کەموکوڕییە ئاسایشییەکانی قەزای رزگاریی؛ هەڵکشانی تاوان و مەترسییەکانی تاکە بنکەیەکی پۆلیس
01:32PM - 2026-07-22 , بینین : 89


دڵشاد عەلی قادر*

​بەرزکردنەوەی ئاستی کارگێڕیی لە ناحیەوە بۆ قەزا، گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێداویستییە کارگێڕی، خزمەتگوزاری و ئاسایشییەکاندا دروستدەکات، لەگەڵ بەقەزابونی رزگاریشدا چاوەڕوان دەکرا هاوکات لەگەڵ فراوانبونی سنورەکە و زیادبوونی ئەرکەکان، دەزگا ئاسایشی و پۆلیسییەکانیش بە شێوازێکی هاوسەنگ گەشە بکەن و فراوان ببن. 

بەڵام تا هەنوکە، بۆشاییەکی گەورە لەنێوان پێویستییە ئاسایشییەکان و واقیعی مەیدانیدا بونی هەیە.

​بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان و سەقامگیریی قەزاکە، پێویست بو لە کاتی خۆیدا ئەم هەنگاوە خێرایانە بنرێن:

​کردنەوەی بەشی پۆلیسی رزگاریی: کە ڕاستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیانەوە بەمەبەستی خێراکردنی بڕیارەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگی و ڕایی کردنی خێرایی مامەڵەی هاوڵاتیان.

​کردنەوەی بنکەیەکی تری پۆلیس: لە گەڕەکی شاکەل بنکەیەکی تر بکرێتەوە بەمەبەستی دابینکردنی بینا و کارمەندی پێویست بۆ کەمکردنەوەی باری سەر بنکەی سەرەکی و نزیککردنەوەی خزمەتگوزارییە ئاسایشییەکان لە هاوڵاتییان.

​دابینکردنی پۆلیسی بەهاناوەچون و فریاکەوتن (١٠٤): وەک هێزێکی خێرا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی حاڵەتە لەناکاو و لەپڕەکان.

​دامەزراندنی نوسینگەی پۆلیسی بەڵگەی تاوان و نوسینگەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان: کە گرنگییەکی یەکجار زۆری هەیە بۆ بەراوردکاریی بەڵگە تاوانییەکان و پێشینەی تاوانکاریی و یەکلاکردنەوەی تاوانە قورسەکان، وەک (دزیی گەورە، کوشتن و ساختەکاریی) بە شێوازێکی زانستی و پیشەیی.

​سەرەڕای ئەم پێویستییە زۆرانە، واقیعی ئێستای قەزای رزگاریی روبەڕوی کۆمەڵێک کێشەی بنەڕەتی بوەتەوە. ئەم قەزایە ئێستا جگە لە سەنتەرەکەی، سەرجەم ٧٢ گوند لەخۆ دەگرێت؛ ئەم فراوانییە جوگرافییە پێویستی بە گەڕان و کۆنتڕۆڵی بەردەوام هەیە. کەچی لە بەرامبەردا، کەموکوڕییەکی گەورە لە هێز و پێکهاتەدا هەیە و تائێستا تەنها یەک بنکەی پۆلیس و یەک یاریدەدەرێتی ئاسایش لە قەزاکەدا دەبینرێن، لە کاتێکدا ژمارەی کارمەندان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ فراوانی روبەرەکەدا هاوسەنگ نییە.

​لە پاڵ ئەم فراوانبونە جوگرافییەدا، لایەنێکی تری هەستیار کە روبەڕوی قەزای رزگاریی بوەتەوە، بریتییە لە زیادبونی بەرچاوی کەیسەکانی تاوان. بونی تەنها یەک بنکەی پۆلیس لە سەنتەری قەزاکەدا ناتوانێت بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی تەواوی ناوچەکە بکات یان بەدەم سەرجەم کێشە و روداوەکانەوە بچێت بە بێ دروستبونی قەرەباڵغی و دواکەوتن لە بەدواداچوندا. ئەم قەرەباڵغییە زۆرەی دۆسییەکان لەسەر شانی کەمی کارمەندان، دەبێتە هۆی فشارێکی دەرونی و کارگێڕیی گەورە لەسەر هێزە ئەمنییەکان، کە ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر خێرایی و کوالێتی لێکۆڵینەوە، کاتی یەکلاکردنەوەی کێشەکان و دابینکردنی ئارامییەکی ره‌های پێویست بۆ هاوڵاتییان دەبێت.

​بێگومان بەقەزابونی رزگاریی تەنها گۆڕانکارییەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو پێویستییەکی جدییە بە بەهێزکردنی ژێرخانی ئاسایشی و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتی ئەمنی. چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە پێویستی بە بڕیاری فەرمی هەیە بۆ دامەزراندن و دابینکردنی بنکە و پۆلیسی پێویست، تاوەکو هاوڵاتییانی قەزاکە لە ئارامی و سەقامگیرییەکی تەواودا بژین.

* لێکۆڵەری پۆلیس