى ئاودێریى گه‌رمیان ده‌ڵێت.
10. زه‌وى فه‌رمانبه‌رانى كه‌لار و لافاو
"له‌ماوه‌كانى رابردو به ئێسته‌شه‌وه قه‌زاى كه‌لار ماسته‌رپلانى نیه ئه‌وه‌ى كراوه به‌بێ پلان كراوه، بۆ زه‌وى فه‌رمانبه‌ران كه له ئێستادا كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت ئه‌و نه‌خشه‌ى كه بۆى ردوست ده‌كرێت پێویسته ره‌چاوى رێڕه‌وه‌كانى لافاو و چه‌مه وه‌رزیه‌كان بكرێت بۆ داهاتو"، ساكار وه‌لى غه‌فور، ئه‌ندازیارى شارستانى و مامۆستا له زانكۆى پۆله‌ته‌كنیكى گه‌رمیان هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد.
به‌رپرسان جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه زه‌وى فه‌رمانبه‌رانى قه‌زاى كه‌لار كه ده‌كه‌وێته سنورى سه‌یدخه‌لیله‌وه له روى مه‌ترسى لافاو دراسه كراوه و له نه‌خشه‌ى بنه‌ڕه‌تى ئه‌و زه‌ویانه چاره‌سه‌ر بۆ رێڕه‌وه‌كانى لافاو دانراوه.
عارف عادل، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار به وه‌كاله‌ت باس له‌وه ده‌كات: ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه بۆ فه‌رمانبه‌ران دانراوه ئه‌و چه‌مانه‌ى كه هه‌ن ده‌ستكارى ناكرێن و وه‌ك خۆى ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌ى له نه‌خشه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاودێریدا بێت.
وتیشى: یه‌كێك له هۆكاره‌كانى لافاو ئه‌و زیانانه‌ى كه هه‌یه زیاتر بۆ ئه‌و شوێنانه‌یه كه چۆڵن، پێویسته ئه‌و شوێنه‌ى بۆ زه‌وى فه‌رمانبه‌ران نته‌رخان كراوه دراسه بكرێت هه‌ر به‌وشێوه‌یه ناڕوات كه هه‌یه.
هاوكات، سامان مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خشه‌دانانى ئاوه‌دانى گه‌رمیان وتى: له نه‌خشه‌ى زه‌وى فه‌رمانبه‌ران له‌گه‌ڵ شاره‌وانى كه‌لار سه‌یرى وێنه كۆنه‌كانى ساڵانى رابردومان كردوه كه 2 شاده‌مارى سه‌ره‌كى هه‌یه رێڕه‌وى لافاوه و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستكارى ناكرێت و وه‌ك خۆى ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وانیش چه‌مى سه‌ید خه‌لیل و گۆبانه.
ده‌شڵێت: به‌ڵام دراسه كراوه هه‌ردو دیوى ئه‌و چه‌مانه وه‌ك شه‌قامى سه‌ره‌كى دانراوه بۆ ئه‌وه‌ى پارێزگارى بكات ئه‌گه‌ر لافاویش بێت نه‌گاته شوێنى نیشته‌جێبون و پارێزگارى بكات، واته حساب بۆ رێڕه‌وه‌كانى لافاو كراوه و له نه‌خشه‌كه‌دا جێگه‌كراوه‌ته‌وه و وه‌ك خۆى ماوه‌ته‌وه.
11. بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى لافاو پۆند دروست ده‌كرێت
دواى ئه‌وه‌ى له‌م وه‌رزه‌ى دابارینى ئه‌مساڵ قه‌زاى كه‌لار روبه‌ڕوى مه‌ترسى لافاو بویه‌وه، به‌وهۆیه‌شه‌وه بڕیاردراوه 2 پۆند له قه‌زاكه دروست بكرێت.
موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى ئاودێریى گه‌رمیان ده‌ڵێت: له دواى لافاوه‌كانى ئه‌م وه‌رزه‌ى دابارینه‌ى ئه‌مساڵ كار له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه 3 پۆندى گه‌وره له گه‌رمیان دروست بكرێت دوانیان ده‌كه‌وێته قه‌زاى كه‌لاره‌وه.
وتیشى: له‌گه‌ڵ لێدانى خه‌نده‌ق "ئاوبڕ" به چوارده‌ورى قه‌زاى كه‌لاردا بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسیانه‌ى هه‌یه كه‌مبكرێته‌وه، ئه‌مه‌ش راى یه‌كێك له مامۆستایانى زانكۆى سنوره‌كه‌یه كه توێژینه‌وه‌یه‌كى تایبه‌تى هه‌یه له‌وباره‌یه‌وه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: پۆنده‌كانیش له سه‌ر چه‌مه‌كانى گۆبان و سه‌ید خه‌لیل ده‌بێت، هاوشێوه‌ى پۆنده‌كه‌ى گۆبان دروست ده‌كرێت كه ئاو گلده‌داته‌وه و دواتر ده‌ڕواته‌وه ژێر زه‌وى، له ئێستادا بڕیارى سه‌ره‌تاى بێدراوه بۆ دروستكردنیان ئه‌گه‌رچى دیزاینیان بۆ نه‌كراوه جارێك كه تێچوه‌كه‌ى به‌دیارى كراوى چه‌نده، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مه‌ى ده‌كرێت چاره‌سه‌رێكى گونجاوه.
به‌پێى وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى ئاودێریى، یه‌كێكى تر له رێكاره‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كه‌مكردنه‌وه‌ى لافاو له‌سه‌ر قه‌زاى كه‌لار، كار له‌سه‌ر چاككردنى چه‌مه‌كان و رێڕه‌وه‌كانى لافاو ده‌كرێت، چ ئه‌و رێڕه‌وانه‌ى ئێستا پرۆژه دروستكراوه چ ئه‌وانه‌شى كه بڕیاره له داهاتو دروست بكرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه.
هاوکات سامان ره‌حیم، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ى كه دێته سه‌ر جاده‌ى حه‌ولى 3 قه‌نته‌رێكمان هه‌یه له‌وێ ده‌رخسته‌یه‌كمان بۆ كردوه نزیكه‌ى 80 ملیۆن دینارى پێویسته بۆ ئه‌وه‌ى خۆى چه‌ند چاوێكه پێویسته هێنده‌ى كه‌ى بۆ زیاتر بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ئاوه‌ى دێت رایبكێشێت.
وتیشى: ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه باخه‌كانه هه‌مو ساڵێك لافاو لێیان ئه‌دات پێویسته هه‌ر یه‌كه‌یان 5 بۆ 10 مه‌تر لێیان ببڕێت و چه‌مه‌كه فراوانبكرێت و پاكى بكه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى بڕوات بۆلاى جسره‌كه‌ى گرده‌گۆزینه، ئه‌و رێگه‌یه به‌وشێوه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
12. پێوسته چی بكرێت؟
پسپۆرانى زانكۆ پێیانوایه دروستكردنى پۆند و به‌نداو له‌سه‌ر چه‌مه وه‌رزییه‌كان هاوكارێكى باشه بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى لافاو له قه‌زاى كه‌لار.
د.غازى به‌هرۆز، ئه‌ندازیارى شارستانى و مامۆستا له زانكۆى گه‌رمیان وتى: له ساڵانى رابردو دروستكردنى پرۆژه‌كان و هه‌ڵكه‌ندن و بردنى تێكه‌ڵه‌ى چه‌مه وه‌رزییه‌كان كارى كردوه‌ته سه‌ر ڕێڕه‌وه‌كانى لافاو به‌تایبه‌ت چه‌مى گازینۆ كه زۆر قسه‌ى له‌سه‌ره وایكردوه ئاوى زیادى تێدا كۆببێته‌وه.
وتیشى: پێویسته بەندی بچووک (Check Dams) لە سەرەوەی حەوزی گازینۆ دروست بكرێت، له‌گه‌ڵ حەوزی هەڵگرتنی لافاو (Retention/Detention Basins) دروست بكرێت، هاوكات کەناڵی لاوەکی بۆ گواستنەوەی بەشێک لە ئاوەکە بۆ بەردەسور دروست بكرێت ئه‌مه‌ش به مه‌رجێك ئاستی ئاو لە بەردەسور نزم بێت، وه لێکۆڵینەوەی هیدرۆلۆجی و هیدرۆلیک تەواوى بۆ کرابێت.
ئه‌و پسپۆره جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: لە روی ئەندازیارییەوە، باشترین چارەسەر زۆرجار کەمکردنەوەی قەبارەی لافاو لە سەرەوەی حەوزی گازینۆیە نەک تەنها گواستنەوەی ئاو بۆ چەمێکی تر.
"ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ كێشه‌ى لافاو به‌یه‌كجارى چاره‌سه‌رببێت له قه‌زاكه‌دا پێویسته ماسته‌رپلان بۆ كه‌لار دروست بكرێت و ئه‌و چه‌مه وه‌رزیانه‌ى كه هه‌یه یتَیدا جێگه‌بكرێته‌وه و دراسه‌یه‌كى ته‌واوى بۆ بكرێت"، سامى محه‌مه‌د، ئه‌ندازیارى پلانسازى شار مامۆستا له زانكۆى پۆله‌ته‌كنیكى گه‌رمیان وتى.
ده‌شڵێت: تۆ كه ماسته‌رپلانت هه‌بو كێشه‌ى ئه‌وه‌ت توش نابێت كه پرۆژه‌یه‌كى نیشته‌جێبون ئه‌نجام بده‌یت رێڕه‌وى لافاوت دیاره و ده‌كرێت به پلان كارى له‌سه‌ر بكرێت، ئه‌و ئاوه‌ى هه‌یه له كوێوه دێت بۆ كوێ ده‌ڕوات.
به‌پێى وته‌ى ئه‌و پسپۆره‌ى پلانسازى شار، یه‌كێكى تر له چاره‌سه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه شوێنى نیشته‌جێبون بخرێته ناوچه به‌رزه‌كانه‌وه و له شوێنه نزمه‌كان شوێنى نیشته‌جێبون دانه‌نرێت و نه‌كه‌ونه ئه‌و شوێنانه‌ى ئاوى تێدا كۆده‌بێته‌وه.
هاوكات، د.هێمن نه‌سره‌دین، پسپۆرى هایدرۆلۆجى و جیۆمۆرفۆلۆجى هاوكات مامۆستا له زانكۆى گه‌رمیان ده‌ڵێت: پێویسته رێكخستنه‌وه‌ى به‌كارهێنانى زه‌وى بكرێت واته رێگه نه‌درێت به دروستكردنى خان‌و و پرۆژه له‌و جێگانه‌ى كه له‌سه‌ر نزیك رێڕه‌وه‌كانى لافاون، هاوكات لابردنى زیاده‌ڕه‌وییه‌كان كه هۆكارێكى ترن بۆ دروستبونى لافاو به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه‌له‌سه‌ر رێڕه‌وه‌كانن.
ده‌شڵێت: فراوانكردنى رێڕه‌وه ئاوییه ده‌ستكرده‌كان كه له‌هه‌ر جێگایه‌ك پێویست بو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فراوانكردن و پاككردنه‌وه‌ى ئاوه‌رۆكانى ناوشار، هاوكات گۆڕینى هه‌ندێك له رێڕه‌وه‌كانى چه‌مه وه‌رزییه‌كان ئاراسته‌كردنیان به‌ره‌و ناو روبارى سیروان.
به‌پێى وته‌ى ئه‌و پسپۆره، دروستكردنى جۆره جیاوازه‌كانى به‌نداو ده‌كرێت پاش لێكۆڵینه‌وه‌ى ورد له‌به‌شى سه‌ره‌وه‌ى كه‌لار له جۆره جیاوازه‌كانى وه‌ك به‌نداوى(سەر زەوی، شاراوە، كێشهاتو، گابیلۆن) دروستبكرێت، بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی لافاو.
ساكار وه‌لى غه‌فور، ئه‌ندازیارى شارستانى و مامۆستا له زانكۆى پۆله‌ته‌كنكیى گه‌رمیان هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: پێویسته هیچ جۆرە بیناسازییەک لە ناو سنوری لافاو و نزیکی چەم و رێڕەوە سروشتیەکانی ئاو رێگە پێنەدرێت، بۆ چەم و رێڕەوی ئاوشوێنی پاراستن (Buffer Zone) دیاریی بکرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مەترسیەکانی لافاو ببنە بەشێکی سەرەکی لە ماستەرپلان.
وتیشى: هەمو پرۆژە نوێیەکان پێش جێبەجێکردن پێویسته هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی و مەترسی لافاویان بۆ بکرێت.
له به‌رامبه‌ردا، عارف عادل، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار به وه‌كاله‌ت باس له‌وه ده‌كات: له ئێستاوه ده‌ستمان به كاركردن كردوه بۆ فراوانكردنى چه‌مه وه‌رزییه‌كان كه لافاوییان پێدادێت و له ئێستادا له كاردان.
به‌پێى وته‌ى سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، یه‌كێكى تر له رێگه‌چاره‌كان دروستكردنى 3 پۆند یان به‌نداوى بچوك له چه‌مى ته‌نیشت گۆبان و نازێى گه‌وره نزیك یه‌كه‌ى نیشته‌جێبونى فه‌رمانبه‌ران له‌گه‌ڵ دروستكردنى ژماره‌یه‌ك بیرى ریچارچ له‌و ناو حه‌وزى پۆنده پێشنیاركراوه‌كان.
سامان ره‌حیم، ده‌شڵێت: فراوانکردنى بۆکسى کەلڤەرتى سەر شەقامی 60م لە نێوان گەڕەکی نێرگز- زەوی زیندانیانى سیاسى و گوندى کەلارى نوێ لەلایەن شاره‌وانیه‌وه، هاوكات فراوانکردنى ئەو سێ ئاوبارە کە لە سەر شەقامى سەرەکی(پشتینە) دوسایدى کەلار – گەردەگۆزینە و گۆڕینی ئەو پایپانەی کە بۆ چەمەکەی لانەسیتی دانراوە.
بەشی دوەم: دەرەنجام و راسپاردەکان
یەکەم: دەرەنجام
1. دەرەنجامی هایدرۆلۆجی (تایبەتمەندی ئاو و چەمەکان)
ناهاوسەنگی مەترسی: راپۆرتەکە دەگەڕێتە سەر ئەو دەرەنجامەی کە چەمی "سەید خەلیل (گازینۆ)" مەترسیدارترین سەرچاوەیە، چونکە روبەری کۆکردنەوەی ئاوەکەی (٨5.3٨ کم2) نزیکەی 7 جار لە چەمی بەردەسور گەورەترە. ئەمە بەو مانایەیە کە لە یەک کاتژمێر بارانی بەخوڕدا، قەبارەی ئاوەکە دەگاتە سەرو 400 هەزار مەتر سێجا، کە ئەمەش لە توانای رێڕەوەکانی ئێستادا نییە.
کەمتەرخەمی لە داتا: یەکێک لە دەرەنجامە هەرە خراپەکان ئەوەیە کە شارەکە هیچ وێستگەیەکی پێوانەکردنی ئاوی (Hydrometric Station) نییە؛ واتە هەمو کارەکانی حکومەت لەسەر بنەمای "خەمڵاندن"ـە نەک داتای وردی زانستی، ئەمەش مەترسی هەڵەی ئەندازیاری زیاد دەکات.
2. دەرەنجامی پلانسازی و شارسازی (ماستەرپلان)
گەشەی هەڕەمەکی (بێ پلانی): شارەکە لە ساڵی 2006ـەوە بەبێ ماستەرپلان گەشەی کردوە. دەرەنجامی ئەمە ئەوەیە کە شارەکە "بەپێی واقع حاڵ" دروست بوە نەک بەپێی نەخشەی زانستی، ئەمەش وایکردوە چەندین گەڕەک و پڕۆژە بکەونە ناو جەرگەی مەترسی لافاوەوە.
پڕۆژەکانی وەبەرهێنان وەک ئاستەنگ: راپۆرتەکە دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە پڕۆژە نیشتەجێبونەکان (وەک لانەستی، هێلانستی، رۆیاڵستی و هتد) نەک هەر لە نزیک چەمەکانن، بەڵکو هەندێکیان بونەتە هۆی گۆڕینی رێڕەوی سروشتی ئاو و تەسککردنەوەی. هەروەها زیادبونی روبەری کۆنکریت لەم پڕۆژانەدا بوەتە هۆی ئەوەی زەوی توانای داچۆڕانی ئاوی نەمێنێت.
3. دەرەنجامی ئەندازیاری و ژێرخان
هەڵەی دیزاینی ڕێگاوبان: دەرکەوتوە کە ئەو پرد و قەنتەرانەی لەسەر شەقامی پشتێنەیی (حەولی) و جادەی کەلار- گەردەگۆزینە دروستکراون، لە بنەڕەتدا دراسەی هایدرۆلۆجی وردیان بۆ نەکراوە و چاوەکانیان زۆر بچوکن بۆ تێپەڕاندنی لافاوێکی گەورە.
دەستکاری مرۆیی: کارگەکانی چەو و لم و باخەکان وەک هۆکارێکی سەرەکی دەستنیشانکراون کە رێڕەوی چەمەکانیان تەسک کردوەتەوە، ئەمەش وایکردوە ئاوەکە پەرش و بڵاو ببێتەوە و زیان بە دەوروبەری بگەیەنێت.
4. دەرەنجامی کارگێڕی و دارایی (ستراتیژی حکومەت)
چاره‌سه‌ری کاتى: حکومەت تەنها لە کاتی بارانباریندا بە "شۆفڵ و حەفارە" و "ساتری خۆڵ" کار دەکات. راپۆرتەکە بەڕونی دەڵێت ئەمە "چاره‌سه‌ری بنەڕەتی نییە" و تەنها بۆ کەمکردنەوەی ترسە نەک نەهێشتنی لافاو.
بۆشایی بودجە: دەرەنجامێکی تاڵ ئەوەیە کە پڕۆژە ستراتیژییەکان (وەک بەنداوی کۆنترۆڵ و دیواری راگر) پێویستییان بە 33 ملیار دینار هەیە، بەڵام بەهۆی تەنگژەی داراییەوە ئەم بودجەیە دابین نەکراوە و پڕۆژەکان تەنها وەک "پێشنیاز" ماونەتەوە.
5. دەرەنجامی ژینگەیی و جوگرافی
لەڕوی جیۆمۆرفۆلۆجییەوە، کەلار کەوتوەتە سەر دەشتێکی نیشتوی باوەشێن ئاسا، ئەمە وایکردوە لە کۆتایی ڕێڕەوەکاندا ئاوەکە پەرش ببێتەوە. گۆڕانی کەشوهەواش وایکردوە بڕی باران لە کاتێکی کەمدا زۆر بێت، کە ئەمەش لەگەڵ سروشتی خاکی ناوچەکەدا مەترسییەکە چەند هێندە دەکات.
6. ئەزمون وەرنەگرتن:
لە کاتێکدا زەوی بۆ فەرمانبەران لە ناوچەی سەید خەلیل دابەش دەکرێت، راپۆرتەکە هۆشداری دەدات کە پێویستە ئەمجارە "حسابی ورد بۆ رێڕەوی لافاو" بکرێت بۆ ئەوەی کارەساتی گەڕەکەکانی تر دوبارە نەبێتەوە، هەرچەندە بەرپرسان دەڵێن دیزاین کراوە، بەڵام شارەزایان هێشتا بە گومانن.
دوەم: راسپاردەکان
1. کەرتی پلاندانان و یاسایی (بناغەی چارەسەر)
ا. پەسەندکردنی خێرای ماستەرپلان: پێویستە ماستەرپلانی نوێی کەلار بە زوترین کات تەواو بکرێت، بە جۆرێک کە "نەخشەی مەترسی لافاو" ببێتە بەشێکی جیانەکراوە لێی و چیتر رێگە بە چڕی نیشتەجێبون لە ناوچە نزمەکان نەدرێت.
ب. دیاریکردنی ناوچەی قەدەغە (Buffer Zone): پێویستە حەرەمێکی زانستی و یاسایی بۆ هەردو لای چەمەکان (بە تایبەت گازینۆ و بەردەسور) دیاری بکرێت و بە هیچ جۆرێک مۆڵەتی بیناسازی یان پڕۆژەی وەبەرهێنان لەو سنورەدا نەدرێت.
پ. لابردنی زێدەڕۆییەکان: پێویستە بە بڕیارێکی بوێرانە، هەمو ئەو باخ، کارگە یان دیوارانەی بونەتە ئاستەنگ لەبەردەم رێڕەوی سروشتی ئاو، لادەبرێن بۆ ئەوەی چەمەکان پانایی سروشتی خۆیان وەربگرنەوە.
2. چارەسەرە ئەندازیارییە ستراتیژییەکان
ا. دروستکردنی بەنداوی کۆنترۆڵ (Detention Dams): لەجیاتی ساتری خۆڵ، پێویستە لە بەشەکانی سەرەوەی چەمی گازینۆ و گۆبان، بەنداوی بچوک و مامناوەند دروست بکرێن بۆ گلدانەوەی ئاو و کەمکردنەوەی خێرایی و گوشاری لافاو پێش ئەوەی بگاتە ناو شار.
ب. حەوزی گەورەی هەڵگرتنی لافاو: دروستکردنی حەوزی قوڵ و فراوان (Retention Basins) لەو شوێنانەی زەوییەکان چۆڵن، بۆ ئەوەی لە کاتی لافاودا ئاوەکەی تێدا کۆببێتەوە و دواتر بە شێوەیەکی خاو تێپەڕێنرێت یان بۆ بوژاندنەوەی ئاوی ژێرزەوی بەکاربێت.
پ. فراوانکردنی قەنتەرە و پردەکان: پێویستە هەمو ئەو قەنتەرانەی لەسەر شەقامی پشتێنەیی (حەولی) و ڕێگاکانی ترن، سەرلەنوێ دیزاین بکرێنەوە و چاوەکانیان فراوان بکرێن بۆ ئەوەی توانای تێپەڕاندنی قەبارەی لافاوی چاوەڕوانکراویان هەبێت.
ت. کۆنکریتکردنی دیواری راگر: گۆڕینی ساترە خۆڵە کاتییەکان بۆ دیواری کۆنکریتی بەهێز و بەرز لەو شوێنانەی چەمەکان بە ناو گەڕەکەکاندا تێدەپەڕن (وەک گەڕەکی نێرگز و گازینۆ).
3. لایەنی زانستی و تەکنەلۆژی
ا. دامەزراندنی وێستگەی پێوانی هایدرۆمیتری: دانانی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی بۆ پێوانەکردنی ئاست و بڕی ئاوی چەمەکان، تاوەکو فەرمانگە پەیوەندیدارەکان داتای وردیان لەبەردەست بێت بۆ هەر پڕۆژەیەکی داهاتو.
ب. سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە: بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن بۆ ئاگادارکردنەوەی تیمەکانی فریاگوزاری و هاوڵاتیان پێش رودانی لافاو، بە پشتبەستن بە بڕی دابارین لە ئاوزێڵەکاندا.
4. بەڕێوەبردن و دارایی
ا. تەرخانکردنی بودجەی تایبەت: پێویستە حکومەت ئەو 33 ملیار دینارەی کە لیژنە پسپۆڕەکان دیاری‌یان کردوە، وەک "بودجەی فریاگوزاری ستراتیژی" تەرخان بکات و پڕۆژەکان لە "پێشنیار"ـەوە بگۆڕێت بۆ "جێبەجێکردن".
ب. هەماهەنگی نێوان فەرمانگەکان: پێکهێنانی "ژوری ئۆپەراسیۆنی لافاو" کە ئەندازیارانی شارەوانی، ئاودێریی، وەبەرهێنان و مامۆستایانی زانکۆ تێیدا ئەندام بن، کە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی لافاو و خستنەڕوی چارەسەرەکان بکەن.
6. پێشنیاز بۆ دابەشکردنی زەوییە نوێیەکان
دیزاینی ژیرانە بۆ زەوی فەرمانبەران، بەشێوەیەک لەو ناوچانەی زەوی نوێی تێدا دابەش دەکرێت (وەک سەید خەلیل)، پێویستە رێڕەوی چەمەکان وەک "شەقامی زۆر پان" یان "پانتایی سەوزایی" لە نەخشەکەدا جێگیر بکرێن، تاوەکو خانوەکان لە چەمەکانەوە دور بن.
- دوایین بابەتەکان
-
وتارمزگەوت؛ شوێنی ئاسودەیی و ئەمان، نەک مەیدانی خوێنڕشتن و تۆڵەسەندنەوە
-
-
هەواڵنزمى ڤۆڵتیهى كاره‌با كێشه‌ى بۆ ناحیه‌ى زینانە دروستكردوه
-
-
راپۆرتپزیشکی شەقامەکان؛ گه‌نجێك خۆبه‌خشانه چاڵ و چۆڵی شهقامهكانى كفری چاره‌سه‌ر ده‌كات
-
-
هەواڵنەخۆشخانەی کەلار ٤٠٪ـی دەرمانی تێدا ماوە
-
-
هەواڵشارەزایەکی بواری خانوبەرە: با فەرمانبەرانی گەرمیان زەوییەکانیان هەرزانفرۆش نەکەن
-